ئادابه‌كانى به‌ ڕۆژوو بوون

ئادابه‌كانى به‌ ڕۆژوو بوون

1.پارشێو كردن : سونه‌ت وايه‌ موسوڵمانان پێش بانگى به‌يانى پارشێو بكه‌ن ، وه‌ چه‌ند دره‌نگ تر بێت خێرتره‌ ، وه‌ مرۆڤ به‌رده‌وام بێت له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ى بانگ ده‌درێت ، گوێ نه‌درێت به‌و بيدعه‌يه‌ى له‌ زۆرێك له‌ مزگه‌وته‌كان ده‌كرێت كه‌ ده‌ڵێن: (الإمساك) واته‌: ده‌ست به‌ردارى خواردن و خواردنه‌وه‌ بن ، ئه‌م شته‌ بيدعه‌يه‌ و ئه‌صل و ئه‌ساسى نيه‌ .

2. په‌له‌كردن له‌ڕۆژوو شكاندن له‌دواى خۆرئاوابوون و بانگ : سونه‌ت وايه‌ له‌ دواى خۆرئاوا بوون و بانگى مه‌غريب په‌له‌ بكرێت له‌ ڕۆژوو شكاندن ، خێرو سونه‌ت له‌مه‌دايه‌ .

3.دوعا كردن له‌كاتى ڕۆژوو شكاندن : سونه‌ت وايه‌ له‌كاتى ڕۆژوو شكاندن ئه‌م دوعايه‌ بكرێت: (ذَهَبَ الظَّمَأُ وَابْتَلَّتِ العروقُ ، وثَبَتَ الأَجْرُ إن شاءالله) صحيح سنن أبى داود : 2066. واته‌: تێنوويه‌تى ڕۆيشتن ، وه‌ده‌ماره‌كان ته‌ڕبوون له‌ دواى ووشك بوونيان ، وه‌ (إن شاءالله) ئه‌جر و پاداشت ده‌ست كه‌وت له‌ لاى خواى په‌روه‌ردگار .

4.پاراستنى زمان له‌ غه‌يبه‌ت كردن و قسه‌ هێنان و بردن و جنێودان و بوهتان كردن .

5. قورئان خوێندن و سه‌ده‌قه‌ كردن .

6.ته‌راويح كردن و عيباده‌ت كردن به‌شه‌و : به‌ تايبه‌تى له‌ ده‌ شه‌وى كۆتايى مانگى ڕه‌مه‌زان بۆ ده‌ست كه‌وتنى ئه‌جرو پاداشتى (ليله‌ القدر ) .

7.شكاندنى ڕۆژوو به‌ قه‌سپ يان خورما يان ئاو : سوننه‌ت وايه‌ له‌ دواى بانگى مه‌غريب به‌ چه‌ند ده‌نكه‌ قه‌سپێك يان خورما ڕۆژوو بشكێندرێت ، ئه‌گه‌ر نا به‌ ئاو .

نوسین و ئامادەکردنی : مامۆستا هەڵگورد مصطفى گەڵاڵەیی .