Blogging Gadgets











ژیانی بەرزەخ ( دوای مردن )
سەردان :
٢٢٤٩
     &  
فۆنت :
+
&
-

ژیانی بەرزەخ ( دوای مردن )

پێشه‌كى

الحمدلله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وآله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين ، وبعد.

به‌ پشتيوانى خواى گه‌وره‌ له‌م ناميلكه‌يه‌دا به‌ كورتى باسى ژيانى به‌رزه‌خ ده‌كه‌ين ، ئومێده‌وارم ببێته‌ مايه‌ى سوودمه‌ندى گشت لايه‌كمان .

پێناسه‌ى به‌رزه‌خ

زانايان فه‌رموويانه‌ (به‌رزه‌خ) بريتيه‌ له‌و ژيانه‌ى كه‌ له‌ دواى مردن ده‌ست پێ ده‌كات و ده‌كه‌وێته‌ نێوان ژيانى دونيا و ژيانى دوا ڕۆژ ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: (وَمِن وَرَائِهِم بَرْزَخٌ إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ) المؤمنون: 100. واته‌: مرۆڤه‌كان له‌دواى مردنيان له‌ ژيانێكدا ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ له‌نێوان ژيانى دونيا و دواڕۆژ تا ئه‌و ڕۆژه‌ى زيندوو ده‌كرێنه‌وه‌ .مرۆڤ له‌دواى مردنى ده‌چێته‌ ژيانێكى تايبه‌ت جگه‌ له‌ ژيانى دونيا و دوا ڕۆژن له‌م ژيانه‌دا يان له‌خۆشيدا ده‌ژيين يان له‌ ناخۆشيدا هه‌تا ئه‌وكاته‌ى زيندوو ده‌كرێته‌وه‌ .

سه‌ره‌تاى چوونه‌ ناو ژيانى به‌رزه‌خه‌وه‌

پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى صه‌حيحدا فه‌رموويه‌تى مرۆڤى باوه‌ڕدار كاتێك له‌ دونيا جيا ده‌بێته‌وه‌ و كاتى مردنى دێت كۆمه‌ڵێك فريشته‌ى ڕوخسار سپى له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆ لاى داده‌به‌زن ، ڕوخساريان وه‌كو خۆر وايه‌ له‌ دره‌وشاوه‌ييدا ، كه‌فن و بۆنى به‌هه‌شتيان پێيه‌ بۆ ڕۆحى ئه‌م باوه‌ڕداره‌ ، ئه‌م فريشتانه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن به‌ ئه‌ندازه‌ى بينينى چاو له‌لاى داده‌نيشن ، پاشان (ملك الموت) فريشته‌ى ڕۆح كێشان دێت و له‌لاى سه‌رى باوه‌ڕداره‌كه‌ داده‌نيشێت و ده‌فه‌رموێت: ئه‌ى ڕۆحه‌ پاكه‌كه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لێخۆشبوون و ڕه‌زامه‌ندى خواى گه‌وره‌ ، يه‌كسه‌ر ڕۆحه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئاسانى دێته‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌كو هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى دڵۆپه‌ ئاوێك له‌ ناو جۆركى ئاوه‌وه‌ ، ئينجا ڕۆحه‌كه‌ى ده‌گرێت و ده‌يخاته‌ ناو ئه‌م كفن و بۆنه‌ خۆشه‌ى كه‌ له‌ به‌هه‌شت هێنابوويان ، ڕۆحى ئه‌م باوه‌ڕداره‌ بۆنێكى ئه‌وه‌نده‌ خۆشى لێ دێت وه‌كو خۆشترين بۆنى مسكى سه‌ر زه‌وى وايه‌ به‌ڵكو زياتريش .

پاشان ڕۆحه‌كه‌ى به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان به‌لاى هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ فريشته‌يه‌كدا بڕۆن پرسياريان لێ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌م ڕۆحه‌ پاك و بۆن خۆشه‌ كێيه‌ ؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن ئه‌و فڵانى كوڕى فڵانه‌ به‌ چاكترين ناو ناوى ده‌هێنن كه‌ له‌ دونيادا ناوى لێ نرابوو هه‌ر به‌رزى ده‌كه‌نه‌وه‌ تاوه‌كو ده‌گه‌ن به‌ ئاسمانى دونيا ، داواى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى ئاسمانى دونيا ده‌كه‌ن , يه‌كسه‌ر بۆيان ده‌كرێته‌وه‌ و به‌و په‌ڕى ڕێزه‌وه‌ به‌ڕێ ده‌كرێت بۆ ئاسمانى تريان هه‌تا ده‌گه‌ن به‌ ئاسمانى حه‌وته‌م ، ئينجا خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: ناوى به‌نده‌كه‌م له‌ كتابى باوه‌رداران و ئه‌هلى به‌هه‌شت بنوسن , وه‌ ڕۆحه‌كه‌ى بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر زه‌وى ، له‌خاكى ئه‌م زه‌ويه‌م دروست كردوون و ده‌يانگه‌ڕێنمه‌وه‌ ناوى ، پاشان كه‌ رۆحه‌كه‌ى گه‌رايه‌وه‌ ناو زه‌وى دوو فريشته‌ دێنه‌ لاى و دايده‌نيشێنن پێى ده‌ڵێن په‌روه‌ردگارت كێيه‌؟ باوه‌ڕداره‌ مردووه‌كه‌ ده‌ڵێت په‌روه‌ردگارم (الله) يه‌ ، ئينجا پێى ده‌ڵێن: دينت چيه‌؟ ده‌ڵێت دينم ئيسلامه‌، ئينجا پێى ده‌ڵێن : ئه‌و پياوه‌ كێ بوو كه‌ بۆتان به‌ پێغه‌مبه‌ر نێردرابوو؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌رى خوا بوو (محمد) ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ، ئينجا پێى ده‌ڵێن: زانستت چى بوو؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت : كتابى خواى گه‌وره‌م خوێندۆته‌وه‌و باوه‌ڕم پێى هێناوه‌و به‌ڕاستم زانيوه‌ ، ئينجا بانگ بێژێك له‌ ئاسمان بانگ ده‌كات و ده‌ڵێت به‌نده‌ باوه‌ڕداره‌كه‌م ڕاستى كرد ڕايه‌خى به‌هه‌شتى بۆ ڕاخه‌ن وه‌ پۆشاكى به‌هه‌شتى له‌به‌ركه‌ن وه‌ ده‌رگايه‌كى بۆ بكه‌نه‌وه‌ بۆ به‌هه‌شت ، بۆنى خۆشى به‌هه‌شتى بۆ دێت وه‌ گۆڕه‌كه‌ى به‌ ئه‌ندازه‌ى بينينى چاو بۆى فراوان ده‌كرێت ، ئينجا پياوێكى ڕوخسار و پۆشاك جوان و بۆن خۆشى دێته‌ لاى و پێى ده‌ڵێت مژده‌ت لێبێت ئه‌وه‌ ئه‌م ڕۆژه‌يه‌ كه‌ به‌ڵێنت پێ درابوو  ، مردووه‌ باوه‌ڕداره‌كه‌ پێى ده‌ڵێت تۆ كێى؟ ڕووخسارت به‌ كه‌سى چاك و خێردار ده‌چێت ، له‌ وه‌ڵامدا پێى ده‌ڵێت: من كرده‌وه‌ چاكه‌كانى تۆم .

وه‌ به‌نده‌ى بێ باوه‌ڕ كاتێك سه‌ره‌مه‌رگيه‌تى و دونيا جێ ده‌هێڵێت و به‌ره‌و قيامه‌ت ده‌ڕوات چه‌ند فريشته‌يه‌كى ڕوخسار ڕه‌ش داده‌به‌زن و كه‌فنى ئاگرينى زوير و گرژيان پێيه‌ له‌لاى مردوه‌كه‌ داده‌نيشن ئه‌وه‌نده‌ زۆرن به‌ ئه‌ندازه‌ى بينينى چاو ده‌يان بينێت , پاشان فريشته‌ى ڕۆح كێشا ن دێت له‌لاى سه‌رى داده‌نيشێت و ده‌ڵێت ئه‌ى ڕۆحه‌ پيسه‌كه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ تووڕه‌يى خوا ، ڕۆحه‌كه‌ى له‌ناو لاشه‌ى پارچه‌ پارچه‌ ده‌بێت و هه‌روه‌كو چۆن شه‌نه‌ى ئاسن له‌ناو سوفێكى ئاڵۆز ده‌رده‌هێنرێت ئاوا ڕۆحه‌كه‌ى ده‌رده‌هێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و سزاى پێ ده‌كێشێت ، پاشان ڕۆحه‌كه‌ى ده‌خاته‌ ناو كه‌فنه‌ گرزو بۆن ناخۆشه‌كه‌ بۆنێكى ئه‌وه‌نده‌ ناخۆشى لێ دێت وه‌كو بۆنى گه‌نيوترينى شتێكى تۆپيوو ، ئينجا به‌رزى ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان به‌لاى هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ فريشته‌يه‌كدا بڕۆن ده‌ڵێن ئه‌م ڕۆحه‌ پيسه‌ كێيه‌ ؟ له‌ وه‌ڵامدا پێيان ده‌ڵێن ئه‌مه‌ فڵانى كوڕى فڵانه‌ به‌ ناخۆشترين ناو ناوى ده‌هێنن ، به‌رزى ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌تا ده‌گه‌ن به‌ ئاسمانى دونيا داواى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى ئاسمان ده‌كه‌ن ده‌رگا بۆ ئه‌م ڕۆحه‌ پيسه‌ ناكرێته‌وه‌ پاشان پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ئه‌م ئايه‌ته‌ى خوێنده‌وه‌: ( لاَ تُفَتَّحُ لَهُمْ أَبْوَابُ السَّمَاء وَلاَ يَدْخُلُونَ الْجَنَّةَ حَتَّى يَلِجَ الْجَمَلُ فِى سَمِّ الْخِيَاطِ ) الاعراف:40 . واته‌: بێ باوه‌ڕان ده‌رگاكانى ئاسمانيان بۆ ناكرێته‌وه‌ وه‌ ناچنه‌ به‌هه‌شت هه‌تا ووشتر نه‌چێت به‌ناو كونى ده‌رزيدا ئينجا خواى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: ناوى له‌ (سجين) له‌ شوێنى ته‌نگ و ته‌سك له‌هه‌ره‌ ژێره‌وه‌ى زه‌وى بنووسن ، پاشان ڕۆحه‌كه‌ى فڕه‌ ده‌درێته‌ خواره‌وه‌ بۆ ناو لاشه‌ى ، پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ئه‌م ئايه‌ته‌ى خوێنده‌وه‌: ( وَمَن يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَكَأَنَّمَا خَرَّ مِنَ السَّمَاءِ فَتَخْطَفُهُ الطَّيْرُ أَوْ تَهْوِى بِهِ الرِّيحُ فِى مَكَانٍ سَحِيقٍ ) الحج: 31 .. واته‌: ئه‌وه‌ى شه‌ريك بۆ خوا بڕيار ده‌دات وه‌كو ئه‌وه‌ وايه‌ له‌ ئاسمان فڕه‌ بدرێته‌ خواره‌وه‌ و باڵنده‌ به‌لامارى بدات و (پارچه‌ پارچه‌ى بكات) ياخود ڕه‌شه‌بايه‌كى به‌هێز بيفڕێنێت و بيبات بۆ شوێنێكى دوور و قوڵ .

ڕۆحى ئه‌م بێ باوه‌ڕه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو لاشه‌ى ئينجا دوو فريشته‌ دێته‌ لاى و دايده‌نيشێنن و پێى ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگارت كێيه‌؟ له‌ وه‌ڵام دا ده‌ڵێت هاه هاه نازانم، ئينجا پێى ده‌ڵێن: دينت چييه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: هاه هاه نازانم، ئينجا پێى ده‌ڵێن: ئه‌و پياوه‌ كێ بوو كه‌ بۆتان نێردرابوو؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: هاه هاه نازانم ، ئينجا بانگ بێژێك له‌ ئاسمانه‌وه‌ بانگ ده‌كات ده‌ڵێت به‌نده‌كه‌م درۆى كرد ، ڕايه‌خى ئاگرى بۆ ڕاخه‌ن وه‌ ده‌رگايه‌كى دۆزه‌خى بۆ بكه‌نه‌وه‌ گه‌رمايى و ناخۆشى ئاگرى بۆ دێت و گۆڕى لێ ته‌نگ ده‌كرێت به‌ شێوه‌يه‌ك په‌راسوه‌كانى تێكه‌ڵ ده‌بن ، ئينجا پياوێكى ڕوخسار و پۆشاك ناشرين و بۆن ناخۆش دێته‌ لاى و پێى ده‌ڵێت: مژده‌ى ناخۆشيت لێبێت ، ئا ئه‌مه‌ ئه‌و ڕۆژه‌يه‌ كه‌ به‌ڵێنت پێ درابوو ، مردووه‌ بێ باوه‌ڕه‌كه‌ پێى ده‌ڵێت: تۆ كێى؟ ڕوخسارت به‌ كه‌سى خراپ ده‌چێت ، له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت من كرده‌وه‌ خراپه‌كانى تۆم ، ئينجا مردووه‌ بێ باوه‌ڕه‌كه‌په‌شيمان ده‌بێته‌وه‌و ده‌ڵێت: په‌روه‌ردگارم قيامه‌ت دامه‌هێنه‌. صحيح – مشكاة المصابيح: 1630.

له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى تردا هاتووه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى: ئينسانى باوه‌ڕدار كاتێك له‌سه‌ر داره‌ به‌سته‌كه‌ى داده‌نرێت , ده‌ڵێت خێراكه‌ن بمبه‌ن بۆ جێگا خۆشه‌كه‌م ، وه‌ ئينسانى بێ باوه‌ڕ ده‌ڵێت: ئه‌ى هاوار بۆ كوێم ده‌به‌ن هه‌موو شتێك ده‌نگى ئه‌م مردووه‌ ده‌بيستێت ته‌نها مرۆڤ نه‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌نگى ببيستن ئه‌وه‌ له‌ ترسان بێ هۆش ده‌كه‌ون . السلسلة الصحيحة: 6/99.

 (( دواى خرانه‌ ناو گۆڕ))

پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى: ئينسان كاتێك خرايه‌ ناو گۆڕو خه‌ڵكى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ مردووه‌كه‌ (له‌وكاته‌دا) گوێى له‌ ده‌نگى خشه‌ى پێڵاوى خه‌ڵكه‌كه‌يه‌ ، ئينجا دوو فريشته‌ دێنه‌ لاى ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ باوه‌ڕدار بێت وه‌ڵامى پرسياره‌كانى به‌ڕاست و ته‌واوى ده‌داته‌وه‌و شوێنه‌كه‌ى له‌به‌هه‌شت نيشان ده‌درێت ، وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ بێ باوه‌ڕ بێت ناتوانێت وه‌ڵام بداته‌وه‌و ده‌ڵێت نازانم فريشته‌كه‌ ئاسنێكى گه‌وره‌ى له‌ نێوان گوێچكه‌كانى ده‌دات مردووه‌ بێ باوه‌ڕه‌كه‌ به‌ ده‌نگێكى ئه‌وه‌نده‌ به‌رز هاوار ده‌كات گشت شتێك ده‌نگى ده‌بيستێت ته‌نها مرۆڤ و جنۆكه‌ نه‌بێت. الصحيحة: 1344.

گۆڕه‌و شار – ضمة القبر

هه‌موو كه‌سێك له‌ ئيماندارو بێ باوه‌ڕ گۆڕ و شار ده‌كرێت واته‌: گۆڕه‌كه‌ بۆ يه‌ك دێته‌وه‌و مردوه‌كه‌ ده‌كوشێت ، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ بۆ باوه‌ڕدار سوك و ئاسانه‌ به‌ڵام بۆ بێ باوه‌ڕ به‌رده‌وام و ناخۆشه‌ .

پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى: ( إِنَّ لِلْقَبْرِ ضَغْطَةً وَلَوْ كَانَ أَحَدٌ نَاجِيًا مِنْهَا نَجَا مِنْهَا سَعْدُ بْنُ مُعَاذٍ ). الصحيحة: 1695. واته‌: قه‌بر وێك هاتنه‌وه‌يه‌كى هه‌يه‌ ئه‌گه‌ر هيچ كه‌سێك لێى ڕزگار بوبايه‌ ئه‌وه‌ سه‌عدى كوڕى معاز (ڕه‌زاى خواى گه‌وره‌ى لێ بێت) لێى ڕزگار ده‌بوو .

به‌ڕێزان ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ باوه‌ڕدارانى به‌ ته‌قوا زۆر ئاسان و بێ ئازاره‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وايه‌ دايك يان باوك منداڵه‌كه‌يان له‌ باوه‌ش تووند بگرن و بيكوشن به‌هۆى خۆشه‌ويستى و به‌زه‌ييان بۆ منداڵه‌كه‌يان , به‌ڵام ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ى تاوانيان هه‌يه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ى تاوانه‌كانيان ده‌كوشرێن و پاشان ڕزگارى ده‌بن . وه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ منداڵانيش تووشى ده‌بن به‌ڵام وه‌كو باوه‌ڕداران هيچ هه‌ست به‌ ناخۆشى و ناڕه‌حه‌تى ناكه‌ن .

 ((حاڵى ئه‌و كه‌سانه‌ى مردوون و نه‌خراونه‌ته‌ ناو گۆڕ))

ئه‌و كه‌سانه‌ى مردوون و نه‌خراونه‌ته‌ ناو گۆڕ به‌هۆى خنكانيانه‌وه‌ له‌ناو ده‌ريايێكه‌وه‌ يان سوتان و نه‌مانى لاشه‌يان يان بوونه‌ته‌ خۆراكى دڕنده‌كان ، له‌لاى هه‌موو باوه‌ڕدارێك هيچ گومان نيه‌ و نابێت گومان هه‌بێت كه‌وا خواى گه‌وره‌ هێزو تواناو ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا هه‌يه‌ و ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ وا لێ ده‌كات كه‌وا وه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ناو گۆڕ دان هه‌ست به‌ خۆشى و ناخۆشى ژيانى به‌رزه‌خ بكه‌ن ، هه‌روه‌كو چۆن دوو فريشته‌ى دێن پرسيار له‌ مردووى ناو گۆڕ ده‌كه‌ن هه‌مان شێوه‌ پرسيار له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ نه‌ماون و نه‌خراونه‌ته‌ ناو گۆڕ ، ئه‌مه‌ جيهانێكى غه‌يبيه‌ و ته‌نها خواى گه‌وره‌ ده‌زانێت چۆنه‌ و ئێمه‌ نايزانين ، وه‌ هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕى به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى خواى گه‌وره‌ نه‌بێت تووشى كوفر ده‌بێت ، خواى گه‌وره‌ بمان پارێزێت .

 ((مردووان به‌ڕۆح و لاشه‌ هه‌ست به‌ خۆشى يان ناخۆشى ده‌كه‌ن))

شێخى ئيسلام ابن تيميه‌ (ڕه‌حمه‌تى خواى گه‌وره‌ى لێبێت) فه‌رموويه‌تى: ( أن العذاب أو النعيم يحصل لروح الميت وبدنه ) الاختيارات الفقهية: 94. واته‌ سزا يان خۆشى جێ به‌جێ ده‌بێت به‌سه‌ر ڕۆح و لاشه‌ى مردوه‌وه‌ وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چۆنيه‌تى خۆشى و ناخۆشى مردوان به‌لاشه‌و ڕۆحيان ابن تيميه‌ نموونه‌ى به‌ خه‌وى خۆش و ناخۆش ده‌هێنێته‌وه‌ كاتێك كه‌سه‌ نووستوه‌كه‌ له‌ناو جێگاى خۆى خه‌وتووه‌و به‌ڕۆح و لاشه‌ى هه‌ست به‌ خۆشى ده‌كات كاتێك خه‌وێكى خۆش ده‌بينێت يان هه‌ست به‌ ناخۆشى ڕۆح و لاشه‌ى ده‌كات كاتێك له‌ خه‌ويدا لێى ده‌درێت يان له‌ چييايه‌كى به‌رز ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ مردووش له‌ناو گۆڕه‌كه‌يدايه‌ و ئێمه‌ له‌ دونيادا هه‌ستى پێ ناكه‌ين كه‌ به‌لاشه‌و ڕۆحى له‌ خۆشى يان له‌ ناخۆشى دايه‌ هه‌روه‌كو چۆن هه‌ست به‌و كه‌سه‌ ناكه‌ين كه‌ له‌ خه‌وه‌كه‌يدا هه‌ست به‌ خۆشى يان ناخۆشى ڕۆح و لاشه‌ى ده‌كات . مجموع الفتاوي: 4/275 ، 276.

(( له‌ ژيانى به‌رزه‌خ دا مردووه‌ باوه‌ڕداره‌كان سه‌ردانى تازه‌ مردووى باوه‌ڕدار ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵكى دونيا ))

له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى صه‌حيحدا هاتووه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى: كه‌سێكى باوه‌ڕدار كاتێك ده‌مرێت و ده‌چێته‌ ژيانى به‌رزه‌خ مردووه‌ باوه‌ڕداره‌كان سه‌ردانى ده‌كه‌ن و پرسيارى حاڵى زيندوانيان لێ ده‌كه‌ن پێى ده‌ڵێن فڵانه‌ پياوه‌ چى كردوه‌ وه‌ فڵانه‌ ئافره‌ته‌ چى كردوه‌؟ ئايا شووى كردووه‌؟ وه‌ پرسيارى كه‌سێكى لێ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ پێش ئه‌وه‌وه‌ مردووه‌ له‌ وه‌ڵامدا پێيان ده‌ڵێت ئه‌و مردووه‌ ، ده‌ڵێن : (إنا لله وإنا إليه راجعون) دياره‌ ئه‌ويان به‌ره‌و دۆزه‌خ بردووه‌ بۆيه‌ نه‌هاتۆته‌ لاى ئێمه‌ و ئاگامان لێى نيه‌ . الصحيحة: 2758.

 (( ئايا مردوان گوێبيستى زيندوانن يان ده‌يان بينن؟))

وه‌ڵام: نه‌خێر مردوان له‌ ژيانى به‌رزه‌خدا و له‌ناو گۆڕدا زيندوان نابينن و قسه‌كانيشيان نابيستن ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: ( إِنَّكَ لا تُسْمِعُ الْمَوْتَى ) النمل: 8، واته‌: به‌ڕاستى تۆ ناتوانى مردوان گوێبيستى قسه‌كانت بكه‌ى ، وه‌ فه‌رموويه‌تى: ( وَمَا أَنتَ بِمُسْمِعٍ مَّن فِى الْقُبُورِ ) الفاطر: 22، واته‌: تۆ ناتوانى ده‌نگت به‌وانه‌ بگه‌يه‌نى كه‌ له‌ گۆڕدان .

ته‌نها هه‌ندێك حاڵه‌تى تايبه‌ت هه‌يه‌ كه‌وا مردوو ده‌يبيستێت ئه‌ويش بۆ نموونه‌ له‌و كاته‌ى مردوو ده‌نێژرێت و خه‌ڵكى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ له‌وكاته‌دا مردووه‌كه‌ گوێى له‌ خشه‌ى پێڵاوى خه‌ڵكى ده‌بێت , يان ئه‌و كاته‌ى سه‌ركرده‌ى موشريكه‌كان له‌شه‌ڕى به‌در كوژران و خرانه‌ ناو چاڵێكه‌وه‌ ، پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) هات له‌سه‌ر لێوارى چاڵه‌كه‌ بانگى ده‌كردن و قسه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كردن ، زانايان فه‌رموويانه‌ خواى گه‌وره‌ له‌و كاته‌دا ئه‌وانى گوێبيستى قسه‌كانى پێغه‌مبه‌رى خوا كرد بۆ ئه‌وه‌ى قسه‌كانى ببێته‌ مايه‌ى سه‌رزه‌نشت كردنيان و په‌شيمانيان ,

ئه‌م حاڵه‌تانه‌ به‌ڵگه‌ى له‌باره‌ هاتووه‌ به‌ڵام حاڵه‌ته‌كانى تر ئينسان له‌ ژيانى به‌رزه‌خ و ناو گۆڕدا بێ ئاگان و قسه‌ى زيندوان نابيستن .

 (( ڕۆحى باوه‌ڕدار و بێ باوه‌ڕ له‌ ژيانى به‌رزه‌خدا))

ڕۆحى هه‌ندێك له‌ باوه‌ڕداران له‌ به‌هه‌شتدا دێت و ده‌چێت له‌گه‌ڵ ڕۆحى پێغه‌مبه‌ران و شه‌هيدان و پياوچاكان ، وه‌ هه‌ندێكيان له‌سه‌ر ڕووبارى به‌هه‌شتن ، وه‌ هه‌ندێكيان له‌ سه‌ر چرا ڕووناك و به‌رزه‌كانى به‌هه‌شتن ، وه‌ هه‌ندێكيان هه‌ر له‌ زه‌ويدان و بۆ شوێنه‌ به‌رزه‌كان به‌رز نابێته‌وه‌ ، وه‌ هه‌ندێكيان له‌ تاوانباران ئه‌وانه‌ى زينايان كردووه‌ و ته‌وبه‌يان نه‌كردووه‌ له‌ناو ته‌ندوورى ئاگردان ، وه‌ ڕيبا خۆران له‌ناو ده‌ريايه‌كى خوێندان و به‌رد ده‌خۆن و مه‌له‌ ده‌كه‌ن له‌ناو ئه‌و ده‌ريايه‌ خوێناويه‌ بۆگه‌نه‌ هه‌روه‌كو چۆن له‌ دونيا ڕيبايان ده‌خوارد ، له‌گه‌ڵ جياوازى شوێنى ئه‌م ڕۆحانه‌ په‌يوه‌نديان هه‌يه‌ به‌لاشه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌ويدا ئه‌گه‌ر چى له‌ به‌هه‌شتدا بفڕێت و بێت و بچێت , وه‌ ڕۆحى كافران له‌ ژيانى به‌رزه‌خدا له‌ ئاگر دايه‌ و له‌و په‌ڕى ناخۆشى دايه‌ .

وصلى الله على نبينا محمد و آله وصحبه وسلم

8 /جماديالاولي/1437ه – سؤران – 17 / 2 / 2016م

ئامادەكردنی مامۆستا : هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٦/٠٣/١٦
         
هاووپۆل / بەش : بەهەشت و دۆزەخ

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌