Blogging Gadgets











چاو به‌خششێكى خواى ميهره‌بانه‌ پێويستى به‌ سوپاس گوزارى يه‌
سەردان :
١٩٠٥
     &  
فۆنت :
+
&
-

چاو به‌خششێكى خواى ميهره‌بانه‌ پێويستى به‌ سوپاس گوزارى يه‌

بێگومان يه‌كێك له‌ به‌خششه‌كانى خواى ميهره‌بان بۆ مرۆڤ بريتى يه‌ له‌(چاو)، چونكه‌ به‌ڕاستى چاوه‌كان هۆكارى گرنگن بۆ وروژاندن و هه‌ست پێ كردنى شته‌كان له‌ هه‌موو هه‌ست و نه‌ستى مرۆڤدا ، هه‌روه‌ها يه‌كێكيشه‌له‌ هۆكاره‌كانى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا له‌ شێوه‌ى بينيندا، واته‌ هه‌ر له‌ ڕێى ( چاو )ه‌وه‌ ديارده‌كان ده‌بينرێن، پاشان له‌ دوايدا زانيارييه‌كان ئاراسته‌ى هۆش ده‌كرێت ومامه‌ڵه‌يه‌كى ژيرانه‌يان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت ، هه‌روه‌ها ( چاو ئه‌و ده‌زگا به‌هێزه‌شه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ى سه‌رى مرۆڤدايه و خواى ميهره‌بانيش ووشه‌ى( البصر ) واته‌ بينين به‌كارده‌هێنێت كه‌ دياره‌ ووشه‌ى (البصر) جياوازه‌ ووشه‌ى ( العين ) واته‌ چاو، چونكه‌ گياندارانيش چاويان هه‌يه‌ به‌ڵام قورئان ته‌نها بۆ مرۆڤ ووشه‌ى (البصر)ى به‌كارهێناوه‌، به‌م پێ يه‌ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ كرده‌ى بينين پرۆسه‌يه‌كى تايبه‌ته‌و خواى گه‌وره‌ش به‌ مرۆڤى به‌خشيوه‌. هه‌روه‌ها خواى ميهره‌بان بۆ هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌كانى لاشه‌ى مرۆڤ فه‌رمانێكى بۆ داناوه‌ و به‌ ياساو ڕێسايه‌ك دايڕشتووه‌ و كه‌ ته‌نها شايه‌ن به‌ خۆيه‌تي، له‌وه‌ى كه‌ هه‌ر ئه‌ندامه‌و سوودى تايبه‌تى خۆى هه‌يه‌ بۆ مرۆڤ، بۆيه‌ پێويسته‌ به‌رده‌وام له‌ سوپاس گوزاريدا بين به‌وه‌ى كه‌ خواى گه‌وره‌ يه‌كێك له‌و ئه‌ندامانه‌ى لاشه‌مانى به‌ ساغ و سه‌لامه‌تى پێ به‌خشيوين و نابيناى نه‌كردووين، چونكه‌ مرۆڤ هه‌ر له‌ ساته‌ وه‌ختى له‌ ده‌ست دانى چاوه‌كانى هه‌ست به‌ ديار نه‌مانى ڕووناكي و شاردنه‌وه‌ى شته‌ جوانه‌كان و ده‌وروبه‌رو ڕوانين بۆ ديارده‌ سروشتى يه‌كان ده‌كات، تاريكى به‌سه‌ر چاوه‌كانيدا دێت و نيگه‌رانى ده‌كات، هه‌رله‌م كاته‌شدا ده‌روون تاريك ده‌بێت و ئيدى شه‌وق وزه‌وقى جارانى نامێنى كه‌واته‌ چاو به‌خششێكى گه‌وره‌ى خواييه‌و پێويسته‌ به‌و ئه‌ندامه‌ به‌نده‌كان خۆيان بپارێزن له‌ قه‌ده‌غه‌ لێكراوه‌كان وكارى ناڕه‌وايان پێ ئه‌نجام نه‌ده‌ن جا هه‌ر كات به‌نده‌ سنورى به‌زاندو فه‌رمانى خواى گه‌وره‌ى پێ شكان ته‌ماشاكردنى حه‌رامى پێ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ مافى خواى گه‌وره‌يه‌ كه‌ ئازارى ئه‌و به‌نده‌يه‌ بدات له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانى ئه‌و بێ فه‌رمانيه‌  هه‌ر بۆيه‌ خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:( إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولـئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْؤُولاً) (الاسراء : 36) واته‌: به‌ڕاستى ئه‌ندامه‌كانى بيستن و بينين ودڵ هه‌موويان كه‌ سێ دروست كراوى خوان ، خاوه‌نيان به‌رپرسه‌ لێيان .ووشه‌ى (البصر ) واته‌ بينين و لێ وه‌گيراوه‌كانى (148) جار له‌ قورئاندا هاتووه‌ له‌ كاتێكدا ووشه‌ى ( البصر ) (88)جار به‌ واتاى بينينى ڕووناكى و ته‌ن و شێوه‌كانيان به‌ چاو هاتووه‌ ، وه‌ له‌ جاره‌كانى تريشدا به‌ماناى بيركردنه‌وه‌و تێگه‌يشتنى ژيرى و ديارده‌كان هاتووه‌، وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى زانراويشه‌ له‌ ڕووى هه‌ردوو زانستى كار ئه‌ندام زانى و توێكارى يه‌وه‌ ئه‌وه‌يه‌، كه‌ ده‌مارى بينين له‌ هه‌ر چاوێكدا زياتر له‌ (يه‌ك مليۆن) ڕيشاڵى ده‌مارى پێك هاتووه‌ ،له‌ كاتێكدا كه‌ سێ يه‌كى ده‌ماره‌كانى هه‌ست له‌ مرۆڤدا ده‌ماره‌كانى بينين و ئه‌و زانياريه‌ش له‌ ڕێى چاوه‌وه‌ به‌ مێشك ده‌گات، ده‌گاته‌ نزيكه‌ى(70%)ي زانيارييه‌هه‌ستى يه‌كان  ) هه‌روه‌ها خواى گه‌وره‌ له‌ ئايه‌تێكى تردا ده‌فه‌رموێت: ( قُلْ هُوَ الَّذِى أَنشَأَكُمْ وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَالْأَبْصَارَ وَالْأَفْئِدَةَ قَلِيلًا مَّا تَشْكُرُونَ)( الملك : 23 ) واته‌: ئه‌ى محمد( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) پێيان بڵێ هه‌ر خوايه‌ كه‌ دروستى كردوون و ئه‌ندامه‌كانى بيستن و بينين و دڵى پێ داون.

به‌ڵام زۆر به‌كه‌مى سوپاسى ئه‌م به‌هرانه‌ ده‌كه‌ن .ده‌ى كه‌واته‌ لێره‌دا مرۆڤ هه‌رچى بێت و هه‌ر چۆنێك بێت پێويسته‌ له‌سه‌رى كه‌ سوپاس گوزاربێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ندامه‌كانى لاشه‌يدا، وه‌ پاراستنى ئه‌م سێ ئه‌ندامه‌ش هۆكارن بۆ به‌خته‌وه‌رى مرۆڤ (بيستن و بينين و دڵ) هه‌ر سێكيان ته‌واوكه‌رى يه‌كترين به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر گوێ بيستى ده‌نگى حه‌رام بێ يا بينينى ياخود دڵت ئاره‌زووى بكات.هه‌روه‌ها خواى گه‌وره‌ له‌ ئايه‌تێكى تردا ده‌فه‌رموێت ( وَاللّهُ أَخْرَجَكُم مِّن بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ لاَ تَعْلَمُونَ شَيْئًا وَجَعَلَ لَكُمُ الْسَّمْعَ وَالأَبْصَارَ وَالأَفْئِدَةَ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ)(النحل :78) واته‌: خواى ميهره‌بان ئێوه‌ى له‌سكى دايكتان دا هێنايه‌ سه‌ر زه‌وى و له‌ كاتێكدا ئێوه‌ هيچتان نه‌ده‌زاني، هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌كانى بيستن و بينين و دڵى پێ به‌خشين بۆ ئه‌وه‌ى سوپاس گوزارى بن، به‌ڵى فه‌رمووده‌ى خواى گه‌وره‌ له‌م باره‌يه‌وه‌ زۆرن، كورد گوته‌نى(مشتێك نموونه‌ى خه‌رمانێكه‌)، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانين كه‌ يه‌كه‌م پله‌ى په‌يژه‌ى سه‌ركه‌وتن بۆ تاوانه‌كان (چاوه‌) بۆيه‌ پێويسته‌ زۆر ئاگاداربين له‌ به‌كارهێنانيدا ، ڕاسته‌ له‌ زۆربه‌ى ئايه‌ته‌كاندا ووشه‌ى ( السمع ) پێش ووشه‌ى ( البصر ) كه‌وتووه‌، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانين كه‌ هه‌ردووكيان له‌ يه‌ك كاتدا دروست كراون و گه‌شه‌ ده‌كه‌ن له‌ سه‌ره‌تاى دروست بوونى كۆرپه‌له‌دا، بينراوه‌ كه‌ په‌ڕه‌ى بيستن له‌ سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى چواره‌مى سوڕى ژيانى كۆرپه‌له‌دا گه‌شه‌ ده‌كات ، هه‌روه‌ها چاڵايى چاويش له‌ سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى چواره‌م له‌ ڕۆژى (22)دا سوڕى ژيانى كۆرپه‌له‌دا گه‌شه‌ده‌كات، كه‌واته‌ سوپاس گوزارى به‌خششى چاو ته‌نها به‌ پاراستنى ده‌بێت له‌ ڕوانينى حه‌رامه‌ ناڕه‌واكان و دوور له‌ بێ فه‌رمانى خواى گه‌وره‌و ميهره‌بان. 

ئامادەكردنی : مامۆستا فەریدون موحەمەد





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٦/٠١/٢٥
         
هاووپۆل / بەش : بابەتی گشتی

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌