Blogging Gadgets











ئه‌و ڕۆژه‌ى كه‌ نهێنی يه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و ئاشكرا ده‌كرێن
سەردان :
٧٢٦
     &  
فۆنت :
+
&
-

ئه‌و ڕۆژه‌ى كه‌ نهێنی يه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و ئاشكرا ده‌كرێن

بسم الله الرحمن الرحيم

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.

ناونيشانى ئه‌م بابه‌ته‌ ئايه‌تێكى پيرۆزه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ى خواى په‌روه‌ردگار، خواى گه‌وره‌ بابه‌تێك باس ده‌كات و يادى به‌نده‌كانى ده‌خاته‌وه‌ كه‌ په‌يوه‌ندى به‌ دڵاو كرده‌وه‌و نهێنى يه‌كانيه‌وه‌يه‌تی ، ئه‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵكى لێى بێ ئاگان و خواى گه‌وره‌ زاناو شاره‌زايه‌ پێى جا ئه‌مانه‌ ئاشكرا ده‌بن و ده‌خرێنه‌ ڕوو له‌ ڕۆژى دواييدا، هه‌رشتێكيش كه‌ تێيدا بێت له‌ دڵسۆزی و ڕاستگۆيی و خۆشه‌ويستی ، يان پێچه‌وانه‌كه‌ى له‌ دووڕووی و درۆو ڕيابازی ، وه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕوونى ده‌رده‌كه‌وێت له‌و ئايه‌ته‌و له‌ ئايه‌ته‌كانى پێش و پاشى خۆی ، خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمێت:  ( إِنَّهُ عَلَى رَجْعِهِ لَقَادِرٌ يَوْمَ تُبْلَى السَّرَائِرُ  فَمَا لَهُ مِنْ قُوَّةٍ وَلَا نَاصِرٍ) [الطارق: 8-10] . واته‌: بێ گومان خواى گه‌وره‌ دروست كردنه‌وه‌و وه‌رگێڕانه‌وه‌ى ئاده‌ميزادى زۆر له‌ لا ئاسانه‌و به‌ توانايه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ى هه‌موو نهێنيه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و ده‌خرێنه‌ ڕوو ئاده‌ميزاد هيچ هێزو پشتيوانێكى  نی يه‌.

وه‌ هه‌ر دڵه‌ كه‌ خواى په‌روه‌ردگار سه‌يرى ده‌كات و قبوڵ بوون و قبوڵ  نه‌بوونى كرده‌وه‌يش هه‌ر په‌يوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌يه‌ وه‌ك پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ده‌فه‌رمێ : (إن الله لاينظر إلى أجسامكم ولا إلى صوركم ولكن ينظر الى قلوبكم وأعمالكم) (مسلم: 2564، وصحيح الترغيب والترهيب: 15). واته‌: به‌ ڕاستى خواى گه‌وره‌ سه‌يرى وێنه‌و لاشه‌تان ناكات به‌ڵكو سه‌يرى دڵ و كرده‌وه‌كانتان ده‌كات.

وه‌ نهێنی و شاراوه‌كانى ئه‌گه‌ر باش بوون ئه‌وا هه‌موو كرده‌وه‌كان و لايه‌نه‌كانى تريش باش ده‌بن ئه‌گه‌ر كه‌ميش بن، وه‌به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نهێنی يه‌كان و شاراوه‌كان خراپ بوون ئه‌وا هه‌موو كردارو گوفتارێكى به‌نده‌كان خراپ ده‌بن و نزيك ده‌بێته‌وه‌ له‌ دووڕوويی و ڕيابازى (په‌نا به‌ خوا)، وه‌ پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) له‌ فه‌رمووده‌يه‌كدا ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ و ده‌فه‌رمێ : (ألا وإن فى الجسد مضغة إذا صلحت صلح الجسد كله، وإذا فسدت فسد الجسد كله ألا وهى القلب) (البخاري: 50، وصحيح الجامع الصغير: 3193). واته‌: له‌ لاشه‌دا پارچه‌ گۆشتێك هه‌يه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پارچه‌ گۆشته‌ چاك بوو ئه‌وا لاشه‌ هه‌مووى باش ده‌بێت، وه‌ ئه‌گه‌ر خراپ بوو ئه‌وا هه‌موو لاشه‌ خراپ ده‌بێت، ئه‌و پارچه‌يه‌يش بريتیيه‌ له‌ دڵ .

پێشه‌وا (ابن القيم) له‌ ته‌فسيرى ئه‌م ئايه‌ته‌دا(يوم تبلى السرائر) ده‌فه‌رمێت: (كرده‌وه‌كان به‌رهه‌مى نهێنی و شاراوه‌كانن وه‌هه‌ركه‌سێك نهێنی و شاراوه‌كانى باش بوون ئه‌وا كرده‌وه‌كانى هه‌مووى باش و چاك ده‌بن وه‌ ئه‌و  نهێنی يانه‌ش ده‌بن به‌ ڕۆشنايی و ڕوناكی و شه‌رم و حه‌يا له‌ ڕوخساريدا وه‌ هه‌ركه‌سێكيش نهێنيه‌كانى خراپ و ناشيرين بوون ئه‌وا كرده‌وه‌كانيشى شوێن كه‌وتووى نهێنی يه‌كانى ده‌بن و له‌ ڕوخساريدا ده‌بن به‌ ڕه‌شی و تاريكی و بێ شه‌رمى).

له‌وه‌ى كه‌ باسمان كرد گه‌وره‌ى كارو فرمانه‌كانى دڵ و مه‌ترسی و نهێنی و شاراوه‌كانمان بۆ ده‌ركه‌وت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خواى گه‌وره‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌وێ و چاكی و خراپى ئه‌وێشه‌ ده‌بێته‌ هۆى قبوڵ بوون و قبوڵ نه‌بوونى كرده‌وه‌كان و هۆكاره‌ بۆ ئاخر خێری و ئاخر شه‌ڕى وه‌ ئه‌مه‌شه‌ هۆى سه‌ركه‌وتن و سه‌رفرازى بوونى هاوه‌ڵانى پێغه‌مبه‌ر( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ( ڕەزای خوایان لێبێت) به‌سه‌ر خه‌ڵكانى دواى خۆياندا له‌ وانه‌ى كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ هاوه‌ڵان ( ڕەزای خوایان لێبێت) زياتريش عيباده‌ت و خواپه‌رستيان كردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بنچينه‌ى سه‌ربه‌رز بوونى له‌ نێوان به‌نده‌كاندا ئه‌وه‌يه‌ كه‌له‌ دڵدا جێگير بووه‌ له‌ نهێنی و شاراوه‌يى باش و چاك.

له‌ عبدالله كوڕى مسعوده‌وه‌ ( ڕەزای خوایان لێبێت) ده‌فه‌رمێت: (ئێوه‌ نوێژتان درێژترو تێكۆشانتان زۆرتره‌ له‌ هاوه‌ڵانى پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) به‌ڵام ئه‌وان له‌ ئێوه‌ باشتر بوون، پێى ووترا: به‌هۆى چيه‌وه‌؟ ووتى: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان زياتر له‌ ئێوه‌ دنيايان به‌كه‌م ده‌زانی و ئاره‌زوويان له‌ دواڕۆژ بوو).

وه‌ قاسم كوڕى محمد ده‌فه‌رمێت:  ئێمه‌ له‌گه‌ڵ (ابن مبارك) سه‌فه‌رمان كرد زۆر شت خه‌ته‌ره‌ى ده‌كرد له‌ دڵمداو به‌ خۆم ده‌وت: به‌چ شتێك ئه‌م پياوه‌ ئاوا به‌رز بۆته‌وه‌ به‌سه‌رمانداو ناوبانگى له‌ناو خه‌ڵكيدا ده‌ركردووه‌: ئه‌گه‌ر نوێژ ده‌كات ئێمه‌يش نوێژ ده‌كه‌ين! وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕۆژوو ده‌بێت ئێمه‌يش به‌ڕۆژوو ده‌بين! وه‌ ئه‌گه‌ر جيهاد ده‌كات ئێمه‌يش جيهاد ده‌كه‌ين! وه‌ ئه‌گه‌ر حه‌ج ده‌كات ئێمه‌ش حه‌ج ده‌كه‌ين! وه‌ پاشان ده‌ڵێت: له‌ هه‌ندێك له‌ ڕۆيشتنه‌كانمدا له‌ ڕێگاى شام شه‌وێك له‌ ماڵێك نانمان خوارد كاتێك چراكه‌ كوژايه‌وه‌ هه‌ندێك هه‌ستان بۆ داگيرساندنى چراكه‌ و كاتێك چراكه‌ هه‌ڵكرايه‌وه‌ سه‌يرى ده‌م و چاوى ابن مبارك م كرد فرمێسكى پێوه‌ بوو به‌ خۆمم ووت: به‌ هۆى ئه‌م ترس و له‌خوا ترسانه‌يه‌ ئه‌م پياوه‌ فه‌زڵى دراوه‌ به‌سه‌رماندا له‌وانه‌يه‌ له‌كاتى كوژانه‌وه‌ى چراكه‌ بيرى له‌ تاريكى قيامه‌ت كردبێته‌وه‌).

وه‌ وته‌ى سه‌له‌ف و پێشينمان له‌سه‌ر سوربونيان له‌سه‌ر كرده‌وه‌ى دڵ و چاكى نهێنى يه‌كانيان زۆرو جۆراو جۆرن به‌ تايبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌يوه‌ندى به‌ خۆشه‌ويستى خواى گه‌وره‌وه‌ ترسان لێی و دڵسۆزى له‌ كرده‌وه‌كاندا هه‌يه‌ له‌وانه‌:.

- عومه‌رى كوڕى خه‌تاب(ڕەزای خوای لێبێت) ده‌فه‌رمێت: (هێزو توانا له‌ ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌دا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ كارى ئه‌مڕۆ بۆ به‌يانى دوا نه‌خرێت وه‌ ئه‌مانه‌ت و سپارده‌يش ئه‌وه‌يه‌ كه‌ نهێنی و شاراوه‌كان پێچه‌وانه‌ى كاره‌ ئاشكراكان نه‌بن، وه‌ ته‌قواى خواى گه‌وره‌ بكه‌ن وه‌ ته‌قوايش به‌ خۆ پاراستن ده‌كرێت وه‌ هه‌ر كه‌سێكيش ته‌قواى خواى گه‌وره‌ بكات ده‌پارێزرێت) (سير أعلام النبلاء: 2/572) .

- عوسمانى كوڕى عه‌فان(ڕەزای خوای لێبێت) ده‌فه‌رمێت: هيچ كه‌سێك نهێنی يه‌ك ناشارێته‌وه‌ ئيلا خواى گه‌وره‌ ده‌رى ده‌خات له‌ لاپه‌ڕه‌كانى ده‌م و چاوی و هه‌ڵپه‌كانى زمانى.

- وه‌ نعيم بن حماد ده‌فه‌رمێت: گوێم له‌ ابن مبارك بوو ده‌ى ووت: (هيچ كه‌سم نه‌ديووه‌ وه‌ك مالك به‌رز بووبێته‌وه‌ له‌ كاتێكدا نوێژو ڕۆژووى زۆريشى نه‌بوو ته‌نها چاكی و سه‌لامه‌تى نهێنی يه‌كان نه‌بێت) (سير أعلام النبلاء: 8/97).

- وه‌ خاليدى كوڕى صفوان ده‌فه‌رمێت: (گه‌يشتم به‌ مسلمه‌ ابن عبدالملك ووتى: هه‌واڵم بده‌رێ له‌ باره‌ى (حسن البصرى) ووتم: خواى گه‌وره‌ چاكه‌ت بۆ بكات هه‌واڵت ده‌ده‌مێ به‌ زانيارييه‌ك: من جيرانى ئه‌وم له‌ ته‌نيشتيه‌وه‌ وه‌ له‌ مه‌جليسيدا نزيكى ئه‌وم نهێنى خه‌ڵك با كرده‌وه‌ باشه‌كانى ده‌چوێنم به‌ڵام ووته‌كانى ئه‌و به‌ كرده‌وه‌ ده‌چوێنم ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كارێك دانيشت هه‌ر به‌وێشه‌وه‌ هه‌ڵده‌سێت، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كارێكيش هه‌ڵسا هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ويش داده‌نيشێت وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ فه‌رمان به‌ شتێك بكات ئه‌وا خه‌ڵكى كارى پێ ده‌كه‌ن، وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌هى له‌ شتێك كرد ئه‌وا خه‌ڵكى ته‌ركى ده‌كه‌ن بينيوومه‌ كه‌ بێ پێويسته‌ له‌ خه‌ڵك وه‌ خه‌ڵك پێويستيان به‌و هه‌يه‌ ووتى: به‌سه‌! چۆن نه‌ته‌وه‌يه‌ك گومڕا ده‌بن پياوى ئاواى تێدا بێت) (سير أعلام النبلاء: 4/576).

- وه‌ حه‌سه‌ن ده‌فه‌رمێت: (ئه‌ى نه‌وه‌ى ئاده‌م! تۆ گوفتارو كرده‌وه‌ت هه‌يه‌، وه‌ كرده‌وه‌ت باشتره‌ بۆ تۆ له‌ گوفتارت وه‌ نهێنی و ئاشكرات هه‌يه‌ نهێنی يه‌كانت باشتره‌ بۆ تۆ له‌ ئاشكراكانت) (مدارج السالكين: 1/436).

- وابن عيينه‌ ده‌فه‌رمێت: ئه‌گه‌رنهێنی يه‌كان هاوتا بوون له‌گه‌ڵ ئاشكراكان ئه‌وا عه‌دل و وه‌ك يه‌ك بوونه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر نهێنیيه‌كان باشتر بوون له‌ ئاشكراكان ئه‌وه‌ فه‌زڵه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر ئاشكراكان باشتر بوون له‌ نهێنی يه‌كان ئه‌وه‌ سته‌مه‌.

- وه‌ عبدالله كوڕى مبارك ده‌فه‌رمێت: ووترا به‌ حمدون كورى احمد: بۆچى قسه‌ى پێشين (سه‌له‌ف) سودبه‌خش تر بوو له‌ قسه‌ى ئێمه‌؟ ووتى: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان قسه‌يان ده‌كرد بۆ به‌رزى ئيسلام و ڕزگار بوونى نه‌فس و ڕازى بوونى خواى گه‌وره‌ به‌ڵام ئێمه‌ قسه‌ ده‌كه‌ين بۆ به‌رزى نه‌فس و داوا كردنى دونيا و ڕازى بوونى خه‌ڵك.

ئه‌و هۆكارانه‌ى ده‌بنه‌ هۆى سه‌لامه‌تى دڵ و پێچه‌وانه‌كانيان

1- چاك كردنى كرده‌وه‌كانى دڵ وه‌ك دڵسۆزى له‌ گوفتارو كرده‌وه‌كان بۆ خواى گه‌وره‌و هه‌وڵدان بۆ شاردنه‌وه‌يان له‌ خه‌ڵكی و ڕق بوونه‌وه‌ له‌ ناوو ناوبانگ ده‌ركردن و خۆپاراستن له‌ باسكردنى خه‌ڵك، وه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وانه‌يش ڕيا بازی و داواكردنى دنيا به‌هۆى عيباده‌ت كردن و حه‌ز له‌ خۆ ده‌رخستن كردن.

2- خۆ به‌كه‌م زانين و هه‌ست كردن به‌ كه‌م ته‌رخه‌می و خه‌ريك بوون به‌ چاك كردنى نه‌فس و عه‌يبه‌كانى پێچه‌وانه‌ى ئه‌مانه‌يش خۆ به‌ گه‌وره‌ زانين و سه‌رسام بوون به‌ خۆت و خه‌ريك بوون به‌ ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ خه‌ڵكى.

3- خۆ ئاماده‌كردن بۆ دواڕۆژوو پاراستنى كات و ته‌مه‌ن و به‌ فيرۆ نه‌دانی ، وه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌مانه‌ش پابه‌ند بوون به‌ دونياو له‌ بيرچوونى دواڕۆژوو كه‌م زيكر كردنى خواى گه‌وره‌و به‌ فيڕۆ دانى كات.

4- ساغ كردنه‌وه‌ى دڵ له‌ حقدو فيڵاو حه‌ساده‌ت وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ى خه‌ريك بوونه‌ به‌و نه‌خۆشيانه‌.

5- ته‌سليم بوون بۆ فه‌رمانه‌كانى خواى گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ر( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) به‌ بێ : بۆچى؟ وه‌ چۆن؟ وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ى كه‌وتنه‌ ناو شوبهه‌و خه‌ته‌ره‌ى خراپ هاتن به‌ دڵدا.

6- بايه‌خ دان به‌ دين و بانگه‌وازى بۆ كردن بۆ لاى خواى گه‌وره‌و هه‌وڵدان له‌ پێناويداو خۆش وويستنى بانگه‌وازى كاران بۆ خێرو چاكه‌و دوعا بۆ كردنيان و هاوكارى كردنيان له‌سه‌ر چاكه‌و له‌خواترسان، وه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ش بايه‌خ نه‌دان به‌ دين و بانگه‌وازى كردن بۆ لاى خواى گه‌وره‌و ....... هتد.

7- ترسان له‌ خواى گه‌وره‌و هه‌ست كردن به‌ چاودێرى كردن له‌ ئاشكراو نهێنیيه‌كانداو هه‌وڵدان بۆ ته‌وبه‌ كردن و واز هێنان له‌ تاوان، وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ى نه‌ترسان له‌ خواى گه‌وره‌و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر تاوان.

8- ڕاستگۆيى له‌ قسه‌ كردنداو پابه‌ند بوون به‌ په‌يمان و گێڕانه‌وه‌ى ئامانه‌ت، وه‌ ئه‌مانه‌ش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر چاكى     نهێنیيه‌كان چونكه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌مانه‌ بريتين له‌ سيفه‌تى مونافيق و دووڕووه‌كان.

9- قبوڵ كردنى حه‌ق له‌ هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ بێت وه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌يش ده‌مارگيرييه‌ بۆ كه‌سێك يان مناقه‌شه‌ كردن له‌سه‌ر شتێكى به‌تاڵ يان شوێن كه‌وتنى هه‌واو ئاره‌زوو.

به‌رهه‌مه‌كانى چاكی و سه‌لامه‌تى نهێنى يه‌كان:.

1- دامه‌زراندنى ئارامی و هێمنى له‌ دڵداو جێگير بوون و وه‌ستان له‌ به‌رامبه‌ر فيتنه‌و شوبهه‌و ئاره‌زووه‌كان و تاقى كردنه‌وه‌كان به‌ خێرو شه‌ڕييه‌وه‌.

2- خۆشويستنى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ نهێنى يه‌كانيان چاكه‌ كه‌ ئه‌مه‌يش ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ له‌ قبوڵ كردنى ئامۆژگاری و ئه‌مرو نهێنی يه‌كاندا.

3- كۆتا باشى (حسن الخاتمه‌) به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ سوپاس بۆ خوا نه‌ بيستراوه‌و نه‌ بينراوه‌ خاوه‌نى نهێنى چاك ودڵى ساغ كۆتايى ژيانى به‌ خراپ هاتبێت (سوو الخاتمة).

4- قبوڵ بوونى لاى خواى گه‌وره‌ له‌ ڕۆژى دواييداو چه‌ند جاره‌ بوونه‌وه‌ى چاكه‌كانی و سڕينه‌وه‌ى تاوانه‌كانى خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمێت:  ( وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يُكَفِّرْ عَنْهُ سَيِّئَاتِهِ وَيُعْظِمْ لَهُ أَجْرًا ) [الطلاق: 5). واته‌: ئه‌وه‌ى ته‌قواى خواى گه‌وره‌ بكات گوناهه‌كانى ده‌سڕێته‌وه‌و پاداشته‌كه‌ى بۆ گه‌وره‌و بێ سنوور ده‌كات.

وه‌ ده‌فه‌رمێت: ( إِنَّمَا يَتَقَبَّلُ اللَّهُ مِنَ الْمُتَّقِينَ ) [المائدة: 27) . واته‌: خواى گه‌وره‌ قوربانی و چاكه‌ ته‌نها له‌ ته‌قوا داران قبوڵ ده‌كات.

5- لابردنى ناڕه‌حه‌تيه‌كان و به‌هاناوه‌ هاتنى خواى گه‌وره‌ بۆ به‌نده‌كانى له‌ كاتى ڕوودانى به‌ڵاو ته‌نگه‌به‌ريدا وه‌ك چۆن ئه‌مه‌ ڕوويدا بۆ(أصحاب الغار).

6- ڕێنمايى كران و هيدايه‌ت دان بۆ حه‌ق و صه‌واب له‌ كاتى ئه‌وه‌ى هۆش و بير هه‌ڵى ده‌بژێرێت.

وصلى الله على نبينا محمد وعلى آلة وصحبة وسلم

وه‌رگێڕان و ئامادەكردنی :  مامۆستا : عبدالغفور عبدالله





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٧/١٢/٠١
         
هاووپۆل / بەش : بابەتی گشتی

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌