Blogging Gadgets











چۆنيه‌تى عه‌قيقه‌ كردن بۆ منداڵ
سەردان :
١٠٤٦
     &  
فۆنت :
+
&
-

چۆنيه‌تى عه‌قيقه‌ كردن بۆ منداڵ

پێشه‌كى

الحمدلله رب العالمين ، والصلاة والسلام على نبينا محمد وآله وصحبه ومن تبعهم باحسان إلى يوم الدين ، وبعد .

به‌ڕێزان به‌ پشتيوانى خواى گه‌وره‌ له‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌يه‌ دا باس له‌ چۆنيه‌تى عه‌قيقه‌ كردن ده‌كه‌ين بۆ منداڵ ، عه‌قيقه‌ بريتى يه‌ له‌و عيباده‌ته‌ى كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) هانى موسوڵمانانى داوه‌ به‌ ئه‌نجام دانى له‌ كاتى له‌ دايك بوونى منداڵيان ، ان شاءالله به‌ كورتى باس له‌ مانا و حوكم و چۆنيه‌تى ئه‌م عيباده‌ته‌ ده‌كه‌ين ، زۆر به‌ داخه‌وه‌ زۆرێك له‌ موسوڵمانان بێ ئاگان له‌م عيباده‌ته‌ ، كاتێك خواى گه‌وره‌ منداڵيان پێ ده‌به‌خشێت ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م نيعمه‌ته‌دا ئاماده‌ نييه‌ عه‌قيقه‌ (مه‌ڕه‌ منداڵه‌) بۆ منداڵه‌كه‌ى له‌ پێناو خواى گه‌وره‌ بكات ، به‌ڵكو هه‌ر نازانێت عه‌قيقه‌ هه‌ر چيشه‌ ، داواكارم له‌ خواى گه‌وره‌ ئه‌م نوسراوه‌ بكات به‌ ووريا كه‌ره‌وه‌و فێربوونى موسوڵمانان له‌م عيباده‌ته‌دا .

ماناى ووشه‌ى (العقيقه‌)

ووشه‌ى ( العقيقه‌): له‌ زمانى عه‌ره‌بيدا له‌ ووشه‌ى (العَقُّ) وه‌رگيراوه‌ كه‌ به‌ ماناى پچڕان دێت ، ئه‌م ووشه‌يه‌ له‌ زمانى عه‌ره‌بيدا به‌م مووانه‌ ده‌وترێت كه‌ به‌ سه‌رى منداڵ وه‌يه‌ له‌ كاتى له‌ دايك بوون دا ، ئينجا له‌ ڕۆژى حه‌وته‌م ده‌پچڕێنرێت و ده‌تراشرێت . وه‌ له‌ ڕووى شه‌رعه‌وه‌ ، ووشه‌ى (العقيقه‌) به‌و ئاژه‌ڵه‌ ده‌وترێت كه‌له‌ ڕۆژى حه‌وته‌مى له‌ دايك بوونى منداڵدا سه‌ر ده‌بڕدرێت . الفقه الميسر فى ضوء الكتاب والسنة: 196.

حوكمى عه‌قيقه‌ كردن

هه‌ندێك له‌ زانايان ئه‌م عيباده‌ته‌يان به‌ واجب داناوه‌ به‌ به‌ڵگه‌ى چه‌ند فه‌رمووده‌يه‌كى صحيح ، بۆ نموونه‌ عائيشه‌ دايكى باوه‌ڕداران فه‌رموويه‌تى: (أَمَرَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ نَعُقَّ عَنْ الْغُلَامِ شَاتَيْنِ وَعَنْ الْجَارِيَةِ شَاةً) صحيح الارواء 1166. واته‌: پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) فرمانى به‌ ئێمه‌ كرد كه‌ بۆ منداڵى كوڕ دوو مه‌ڕ بكه‌ين به‌ عه‌قيقه‌ وه‌ بۆ كچ يه‌ك  .

وه‌ له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى تردا فه‌رموويه‌تى: (كُلُّ غُلَامٍ مُرْتَهَنٌ بِعَقِيقَتِهِ) صحيح الارواء: 1165. واته‌: هه‌موو منداڵێك ڕه‌هنكراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ عه‌قيقه‌ بۆ كردنه‌كه‌ى ، هه‌ندێك له‌ زانايان ده‌ڵێن واته‌: منداڵ ئه‌گه‌ر عه‌قيقه‌ى بۆ نه‌كرێت و پاشان بمرێت ، ئه‌وا ئه‌م منداڵه‌ له‌ ڕۆژى دواييدا شه‌فاعه‌ت بۆ دايك و باوكى ناكات بۆ چوونه‌ به‌هه‌شت ، وه‌ هه‌ندێك له‌ زانايان ده‌ڵێن منداڵ ئه‌گه‌ر عه‌قيقه‌ى بۆ نه‌كرێت ناپارێزرێت له‌ به‌ڵاو ناخۆشى .

وه‌ هه‌ندێك زاناى تر ئه‌م عيباده‌ته‌يان به‌ سونه‌تى موئه‌كه‌ده‌ داناوه‌ ، واته‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) له‌سه‌ر ئه‌م عيباده‌ته‌ به‌رده‌وام بووه‌و وازى لێ نه‌هێناوه‌ ، بۆيه‌ پێويسته‌ موسوڵمانانيش ئه‌وانه‌ى تواناى عه‌قيقه‌كردنيان هه‌يه‌ شوێن پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) بكه‌ون و ئه‌م عيباده‌ته‌ ئه‌نجام بده‌ن و ڕه‌زيل و ده‌ست گيراو نه‌بن له‌ خێرو چاكه‌كردندا ، به‌ڕاستى ئه‌و ماڵه‌ى سوودى بۆ مرۆڤ هه‌يه‌ بريتى يه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌به‌ر خاترى خواى گه‌وره‌ سه‌رف ده‌كرێت و بۆى ده‌بێت به‌ توێشوێك بۆ ڕۆژى دوايى ، جا بۆيه‌ موسوڵمانان نابێت كه‌م ته‌رخه‌م بن له‌م عيباده‌ته‌ دا به‌ گومانى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ زانايان به‌ سونه‌تيان داناوه‌ .

حيكمه‌ت و سووده‌كانى عه‌قيقه‌كردن

1) سوپاس كردنى خواى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌و نيعمه‌ته‌ى كه‌ به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت ، به‌ڕاستى منداڵ نيعمه‌تێكه‌ له‌ نيعمه‌ته‌كانى دونيا ، مرۆڤ دڵى پێ خۆش ده‌بێت ، هه‌ر بۆيه‌شه‌ بۆ كوڕ ده‌بێت دوو مه‌ڕ يان دوو بزن سه‌ر ببڕدرێت به‌ڵام بۆ كچ ته‌نها يه‌كيان سه‌ر ده‌بڕدرێت ، چونكه‌ خه‌ڵكى زياتر خۆشحاڵ ترن به‌ كوڕ ، ئه‌گه‌ر چى له‌ ئيسلام دا شه‌رت ته‌قواو له‌ خوا ترسانه‌ .

2) پاراستنى منداڵ له‌ شه‌يتان و به‌ڵاو ناخۆشى ، هه‌ر وه‌كو چۆن خواى گه‌وره‌ ئيسماعيلى كوڕى پێغه‌مبه‌ر ابراهيمى پاراست له‌سه‌ر بڕينى و كردن به‌قوربانى به‌ سه‌ربڕينى ئاژه‌ڵێك  له‌ جياتى .

3) ئاشنابوون و زانينى خه‌ڵك به‌ له‌ دايك بوونى منداڵه‌كه‌و ناوزانين و دوعا بۆ كردنى.

4) كۆبوونه‌وه‌ى فه‌قيرو دۆست و دراوسێ به‌ يه‌كه‌وه‌ له‌كاتى خواردنى گۆشتى عه‌قيقه‌كه‌. أحكام الحقيقه‌:9.

ژماره‌ و چۆنيه‌تى ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ى ده‌كرێت به‌ عه‌قيقه‌

 ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ى ده‌كرێت به‌ عه‌قيقه‌ بريتى يه‌ له‌ (بزن) يان (مه‌ڕ) ، بزن ده‌بێت ساڵێكى ته‌واو كردبێت چووبێته‌ ناو دوو ساڵيه‌وه‌ ، وه‌ مه‌ڕ ده‌بێت شه‌ش مانگ يان ساڵێكى ته‌واو كردبێت ، بۆ منداڵى كوڕ ده‌بێت دوو دانه‌ له‌ بزن يان له‌ مه‌ڕ بكڕێت به‌ عه‌قيقه‌ ، به‌ڵام بۆ كچ ته‌نها يه‌ك دانه‌ ده‌كرێت به‌ عه‌قيقه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك ته‌نها تواناى كڕينى يه‌ك دانه‌ى هه‌بوو بۆ كوڕه‌كه‌ى ئه‌وه‌ دروسته‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تواناى دوانى هه‌بێت ئه‌وه‌ ده‌بێت دوان بێت . الشرح الممتع: 492/7.

وه‌ ئه‌و مه‌ڕو بزنه‌ى ده‌كرێت به‌ عه‌قيقه‌ ده‌بێت بێ عه‌يب بن وه‌كو ئه‌و مه‌ڕو بزنه‌ى ده‌كرێن به‌ قوربانى ، وه‌ هه‌ندێك له‌ زانايان به‌ دروستيان دانه‌وه‌  ووشتر يان مانگا بكرێت به‌ عه‌قيقه‌ به‌ مه‌رجێك مانگا ده‌بێت دوو ساڵى ته‌واو كردبێت ، وه‌ ووشتر ده‌بێت پێنج ساڵى ته‌واو كردبێت ، به‌ڵام باشتر وايه‌ مه‌ڕ يان بزن بكرێت به‌ عه‌قيقه‌ ، چونكه‌ ته‌نها باسى بزن و مه‌ڕ كراوه‌ له‌ فه‌رمووده‌ صه‌حيحه‌كان ، وه‌ دروسته‌ مرۆڤ گۆشتى عه‌قيقه‌ بكات به‌ سێ به‌شه‌وه‌ ، به‌شێكى لێ بخوات ، وه‌ به‌شێكى بكاته‌ خێر ، وه‌ به‌شێكى بكات به‌ هه‌ديه‌ ، وه‌ باشتر وايه‌ گۆشته‌كه‌ به‌لێندراوى بدات به‌ خه‌ڵك و ده‌عوه‌تيان بكات ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌گونجا دروسته‌ به‌ خاوى دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر دۆست و دراوسێ و فه‌قيران . فتاوى اللجنة الدائمة: 10/457 ، و 11/442. .

وه‌ دروست نيه‌ له‌ جياتى حه‌يوان كڕين و سه‌ربڕين ، به‌ كيلۆ گۆشت له‌ لاى قه‌ساب بكڕدرێت بۆ مه‌به‌ستى عه‌قيقه‌ . فتاوى الشبكة الاسلامية:13/015896.

وه‌ دروست نيه‌ له‌ جياتى حه‌يوان سه‌ر بڕين بۆ عه‌قيقه‌ ، پاره‌ بكرێت به‌ خێر . فتاوى اللجنة الدائمة: 10/465.

وه‌ نابێت مريشك ، يان كه‌ڵه‌شێر ، يان مراوى  ، وه‌ غه‌يرى ئه‌وانه‌ش له‌ په‌له‌وه‌ر بكرێن به‌ عه‌قيقه‌ . فتاوى اللجنة الدائمة: 10/462.

ڕۆژى ئه‌نجام دانى عه‌قيقه‌

سوننه‌ت وايه‌ له‌ ڕۆژى حه‌وته‌م عه‌قيقه‌ بكرێت ، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژى سێ شه‌م منداڵه‌كه‌ له‌ دايك بوو ئه‌وه‌ له‌ حه‌فته‌مين ڕۆژ عه‌قيقه‌كه‌ى بۆ ده‌كرێت كه‌ ده‌كاته‌ ڕۆژى دووشه‌م ، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژى جومعه‌ له‌ دايك بوو ئه‌وه‌ له‌ ڕۆژى پێنج شه‌ممه‌ عه‌قيقه‌ى بۆ ده‌كرێت ، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژى حه‌فته‌م نه‌كرا ئه‌نجام بدرێت ، دروسته‌ له‌ چوارده‌مين ڕۆژ بكرێت ، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ چوارده‌مين ڕۆژ نه‌كرا دروسته‌ له‌ بيست و يه‌كه‌مين ڕۆژ ئه‌نجام بدرێت ، وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌گونجا له‌ بيست و يه‌كه‌مين ڕۆژ ئه‌نجام بدرێت ئه‌وه‌ دروسته‌ له‌هه‌ر ڕۆژێكى تر بێت به‌ گوێره‌ى توانا ، به‌م شێوه‌يه‌ زانايان ڕه‌حمه‌تى خوايان لێ بێت فه‌رموويانه‌ . مجموع فتاوى ورسائل العثيمين: 25/221.

تراشينى مووه‌كانى سه‌رى منداڵ

ئه‌و عه‌قيقه‌يه‌ى له‌ ڕۆژى حه‌فته‌مى له‌ دايك بوونى منداڵدا ئه‌نجام ده‌درێت ، بريتى يه‌ له‌سه‌ر بڕينى ئاژه‌ڵ ، وه‌ سه‌ر تراشينى منداڵ ، وه‌ ناولێنانى وه‌ خه‌ته‌نه‌كردنى ، وه‌ ده‌م شيرن كردنى به‌ خورماى جوتراو .

شێخ محمد بن صالح العثيمين (ڕه‌حمه‌تى خواى گه‌وره‌ى لێبێت) ووتوويه‌تى تراشينى مووه‌كانى سه‌رى منداڵ تايبه‌ته‌ به‌ منداڵى كوڕ ، منداڵى كچ سه‌رى ناتراشێت ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێويست بوو سه‌رى كچ بتاشرێت بۆ به‌هێز بوون و زۆر بوونى پرچى درووسته‌ سه‌رى بتراشرێت ، وه‌ له‌ دواى تراشينى سه‌رى منداڵ مووه‌كانى له‌لاى زێڕينگر ده‌كێشرێت ، به‌ ئه‌ندازه‌ى قورسى مووه‌كانى زيو ده‌كرێت به‌خێر بۆ فه‌قيران ، يان پاره‌ به‌ ئه‌ندازه‌ى زيوه‌كه‌ بكرێته‌ خێر. مجموع فتاوى ورسائل العثيمين: 25/244.

يان به‌ ئه‌ندازه‌ى زێڕ ، كاميان له‌ توانا دا بوو دروسته‌ إن شاءالله. فتاوى اللجنة الدائمة: 10/15.

ناونانى منداڵ به‌ ناوێكى باش و دروست

ناونانى منداڵ دروسته‌ چ له‌ سه‌ره‌تاى له‌ دايك بوونى بێت يان له‌ حه‌فته‌م ڕۆژى بێت ، وه‌ واجبه‌ له‌سه‌ر دايكان و باوكان ناوێكى باش و شه‌رعى له‌ منداڵه‌كانيان بنێن ، نابێت ناوێك بيت له‌گه‌ڵ شه‌ريعه‌تى ئيسلام نه‌گونجێت ، يان نابێت ناوێك بێت ببێته‌ مايه‌ى گاڵته‌ كردن  پێى .

(خه‌ته‌نه‌كردنى) منداڵ (سونه‌تكردن)

شێخ محمد بن صالح العثيمين (ڕه‌حمه‌تى خواى گه‌وره‌ى لێبێت) ووتويه‌تى: خه‌ته‌نه‌ كردنى منداڵى كوڕ واجبه‌ ، به‌ڵام بۆ كچ سونه‌ته‌و واجب نيه‌ ، هۆكارى واجبيه‌تى سونه‌ت كردنى كوڕ بۆ مه‌سڵه‌حه‌تى شه‌رعى و ته‌ندروستى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، بۆ نموونه‌ ئه‌و پارچه‌ گۆشته‌ى كه‌ له‌ سه‌رووى له‌شى كوڕ هه‌يه‌ ئه‌گه‌ر نه‌بڕدرێت ده‌بێته‌ مايه‌ى كۆبوونه‌وه‌و مانه‌وه‌ى ميز له‌م شوێنه‌دا ، كاتێك ئه‌م منداڵه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت به‌ شێوه‌يه‌كى ناپاكانه‌ نوێژه‌كه‌ى ده‌كات ،وه‌ له‌ ڕووى ته‌ندروستيشه‌وه‌ مانه‌وه‌ى ئه‌م ميزو پيسايه‌ له‌ناو ئه‌م پارچه‌ گۆشته‌ ده‌بێته‌ مايه‌ى تووش بوون به‌ ئيلتهاب و سووتانه‌وه‌ى ، به‌ڵام مه‌به‌ست له‌ سوونه‌ت كردنى كچ كه‌م كردنه‌وه‌ى شه‌هوه‌تيه‌تى نه‌ك لابردنى پيسايى بێت ، بۆيه‌ بۆ ئافره‌ت سونه‌ته‌ واجب نيه‌. فتاوى أركان الاسلام للعثيمين:216.

وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژى سونه‌ت كردنى منداڵ شێخ ئه‌لبانى (ڕه‌حمه‌تى خواى گه‌وره‌ى لێبێت) ده‌ڵێت هه‌ندێك له‌ زانايان به‌ سونه‌تيان داناوه‌ ڕۆژى حه‌فته‌م بكرێت ، به‌ به‌ڵگه‌ى دوو فه‌رمووده‌ كه‌ هه‌ر يه‌ك له‌م دوو فه‌رمووده‌يه‌ ئه‌وه‌ى تريان به‌هێز ده‌كات له‌ صيحه‌تدا ، ئه‌گينا هه‌ر يه‌ك له‌م دوو فه‌رموودانه‌ به‌ جيا لاوازن ، وه‌ هه‌ر ڕۆژێكى تريش بێت دروسته‌ إن شاءالله . تمام المنة: 68.

حوكمى بانگدان و قامه‌ت كردن له‌ گوێى منداڵ

به‌ڕێزان ئه‌م فه‌رموودانه‌ى باسى بانگدان ده‌كات له‌ گوێچكه‌ى ڕاستى منداڵ ، وه‌ قامه‌ت كردن له‌ گوێچكه‌ى چه‌پى ، زاناى فه‌رمووده‌ ناس شێخ ئه‌لبانى (ره‌حمه‌تى خواى گه‌وره‌ى لێبێت ) به‌ لاوازى داناون ، بۆيه‌ بانگ و قامه‌ت له‌ گوێچكه‌ى منداڵ نادرێت . سلسلة الأحاديث الضعيفة والموضوعة وأثرها السيئ فى الأمة :1/492 .

ئه‌وكه‌سه‌ى به‌منداڵى عه‌قيقه‌ى بۆ نه‌كراوه‌

هه‌ندێك له‌ زانايان به‌سونه‌تيان داوه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌منداڵى عه‌قيقه‌يان بۆ نه‌كراوه‌ بۆخۆيان عه‌قيقه‌ بكه‌ن ، به‌ڵام هه‌ندێكى تريان ده‌ڵێن عه‌قيقه‌ ته‌نها له‌سه‌ر باوكى منداڵه‌كه‌يه‌ ، منداڵه‌كه‌ له‌دواى گه‌وره‌ بوونى له‌سه‌رى نيه‌ . تحفة المودود بأحكام المولود:88 ، رسائل وفتاوى العلامة عبد الله بن عبد الرحمن أبى بطين :186 ، مجموع فتاوى ورسائل فضيلة الشيخ محمد بن صالح العثيمين :25 / 222 .

وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم

نوسين و ئاماده‌كردنى : مامۆستا . هه‌ڵگورد مستەفا گه‌ڵاڵه‌يى .





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٧/٠٤/٠٨
         
هاووپۆل / بەش : ڕوونکردنەوەی شەرعی

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌