Blogging Gadgets











ئه‌ركى سه‌رشانمان به‌رامبه‌ر سه‌له‌فييه‌ت
سەردان :
١٦٨٩
     &  
فۆنت :
+
&
-

ئه‌ركى سه‌رشانمان به‌رامبه‌ر سه‌له‌فييه‌ت

بسم الله الرحمن الرحيم

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله  وعلى آله وصحبه ومن والاه .

له‌پاشان:

خواى ته‌عالا له‌قورئانى پيرۆزدا ئه‌فه‌رمێت:

( وَأَمَّا بِنِعْمَةِ رَبِّكَ فَحَدِّثْ )  [الضحي: 11]. واته‌: نيعمه‌ت وچاكه‌ى په‌روه‌ردگارت بۆ خه‌ڵكى باس بكه‌.

 زاناى موفه‌سير ئيمامى سه‌عدى (ره‌حمه‌تى خواى لێ بێت) ده‌فه‌رمووێت: (ئه‌مه‌ نيعمه‌ته‌ دينى و ودونياييه‌كان ئه‌گرێته‌وه‌ (فَحَدِّثْ) واته‌: ستايشى الله ى له‌سه‌ر بكه‌, به‌تايبه‌ت باسى نيعمه‌ته‌كانى ئاماژه‌ پێكرد ئه‌گه‌ر مه‌صله‌حه‌تێك له‌وێدا هه‌بوو، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ باسى هه‌موو نيعمه‌ته‌كان ئه‌بێته‌ هۆى سوپاس گوزارى, وه‌ ئه‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى دڵه‌كان خۆشه‌ويستيان زياد بكات بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ نيعمه‌ته‌كانى به‌خشيوه‌, چونكه‌ دڵان چاكه‌كاريان خۆش ئه‌وێ) .

وه‌ له‌و نيعمه‌ته‌ گه‌ورانه‌و به‌خششه‌ مه‌زنانه‌ له‌م رۆژانه‌ماندا: سه‌رهه‌ڵدانى سوننه‌ت، ولاواز بوونى بيدعه‌ت, وه‌ روو كردنى خه‌ڵكى له‌خۆرهه‌ڵات وخۆرئاوا به‌ره‌و ده‌ست گرتن به‌م رێبازه‌ پيرۆزه‌وه‌. كه‌ڕێبازى سه‌له‌فييه‌ . وه‌خه‌ڵكێكى زۆر له‌ژير مه‌شخه‌ڵى ئه‌هلى سوننه‌و سه‌له‌فييه‌كان كۆبونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ى رێنيشانده‌رى حه‌قن وه‌پێى هه‌ڵده‌ستن, رێبازى هاوه‌ڵان وشوين كه‌وتوانيان به‌چاكه‌, وه‌پێشه‌وا هيدايه‌ت دراوه‌كان, وه‌ك چوار ئيمامه‌ به‌ڕێزه‌كه‌و ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر رێبازى ئه‌وان بوون له‌زانا پايه‌به‌رزه‌كان، وه‌ك شێخى ئيسلام ئيبن ته‌يميه‌، وجگه‌ له‌و له‌زانا دڵسۆزه‌كان .

له‌كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانى په‌روه‌ردگاريان ئه‌مه‌يه‌ كه‌ئه‌هلى به‌تاڵ به‌هه‌موو توانايه‌كيانه‌وه‌ هه‌وڵ و كۆششيان ئه‌وه‌ بوو كه‌به‌ره‌نگارى بكه‌ن له‌رێبازى ئه‌هلى سوننه‌ى راسته‌قينه‌ كه‌ بريتييه‌ له‌سه‌له‌فييه‌ت, بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌نده‌ها پڕوپاگه‌نده‌و درۆو گومانيان خوڵقاندو پيلان وفڕوفێلى گه‌وره‌شيان كرد. به‌ڵام په‌روه‌ردگارمان هه‌ر نوورى خۆى ئاشكراو سه‌ركه‌وتوو ئه‌كات وسوننه‌تى پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) سه‌رئه‌خات, دڵى خه‌ڵكى كرده‌وه‌ بۆ ئه‌م بيروباوه‌ڕه‌ پاكه‌ دڵانى به‌ره‌و رێَبازى سه‌له‌فى صالح هه‌ڵنا, وه‌ئه‌هلى ناحه‌قى سه‌رشۆڕ كرد, فێڵه‌كانيانى پوچه‌ڵ كرده‌وه‌, سوپاس وستايش بۆ په‌روه‌ردگار له‌سه‌ره‌تاو كۆتاييدا وبه‌نهێنى وبه‌ئاشكرا .

وه‌ئه‌م نيعمه‌ته‌ پيرۆزه‌ى كه‌ تێدا ئه‌ژين پێويسته‌ ئه‌مڕۆ ئيماندارى يه‌كخواپه‌رست له‌گه‌ڵيدا هه‌ندێ ئادابى شه‌رعى پياده‌ بكات له‌وانه‌:

يه‌كه‌م: سوپاس وستايش كردنى الله له‌سه‌ر ئه‌و نيعمه‌ته‌، چونكه‌ نيعمه‌ت به‌سوپاس گوزارى به‌رده‌وام ئه‌بێت, وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ناو ده‌چێت, وه‌ئه‌م نيعمه‌ته‌ دينييه‌ لاى موسڵمانى يه‌كخواپه‌رست گه‌وره‌تره‌ له‌نيعمه‌ته‌ دونياييه‌كان .

دووه‌م: جێگير بوون له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ پاكه‌و هه‌وڵدان بۆ سه‌رخستنى وپاڵپشتى كردنى وبڵاوكردنه‌وه‌ي، چونكه‌ ئه‌هلى سوننه‌ت ئه‌گه‌ر بانگه‌وازى بۆ بيروباوه‌ڕه‌كه‌يان پشت گوێ بخه‌ن وبه‌رپه‌رچى ئه‌و كاره‌ نه‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ى سوننه‌ته‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌هلى ئه‌هواو بيدعه‌ زاڵ ئه‌بن به‌سه‌ريانداو خه‌ڵكى سه‌ر لێ شێواو ئه‌كه‌ن.

سێيه‌م: بايه‌خ دان به‌فێربوون وفێركردن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م رێبازه‌ سه‌ر ئه‌خرێ به‌زانيارى وبه‌ڵگه‌ سه‌لماندن، چونكه‌ گومان و كاره‌ پڕو پوچه‌ڵه‌كانى له‌لايه‌ن سه‌له‌فييه‌وه‌ به‌رپه‌رچ نادرێته‌وه‌ مه‌گه‌ر خاوه‌ن زانيارى و روونكردنه‌وه‌ بێت .  وه‌ ئه‌و بانگه‌وازييه‌ سه‌له‌فييانه‌ى كه‌سه‌ر بناغه‌ى زانست وفێركردن بوو, مايه‌وه‌ وبڵابووه‌وه‌ وبه‌رهه‌مى هه‌بوو وه‌ك بانگه‌وازى (شيخ الإسلام ابن تيميمة ـ قدس الله روحهـ) هه‌روه‌ها قوتابييه‌كانى له‌دواى خۆى وه‌ك (الإمام ابن القيم والإمام ابن كثير )هه‌روه‌ها بانگه‌وازى پێشه‌وا موحممه‌دى كوڕى عبدالوهاب ـ ره‌حمه‌تى خوايان لێ بێت وپاداشتيان بداته‌وه‌ ـ هه‌ر له‌ژيانى خۆى دا كۆمه‌ڵێ قوتابى جێ هێشت كه‌بوون به‌كه‌ڵه‌ زانايانى دونيا وپشتيوانانى سوننه‌ت . هه‌روه‌ها بانگه‌وازه‌ سه‌له‌فى يه‌كان كه‌به‌رهه‌مى ئه‌و بانگه‌وازه‌ چاكسازى يه‌ بوون , له‌زۆربه‌ى ووڵاته‌ ئيسلامى يه‌كان وه‌ك: بانگوازى ئه‌هلى حه‌ديس له‌ ووڵاتى هيندو ده‌وروبه‌رى, وه‌بانگه‌وازى پشتيوانانى سوننه‌ت له‌ميصر, وبانگوازى زاناى پايه‌به‌رز ئه‌لبانى له‌شام, وه‌ زاناى پايه‌به‌رز ـ تقى الدين الهلالى ـ له‌مه‌غريب, وبانكه‌وازى زاناى پايه‌به‌رز ـ مقبل الوادعيـ له‌ووڵاتى يه‌مه‌ن وبێجگه‌ له‌وانه‌ له‌بانگه‌وازه‌ چاكسازييه‌كان كه‌له‌سه‌ر بناغه‌ى زانست وفێر كردن . بانگه‌واز كردن به‌چاو رۆشنى دامه‌زراوه‌و ئه‌مێنێته‌وه‌ به‌بته‌وى. وه‌ئه‌وه‌ى ئه‌بێته‌ هۆى لاوازى بانگه‌واز سه‌له‌فييه‌ت دوركه‌وتنه‌وه‌ى هه‌ندێ له‌هه‌ڵگرانى له‌زانست وفێرخوازى و له‌به‌ر كردنى مه‌تن وموداره‌سه‌ى سوننه‌ت .  وه‌ رووكردنه‌ ووتى وات وقيل وقال، كه‌ پێغه‌مبه‌ر( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) نه‌هى لێ كردووه‌ بۆيه‌ هه‌ندێك به‌ته‌نها خۆى ئه‌داته‌ پاڵ بانگه‌وازه‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌دواى زانستى شه‌رعى دا بگه‌ڕێ له‌سه‌ر رێبازى پێشين . وه‌كار ترسناك تر ئه‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان واته‌: خه‌ڵكى نه‌زان ببن به‌پێشه‌نگى كارى بانگه‌واز كردن, كاره‌كان تێك ئه‌ده‌ن له‌كاتێكدا وائه‌زانن چاكه‌ ئه‌كه‌ن . ئامۆژگاريم بۆ ئه‌و برايانه‌ى كه‌خواى ته‌عالا زانستى پێيان به‌خشيوه‌ ئه‌وه‌يه‌: ئه‌و زانيارييه‌ له‌مزگه‌وته‌كان و هه‌ر جێيه‌ك كه‌بوار ئه‌ڕه‌خسێ بۆ بلإوكردنه‌وه‌ى درێخى نه‌كه‌ن، دانيشن بۆ فێركردنى خه‌ڵكى و چاو روون كردنه‌وه‌يان له‌رێبازى پێشينى صاڵحان .

چواره‌م: سووربوون له‌سه‌ر بانگه‌وازى بۆ رێبازى پێشين, چونكه‌ موسڵمانى سه‌له‌فى دڵسۆزه‌و كليلى چاكه‌يه‌ بۆ براياني، به‌زانيارى ودانايى وروونى بانگه‌واز ئه‌كات وخۆى ئه‌پارێزێ له‌شاردنه‌وه‌ى حه‌ق له‌به‌ر خه‌ڵكى به‌بيانوى ئه‌وه‌ى كاتى نه‌هاتووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ى (البلاغ المبين)ه‌ كه‌په‌روه‌ردگار فه‌رمانى كردووه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ران .

پێنجه‌م: خۆيه‌كلا كردنه‌وه‌ بۆ حه‌ق و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌حيزبايه‌تى وده‌مارگيرى بۆ هيچ كه‌سێك . ئه‌گه‌ر ئه‌هلى سوننه‌ –سه‌له‌فييه‌كان- نه‌هى بكه‌ن له‌ده‌مارگيرى بۆ پێشه‌وا پايه‌به‌رزه‌كان وه‌ك ئيمامى ماليك و ئيمامى شافيعى وئيمامى ئه‌حمه‌دى كوڕى حه‌نبه‌ل و جگه‌ له‌وانيش، چ جاى ئه‌وانه‌ى له‌وان كه‌م تر بن و نه‌گه‌ن به‌پله‌و پايه‌ى ئه‌وان؟! . وه‌ئه‌گه‌ر ئه‌هلى سوننه‌ت سه‌ره‌ڕاى رێز گرتنيان و موداره‌سه‌ كردنيان بۆ كتێبى زانايانى ئيسلام به‌ڵام ئه‌وان نه‌هى ئه‌كه‌ن له‌ده‌مارگيرى مه‌زهه‌بي، چونكه‌ عيبره‌ت به‌به‌ڵگه‌ شه‌رعييه‌كانه‌. بۆيه‌ ئه‌ڵيم ئه‌گه‌ر وابوو، ئه‌وان نه‌هى ئه‌كه‌ن له‌و كاره‌ كه‌پێشه‌وا ئه‌لبانى ره‌حمه‌تى خواى لێ بێت ــ ناوى ئه‌بات به‌ (التعصب للمشائخ: ده‌مارگيرى بۆ زانايان) چونكه‌ ئه‌م كاره‌ حيزبايه‌تييه‌كى شاراوه‌ى تووشى بانگه‌وازى سه‌له‌فييه‌ت كردووه‌! بۆيه‌ ئه‌بينيت به‌رده‌وام سه‌له‌فييه‌كان موسڵمانان هۆشيار بكه‌نه‌وه‌ له‌ حيزبايه‌تى كه‌ رووى گه‌شى ئيسلام ئه‌شێوێنى ودووبه‌ره‌كى دروست ئه‌كات له‌نێوان موسڵمانان دا، وه‌زياتر ئاشكرا ئه‌بێت له‌كاتى جياوازى و دووبه‌ره‌كى دا! په‌روه‌ردگارا له‌فيتنه‌ى نهێنى وئاشكرا بمانپارێزيت . بۆيه‌ ئه‌ركى سه‌رشانى پێشينى ئه‌وه‌يه‌ كه‌به‌دواى حه‌قدا بگه‌ڕێت و, شوێنى به‌ڵگه‌ سه‌لمێنراوه‌كان بكه‌وێت، له‌گه‌ڵ رێزو حوره‌مه‌ت بۆ پێشه‌واو زانايان .

شه‌شه‌م: به‌زه‌يى هاتنه‌وه‌ به‌يه‌كتر، پێشينان ئه‌يان فه‌رموو: (ئه‌گه‌ر بيستت كه‌ ئه‌هلى سوننه‌يه‌ك هه‌يه‌ له‌رۆژهه‌ڵات يان رۆژئاوا, سڵاوى بۆ بنێره‌ چه‌ند كه‌من ئه‌هلى سوننه‌ت) . وه‌خواى ته‌عالا وه‌سفى پێشينى چاكانى كردووه‌ به‌ (رحماء بينهم) [الفتح : 29 ] . واته‌: له‌نێوان خۆياندا به‌به‌زه‌يين، ده‌با ئه‌مه‌ نيشانه‌ى ئه‌هلى سوننه‌ت بێت، وه‌ ره‌وشتى چاودێركراو بێت له‌كاتى فێربوون و فێركردندا بۆ برايانيان وله‌كاتى هه‌ڵس و كه‌وت كردن له‌ نێوانياندا . وه‌ئه‌گه‌ر به‌زه‌يى هاتنه‌وه‌ له‌نێوان ئه‌هلى سوننه‌ نه‌مێنێت، په‌رته‌وازه‌و جياواز ئه‌بن, دووبه‌ره‌كى په‌يدا ئه‌بێت، وه‌ئه‌بن به‌پاروويه‌كى ئاسان بۆ ئه‌هلى ئه‌هوا به‌تايبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌لاوازن، په‌روه‌ردكارا جێگيرمان كه‌ى له‌سه‌ر حه‌ق .

حه‌وته‌م: هۆشيارى له‌سه‌ر قسه‌كردن ده‌رباره‌ره‌ى دينى خواى گه‌وره‌ به‌بێ زانيارى وه‌ ئاگادار بوونه‌وه‌ له‌چوونه‌ ناو هه‌ر باس وكارێك كه‌ جێى بايه‌خ نه‌بێت, ئه‌هلى سوننه‌ له‌م رۆژگاره‌دا زۆرن و له‌ هه‌موو ولإتێك هه‌ن, وچه‌ند به‌شێكن:

تێياندا هه‌يه‌ عه‌وامن: زۆرينه‌ى گه‌نجه‌كانمان له‌م به‌شه‌ن .

وه‌تێياندا هه‌يه‌ فێرخوازى زانستى شه‌رعييه‌ ئه‌مانه‌ش چه‌ند پله‌يه‌كن .

وه‌له‌وان هه‌يه‌ گه‌يشتووه‌ به‌پله‌ى زانايان.

عه‌وامه‌كان ئه‌ركى سه‌رشانيان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ قه‌درى خۆيان بزانن وه‌ڕۆنه‌چن له‌و باس و بابه‌تانه‌ى كه‌شاره‌زا نين له‌ديندا، به‌بيانوى سه‌رخستنى سوننه‌ت! چونكه‌ سوننه‌ت سه‌رناخرێت به‌قسه‌كردن له‌دينى خواى ته‌عالا به‌بێ زانيارى . وه‌پێويسته‌ جيدال و ده‌مه‌ ده‌م وگفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌هلى ئه‌هوا وبيدعه‌ نه‌كات، چونكه‌ له‌وانه‌يه‌ گومانى بۆ په‌يدا بكات وه‌ئه‌ميش ئه‌مه‌نده‌ زانيارى پێ نييه‌ كه‌ شوبهاته‌كانيان پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌ . به‌ڵكو پێويسته‌ له‌سه‌ر عه‌وامى گه‌نجانى سه‌له‌فى رووبكه‌نه‌ فێرخوازى به‌دڵێكى راسته‌وه‌, وه‌پرسيار له‌زانايان بكه‌ن له‌بابه‌ته‌ ئاڵۆزه‌كان .

هه‌شته‌م: ئارامگرتن وگومانى باش بردنه‌ خواى ته‌عالا, هه‌ر كاتێك دوژمنان زۆريان بۆ هێنان گومانى باش به‌په‌روه‌ردگار ببه‌ن، دڵنيا بن خواى ته‌عالا دينى خۆى سه‌رئه‌خاو، دۆستانى خۆى سه‌ربه‌رز ئه‌كات، سه‌يرى ئه‌وانه‌ى پێش خۆتان بكه‌ن, وه‌ك پێشه‌واى پايه‌به‌رز ئه‌حمه‌دى كوڕى حه‌نبه‌ل به‌ته‌نها مايه‌وه‌ له‌فيتنه‌ى خه‌لقى قورئان حه‌قى ئاشكرا كرد وئارامى گرت له‌سه‌ر ئه‌زييه‌ت، تاوه‌كو په‌روه‌ردگار سه‌رى خست و، پايه‌به‌رزى كردو، خۆشه‌ويستى خسته‌ دڵى موسڵمانانى راسته‌قينه‌ كه‌ خواى ته‌عالا به‌ته‌نها ئه‌په‌رستن . ئارام بگرن و دڵ لاواز مه‌بن وغه‌مبار مه‌بن وبزانن: كه‌فێڵى شه‌يتان وشوێنكه‌وتوانى لاوازه‌, وه‌سه‌ر ئه‌نجام هه‌ر بۆ خۆپارێزانه‌ .

نۆيه‌م: هۆشيار بوونه‌وه‌ و ئاگادارى له‌پيلانى شه‌يتان وتاقمه‌كه‌ي، چونكه‌ هه‌وڵ وكوششى ئه‌وان تَێكدانى ريزى ئه‌هلى سوننه‌ى سه‌له‌فييه‌كانه‌، وه‌جۆش دانى فيتنه‌يه‌ له‌نێوانياندا، وه‌دڵ ره‌ق كردنيان له‌ئاستى يه‌كتر وناحه‌زى په‌يدا كردنه‌، به‌دووزبانى وبلإوكردنه‌وه‌ى درۆو گومان دروست كردن بۆ سه‌له‌فييه‌كان، تاوه‌كو ووشه‌يان له‌يه‌ك بترازێ وجياواز بێت وناحه‌زى ودوژمنايه‌تى برا به‌رامبه‌ر براكه‌ى گه‌شه‌ بكات په‌روه‌ردگارمان ئه‌فه‌رمێت: ( لَوْ خَرَجُوا فِيكُمْ مَا زَادُوكُمْ إِلَّا خَبَالًا وَلَأَوْضَعُوا خِلَالَكُمْ يَبْغُونَكُمُ الْفِتْنَةَ وَفِيكُمْ سَمَّاعُونَ لَهُمْ وَاللَّهُ عَلِيمٌ بِالظَّالِمِينَ ) [التوبة : 47] . واته‌: ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵتاندا ده‌رچوونايه‌ بۆ غه‌زا كردن، هيچ شتێكيان بۆ زياد نه‌ئه‌كردن بێجگه‌ له‌تێكدان و خراپه‌ و، له‌ناو ئێوه‌دا خه‌ڵكانێك هه‌ن به‌باشى گوێيان لێ ئه‌گرن وه‌خواى گه‌وره‌ به‌ئاگا وزانايه‌ به‌سته‌مكاران .

ئه‌ركى گرنگى سه‌له‌فى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ پشتيوانى بكات له‌ئيمانداران، ئه‌گه‌ر كارێكى به‌تاڵ بدرێته‌ پاڵ برايه‌كى ناسراو به‌چاكه‌كارى وشوێن كه‌وتنى سوننه‌ت، پێويسته‌ له‌سه‌رى كار به‌م ئايه‌ته‌ بكات كه‌په‌روه‌ردگارمان وه‌ك ئه‌ده‌بێك فيرمان ئه‌كات وفه‌رموويه‌تى: ( لَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ ظَنَّ الْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بِأَنْفُسِهِمْ خَيْرًا وَقَالُوا هَذَا إِفْكٌ مُبِينٌ )  [النور: 12] . واته‌: كاتێ ئه‌و بوهتانه‌يان بيست ـ بۆ دايكى ئيمانداران ـ ده‌بوايه‌ پياوان وژنانى ئيمانداران گومانى چاكى به‌خۆيان ببردايه‌, وه‌بيان ووتايه‌ ئه‌م قسه‌يه‌ بوهتانێكى ئاشكرا و روونه‌, هه‌روه‌ها فه‌رموويه‌تى: ( وَلَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ قُلْتُمْ مَا يَكُونُ لَنَا أَنْ نَتَكَلَّمَ بِهَذَا سُبْحَانَكَ هَذَا بُهْتَانٌ عَظِيمٌ ) [النور: 16] .  واتا: بۆچى كاتێ ئه‌مه‌تان بيست نه‌تان ووت: بۆ ئێمه‌ شياو نييه‌ قسه‌و بوهتانى ئاوه‌ها بكه‌ين, پاك و بێگه‌ردى بۆ تۆ خوايه‌، ئه‌مه‌ بوهتانێكى زور گه‌وره‌يه‌ .

ده‌يه‌م: خۆ به‌كه‌م زانين و نه‌رم نيانى له‌گه‌ڵ ئه‌هلى سوننه‌ سه‌له‌فييه‌كان، چونكه‌ ده‌ردو به‌لإيه‌كى له‌ناو به‌ر، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئينسان فريو بخوا به‌كرده‌وه‌كاني، هه‌ركات كارێكى لێوه‌ ده‌رچێت كه‌ سه‌رخستنى بانگه‌وازى تێدا بێت يه‌كسه‌ر توشى خۆبه‌گه‌وره‌ زانين ئه‌بێت به‌رامبه‌ر براياني، واهه‌ست ئه‌كات وئه‌بينێت كه‌ئه‌و حه‌قتره‌ له‌كه‌سانى تر ئه‌گه‌ر چى غه‌يرى ئه‌و زاناترو خۆپارێزتر و به‌سود تر بێت، ئه‌مه‌يه‌ كه‌ له‌وانه‌يه‌ كاره‌ چاكه‌كه‌ى پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌, خواى گه‌وره‌ باشتر ئه‌زانێت كێ له‌پێناويدا تێ ئه‌كۆشێ، وه‌ئينسانى زيندوو له‌وانه‌يه‌ تووشى فيتنه‌ بێت له‌په‌روه‌ردگارمان داواكارين نيه‌تمان پاك بكات وجێگيرمان بكات له‌سه‌ر سوننه‌ت .

ئه‌ركى سه‌له‌فى ئه‌گه‌ر كارێكى كرد بۆ سه‌رخستنى سوننه‌ت سوپاسى خواى گه‌وره‌ بكات له‌سه‌ر ئه‌و نيعمه‌ت و ده‌سپێشخه‌رييه‌، وه‌داوا بكات كه‌خواى گه‌وره‌ لێى وه‌ربگرێ و ئيخلاصى پێ ببه‌خشێت، وه‌نه‌رم ونيان و له‌سه‌رخۆبێت له‌به‌رامبه‌ر براكانيدا، دڵسۆزيان بێت و، هيواى چاكه‌يان بۆ بخوازێت . خواى ته‌عالا به‌ركه‌ت بخاته‌ هه‌وڵ وتواناكانه‌وه‌، هه‌موولايه‌ك ته‌وفيق بدات بۆرێگاى راست .

وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم .

  وه‌رگێڕانى: مامۆستا جمعه‌ على خورشيد





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٦/١١/٢٦
         
هاووپۆل / بەش : بابەتی گشتی

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌