Blogging Gadgets











كۆمەڵێك ئادابی شەڕعی ئادابی ھەشتەم ئادابی سه‌لام كردن
سەردان :
٣١٣١
     &  
فۆنت :
+
&
-

كۆمەڵێك ئادابی شەڕعی ئادابی ھەشتەم  ئادابی سه‌لام كردن

بسم الله الرحمن الرحيم

الحمد الله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين .

ئادابه‌كانى سه‌لام كردن

1) فه‌زڵى بڵاوكردنه‌وه‌ى سه‌لام له‌ناو موسڵمانان به‌گشتى : پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى سه‌حيحدا فه‌رموويه‌تى : سوێند به‌و خوايه‌ى گيانى منى به‌ده‌سته‌ ناچنه‌ به‌هه‌شت  هه‌تا باوه‌ڕ نه‌هێنن وه‌ باوه‌ڕ ناهێنن هه‌تا يه‌كترتان خۆش نه‌وێت ، جا ئايه‌ شتێكتان پێ نه‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌نجامى بده‌ن به‌هۆيه‌وه‌ يه‌كتريتان خۆش ده‌وێت (أَفْشُوا السَّلامَ بَيْنَكُمْ) سه‌لام له‌ناو يه‌كترى بڵاو بكه‌نه‌وه‌ .

2) نابێت سه‌لام ته‌نها له‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ ده‌يانناسيت : به‌ڵكو ده‌بێت سه‌لام له‌ گشت موسڵمانان بكه‌ى به‌بێ جياوازى  بيانناسى يان نه‌يانناسى .

3) سه‌لام كردن ده‌بێت به‌م شێوه‌يه‌بێت كه‌ له‌ پێغه‌مبه‌رى خواوه‌ (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) هاتووه‌ : ده‌ڵێيت : (السلام عليكم) يان (السلام عليكم و رحمة الله) يان (السلام عليكم و رحمة الله وبركاته ) . له‌ فه‌رموده‌يه‌كى صه‌حيحدا هاتووه‌ ئه‌گه‌ر بڵێى (السلام عليكم) (10) ده‌ خێرت بۆ ده‌نوسرێت وه‌ ئه‌گه‌ر بڵێى (السلام عليكم و رحمة الله) (20) بيست خێرت بۆ ده‌نوسرێت وه‌ ئه‌گه‌ر بڵێى (السلام عليكم و رحمة الله وبركاته‌) (30) سى خێرت بۆ ده‌نوسرێت .

4) سه‌لام كردن له‌كاتى گه‌ييشتن و ڕۆيشتن : كاتێك ده‌چيت بۆ شوێنێك يان ده‌گه‌يت به‌ كه‌سێك سه‌لامى لێ بكه‌ وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌گه‌ر لێى جيا بوويته‌وه‌ و ڕۆيشتى له‌لاى سه‌لامى لێ بكه‌ .

5) هه‌وڵبده‌ تۆ ده‌ست پێشخه‌ر بيت له‌ سه‌لام كردن : پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رمووه‌تى : نزيك ترين كه‌س كه‌ به‌ ڕه‌حمه‌تى خوا بگات ئه‌و كه‌سه‌يه‌ سه‌ره‌تا سه‌لام له‌ كه‌سى به‌رامبه‌ر ده‌كات .

6) ئه‌گه‌ر كه‌سى به‌رامبه‌ر گوێى له‌ سه‌لامه‌كه‌ت نه‌بوو بۆى دووباره‌ بكه‌وه‌ هه‌تا گوێبيستى ده‌بێت : هه‌تا سێ جار ده‌توانى سه‌لامه‌كه‌ت دووباره‌ بكه‌يته‌وه‌ ئه‌گه‌ر گوێبيستى سه‌لامه‌كه‌ت نه‌بوون .

7) سه‌لام كردن له‌كاتى چوونه‌ ماڵه‌وه‌ : سونه‌ت وايه‌ ئه‌گه‌ر چويته‌ ماڵه‌وه‌ سه‌لام له‌ ماڵ و منداڵت بكه‌يت ، ئه‌م سه‌لام كردنه‌ ده‌بێته‌ مايه‌ى به‌ره‌كه‌ت بۆ خۆت و ماڵ و منداڵت .

8) سه‌لام كردن له‌ منداڵان : ئه‌نه‌سى كوڕى مالك ( ڕه‌زاى خواى گه‌وره‌ى لێبێت) فه‌رموويه‌تى : پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) كاتێك ده‌گه‌يشت به‌ منداڵان سه‌لامى لێ ده‌كردن .

9) كه‌سى سوار سه‌لام له‌و كه‌سه‌ ده‌كات كه‌ به‌ پياده‌يه‌ ، وه‌ پياده‌ سه‌لام له‌ كه‌سى دانيشتوو ده‌كات ، وه‌ ئه‌وانه‌ى ژماره‌يان كه‌متره‌ سه‌لام له‌وانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌يان زۆرتره‌ ، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر دوو كه‌س گه‌يشتن به‌ سێ كه‌س ده‌بێت دوو كه‌سه‌كه‌ سه‌لام بكه‌ن ، وه‌ ده‌بێت منداڵ سه‌لام له‌ گه‌وره‌ بكات .

10) كاتێك به‌ ئيشاره‌تى ده‌ست سه‌لام له‌ كه‌سێك ده‌كه‌يت ده‌بێت به‌ زمانيش وشه‌ى السلام عليكم ده‌رببرى , نابێت ته‌نها به‌ئيشاره‌تى  ده‌ست سه‌لامى لێ بكه‌ى به‌بێ ده‌ربڕينى وشه‌ى السلام عليكم .

11)  ده‌ست پێشخه‌رى نه‌كردن له‌ سه‌لام كردن له‌ جوله‌كه‌ و گاوران و بێ باوه‌ڕان  : كاتێك موسوڵمانێك به‌ جوله‌كه‌يه‌ك يان گاورێك يان بێ باوه‌رێك  ده‌گات نابێت سه‌لاميان لێ بكات ده‌بێت ئه‌وان سه‌لام بكه‌ن ، وه‌ كه‌ سه‌لاميان كرد ده‌بێت به‌ ووشه‌ى (وعليكم) وه‌ڵاميان بدرێته‌وه‌ ، زانايان فه‌رمويانه‌ ئه‌گه‌ر سه‌لامه‌كه‌يان وه‌كو ئێمه‌ بوو وتيان (السلام عليكم) ئه‌وه‌ ده‌توانى بڵێى (وعليك السلام) وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌لام كردنه‌كه‌يان ڕوون نه‌بوو يان دوعاى خراپى تێدابوو ئه‌وه‌ له‌وه‌ڵامدا ته‌نها بڵێ ( وعليكم ( مجموع فتاوى ورسائل ابن عثيمين : رقم الفتوى : (395) .

12) سه‌لام كردن ده‌بێت پێش پرسياركردن و  قسه‌كردن بێت : پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى : (السلام قبل السؤال فمن بدأكم بالسؤال قبل السلام فلا تجيبوه) سلسلة الاحاديث الصحيحة: 816. واته‌: سه‌لام كردن پێش پرسيار كردنه‌ ، هه‌ر كه‌سێك پرسيارتان لێ بكات پێش سه‌لام كردن ئه‌وه‌ وه‌ڵامى مه‌ده‌نه‌وه‌ .

- چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ پێچه‌وانه‌ى سونه‌تى كردووه‌ ده‌بێت سه‌ره‌تا سه‌لام بكات ئينجا پرسيار و قسه‌ بكات .

13) له‌كاتى وه‌ڵام دانه‌وه‌ى سه‌لام بڵێ : (وعليكم السلام) يان (وعليكم السلام ورحمة الله) يان (وعليكم السلام ورحمة الله وبركاتة) .

14)  چۆنيه‌تى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سه‌لام له‌ناو نوێژدا : ئه‌گه‌ر له‌ناو نوێژدا بوويت و كه‌سێك سه‌لامى كرد ته‌نها به‌ ئيشاڕه‌تى ده‌ستى راستت وه‌ڵام ده‌ده‌يته‌وه‌ پشتى ده‌ستت ده‌خه‌يته‌ ئاستى سه‌ره‌وه‌ وه‌ پانى ده‌ستت ده‌خه‌يته‌ ئاستى خواره‌وه‌ .

15) ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاو بوويت و كه‌سێك سه‌لامى كرد وه‌ڵامى مه‌ده‌وه‌ هه‌تا له‌سه‌ر ئاوى دێته‌ ده‌ره‌وه‌  .

وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم

22 / ذو القعدة / 1437 ه – 25/8/2016م

ئامادەكردنی مامۆستا : هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌يى





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٦/١٠/١١
         
هاووپۆل / بەش : ڕوونکردنەوەی شەرعی

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌