Blogging Gadgets











باڵاپۆشی ئافره‌تی موسڵمان له‌ڕوانگه‌ی شه‌ڕعه‌وه‌
سەردان :
٢٣٩١
     &  
فۆنت :
+
&
-

باڵاپۆشی ئافره‌تی موسڵمان له‌ڕوانگه‌ی شه‌ڕعه‌وه‌

پێشه‌كى

الحمدلله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  وآله وصحبه أجمعين .

  به‌ پشتيوانى خواى گه‌وره‌ له‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌يه‌دا باسى چۆنيه‌تى باڵا پۆشى ئافره‌تان ده‌كه‌ين ، وه‌ باسى چۆنيه‌تى باڵا پۆشييان له‌كاتى نوێژ كردنيان ده‌كه‌ين ، وه‌ حوكمى چوونه‌ نوێژى جومعه‌و جه‌ماعه‌ت بۆ ئافره‌تان ، به‌ ئومێدى ره‌زامه‌ندى خواى گه‌وره‌ ،وه‌ سوودمه‌ندى ئافره‌تانى موسوڵمان .

چۆنيه‌تى داپۆشينى سه‌ر بۆ ئافره‌تان

 داپۆشينى سه‌رى ئافره‌تان ده‌بێت به‌ شێوه‌يه‌ك بێت كه‌ هيچ مووه‌كانى ده‌رنه‌كه‌وێت ، وه‌ گه‌رده‌ن و سينگيشى دابپۆشێت ، چونكه‌ خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: [وَلۡيَضۡرِبۡنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَىٰ جُيُوبِهِنَّۖ٣١] النور:31 . واته‌: با ئافره‌تان گۆشه‌ى چه‌فيه‌ و له‌چكه‌كانيان بده‌ن به‌سه‌ر سينگيشياندا تا گه‌رده‌ن و سينگيان ده‌رنه‌كه‌وێت . له‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌ دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا مه‌رجى چه‌فيه‌ و له‌چكه‌ له‌سه‌رنان ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا هيچ موه‌كانى سه‌رى به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بێت ، وه‌ گه‌رده‌ن و سينگيشى دا بپۆشێت و به‌ده‌ر نه‌كه‌وێت ، هه‌ر ئافره‌تێك مووه‌كانى پرچى به‌ ده‌ره‌وه‌ بێت ، يان گه‌رده‌ن و سينگى دياربێت ئه‌وه‌ تاوانباره‌ چونكه‌ سه‌رپێچى فرمانى خواى گه‌وره‌ى كردووه‌ .

حوكمى داپۆشينى ده‌م و چاوى ئافره‌ت

داپۆشينى ده‌م و چاوى ئافره‌ت له‌ به‌رامبه‌ر پياوانى نامه‌حره‌م له‌ نێو زانايان دوو بۆ چوون هه‌يه‌ ، هه‌ندێكيان به‌ سونه‌تيان داناوه‌ واته‌ ئه‌گه‌ر ئافره‌ت ده‌م و چاوى دا بپۆشێت ئه‌وه‌ خێرى بۆ ده‌نوسرێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر داى نه‌پۆشێت ئه‌وه‌ تاوانبار نابێت ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باشتر وايه‌ داى بپۆشێت به‌ تايبه‌تى ئه‌گه‌ر جوان بێت ، وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌م و چاوى بۆ پياوه‌كه‌ى ڕازاند بووه‌وه‌ ئه‌وه‌ بێ گومان واجبه‌ داى بپۆشێت  (السلسلة الصحيحة: 1/331 ، جلباب المرأة المسلمة: 104.) ، وه‌ هه‌ندێك له‌ زانايان به‌ واجبيان داناوه‌ كه‌وا ئافره‌ت ده‌م و چاوى دا ببپۆشێت به‌ به‌ڵگه‌ى چه‌ند ئايه‌ت و فه‌رمووده‌يه‌ك بۆ نموونه‌ خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: [وَلَا يُبۡدِينَ زِينَتَهُنَّ٣١] النور:31. واته‌: با ئافره‌تان جوانى و زينه‌تيان ده‌رنه‌خه‌ن ، جوانى و زينه‌تيش بريتى يه‌ له‌ ده‌م و چاو و سه‌ر و باقى ئه‌ندامه‌كانى تر ، بۆيه‌ واجبه‌ له‌سه‌ر ئافره‌تان ئه‌م جوانيه‌يان دابپۆشن بۆ ئه‌وه‌ى خۆيان و پياوانيش تووشى فيتنه‌ نه‌كه‌ن ، وه‌ له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى سه‌حيحيشدا هاتووه‌ عائيشه‌ى دايكى باوه‌ڕداران (ڕه‌زای خوای لێبێت) ده‌فه‌رموێت: كاتێك گوێم له‌ ده‌نگى سه‌فوانى كوڕى مُعَطَّل بوو يه‌كسه‌ر ده‌م و چاوم داپۆشى بۆ ئه‌وه‌ى نه‌م بينێت  (مجموع فتاوى ابن باز: 5/45) ، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئافره‌تان له‌سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  ده‌م و چاويان داپۆشيبێت كه‌ پياوانى ئه‌و سه‌رده‌م چاكترين و ته‌قوادارترينى موسڵمانان بوون ،ئه‌وه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ى خۆمان زۆر پێويست تره‌ ئافره‌تان ده‌م و چاويان دابپۆشن چونكه‌ له‌ سه‌رده‌مێك ده‌ژين ئه‌و پياوانه‌ى سه‌يرى ده‌م و چاوى ئافره‌تان نه‌كه‌ن زۆر كه‌من به‌هۆى لاوازى ئيمان و كه‌م ته‌قواييان ، بۆيه‌ باشتروايه‌ ئافره‌تان ده‌م و چاويان دابپۆشن به‌رامبه‌ر پياوانى نامه‌حره‌م ، وه‌ گوێش نه‌ده‌ن به‌ لۆمه‌ى لۆمه‌كاران ، ده‌بێت خوا له‌ خۆمان ڕازى بكه‌ين نه‌ك خه‌ڵك .

مه‌رجه‌ شه‌رعيه‌كانى باڵاپۆشى ئافره‌تان

1- خواى گه‌وره‌ فرمانى به‌ ئافره‌تان كردووه‌ به‌ پۆشينى (عه‌با)- (باڵا پۆشى) له‌كاتى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌يان له‌ماڵ يان له‌هه‌ر شوێنيك مه‌ترسى به‌رچاو كه‌وتنى پياوى نامه‌حڕه‌مى لێبێت ، بۆ ئه‌وه‌ى هيچ له‌ ئه‌ندامه‌كانى لاشه‌يان ده‌رنه‌كه‌ويت و سه‌رنج ڕاكێش نه‌بێت بۆ پياوانى نامه‌حره‌م  ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: ( يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ ذَلِكَ أَدْنَى أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا )  الأحزاب: ٥٩ واته‌: ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  به‌ هاوسه‌رانت و كچه‌كانت و ئافره‌تانى ئيماندار بڵێ با به‌ پۆشاكى باڵاپۆش و عه‌باكانيان خۆيان دابپۆشن ، چونكه‌ ئه‌م باڵاپۆشيه‌ له‌بارترين شته‌ كه‌ پێى بناسرێن ، تا ئازار نه‌درێن و (تووشى گيروگرفت نه‌بن) ، هه‌ميشه‌ و به‌رده‌وام خواى گه‌وره‌ لێ خۆشبوو و ميهره‌بانه‌ (له‌ كه‌م و كوڕى ڕابوردووتان خۆش ده‌بێت) .

- له‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا ئافره‌تان به‌بێ پۆشينى عه‌باكانيان دروست نيه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پياوانى نامه‌حره‌م سه‌يرى ئه‌ندامه‌كانى لاشه‌يان نه‌كه‌ن ، بێگومان عه‌با له‌به‌ر نه‌كردن هۆكارێكه‌ بۆ ده‌رپه‌ڕينى ئه‌ندامه‌كانى لاشه‌ى ئافره‌تان كه‌ ده‌بێته‌ مايه‌ى سه‌يركردنى پياوانى ئيمان لاوازو ڕه‌ووشت نزم بۆيان ، بۆيه‌ ده‌بێت ئافره‌تان عه‌بايه‌كى فراوان له‌به‌ر بكه‌ن و نابێت ته‌سك و ته‌نك بێت ، وه‌ حه‌ق بريتى يه‌ له‌ قورئان و سوننه‌ت ، حه‌ق بريتى نيه‌ له‌وه‌ى حيزبه‌ ئيسلاميه‌كان بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ن ده‌بينرێن له‌ كه‌ناڵه‌كانيان ديعايه‌ بۆ جلى وا ده‌كرێت كه‌وا به‌ شێوه‌يه‌كى ته‌سك دوورواوه‌و ناوقه‌دى ئافره‌تان به‌ ته‌واوى پێ ده‌رده‌كه‌وێت ، وه‌ ئافره‌ته‌ موزيعه‌كانيشيان جلى وا له‌به‌ر ده‌كه‌ن هه‌رگيز له‌گه‌ڵ شه‌رعى خوا نايه‌ته‌وه‌ ، وه‌ جلى ئه‌وه‌نده‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگ و سه‌رنج ڕاكێش له‌به‌ر ده‌كه‌ن به‌ سه‌دان پياوى ئيمان لاوازى پێ ڕاوده‌كه‌ن په‌نا به‌ خواى په‌روه‌ردگار لێيان ، موسوڵمانان ده‌بێت دين له‌ قورئان و سوننه‌ت وه‌ربگرن نه‌ك له‌كه‌سانێك بانگه‌شه‌ى ئيسلامى ده‌كه‌ن و كرده‌وه‌ش به‌ ئيسلام ناكه‌ن .

 2- ئه‌و پۆشاك و عه‌بايه‌ى ئافره‌تان له‌به‌رى ده‌كه‌ن نابێت ڕازاوه‌و ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و سه‌رنج ڕاكێش بێت ، چونكه‌ خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: (وَلَا يُبۡدِينَ زِينَتَهُنَّ ) النور:31 واته‌: با ئافره‌تان جوانى و زينه‌تيان ده‌رنه‌خه‌ن ، زانايان فه‌رموويانه‌ ئه‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌ جوانى و زينه‌تى جل و به‌رگى سه‌ره‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ ، بۆيه‌ ده‌بێت عه‌باكه‌ نه‌خش دار و سه‌رنج ڕاكێش و ڕازاوه‌ نه‌بێت ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ئافره‌تى وايه‌ به‌ جلێكى ڕووت ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، وه‌ هه‌يانه‌ به‌ بێجامه‌يه‌كى ته‌نك و ته‌سك ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، زۆربه‌شيان ده‌زانن كه‌وا پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  له‌عنه‌تى له‌م جۆره‌ ئافره‌تانه‌ كردووه‌ كه‌ جلى ته‌نك و ته‌سك له‌به‌ر ده‌كه‌ن ، وه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ش زۆر جێگاى لۆمه‌ و گله‌يين كه‌ له‌ناو حزبێكى ئيسلامين و جلى ئه‌وه‌نده‌ بريقه‌دار و ته‌سك و ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌به‌ر ده‌كه‌ن له‌وانه‌يه‌ به‌ هه‌زاران پياو توشى فيتنه‌ى نه‌زه‌ر كردن بكه‌ن هه‌روه‌كو له‌ كه‌ناڵه‌كانيان دياره‌ چۆن خۆيان ده‌ڕازێننه‌وه‌ ، وه‌ ئه‌ڵقه‌ى وا لێ ده‌ده‌ن ئافره‌تى سفورى سه‌ر ڕووتى لێ ده‌رده‌كه‌وێت ، كه‌ناڵێكيان ئه‌ڵقه‌كانيان ئافره‌تى  سه‌ر ڕووتى توركى نيشانى خه‌ڵكى ده‌دات ، وه‌ ئه‌وه‌ى تريان ئافره‌تى ئێرانى نيشانى خه‌ڵكى ده‌دات ، له‌ به‌رامبه‌ريشدا بانگه‌شه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى حوكمى خوا ده‌كه‌ن ، وه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ سفورانه‌ى له‌ كه‌ناڵه‌ عيلمانيه‌كانيش ده‌رده‌كه‌ون ناشه‌رعين و دروست نين ، به‌ڵام كه‌ناڵه‌ ئيسلاميه‌كان به‌ناوى دين و گه‌ڕانه‌وه‌ى حوكمى خوا خۆيان نيشانى خه‌ڵك ده‌ده‌ن بۆيه‌ ئه‌وان زياتر خه‌ڵكيان پێ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێ و وا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن به‌ شێوه‌يه‌كى هه‌ڵه‌ و تاوان ديندارى بكه‌ن ، بۆيه‌ ماموستايانى سه‌له‌فى زياتر ده‌ست له‌سه‌ر برينى ئه‌وان داده‌نێن بۆ ئه‌وى به‌ خۆياندا بچنه‌وه‌و ته‌وبه‌ بكه‌ن ، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكيش پێيان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێ و دين له‌ قورئان و سوننه‌ت وه‌ربگرن نه‌ك له‌وان .

3- مه‌رجى چواره‌م له‌ پۆشاكى باڵاپۆشى ئافره‌تان بريتى يه‌ له‌ ئه‌ستورى پۆشاكه‌كه‌ ، نابێت ئافره‌تان عه‌بايه‌كى ته‌نك له‌به‌ر بكه‌ن به‌ شێوه‌يه‌كى وا جل و به‌رگى ژێره‌وه‌يان تيادا ببينرێت ، يان ئه‌ندامه‌كانى لاشه‌يان تيادا ببينرێت ، پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى صه‌حيحدا فه‌رموويه‌تى: [سَيَكون فِي آخِرِ الزَّمَانِ نِسَاءٌ كَاسِيَاتٌ عَارِيَاتٌ ، مُمِيلاَتٌ مَائِلاَتٌ ، رُءُوسُهُنَّ كَأَسْنِمَةِ الْبُخْتِ الْمَائِلَةِ ، لاَ يَدْخُلْنَ الْجَنَّةَ وَلاَ يَجِدْنَ رِيحَهَا ] جلباب المرأة المسلمة: 125 . واته‌: له‌كۆتايى زه‌ماندا ئافره‌تانێك په‌يدا ده‌بن جليان له‌به‌ره‌ به‌ڵام ڕووتن ، به‌هۆى كورتى پۆشاكيان ، يان ته‌سكى پۆشاكيان ، يان ته‌نكى پۆشاكيان ، وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره‌ ئافره‌تانه‌ كه‌ ده‌ڕۆن به‌ ڕێگا دا خۆيان با ده‌ده‌ن و شانيان ده‌جوڵێنن ، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رنجى پياوان بۆ لاى خۆيان ڕا بكێشن ، وه‌ هه‌روه‌ها پرچيان له‌سه‌ر سه‌ريان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌رزى ده‌كه‌نه‌وه‌و وه‌كو پشتى ووشتر وايه‌ له‌ به‌رزى و لاريدا ، ئه‌م جۆره‌ ئافره‌تانه‌ ناچنه‌ به‌هه‌شت ، وه‌ بۆنى خۆشى به‌هه‌شتيش ناكه‌ن .

 4- نابێت ئافره‌تان بۆنى خۆش له‌ پۆشاكه‌كه‌يان بده‌ن كاتێك مه‌ترسى ئه‌وه‌ى هه‌بێت پياوانى نامه‌حره‌م ئه‌و بۆنه‌ خۆشه‌ى بكه‌ن كه‌ له‌ خۆيداوه‌ ، پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى: (أَيُّمَا امْرَأَةٍ اسْتَعْطَرَتْ فَمَرَّتْ عَلَى قَوْمٍ لِيَجِدُوا مِنْ رِيحِهَا فَهِيَ زَانِيَةٌ) حسن ـ ((جلباب المرأة المسلمة)) (ص137). واته‌: هه‌ر ئافره‌تێك بۆنى عه‌تر له‌ خۆى بدات پاشان به‌لاى پياوان تێپه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ى بۆنى عه‌تره‌كه‌ى بكه‌ن ، ئه‌وه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ زينا كاره‌ .

 وه‌ له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى تر دا فه‌رموويه‌تى: (إِذَا خَرَجَتْ إِحْدَاكُنَّ إِلَى الْمَسْجِدِ فَلا تَقْرَبَنَّ طَيِّبًا) السلسلة الصحيحة : 1094 . واته‌: ئه‌ى (ئافره‌تان) ئه‌گه‌ر يه‌كێك له‌ ئێوه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ چوونه‌ مزگه‌وت ئه‌وه‌ با بۆنى خۆش له‌ خۆى نزيك نه‌كاته‌وه‌ . كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بۆنى خۆش بۆ ئافره‌تان بۆ چوونه‌ مزگه‌وت دروست نه‌بێت چۆن بۆ غه‌يرى مزگه‌وت دروسته‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترسى پياوانى نامه‌حڕه‌مى هه‌بێت ، به‌ڵام ئافره‌ت ئه‌گه‌ر نه‌چێته‌ ناو پياوى نامه‌حڕه‌م ئه‌وه‌ دروسته‌ بۆ پياوه‌كه‌ى  يان به‌ ئاماده‌بوونى باوك و برا و مام و خاڵى بۆن له‌ خۆى بدات .

5- پۆشاكى ئافره‌تان نابێت به‌ پۆشاكى پياوان بچێت ، وه‌ نابێت پۆشاكى تايبه‌ت به‌ پياوان له‌به‌ر بكه‌ن ، وه‌ پياوانيش نابێت پۆشاكى تايبه‌ت به‌ ئافره‌تان له‌به‌ر بكه‌ن ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى: (لَيْسَ مِنَّا مَنْ تَشَبَّهَ بِالرِّجَالِ مِنْ النِّسَاءِ وَلا مَنْ تَشَبَّهَ بِالنِّسَاءِ مِنْ الرِّجَالِ ) صحيح الجامع: 5433. واته‌: له‌ ئێمه‌ نيه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى خۆى به‌ پياوان ده‌چوێنێت له‌ ئافره‌تان ، وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ش خۆى ده‌شوبهێنێت به‌ ئافره‌تان له‌ پياوان.

وه‌ له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى تر دا هاتووه‌ ئه‌بو هوڕه‌يڕه‌ (ڕه‌ زای خوای لێبێت)فه‌رموويه‌تى: (لَعَنَ رَسُولُ اللَّهِ (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  الرَّجُلَ يَلْبَسُ لِبْسَةَ الْمَرْأَةِ وَالْمَرْأَةَ تَلْبَسُ لِبْسَةَ الرَّجُلِ) صحيح(جلباب المرأة)141/ 1. واته‌: پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  نه‌فره‌تى كردووه‌ له‌و پياوه‌ى پۆشاكى ئافره‌تان له‌به‌ر ده‌كات ، وه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ى پۆشاكى پياوان له‌به‌ر ده‌كات .

6- ئافره‌تان نابێت پۆشاكێك له‌به‌ر بكه‌ن به‌ پۆشاكى كافران بچێت ، چونكه‌ له‌ شه‌ريعه‌تى ئيسلامدا نه‌هى كراوه‌ پياوان و ئافره‌تانى موسوڵمان خۆيان بشوبهێنن به‌ كافران له‌ عيبادات و جه‌ژن و جل و به‌رگى تايبه‌ت به‌وان .

7- نابێت ئافره‌تان يان پياوان پۆشاكى شوهره‌ له‌به‌ر بكه‌ن ، پۆشاكى شوهره‌ بريتى يه‌ له‌و پۆشاكه‌ى خاوه‌نه‌ى له‌ناو خه‌ڵك مه‌شهور ده‌كات و خه‌ڵك به‌هۆى ئه‌و پۆشاكه‌ شازه‌ باسى ده‌كه‌ن و ده‌يناسنه‌وه‌ ، جا ئه‌م پۆشاكه‌ چ بۆ خۆ هه‌ڵكێشان و جوانى بێت يان بۆ ناشرينى و دڕاوى بێت به‌ مه‌به‌ستى زوهد و ته‌قوا ، هه‌ر كه‌سێك ئه‌م جۆره‌ پۆشاكانه‌ له‌به‌ر بكات ئه‌وه‌ تاوانه‌ و دروست نيه‌ ، له‌به‌ر كردنى پۆشاكى شوهره‌ له‌ شه‌ريعه‌تى ئيسلام دا هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى توند له‌ خاوه‌نه‌كه‌ى كراوه‌ ، پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى: (مَنْ لَبِسَ ثَوْبَ شُهْرَةٍ فِي الدُّنْيَا أَلْبَسَهُ اللَّهُ ثَوْبَ مَذَلَّةٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ ثم أَلْهَبَ فيه نارًا) واه أبو داود (4029) والنسائي (5/460) وحسنه الألباني والأرناؤوط . واته‌: هه‌ر كه‌سێك پۆشاكێكى شوهره‌ ، واته‌ (شاز) له‌ دونيادا له‌به‌ر بكات خواى گه‌وره‌ له‌ ڕۆژى دوايى پۆشاكى زه‌ليلى له‌به‌ر ده‌كات ، وه‌ پاشان ئاگرى تيا به‌ر ده‌دات .

چۆنيه‌تى باڵا پۆشى ئافره‌تان له‌كاتى نوێژكردنيان

واجبه‌ له‌سه‌ر ئافره‌تان له‌كاتى نوێژ كردنيان هه‌موو ئه‌ندامه‌كانى لاشه‌يان دابپۆشن نابێت هيچ شوێنێكيان به‌ده‌ره‌وه‌ بێت ته‌نها ده‌م و چاو و ده‌ستيان نه‌بێت به‌ مه‌رجێك ئه‌گه‌ر پياوى نامه‌حره‌م نه‌يبينن ، وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سته‌كانيشى دابپۆشێت باشتره‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر داشى نه‌پۆشى نوێژه‌كه‌ى هه‌ر دروسته‌ و ته‌واوه‌ ، به‌ڵام پێيه‌كانى هه‌رگيز نابێت ڕووت و ديار بن ، وه‌ مووه‌كانى پرچيشى نابيت هيچى به‌ ده‌ره‌وه‌ بن ، وه‌ ئه‌و پۆشاكه‌ى نوێژى پێوه‌ ده‌كات نابێت ته‌نك و ته‌سك بێت به‌ڵكو ده‌بێت فراوان و ئه‌ستوور بێت . فتاوى نور على الدرب لابن باز : 7/250 .

حوكمى  نوێژى جه‌ماعه‌ت و خوتبه‌ بۆ ئافره‌تان

نوێژى جومعه‌ و جه‌ماعه‌ت له‌سه‌ر ئافره‌تان واجب نيه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌يه‌كى شه‌رعى بچن بۆ نوێژى جه‌ماعه‌ت يان جومعه‌ نابێت ڕێگريان لێ بكرێت ، به‌ڵام نوێژكردنيان له‌ ماڵه‌وه‌ خێرتره‌ بۆيه‌ باشتر وايه‌ هه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌ نوێژه‌كانيان بكه‌ن ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جار جار ويستيان بچن بۆ مزگه‌وت دروسته‌ و نابێت ڕێگريان لێ بكرێت به‌ مه‌رجێك به‌ جل و به‌رگێكى شه‌رعى بچن وه‌ خۆيان له‌ بۆنى خۆش به‌ دوور بگرن له‌به‌ر مه‌ترسى پياوانى نامه‌حره‌م ، به‌ڵام بۆ نويژى جه‌ژن ده‌بيت ئاماده‌بن ئه‌گه‌ر له‌توانايان داهه‌بوو . فتاوى نور على الدرب لابن باز: 12/ 286 ، 13 / 256 .

ئافره‌ت به‌ باڵاپۆشيه‌كه‌ى پارێزراوه‌ هه‌روه‌كو چۆن ميوه‌و شيرله‌مه‌نى به‌ توێكله‌كه‌ى پارێزراوه‌

وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم

ئاماده‌کردنی : مامۆستا هه‌ڵگۆردمصطفی گه‌ڵاڵه‌یی 





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٥/٠٧/١١
         
هاووپۆل / بەش : پەروەردە و خێزان

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌