Blogging Gadgets











كۆمەڵێك ئادابی شەڕعی ئادابی سێزدەیەم ( ئادابه‌كانى سه‌ردانى كردنى گۆڕستان )
سەردان :
٣٠٣٦
     &  
فۆنت :
+
&
-

كۆمەڵێك ئادابی شەڕعی ئادابی سێزدەیەم ( ئادابه‌كانى سه‌ردانى كردنى گۆڕستان )

بسم الله الرحمن الرحيم

الحمدلله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين .

1) سه‌لام كردن له‌كاتى چوونه‌ ناو گۆرستان : ئه‌گه‌ر گه‌يشتى به‌ گۆڕستان بڵێ : (السَّلَامُ عَلَيْكُمْ أَهْلَ الدِّيَارِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُسْلِمِينَ وَإِنَّا إِنْ شَاءَ اللَّهُ بِكُمْ لَلَاحِقُونَ نَسْأَلُ اللَّهَ لَنَا وَلَكُمُ الْعَافِيَةَ) . واته‌: سه‌لامى خواى گه‌وره‌تان له‌سه‌ر بێت ئه‌ى خاوه‌نى گۆڕه‌كان له‌باوه‌ڕداران و موسوڵمانان ، ئێمه‌ش إن شاءالله به‌ ئێوه‌ ده‌گه‌ين ، داو اله‌ خواى گه‌وره‌ ده‌كه‌ين ئێمه‌ و ئێوه‌ش سه‌لامه‌ت بكات .

2) دوعا كردن بۆ مردوان : سونه‌ت وايه‌ له‌كاتى سه‌ردانى كردنى گۆڕستان دوعاى خێر بۆ مردوان بكرێت و داواى لێخۆشبوونيان بۆ بكرێت ، به‌ڵام خوێندنى قورئان و سوڕه‌تى فاتيحه‌ بۆيان هيچ به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر نيه‌و بيدعه‌يه‌ و پێيان ناگات بۆيه‌ ته‌نها دوعايان بۆ ده‌كرێت .

3) ڕووكردنه‌ قيبله‌ له‌كاتى دوعاكردندا : له‌و كاته‌ى دوعا بۆ مردووه‌كان ده‌كه‌ى ڕووت بكه‌ قيبله‌ و ڕوو نه‌كه‌يته‌ گۆره‌كه‌ , ته‌نها له‌ خواى گه‌وره‌ بپاڕێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لێيان خۆش بێت .

4) هاوار نه‌كردن و پاڕانه‌وه‌ له‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران و پياو چاكان : پاڕانه‌وه‌ له‌ گۆڕى پێغه‌مبه‌ران و پياوچاكان شه‌ريك بۆ خوا دانانه‌ و گه‌وره‌ترينى تاوانه‌كانه‌ ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: (فَلَا تَدْعُوا مَعَ اللَّهِ أَحَدًا ) . (الجن :١٨) . واته‌: له‌گه‌ڵ خوادا له‌هيچ كه‌سێكى تر مه‌پاڕێنه‌وه‌ .

5) دروست نيه‌ ده‌ست له‌ كێل و قه‌فه‌زى هيچ گۆڕێك بخشێنرێت به‌ مه‌به‌ستى ته‌به‌ڕوك : چونكه‌ ئه‌مه‌ شيركه‌ و دروست نيه‌ ، وه‌ دروست نيه‌ په‌ڕۆى سه‌وزى سه‌ر گۆڕى هيچ كه‌سێك له‌خۆتان و ماڵ و منداڵتان ببه‌ستن ، وه‌ دروست نيه‌ خۆڵ و به‌ردى سه‌ر گۆڕى هيچ كه‌سێك بهێننه‌وه‌ ، وه‌ دروست نيه‌ بۆ مه‌به‌ستى مراز حاسڵ بوون به‌رد بلكێنن به‌ هيچ گۆڕێك چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ حه‌ڕامن و شه‌ريك بۆ خوا دانانن .

6) تايبه‌ت نه‌كردنى سه‌ردانيكردنى گۆڕستان به‌ هيچ ڕۆژێكه‌وه‌ : له‌ هه‌ر ڕۆژێك دا بێت به‌ مه‌به‌ستى بيرهاتنه‌وه‌ى قيامه‌ت دروسته‌ سه‌ردانى گۆڕستان بكه‌ى نه‌ك ته‌نها له‌ ڕۆژێكى تايبه‌ت و  ديارى كراودا .

7) زۆر سه‌ردان نه‌كردنى گۆڕستان به‌ تايبه‌تى بۆ ئافره‌تان : بۆ پياوان و ئافره‌تان جار جار دروسته‌ سه‌ردانى گۆڕستان بكه‌ن به‌شێوه‌يه‌كى شه‌رعى ، به‌ڵام زۆر زياده‌ڕه‌وى كردن له‌سه‌ردانيكردندا دروست نيه‌ به‌تايبه‌تى بۆ ئافره‌تان چونكه‌ له‌عنه‌تى له‌باره‌وه‌ هاتووه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى: (لعن الله زوارات القبور ) . صحيح الجامع : 5109 . واته‌ : خواى گه‌وره‌ له‌عنه‌تى كردووه‌ له‌و ئافره‌تانه‌ى زۆر سه‌ردانى گۆڕستان ده‌كه‌ن .

8) نه‌خوێندنى قورئان له‌سه‌ر گۆڕستان : چونكه‌ ئه‌م كاره‌ به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر نيه‌و هاوه‌ڵان قورئانيان له‌ گۆڕستان نه‌خوێندووه‌ ، وه‌ دروست نيه‌ قورئان خوێنێك به‌كرێ بگيرێت بۆ خوێندنى قورئان بۆ مردوو .

9) ئه‌گه‌ر كرا سونه‌ت وايه‌ به‌بێ پێڵاو بڕۆن بۆ ناو گۆڕستان : به‌ڵام ئه‌گه‌ر گۆڕستانه‌كه‌ دڕك و به‌ردى زۆر بوو يان زۆر گه‌رم بوو ئه‌وه‌ ئاساييه‌ به‌ پێڵاوه‌وه‌ بڕۆنه‌ ناويه‌وه‌ .

10) نابێت به‌سه‌ر هيچ گۆڕێكدا بڕۆيت و پێت بنێيته‌ سه‌رى  : پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى (لأَنْ أمْشى على جَمْرَةٍ أو سَيْفٍ ، أو أخْصِفَ نَعْلى بِرجْلى , أحَبُّ إليَّ مِنْ أنْ أمْشِىَ على قَبْرٍ ) . صَحِيحُ التَّرْغِيب وَالتَّرْهِيب : 3564 . واته‌: به‌سه‌ر پشكۆيه‌كدا بڕۆم يان به‌سه‌ر شمشێرێكى تيژ دا بڕۆم يان قه‌يتانى نه‌عله‌كانم له‌ناو گوشى پێيه‌كانم بدرووم خۆشتره‌ لام له‌وه‌ى به‌سه‌ر گۆڕێكدا بڕۆم .

11) نوێژ نه‌كردن ڕووه‌و گۆڕ و دانه‌نيشتن له‌سه‌رى : پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى (لا تصلوا إلى القبور ولا تجلسوا عليها ) . صحيح أحكام الجنائز (209 - 210)  . واته‌: نوێژ ڕووه‌و گۆڕه‌كان مه‌كه‌ن ، وه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كان دامه‌نيشن .

وه‌ فه‌رموويه‌تى: (لَأَنْ يَجْلِسَ أَحَدُكُمْ عَلَى جَمْرَةٍ فَتُحْرِقَ ثِيَابَهُ فَتَخْلُصَ إِلَى جِلْدِهِ خَيْرٌ لَهُ مِنْ أَنْ يجلس على قبر ) . رَوَاهُ مُسلم . واته‌: يه‌كێك له‌ئێوه‌ له‌سه‌ر پشكۆيه‌كى ئاگر دابنيشێت پۆشاكه‌كه‌ى بسوتێنێت هه‌تا ده‌گات به‌ پێستى باشتره‌ بۆى له‌سه‌ر گۆڕێك دابنيشێت .

12) دروست نه‌كردنى مزگه‌وت له‌سه‌ر گۆڕ : پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى : (لَعَنَ اللَّهُ الْيَهُودَ وَالنَّصَارَى اتَّخَذُوا قُبُورَ أَنْبِيَائِهِمْ مَسَاجِد) . (مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ) . واته‌: خوا له‌عنه‌تى كردووه‌ له‌ جوله‌كه‌ و گاوڕه‌كان چونكه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌رانيان ده‌كرد به‌ مزگه‌وت .

وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم

ئامادەكردنی مامۆستا : هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌يى

11 ربيع الثانى / 1438ك – 10/1/2017 ز





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٧/٠١/٢١
         
هاووپۆل / بەش : ڕوونکردنەوەی شەرعی

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌