مه‌به‌سته‌كانى بيروباوه‌ڕى ئيسلامه‌تى

مه‌به‌سته‌كانى بيروباوه‌ڕى ئيسلامه‌تى

(أهداف العقيدة الإسلامية)

وشه‌ى (الـهدف) له‌ زمانى عه‌ره‌بيدا بۆ چه‌ند واتايه‌ك به‌ كار ده‌هێنرێت له‌وانه‌ : (نيشانه‌ : جێگير ده‌كرێت بۆ تێگرتنى ، وه‌ هه‌موو شتێكى خواستراو) .

مه‌به‌سته‌كانى بيروباوه‌ڕى ئيسلامه‌تى : بريتين له‌ ئامانج و مه‌به‌سته‌ چاك و رێزداره‌كان كه‌ له‌ ئه‌نجامى په‌يوه‌ست بوون پێيه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌ون ، وه‌ ئه‌و (ئامانج و مه‌به‌ستانه‌)ش زۆرن و جۆراوجۆرن ، له‌وانه‌ :

يه‌كه‌م : پاك كردنه‌وه‌ى نييه‌ت و په‌رستن بۆ خواى گه‌وره‌ به‌ ته‌نها ، چونكه‌ ئه‌و دروستكاره‌ و شه‌ريكى نى يه‌ ، بۆيه‌ پێويسته‌ كه‌وا نييه‌ت و په‌رستن بۆ ئه‌و بێت به‌ ته‌نها .

دووه‌م : ئازاد كردنى عه‌قڵ و بير له‌ بێ سه‌روبه‌رى و سه‌رلێ تێكچوونى په‌يدابوو له‌ نێو دڵى خاڵى له‌م بيروباوه‌ڕه‌ ، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك دڵى خاڵى بوو لـێى ئه‌وه‌ يان دڵى خاڵييه له‌ هه‌موو بيروباوه‌ڕێك و ته‌نها كه‌ره‌سته‌ى هه‌ستپێكراو (ماده‌ى به‌رجه‌سته‌) ده‌په‌رستێت ، وه‌ يان سه‌رى لێتێكچووه‌ له‌ نێو گومڕايه‌تى بيروباوه‌ڕه‌ پووچ و ئه‌فسانه‌كاندا . 

سێيه‌م : ئاسووده‌يى ده‌رونى و بيرى ، ده‌رونى هيچ هه‌ست به‌ دوو دڵى ناكات و بيريشى شڵۆق نابێت و تێك ناچێت ، چونكه‌ ئه‌م بيروباوه‌ڕه‌ باوه‌ڕدار په‌يوه‌ست ده‌كات به‌ دروستكار و به‌ديهێنه‌ره‌كه‌يه‌وه‌ ، بۆيه‌ به‌ دروستكاره‌كه‌ى ڕازى ده‌بێت كه‌وا ئه‌و په‌روه‌ردگار و به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانڕاوه‌ و به‌رنامه‌دانه‌ر ببێت بۆى ، ئه‌نجا دڵى ئارام ده‌گرێت به‌ قه‌ده‌رى خوا و سنگى ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئيسلام و خوازيارى هيچ به‌رنامه‌يه‌كى تر نابێت جگه‌ له‌و .  

چواره‌م : سه‌لامه‌تى و بێ گه‌ردى مه‌به‌ست و كرده‌وه‌ له‌ لادان و لاڕێبوون له‌ په‌رستنى خواى گه‌وره‌دا ، يان له‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ دروستكراوه‌كاندا ، چونكه‌ يه‌كێك له‌ بنه‌ماكانى ئه‌م بيروباوه‌ڕه‌ بريتىيه‌ له‌ باوه‌ڕبوون به‌ پێغه‌مبه‌ران كه‌ شوێنكه‌وتنى ڕێبازه‌ سه‌لامه‌ته‌كه‌يان له‌ مه‌به‌ست و كرده‌وه‌دا ده‌گرێته‌وه‌ .

پێنجه‌م : يه‌كلايى و گورج بوون له‌ شته‌كاندا ، به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌وا هيچ ده‌رفه‌تێك بۆ كرده‌وه‌ى چاكه‌ له‌ ده‌ست نادات و ئيللا به‌ كارى دێنێت تێيدا به‌ ئوومێدى پاداشت وه‌رگرتنه‌وه‌ ، وه‌ هيچ جێيه‌كى تاوان نابينێت ئيللا خۆيى لـێ دوور ده‌خاته‌وه‌ له‌ ترسى سزا و تۆڵه‌ى خوادا ، چونكه‌ يه‌كێك له‌ بنه‌ماكانى ئه‌م بيروباوه‌ڕه‌ بريتى يه‌ له‌ باوه‌ڕبوون به‌ زيندوو بوونه‌وه‌ و پاداشت وه‌رگرتنه‌وه‌ له‌سه‌ر كرده‌وه‌كان . خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى : ( وَلِكُلٍّ دَرَجَاتٌ مِمَّا عَمِلُوا وَمَا رَبُّكَ بِغَافِلٍ عَمَّا يَعْمَلُونَ ) [الأنعام :132] . واته‌ : وه‌ چه‌ندين پله‌ هه‌يه‌ بۆ هه‌ريه‌كێكيان له‌ پاداشتى ئه‌وه‌دا كه‌ كردوويانه‌ ، وه‌ په‌روه‌ردگارت بێ ئاگا نى يه‌ له‌وه‌ى كه‌ ده‌يكه‌ن . وه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) هانى باوه‌ڕدارانى داوه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌م فه‌رمووده‌يه‌يدا : ((الْمُؤْمِنُ الْقَوِيُّ خَيْرٌ وَأَحَبُّ إلَى اللَّهِ مِنْ الْمُؤْمِنِ الضَّعِيفِ ، وَفِي كُلٍّ خَيْرٌ ، احْـرِصْ عَلَى مَا يَنْفَعُكَ وَاسْتَعِنْ بِاَللَّهِ وَلَا تَعْـجِزْ ، وَإِنْ أَصَابَكَ شَيْءٌ فَلَا تَقُلْ : لَوْ أَنِّي فَعَلْت كَذَا كَانَ كَذَا وَكَذَا ، وَلَكِنْ قُلْ : قَدَّرَ اللَّهُ وَمَا شَاءَ اللَّهُ فَعَلَ ، فَإِنَّ لَوْ تَفْتَحُ عَمَلَ الشَّيْطَانِ)) رواه مسلم ، كتاب القدر ، باب في الأمر بالقوة وترك العجر والاستعانة بالله وتفويض الـمقادير لله ، رقم : (6716) . واته‌ : باوه‌ڕدارى به‌هێز چاكتره‌ و خۆشه‌ويستره‌ لاى خوا له‌ باوه‌ڕدارى بێ هێز ، وه‌ هه‌ردووكيان هه‌ر خێريان تێدايه‌ ، سووربه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ سوودى تێدايه‌ بۆت و داواى يارمه‌تى له‌ خوا بكه‌ و بێده‌سه‌ڵات مه‌به‌ ، وه‌ ئه‌گه‌ر ناهه‌موارى و به‌ڵايه‌كت تووش بوو ئه‌وا مه‌ڵێ : "ئه‌گه‌ر من ئاوام بكردايه‌ت ئاوه‌ها و ئاوه‌ها ده‌بوو" ، به‌ڵكو بڵێ : خوا واى دانا بوو (قه‌ده‌رى خوا وا بوو) وه‌ خوا ويستى له‌ هه‌ر شتێك ببێت ده‌يكات ، چونكه‌ وته‌ى "ئه‌گه‌ر ..." ده‌رگا ده‌كاته‌وه‌ بۆ كارى شه‌يتان .

شه‌شه‌م : پێكهاتنى ئوممه‌تێكى به‌ توانا و به‌هێز كه‌ هه‌موو شتێكى به‌ نرخ و كه‌م نرخ ببه‌خشێت له‌ پێناوى جێگير كردنى ئاينه‌كه‌ى و تۆكمه‌ و به‌هێز كردنى پايه‌كانيدا ، وه‌ گوێنه‌ده‌ر به‌وه‌ى كه‌ تووشى ده‌بێت له‌ پێناوى ئه‌مه‌دا ، وه‌ سه‌باره‌ت به‌مه‌ خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : ( إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ آَمَنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ ثُمَّ لَمْ يَرْتَابُوا وَجَاهَدُوا بِأَمْوَالِهِمْ وَأَنْفُسِهِمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ أُولَئِكَ هُمُ الصَّادِقُونَ )  [الحجرات : 15] . واته‌ : به‌ڕاستى باوه‌ڕداران ته‌نها بريتين له‌وانه‌ى كه‌ باوه‌ڕيان هێناوه‌ به‌ خوا و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى و ئه‌نجا گومانيان نى يه‌ له‌وه‌دا و تێكۆشاون به‌ ماڵ و خۆيانه‌وه‌ له‌ پێناوى خوادا ، ئا ئه‌وانه‌ بريتين له‌ ڕاستگۆيان .

حه‌وته‌م : گه‌يشـتن به‌ به‌خــتــه‌وه‌رى دونـيا و دواڕۆژ به‌ چــاك كــردنى تاكه‌كان و كۆمــه‌ڵه‌كان ، وه‌ ده‌ست خستنى پاداشت و ڕێزه‌كان لاى خوا ، وه‌ سه‌باره‌ت به‌مه‌ خواى گه‌وره‌ فه‌رموويـه‌تى : ( مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ ) [النحل : 97] . واته‌ : هه‌ر كه‌سێك كرده‌وه‌ى چاكه‌ ئه‌نجامبدات چ نـێـــر ياخود مـێ بێت و باوه‌ڕدار بێت ئه‌وا به‌دڵنيايى ژيانێكى خۆش و به‌له‌زه‌تى بۆ ده‌ڕه‌خسێنين له‌ دونيادا ، وه‌ به‌دڵنيايى له‌ دواڕۆژيشدا پاداشتيان ده‌ده‌ينه‌وه‌ به‌ باشتر له‌وه‌ى كه‌ كردوويانه‌ . ئه‌مانه‌ هه‌ندێك بوون له‌ مه‌به‌سته‌كانى بيروباوه‌ڕى ئيسلامه‌تى ... ئوومێده‌وارين له‌ خواى گه‌وره‌ كه‌ بۆ ئێمه‌ و هه‌موو موسڵمانانى به‌ دى بێنێت ، به‌ڕاستى خوا ده‌ستكراوه‌ و به‌خشنده‌يه‌ ، وه‌ سوپاس و ستايش بۆ خواى په‌روه‌ردگارى هه‌موو جيهان .

وصلَّى اللهُ وسلَّمَ على نبيِّنا مُحَمَّدٍ وعلى آلهِ وصحبهِ أجمعين

نوسینی : مامۆستا محمد عبد الرحمن لطيف