گه‌وره‌يى و پاداشتى ته‌نها پشت به‌ستن به‌ خوداى په‌روه‌ردگار له‌ هه‌موو كارێكدا

گه‌وره‌يى و پاداشتى ته‌نها پشت به‌ستن به‌ خوداى په‌روه‌ردگار له‌ هه‌موو كارێكدا

قَالَ النَّبِيُّ ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ( عُرِضَتْ عَلَيَّ الْأُمَمُ فَجَعَلَ يَمُرُّ النَّبِيُّ مَعَهُ الرَّجُلُ ، وَالنَّبِيُّ مَعَهُ الرَّجُلَانِ ، وَالنَّبِيُّ مَعَهُ الرَّهْطُ ، وَالنَّبِيُّ لَيْسَ مَعَهُ أَحَدٌ ، وَرَأَيْتُ سَوَادًا كَثِيرًا سَدَّ الْأُفُقَ ، فَرَجَوْتُ أَنْ تَكُونَ أُمَّتِى ، فَقِيلَ هَذَا مُوسَى وَقَوْمُهُ ، ثُمَّ قِيلَ لِى : انْظُرْ ، فَرَأَيْتُ سَوَادًا كَثِيرًا سَدَّ الْأُفُقَ ، فَقِيلَ لِى انْظُرْ هَكَذَا وَهَكَذَا ، فَرَأَيْتُ سَوَادًا كَثِيرًا سَدَّ الْأُفُقَ ، فَقِيلَ هَؤُلَاءِ أُمَّتُكَ وَمَعَ هَؤُلَاءِ سَبْعُونَ أَلْفًا يَدْخُلُونَ الْجَنَّةَ بِغَيْرِ حِسَابٍ " ، " هُمُ الَّذِينَ لَا يَتَطَيَّرُونَ ، وَلَا يَسْتَرْقُونَ ، وَلَا يَكْتَوُونَ ، وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ " ، فَقَامَ عُكَّاشَةُ بْنُ مِحْصَنٍ ، فَقَالَ : ادْعُ اللهَ أَنْ يَجْعَلَنِى مِنْهُمْ ، قَالَ: اللَّهُمَّ اجْعَلْه مِنْهُمْ ، ثم قام رجل فقال : ادْعُ اللهَ أَنْ يَجْعَلَنِى مِنْهُمْ ،  فَقَالَ : سَبَقَكَ بِهَا عُكَاشَةُ ) متفق عليه .

واته‌ : پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى : ئومه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ره‌كانيان نيشانى من دران ، من پێغه‌مبه‌رێكم بينى ته‌نها يه‌ك كه‌سى له‌گه‌ڵى ده‌ڕۆيشت و ئيمانى پێ هێنابوو له‌ ناو گشت ئومه‌ته‌كه‌يدا ، وه‌ پێغه‌مبه‌رێكم بينى ته‌نها دوو كه‌سى له‌گه‌ڵ دابوون و ئيمانيان پێ هێنابوو ، وه‌ پێغه‌مبه‌رێكم بينى ته‌نها چه‌ند پياوێك ئيمانيان پێ هێنابوو ، وه‌ پێغه‌مبه‌رێكم بينى هيچ كه‌سى له‌گه‌ڵ نه‌بوو و ئيمانيان پێ نه‌هێنابوو ، خوێنه‌رى به‌رێز : ئه‌م فه‌رمووده‌يه‌ به‌ڵگه‌يه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌وا زۆرينه‌ به‌ڵگه‌ نيه‌ له‌سه‌ر حه‌قيه‌تى ، چونكه‌ زۆر كه‌س وا تێ ده‌گات خه‌ڵك زياتر شوێن كێ بكه‌ون ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ له‌سه‌ر حه‌قه‌ ، نه‌خێر زۆربه‌ى جار وانيه‌ ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) له‌م فه‌رمووده‌يه‌ ده‌فه‌رموێت : پێغه‌مبه‌رى وا هه‌يه‌ هيچ كه‌س شوێنى نه‌كه‌وتووه‌ و ئيمانيان پێ نه‌هێناوه‌ ، كه‌واته‌ ئايه‌ ده‌توانين بڵێين ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ ناحه‌ق بووه‌ بۆيه‌ كه‌س شوێنى نه‌كه‌وتووه‌ نه‌خێر په‌نا به‌خوا به‌ڵكو خه‌ڵكه‌كه‌ ناحه‌ق بوونه‌و شوێن ڕێچكه‌ى شه‌يتان كه‌وتبون نه‌ك شوێن ڕێگه‌ ڕاسته‌كه‌ى ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ ، كه‌واته‌ ئه‌مڕۆش كه‌ ده‌بينين ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر ڕێبازو سونه‌تى پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ده‌ڕۆن ، به‌ڵام به‌بێ حزبايه‌تى و مه‌به‌ستێكى سياسى دونيايى ده‌بينين ڕێژه‌يان كه‌متره‌ له‌وانه‌ى له‌سه‌ر ڕێبازى ماركسيه‌ت و  لادينى ده‌ڕۆن ، يان ئه‌وانه‌ى كه‌ ئاينى ئيسلاميان كردوه‌ته‌ وه‌سيله‌يه‌ك بۆ به‌ ده‌ست هێنانى ده‌نگ و كۆكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى زۆر بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ن به‌ كورسى و ده‌سه‌ڵات و به‌ده‌ست هێنانى بودجه‌ى باش .

پاشان پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رمووى كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێكى زۆرم بينى به‌شێكى ئاسمانيان دا پۆشى بوو به‌ هۆى زۆريان حه‌زم ده‌كرد ئه‌وانه‌ ئومه‌تى من بن ، به‌ڵام پێم ووترا ئه‌وه‌ موسايه‌ له‌گه‌ڵ قه‌ومه‌كه‌ى خۆى ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ بوون كه‌ ئيمانيان پێ هێنابوو وه‌ دينه‌كه‌يان نه‌گۆريبوو ، پاشان پێيان ووتم : سه‌ير بكه‌ بينيم خه‌ڵكێكى زۆر له‌ زۆريان ڕه‌ش ده‌كران و به‌شێكى ئاسمانيان داگرتبوو ، پاشان پێيان ووتم سه‌يرى لاى راست و چه‌پت بكه‌ ، بينيم خه‌ڵكانێكى زۆر به‌شێكى ئاسمانيان داگرتبوو ، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌يه‌ كه‌وا ئومه‌تى ئيسلام له‌ جوله‌كه‌كان زياترن بۆ چونه‌ به‌هه‌شت ، پاشان به‌ پێغه‌مبه‌ريان ووت ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانه‌ى ده‌بينى ئومه‌تى تۆن ، وه‌ له‌ ناو ئه‌وانه‌ دا حه‌فتا هه‌زار كه‌س به‌بێ حيساب ده‌چنه‌ به‌هه‌شت به‌بێ ئه‌وه‌ى حيسابيان له‌گه‌ڵ بكرێت ، به‌ڵام سيفه‌تى ئه‌م حه‌فتا هه‌زار كه‌سه‌ ئه‌وه‌يه‌ باوه‌ڕيان به‌ هه‌ڵفڕاندنى ته‌ير نيه‌ بۆ خێر و شه‌ڕ ، چونكه‌ زۆر كه‌س هه‌بوون له‌ خه‌ڵكى ئه‌گه‌ر بيان ويستبايه‌ سه‌فه‌رێك بكه‌ن ، ئه‌وا ته‌يرێكيان ده‌ هێناو هه‌ڵيان ده‌فڕاند ئه‌گه‌ر ته‌يره‌كه‌ به‌لاى چه‌پ دا رۆيشتبايه‌ ئه‌وا سه‌فه‌ره‌كه‌يان نه‌ده‌كرد وه‌ ئه‌گه‌ر به‌لاى ڕاستيان دا ڕۆيشتبا سه‌فه‌ره‌كه‌يان به‌ باش داده‌نا ، ئه‌م جۆره‌ بيروباوه‌ڕه‌ شيركه‌ و كوفره‌ ، چونكه‌ هه‌موو شتێك به‌ده‌ست خوداى په‌روه‌ردگاره‌ هيچ مه‌خلوقێك خێرو چاكه‌ى به‌ ده‌ست نيه‌ ، يان لادانى شه‌رى به‌ ده‌ست نيه‌ ، وه‌ سيفه‌تى دووه‌ميان له‌م حه‌فتا هه‌زار كه‌سه‌ ئه‌وه‌يه‌ كاتێك نه‌خۆش ده‌كه‌ون داواى قورئان خوێندن يان دوعا خوێندن له‌هيچ كه‌سێك ناكه‌ن له‌سه‌ريان بخوێنێت ، به‌ڵكو ته‌نها پشتيان به‌ خوداى خۆيان ده‌به‌ستن و داوا ته‌نها له‌و ده‌كه‌ن ، وه‌ سيفه‌تى سێيه‌ميان ئه‌وه‌يه‌ كاتێك نه‌خۆش ده‌كه‌ون داوا له‌ هيچ كه‌سێك ناكه‌ن بێن داغيان بكه‌ن به‌ئاگر و چاره‌سه‌رى نه‌خۆشيه‌كه‌يان بكه‌ن ، سيفه‌تى چواره‌ميان ئه‌وه‌يه‌ ته‌نها پشت به‌ خوداى په‌روه‌ردگار ده‌به‌ستن و پشت به‌ هيچ شتێك جگه‌ له‌ خوداى په‌روه‌ردگار نابه‌ستن چونكه‌ خوداى په‌روه‌ردگار له‌ قورئانى پيرۆز دا ده‌فه‌رموێت: ( وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ ) (الطلاق : 3) واته‌ : هه‌ر كه‌سێك پشت به‌ خوداى په‌روه‌ردگار ببه‌ستێت خوداى په‌روه‌ردگار به‌ كيفايه‌تى ئه‌وه‌و له‌ هه‌موو شتێك ڕزگارى ده‌كات .

پاشان ( عُكَّاشه‌ ) ڕه‌زاى خوداى په‌روه‌ردگارى لێ بێت هه‌ستاو فه‌رمووى : ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) داوا بكه‌ له‌ خوداى په‌روه‌ردگاركه‌ من له‌ يه‌كێك له‌و حه‌فتا هه‌زاره‌ حيساب بكات ، پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) دوعاى بۆ كردوو فه‌رمووى خودايه‌ گيان عوكاشه‌ با يه‌كێك بێت له‌و حه‌فتا هه‌زار كه‌سه‌ ، وه‌  له‌ ريوايه‌تێكى تر دا پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) پێى ده‌فه‌رموێت : تۆ يه‌كێكى له‌وانه‌ ، پاشان له‌ دواى عوكاشه‌ پياوێكى تر هه‌ڵساو ووتى : ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) داوا له‌ خوداى په‌روه‌ردگار بكه‌ با منيش يه‌كێك بم له‌وانه‌ ، پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رمووى عوكاشه‌ له‌م شته‌دا پێش تۆ كه‌وتوو ئه‌و زووتر داواى كرد .

كه‌واته‌ : موسوڵمانى به‌ڕێز پێويسته‌ بزانين كه‌وا پشت به‌ستن ته‌نها به‌ خودا له‌كاتى خۆشى و ناخۆشى دا ئه‌م پاداشته‌ گه‌وره‌يه‌ى پێوه‌ به‌نده‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پشت ببه‌ستى به‌ دار تاوك و ناڵى كه‌ر و په‌ڕۆى سه‌وز و قه‌برى پياوچاكان و وه‌ زۆر شتى تر ، ئه‌وه‌ بزانه‌ تۆ شركێكى گه‌وره‌ت كردووه‌و ده‌بێت هه‌ر به‌ په‌له‌ داواى لێ خۆشبوون بكه‌يت له‌ خوداى په‌روه‌ردگار ، پێش ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م بيروباوه‌ڕه‌ پوچه‌ بمرى ، زۆر كه‌س هه‌يه‌ ئێستاش په‌ڕۆكى سه‌وز له‌ باسكى منداڵه‌كانى ده‌به‌ستێت ، يان له‌ ناو سه‌ياره‌كه‌ى ده‌به‌ستێت به‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى كه‌وا بپارێزێت له‌ چاوو زار و به‌ڵا و ناخۆشى ، خوێنه‌رى به‌ڕێز بزانه‌ ئه‌وه‌ى مرۆڤ له‌ چاوو زارو به‌ڵا و ناخۆشى ده‌پارێزێت ته‌نها خوداى په‌روه‌ردگاره‌ جگه‌ له‌ خوداى په‌روه‌ردگار هيچ كه‌سێك ناتوانێت ناخۆشى له‌ خۆيان لابده‌ن تاوه‌كو له‌ تۆ لابده‌ن .

به‌ تايبه‌تى په‌ڕۆكێكى بێ ده‌سه‌ڵات و بێ گيان ، يان ناڵه‌ كه‌رێكى هه‌ڵواسراو به‌ مه‌به‌ستى گێڕانه‌وه‌ى چاو و زار ، ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ په‌يوه‌نديان به‌ دينى ئيسلامه‌وه‌ نيه‌ ، به‌ڵكو ئه‌مه‌ دينى موشريكه‌كانه‌ ، هه‌ر بۆيه‌ له‌وفه‌رمووده‌ى كه‌ باسمان كرد بينيمان كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌چنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ به‌بێ حيساب ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ داواى قورئان خوێندنيش له‌كه‌س ناكه‌ن كه‌ له‌سه‌ريان بخوێندرێت له‌كاتى نه‌خۆشيان ، ئه‌گه‌ر چى قورئان خوێندن له‌سه‌ر نه‌خۆش دروسته‌ و ڕێ پێ دراوه‌ ، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ئه‌وه‌نده‌ پشت به‌خوداى خۆيان ده‌به‌ستن داواى قورئان خوێندنيش له‌ غه‌يرى خۆيان ناكه‌ن ، كه‌واته‌ : ده‌بێت حاڵى ئه‌و كه‌سانه‌ چۆن بێت كه‌ داواى خۆڵى قه‌برى پياوچاكان ده‌كه‌ن ، يان په‌ڕۆى سه‌رگۆرى پياوچاكان  به‌ خۆيان و ماڵ و مناڵ و سه‌ياره‌يان هه‌ڵده‌واسن ، كه‌واته‌ ده‌بێت هه‌موومان شوێن ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌كانى خوداى په‌روه‌ردگار بكه‌وين و شوێن فه‌رمووده‌ ڕاسته‌كانى پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) بكه‌وين ، به‌ دوور بكه‌وينه‌وه‌ له‌ شرك و خورافه‌ت و په‌ڕۆ په‌رستى و نوشت په‌رستى و قه‌بر په‌رستى ، ته‌نها پشت به‌ خوداى په‌روه‌ردگار ببه‌ستين و هيچ شتێكى بۆ نه‌كه‌ينه‌ شه‌ريك .

ئامادەكردنی مامۆستا : هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی