ڕۆژانی جەژن‌ و چەند سەرنجێك

ڕۆژانی جەژن‌ و چەند سەرنجێك

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

الحَمْدُ للهِ وَحْدَهُ، وَالصَّلَاةُ وَالسَّلامُ عَلَى مَنْ لَا نَبِيَّ بَعْدَهُ، أَمَّا بَعْدُ:ـ

لە كۆی بایەخ‌و گرنگی پێدانی ئیسلام بە تێكڕای بوارو بۆنەو پێشهاتە یەك لە دوای یەكەكانی ڕۆژگارو شەو، ئاڕاستە كردنی چین‌و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەیە بۆ نواندن‌و ئەنجامدانی جوانترین‌و باشترین ئاكارو ڕەفتارو گوفتار، ئەمیش لە میانەی پەیوەست بوون بە ڕێبازی بەختیاری پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآله وَسَلَّمَ) ولانەدان لە ئامۆژگارییە بە نرخ‌و پێویستیەكانی بۆ دوو جەژنەكەی موسڵمانان، كە تەنهاو تەنهاش خاوەنی ئەو دو جەژنەین، وێڕای جەژنی هەفتانەی ڕۆژانی هەینی، لەگەڵ قەدەغە كردنی تێكڕای بۆنەكانی ترو داهێندراوییان.

بۆیە: لە گوڵزارو باخچەی ڕێنماییەكان، چەند خونچەیەكی بۆن خۆش دەچنین ـ إنْ شَا‌ءَ اللَّه ـ بەم شێوەیەی لای خوارەوە:ـ

1 ـ حەڕام‌و یاساغ كراوە بە ڕۆژوبونی ڕۆژی جەژن؛ لە بەر ڕێگری‌و نەهی كردنی پێغەمبەر (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) لە بە ڕۆژوبونی جەژنی ڕەمەزان‌و قوربان، كە ڕۆژانی فەڕەحنایی‌و خواردن‌و خواردنەوە‌و زیكرو لە یادبونی خوای میهرەبانن.

2 ـ وە شەرعیشە (اللَّهُ أَكْبَر) كردن، لە هەردو جەژنەكانی ڕەمەزان‌و قوربان، بەڵام لە هی ڕەمەزان دەفەرمون: لەو كاتەی لە ماڵەوە دەرچویت تا نوێژ دەكەی، ـ واتە: كاتەكەی ئەوەندەیە ـ...هەرچی جەژنی قوربانیشە، ئەوا لە بەیانی ڕۆژی عەڕەفەوە تاوەكو عەسری ڕۆژی چوارەمی جەژن ڕیوایەت كراوەو دروستە (اللَّهُ أَكْبَر) بكرێت، وە سوننەتیشە پیاوان تەكبیڕات، اللَّهُ أَكْبَر بكەن بە دەنگی بەرزو ئاشكرا لە مزگەوتەكان‌و بازاڕو ڕێگاو ماڵەكانیش، وەكو دان نان‌و ئیعتیڕاف كردن بە بەندایەتی بۆ خوای گەورە، وە دەرخستنی خۆشحاڵی‌و شادومانی.

شێوازی سوننەتی تەكبیڕات‌و اللَّهُ أَكْبَر كردن بەم شێوەیە:ـ (اللَّهُ أَكْبَرُ، اللَّهُ أَكْبَرُ، لَا إلَهَ إلَّا اللَّهُ، اللَّهُ أَكْبَرُ، اللَّهُ أَكْبَرُ، وَلِلَّهِ الْحَمْدُ).

4 ـ هیچ كێشەو باس نیە كە موسڵمانان هەندێكیان پیرۆزبایی لە هەندێكیان بكەن، بەڵكو لە ڕاستیدا ئەوە لە بەها باڵاكانە. وە لە سەلەف‌و پێشینیشەوە هاتوە كە بە یەكتریان فەرموە: (تَقَبَّلَ اللَّهُ مِنَّا وَمِنْكُمْ)، واتە: (خوای پەروەردگار پەرستن‌و چاكە لە ئێمەو ئێوەش گیراو قەبوڵ بكات).

 5 ـ  وە سوننەتە..كە مرۆڤ بۆ نوێژی جەژن بە پیادە دەرچێت...وە ئەو ڕێگەیەی لێوەشی هاتوە بیگۆڕێت..تا هەردو ڕێگەكان شایەتی بۆ بدەن، وە ئەوەش كە تێیاندایە لە فریشتەكان لە ڕۆژی قیامەت. یاخود بۆ ئەوەی دروشمەكانی ئیسلام دەربكەون، وە وتراویشە: بۆیە خۆشەویست (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) ئەوەی كردووە تا سەلام لە ئەهلی هەردو ڕێگاكان بكات. خۆ كە حیكمەتەكەشی نەزاندرێت، ئەوە بەسە كە سوننەتی سەروەرمانە (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ).

6 ـ  وە پێش نوێژی جەژن خۆششتن‌و خۆ بۆن خۆش كردن‌و خۆ جوان كردنیش بە پۆشینی جوانترین پۆشاك سوننەتە، لەگەڵ وریایی‌و بە ئاگابون لە درێژی پۆشاك لە خوار قاپە ڕەقەوە، ـ گوێزینگ ـ وڕوتی‌و خۆ دەرخستن‌و نمایشكردنی ئافرەتانیش؛ چونكە بەڕاستی حەڕامە! وە تێكەڵی‌و تۆقەكردنیشیان لەگەڵ پیاوان هەمدیس ڕێ پێ نەدراوو قەدەغەكراوە.

 وە سوننەتە خواردنی چەند دەنكە خورمایەك لە پێش دەرچون بۆ نوێژی جەژنی ڕەمەزان، جا كە خورما نەبو ئاو یا هەر شتێكی تر بێ دروستە ـ إنْ شَا‌ءَ اللَّهُ تَعَاڵی ـ بەڵام لە جەژنی قورباندا پێغەمبەر (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) هیچی نەدەخوارد تا نەگەڕابایەوە بۆ ماڵەوە، وئەوكات لە گۆشتی قوربانیەكەی دەخوارد...وە هەروەها فەرمان كردن بە دەرچونی ژنان‌و كچانیش، تەنانەت ئەوەشیان كە لە سوڕی مانگانە (حەیز)و زەیستانیدایە، بۆ ئەوەی ئامادەی وتاری جەژن بن لەگەڵ موسڵمانان، بەڵام ئەوانەی عوزرو پاساوی نوێژ نەكردنیان هەیە، ئەوا نوێژ ناكەن.

8 ـ  وە سوننەتە نوێژی جەژن لە نوێژگە (مُصَلَّی) لە دەشت ئەنجام بدرێت نەك لە مزگەوتەكان، لەبەر كردەوەی پێغەمبەر (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) وە مینبەرو دوانگەشی بەكار نەدەهێنا لە نوێژی جەژندا، بەڵكو لە سەر زەوی وتاری پێشكەش دەكرد (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ).

وە پێویستە بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژن بەربەست (سُتْرَة) بەكاربهێندرێت، وە لە دوای دەركەوتنی خۆرو بەرزبونەوەی بە ئەندازەی ڕمێك بە بێ‌ بانگ‌و قامەت ئەنجامبدرێت، وە بە بێ‌ وتنی: (الصَّلاەُ جَامِعَەٌ) كە دو ڕكاتەو لە یەكەمیاندا حەوت (اللَّهُ أَكْبَر)، دەكرێت جگە لە (اللَّهُ أَكْبَر)ی دابەستن ـ ئیحڕام ـ. ولە دوەمیشیاندا پێنج (اللَّهُ أَكْبَر)ە، كە لە نێوان هەریەكێكیشیاندا پێغەمبەری ئیسلام (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) كەمێك دەوەستا، ولێشیەوە لەبەر نەكراوە ویردێكی تایبەت بۆ نێوان تەكبیڕەكان (اللَّهُ أَكْبَر)ەكان، گەرچی لە هاوەڵی بەڕێز عەبدوڵڵای كوڕی مەسعودەوە ـ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ ـ بیستراوە كە لە نێوانیاندا ستایشی خوای گەورەی كردوەو صەڵاواتیشی لەسەر پێغەمبەر (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) داوە. وە كە لە (اللَّهُ أَكْبَر)یش تەواو دەبو (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) دەستی بە خوێندنی فاتیحەو سوڕەتەكەی دوایی دەكرد..وە كە سەلامیشی دەدایەوە لە دو ڕەكعاتەكە، هەڵ دەستاو وتاری پێشكەشی ئامادەبوان دەكرد، وئەمانیش لە شوێن‌و ڕیزی خۆیان دانیشتون، وپێغەمبەری خواش (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) ئامۆژگاری‌و فەرمان بە چاكەو قەدەغەی خراپەیان لێ‌ دەكات.

كەوایە:ـ نوێژەكە پێش وتارەكەیە، بۆیە ئاگاداربە!! چونكە پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) بوارو ڕوخسەتی داوە بە ئامادە نەبونی وتارەكە...دیاریشە كە واردو جێگیر بوە نوێژی جەژنی ڕەمەزان تۆزێ دوابخرێت لە سەرەتای كاتەكەیەوە بۆ ئەوەی خەڵكی بتوانن زەكاتی سەرفترەكەیان بدەن...ئەوەش زاندراوە كە زەكاتی سەرفترە دەبێت بە خواردن بێت، بەڵام هەرچی جەژنی قوربانە سوننەت وایە لە سەرەتای كاتەكەیەوە بكرێت؛ تاوەكو خەڵكەكە بگەڕێنەوەو قوربانیەكانیان بكەن.

10ـ  وتاری جەژن تەنها یەك وتارەو بە: (اللَّهُ أَكْبَر)كردنیش دەستی پێ ناكرێت، بەڵكو وەكو وتاری جومعەو تێكڕای وتارەكانی تر بە: إِنَّ الحَمْدَ لله، (خُطْبَة الْحَاجَة) دەست پێدەكرێت‌و جیا ناكرێتەوەو دانیشتنیش لە ناو وتارەكەدا نیە.

11ـ  پێویستە پارێزگاری لە نوێژی جەژن بكرێت‌و لە دەست نەدرێت! بە هەر بیانویەك بێت، وەكو:ـ چونە سەر گۆڕستان، یاخود قەزا‌و گێڕانەوەی نوێژی فەوتاوو چو! كە ـ بە داخەوە ـ لای هەندێك ئەو فەرمانە بە خەڵك دەكرێت‌و دەڵێن: ئەوەی نوێژی قەڵڵای لەسەرە با نیەتی قەڵڵای لێ بێنێت! لەگەڵ ئەوەی نوێژی جەژن واجبە لەسەر پیاوو ئافرەت..وە بێ‌ ئاگا لەوەی كە قەزاكردنەوەی نوێژ هەرگیز نیە؛ چونكە هیچ بەڵگەیەكی لە قورئان‌و فەرموودە لەسەر نیە؛ ولە ڕاستیشدا نوێژ چواندنی هەر نی یە، تا بگوترێت: قەزاكردنەوەی هەیە، كەوایە: چۆن ئەو خەڵكە مەحڕوم‌و بێ بەش دەكرێت، لەو واجبەی كە كاتێكی دیاریكراوی هەیەو لە ساڵێشدا تەنها دوجارە...حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَكِيلُ..

12ـ  ئەگەر كەسێك فریای نوێژی جەژن نەكەوت، ئەوا دوایی بۆ خۆی دەیكات، خۆ كە فریای یەك ڕكاتیش بكەوێت ئەوا دوەم ڕكات بۆ خۆی هەڵدەستێتەوەو تەواوی دەكات، بەڵام لە حاڵەتی فریا كەوتنی بۆ تەحیاتدا هەر دو ڕكاتەكە هەڵدەستێتەوەو دەیانكات، ئەوەشی نەخۆشە بۆ خۆی لە ماڵەوە دەیكات. هەڵبەت زیكرەكانی دوای نوێژە فەڕزەكانیش ناهێنێت بۆ دوای نوێژی جەژن‌و لەوێدا ناكرێن.

13ـ  شەرعی نی یە نوێژی سوننەت لە پێش نوێژی جەژن یاخود لە دواوەی، واتە: نوێژی سوننەتی لە پێش‌و پاش نیە.

14ـ  كە ڕۆژی جەژن هاوكات بو لەگەڵ ڕۆژی هەینی، هەركەسێك نوێژی جەژنی كرد ئەوا وتاری هەینی لەسەر نامێنێت، ـ دیارە ئەمەش هێماو بەڵگەیەكی بەهێزە بۆ واجب بونی نوێژی جەژن ـ جا هەر كەسێك كە ویستی نوێژی هەینی دەكات، وە كە ویستیشی ئەوا ئیكتیفا بە نوێژی جەژنەكەی دەكات‌و نوێژی هەینی ناكات‌و لە بری دەكەوێت، بەڵام نوێژی نیوەڕۆ بە پێی بۆچونی كۆمەڵێك لە زانایان وازی لێ‌ ناهێندرێت، بەڵكو چوار ڕكاتەكە دەكرێت، گەرچی ئەم باسە خیلافی‌و جێگەی مشت‌و مڕە؛ ئەوەتا كۆمەڵێكی تر لە زانایان بۆچونیان وایە كە پێغەمبەر (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) نوێژی نەكردوە تا عەسر، واتە: لە هاوكات بونی جەژن‌و جومعە تا عەسر نوێژ نەكراوە، یانی لە جیاتی نوێژی هەینی نوێژی نیوەڕۆ نەكراوە، وئەو باسەش زیاتر هەڵدەگرێت بەڵام وەكو سود گەیاندن لێرەدا هەر ئەمەندە باسكراوە.

15ـ  هەڵبەت لە هاوكات بونی نوێژی جەژن‌و جومعە بنەما وایە یەكێكیان لەسەر وتاربێژەكانیش دەكەوێت‌و پێویست‌و واجب نامێنێت، بەڵام سوننەت وایە وتار بێژ جومعەكە بكات بۆ ئەوانەی كە نوێژی جەژنیان نەكردوە، خۆ كە ڕێكەوتنیش بكەن بە نەهاتنەوە بۆ نوێژی هەینی، ئەوە هەر ڕەواو ڕێپێدراوە.

16ـ  سوننەتە فراوانی‌و دەست واڵایی بكرێت لەسەر كەس‌و كارو خاوو خێزان، لە خواردن‌و خواردنەوەو پۆشاك لە جەژندا، بێ‌ زێدەڕۆیی، وە موستەحەببیشە گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی‌و سەردانی كەس‌وكارو دراوسێیان.

17ـ  وریابە لە سوننەتدا نیە تایبەت كردنی ڕۆژی جەژن بە سەردانی گۆڕستان، وە پاڕانەوە بۆ مردوان، ـ ئەوە هیچ كە پاڕانەوە لە مردوان ئەو كاتەوو جگە لەو كاتەش هەر دروست نیە !ـ.

18ـ  تایبەت كردنی ڕۆژی جەژن بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە لایەن كەسێكەوە لەسەر بڵندگۆی مزگەوتەكان هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیەو هەر كارو كردەوەو پەرستنێكیش بكرێت‌و فەرمانی خوای تەعالا‌و پێغەمبەری (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) لەسەر نەبێت ئەوا ڕەتكراوەیە‌و قەبوڵ ناكرێت‌و بە بیدعە‌و داهێندراو هەژمار دەكرێت، كە دوای شیرك‌و كوفریش خراپترین دەردو پەتا لە نێو موسڵماناندا بیدعە كردنە لە دیندا.

19ـ  وە حەڕامە پێشوازی لە جەژن بكرێت، بە سەرپێچیە شەرعیەكان، لە گۆرانی‌و ڕوتی‌و خۆ ڕازاندنەوەو جگە لەوانەش لە جۆرەكانی تاوان، بە بیانوی دەربڕینی خۆشی‌و شادی لەو ڕۆژە؛ چونكە دڵخۆشی بە سەرپێچی خوا نابێت، بەڵكو بە گوێڕایەڵیەتی..هەروەكو خوای گەورە فەرمویەتی: {قُلْ بِفَضْلِ اللَّهِ وَبِرَحْمَتِهِ فَبِذَلِكَ فَلْيَفْرَحُوا هُوَ خَيْرٌ مِمَّا يَجْمَعُونَ} [يونس:58]. واتە:(بە تێكڕای خەڵكی ڕابگەیەنەو فەرمانیان پێ بكە ئەی نێردراومان كە تەنها بە بەهرەو میهرەبانی خوا، كە ئیسلام‌و شەریعەتەكەی‌و قورئان‌و زانستەكانیەتی دڵشاد‌و شادومان بن، نەك بە جگە لەوان، كە ئەوەش لە هەموو ئەو دەسكەوت‌و كەل‌و پەلانەی دونیاو خۆشیەكانی كە ئەوان كۆی دەكەنەوە باشترو چاكترە ).

بەڕێزان..دڵتان ڕۆشن‌و پلەتان بەرزو باڵا بێت لە دونیاو دوا ڕۆژ...وە پاك‌و بێگەردبن...وە هەموو ساڵێك‌و ئیوەش لە خوای پەروەردگار نزیكترو بەردەوامتربن لە پەرستن‌و گوێڕایەڵی...

ئومێدیشم وایە خوای بەرزو كار لە جێ‌ ـ سُبْحَانَهُ وَتَعَاڵی ـ بە ڕۆژوبون‌و كردەو كۆششی هەموو لایەك قەبوڵ بفەرموێت، وە كۆتایی‌و سەرەنجامی من‌و ئێوەش خێرو چاكە بێت...وە لەوانەمان بگێڕێت كە براوەو سەرفرازن...وكاتەكانمان پیرۆز بكات بە پەرستن‌و گوێڕایەڵی‌و نزیكبونەوە لە زاتی خۆی.

هەروەكو داواكارم لە (اللَّه) بۆ ئوممەتی ئیسلامی، بە بەردەوامی نازو بەخششەكانی خۆی...وە ئەو ڕۆژە خۆشانە دوبارە بكاتەوە بەسەر ئێمەو ئیوەدا بە خێرو خۆشی‌و بە بەرەكەتی خۆی‌و ئەمن‌و ئەمان‌و سەلامەت‌و عافیەت، وە هیوامە بۆ وڵاتە خۆشەویستەكەم بەرەو پێشڤە چون‌و سەرفرازی‌و شادی‌و كامەرانی لە دین‌و ژین.

جەژنتان پیرۆز بێت...لەگەڵ موژدەكانی سەركەوتن بەسەر نەفس‌و شەیتان بە ئیزنی خوا، وە لەگەڵ بەرزبونەوەی دەرون‌و پاكبونەوەی‌و تێچونی سۆزو بەزەیی، وە هەروەها پاكبونەوەی خاك‌و نیشتیمانمان لە نەخۆشی‌و ناخۆشی‌و بەڵاو پیس‌و پۆخڵی شیرك‌و بیدعەت‌و لووت بەرزی‌و فەسادو خراپەكاری‌و فیتنەو ئاشوب‌و ئاژاوەیەك....وە لەگەڵ پێشەنگ بونی گەلانی موسڵمان لە ناویشیاندا گەلی كورد بۆ هەرچی بەختیاری‌و ئاسودەیی دین‌و دونیای مرۆڤایەتیە.

وە خوازیاریشم..لەسەر ئاستی تاكیش هەر یەكێك لە ئێمە ئاوات‌و ئومێدە ڕەواكانی تەحقیق بوبن‌و بێنە دی، وـ رَبُّ الْعَالَمِین ـ هەمووان مۆفەق‌و سەركەوتو بكات بۆ ئەوەی خۆی لێی ڕازیە، لە كردارو گوفتار.

بڕوانە:ـ منهج السّالكين وتوضيح الفقه في الدين، وە: هدي محمّد (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) في عباداته ومعاملاته وأخلاقه، وە: هدي النّبی (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسَلَّمَ) في صلاة العید، وە: پرسیارەكانی مانگی ڕەمەزانی ڕێزدار د. عبد اللطيف أحمد ـ وَفَّقَهُ اللَّهُ تَعَالَى ـ، وهەندێ سەرچاوەی تریش.

وَصَلَّى اللَّهُ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى وآلِهِ وَصَحْبِهِ أَجْمَعِينَ.

ئاماده‌کردنی مامۆستا : جیهاد قادرعلی . چوارقورنه‌