Blogging Gadgets











تاوان و زيانه‌كانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان
سەردان :
١١٠٢
     &  
فۆنت :
+
&
-

(( تاوان و زيانه‌كانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ))

بسم الله الرحمن الرحيم

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين .

به پشتیوانی خواى په‌روه‌ردگار به‌كورتى باسى حوكم و زيانه‌كانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ مايه‌ى سودمه‌ندى ئه‌و كه‌سانه‌ى گيرۆده‌ى بوونه‌ و به‌هۆيه‌وه‌ توشى زۆرێك له‌  زه‌ره‌ر و زيانى ته‌ندروستى و ماددى بوونه‌ .

پێناسه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان

مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بريتين له‌چه‌ند مادده‌يه‌كى كيمياوى به‌به‌كارهێنانى ئينسان توشى خه‌و هاتن ده‌بێت و هۆشيارى له‌ده‌ست ئه‌دات و ئاڵووده‌ى ئه‌و مادده‌يه‌ ده‌بێت و زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانێت وازى لێبنێت و تووشى زۆرێك له‌ زه‌ره‌ر و زيانى ده‌كات .

حوكمى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌شه‌رعدا

حوكمى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌شه‌رعدا حه‌ڕامه‌ و له‌گوناهه‌ گه‌وره‌كانه‌ و هه‌مان حوكمى عه‌ره‌ق خواردنه‌وه‌ى هه‌يه‌ چونكه‌ ئينسان به‌هۆيه‌وه‌ بێ هۆش ده‌بێت و عه‌قڵى له‌ده‌ست ئه‌دات و زيان له‌خۆى و ده‌وروبه‌رى ئه‌دات , خواى گه‌وره‌ له‌قوڕئانى پيرۆزدا فه‌رمويه‌تى : ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنْصَابُ وَالْأَزْلَامُ رِجْسٌ مِنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ  ) . (المائدة :٩٠) . واته‌ : ئه‌ى ئه‌وانه‌ى باوه‌ڕتان هێناوه‌ بێگومان ئاره‌ق و قومار و ئه‌وبه‌ردانه‌ى كراون به‌ بت و دانراون بۆ په‌رستن وه‌  ئه‌و دارانه‌ى كه‌ به‌كارده‌هێنرێن بۆ چاره‌نوسى چاك و خراپ , ئه‌وانه‌ پيسن و له‌كرده‌وه‌ى شه‌يتانن بۆيه‌ لێى دووركه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رفرازى دونيا و قيامه‌ت بن .

وه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم ) فه‌رموويه‌تى : (( كُلُّ مُسْكِرٍ حَرَامٌ ، وَكُلُّ مُسْكِرٍ خَمْرٌ )) . حسن صحيح ـ ((الإرواء)) (2373) . واته‌ : هه‌موو بێ هۆش كه‌رێك حه‌ڕامه‌ وه‌ هه‌موو بێ هۆشكه‌رێك ( خه‌مره‌ ) واته‌ عه‌قڵ داده‌پۆشێت و هۆشيارى نايه‌ڵێت .

وه‌ له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى تردا فه‌رموويه‌تى : « كُلُّ مُسْكِرٍ حَرَامٌ إِنَّ عَلَى اللَّهِ عَهْدًا لِمَنْ يَشْرَبُ الْمُسْكِرَ أَنْ يَسْقِيَهُ مِنْ طِينَةِ الْخَبَالِ» . قَالُوا: يَا رَسُولَ اللَّهِ وَمَا طِينَةُ الْخَبَالِ؟ قَالَ : «عَرَقُ أَهْلِ النَّارِ أَوْ عُصَارَةُ أَهْلِ النَّارِ » . رَوَاهُ مُسلم . واته‌ : هه‌موو بێ هۆش كه‌رێك حه‌ڕامه‌ ، خواى گه‌وره‌ به‌ڵێنى داوه‌ كه‌هه‌ركه‌سێك شتێكى هۆشبه‌ر بخواته‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ڕۆژى دوايى دا (طينة الخبال) ى ده‌ردخوارد ئه‌دات ، وتيان ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلى الله عليه وسلم ) (طينة الخبال) چييه‌ ؟ فه‌رمووى ئاره‌قه‌ و كێم و زوخاوى ئه‌هلى ئاگره‌ .

زيانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان

1- زيانى جه‌سته‌يى : مرۆڤ به‌هۆى به‌كارهێنانى ئه‌م مادده‌ هۆشبه‌رانه‌وه‌ توشى زۆرێك له‌نه‌خۆشييه‌كانى جه‌سته‌ ده‌بێت وه‌ك : حه‌ز نه‌كردن به‌خواردن كه‌ده‌بێته‌ هۆى لاواز بوون و بێ توانايى و روخسار زه‌رد بوون يان ره‌ش بوون وه‌ ده‌بێته‌ هۆى به‌رگه‌ نه‌گرتنى نه‌خۆشييه‌كان و تووش بوون به‌سه‌رئێشه‌يه‌كى به‌رده‌وام و سورهه‌ڵگه‌ڕانى چاوه‌كان و زۆرێك له‌زيانى تر .

2_ زيانى ده‌روونى : وه‌ك لاوازى بيركردنه‌وه‌ و دڵه‌راوكێ و گرنگى نه‌دان به‌ جوانى لاشه‌ و جل و به‌رگ و بێتوانايى له‌كاركردن و به‌زه‌حمه‌ن ده‌ربڕينى پيته‌كان له‌كاتى قسه‌كردندا و زۆر زيانى تر .

3_ زيانى كۆمه‌ڵايه‌تى : وه‌ك تێك چوونى ژيانى هاوسه‌رگيرى و ئه‌زييه‌تدانى ئه‌ندامانى خێزان و  بڵاوبوونه‌وه‌ى ئاژاوه‌ و خراپه‌كارى و له‌كوشتن و دزى كردن و به‌دڕه‌وشتى و زۆر زيانى تر .

چاره‌سه‌رى و خۆپاراستن لێی

1_ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌هاوڕێى خراپ چونكه‌ هاوڕێ كاريگه‌رى زۆرى هه‌يه‌ به‌سه‌ر هاوڕێوه‌ ,  بۆيه‌ ئه‌گه‌ر زانيت هاوڕێكه‌ت تووشى به‌كارهێنانى ئه‌و مادده‌ هۆشبه‌رانه‌ بووه‌ ئه‌وه‌ زۆر ئامۆژگارى بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وازى لێبێنێت ئه‌گه‌ر گوێڕايه‌ڵى  نه‌كردى ئه‌وه‌ خۆتى لێ به‌دوور بگره‌ بۆ ئه‌وه‌ى تووش فێرى ئه‌وكاره‌ خراپ و زيان به‌خشه‌ نه‌بى .

2_ پێويسته‌ دايكان و باوكان به‌رده‌وام به‌شێوه‌يه‌كى نه‌رم و نيان ئامۆژگارى منداڵه‌كانيان بكه‌ن بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌هه‌موو كارێكى خراپ و بۆ منداڵه‌كانيان ببن به‌پێشه‌نگى چاك و خۆيان له‌به‌كارهێنانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و هه‌موو كارێكى خراپ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ى منداڵه‌كانيان چاويان لێ نه‌كه‌ن .

3_ پێويسته‌ دايكان و باوكان ره‌وشى ماڵ و منداڵه‌كانيان ئارام و ئاسووده‌ بكه‌ن و شتێك نه‌كه‌ن ببێته‌ مايه‌ى كێشه‌ و نه‌مانى خۆشه‌ويستى له‌نێوانيان پاشان په‌نا بۆ شتى خراپ و زيان به‌خش ببه‌ن .

4_ بيركردنه‌وه‌ له‌زه‌ره‌ر و زيانه‌كانى دونيا و دوارۆژ ، بێگومان به‌كارهێنانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان زيانى زۆرى بۆ تاك و كۆمه‌ڵگا هه‌يه‌ وه‌ چه‌ندين به‌ڵگه‌ له‌ قوڕئان و فه‌رمووده‌دا هاتووه‌ كه‌ كه‌هه‌موو هۆشبه‌رێك حه‌ڕامه‌ و سزاى دونيا و دوارۆژى پێوه‌ به‌نده‌ بۆيه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تووشى ناخۆشى و زيانه‌كانى دونيا و دواڕۆژ نه‌بيت ئه‌وه‌ خۆتى لێ به‌دوور بخه‌ و وازى لێبێنه‌ .

له‌كۆتاييدا داواكارم له‌خواى گه‌وره‌ هيدايه‌تمان بدات بۆ گشت كارێكى چاك و به‌دوورمان بخات له‌گشت كارێكى خراپ .

وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم

نوسينى مامۆستا . هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌يى

19 / ربيع الاول / 1438 كؤچى ------  18/ 12 / 2016 م 





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٦/١٢/١٩
         

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌