Blogging Gadgets











سزاو تاوانى كوشتنى به‌ناحه‌ق
سەردان :
٢٦٦٢
     &  
فۆنت :
+
&
-

سزاو تاوانى كوشتنى به‌ناحه‌ق

بسم الله الرحن الرحيم

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى اله وصحبه ومن تبعهم بإحسان الى يوم الدين وبعد.

له‌شه‌ريعه‌تى پيرۆزى ئيسلامدا حه‌ڕامه‌ و درووست نييه‌ هيچ كه‌سێك به‌ناحه‌ق بكوژرێت و خوێنى بڕژێنرێت  ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى : (ولا تقتلوا النفس التى حرم الله إلا بالحق) . (الانعام-151) . واته‌ : ئه‌و كه‌سه‌ مه‌كوژن كه‌ خواى گه‌وره‌ كوشتنى حه‌ڕام كردووه‌ ته‌نها به‌حه‌ق نه‌بێت (كوشتنى به‌حه‌ق ئه‌وه‌يه‌ بۆ نمونه‌ : كه‌سێكى به‌ناحه‌ق كوشتبێت يان پاشگه‌ز بوبێته‌وه‌ له‌ ئاينى ئيسلام يان خێزاندار بێت و زيناى كردبێت ) ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ لاى حاكمى موسڵمان ئه‌كوژرێنه‌وه‌ .

وه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) فه‌رموويه‌تى: ( اجْتَنِبُوا السَّبْعَ الْمُوبِقَاتِ قَالُوا: يَا رَسُولَ اللَّهِ وَمَا هُنَّ؟ قَالَ: الشِّرْكُ بِاللَّهِ وَالسِّحْرُ وَقَتْلُ النَّفْسِ الَّتِى حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ , وَأَكْلُ الرِّبَا , وَأَكْلُ مَالِ الْيَتِيمِ , وَالتَّوَلِّى يوم الزحف , وقذف المحصنات الغافلات المؤمنات ) صحيح الجامع : 144 . واته‌ : خۆتان بپارێزن له‌حه‌وت تاوانه‌ به‌هيلاك به‌ره‌كان ، وتيان كامانه‌ن ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم ) ؟ فه‌رمووى هاوبه‌ش بۆ خوا دانان ، وه‌جادوكردن ، وه‌ كوشتنى كه‌سێك كه‌خواى گه‌وره‌ حه‌ڕامى كردووه‌ بكوژرێت مه‌گه‌ر به‌حه‌ق نه‌بێت ، وه‌خواردنى ريبا ، وه‌خواردنى ماڵى هه‌تيو به‌زوڵم ، وه‌پشت هه‌ڵكردن و هه‌ڵاتن له‌كاتى جيهاد و تێكۆشان له‌پێناو خواى گه‌وره‌ ، وه‌بوهتان كردن بۆ ئافره‌تانى ئيماندارى داوێن پاكى بێ ئاگا له‌و بوهتانه‌ى كه‌ بۆيان كراوه‌ .

- له‌م فه‌رمووده‌يه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كوشتنى به‌ناحه‌ق يه‌كێكه‌ له‌تاوانه‌ گه‌وره‌كان و به‌هيلاك به‌ره‌كان له‌دونياو دوارۆژ .

( سزاى تاوانى كوشتنى به‌ناحه‌ق له‌رۆژى دواييدا )

خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: (وَمَنْ يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا ) . (النساء :٩٣) . واته‌ : هه‌ركه‌سێك ئيماندارێك به‌ناحه‌ق و به‌ئه‌نقه‌ست بكوژێت ئه‌وا تۆڵه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ له‌رۆژى دواييدا دۆزه‌خه‌ و به‌هه‌ميشه‌يى تيايدا ده‌بێت وه‌هه‌روه‌ها توڕه‌بوونى خواى گه‌وره‌ى له‌سه‌ره‌ ، وه‌ دوورى ئه‌خات له‌ره‌حم و به‌زه‌يى خۆى ، وه‌سزايه‌كى زۆر گه‌وره‌ و به‌ئێشيشى بۆ ئاماده‌ كردووه‌ .

وه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) فه‌رموويه‌تى : ( يأتى المقتول متعلقا رأسه بإحدى يديه متلببا قاتله بيده الأخرى تشجب أوداجه دما حتى يأتى به العرش فيقول المقتول لرب العالمين : هذا قتلنى . فيقول الله للقاتل : تعست ويذهب به إلى النار ) ( الصحيحة ) : 2697  . واته‌ : كه‌سى كوژراو له‌رۆژى دواييدا دێت سه‌رى به‌ده‌ستێكى هه‌ڵواسراوه‌ و به‌ده‌سته‌كه‌ى تريشى بكوژه‌كه‌ى گرتووه‌ و خوێن له‌ده‌ماره‌كانى ئه‌تكێ هه‌تا بكوژه‌كه‌  ده‌بات  بۆ لاى عه‌رشى خواى گه‌وره‌ ، كوژراوه‌كه‌ به‌ به‌ په‌روه‌ردگارى هه‌موو جيهانيان ده‌ڵێت  : ئه‌ى په‌روه‌ردگارم ئا ئه‌م كه‌سه‌ منى كوشت ، ئينجا خواى گه‌وره‌ به‌بكوژه‌كه‌ ده‌ڵێت  به‌هيلاك بچى ، پاشان بكوژه‌كه‌ ده‌به‌ن بۆ ناو ئاگر .

- تێبينى : هه‌روه‌كو چۆن كوشتنى موسڵمان به‌ناحه‌ق درووست نييه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ كوشتنى بێ باوه‌ڕێش به‌ناحه‌ق درووست نييه‌ .

پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) فه‌رموويه‌تى: ( من قتل معاهدا لم يرح رائحة الجنة وإن ريحها ليوجد من مسيرة أربعين عاما ) . صحيح غاية المرام : (449)  . واته‌ هه‌ركه‌سێك بێ باوه‌ڕێكى ( په‌يمان پێ دراو) بكوژێت ، ئه‌وا بكوژه‌كه‌  بۆنى به‌هه‌شت ناكات ، كه‌ به‌راستى بۆنى به‌هه‌شت له‌دوورى ماوه‌ى چل ساڵ  هه‌ستى پێ ئه‌كرێت .

(سزاى تاوانى كوشتنى به‌ناحه‌ق له‌دونيادا)

له‌شه‌ريعه‌تى پيرۆزى ئيسلامدا هه‌ركه‌سێك باوه‌ڕدارێك به‌ناحه‌ق بكوژێت حوكمى ئه‌و كه‌سه‌ كوشتنه‌ له‌تۆڵه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ كوشتييه‌تى ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى : ( وَمَنْ قُتِلَ مَظْلُومًا فَقَدْ جَعَلْنَا لِوَلِيِّهِ سُلْطَانًا فَلَا يُسْرِفْ فِى الْقَتْلِ ۖ إِنَّهُ كَانَ مَنْصُورًا ) . (الإسراء :٣٣) .  واته‌ : هه‌ركه‌سێك به‌ناحه‌ق و به‌زوڵم بكوژرێت ئه‌وا به‌ڕاستى ئێمه‌ ماف و ده‌سته‌ڵاتمان داوه‌ به‌ نزيكترين كه‌سى كه‌تۆڵه‌ى بۆ بكاته‌وه‌ و داوا له‌ده‌سته‌ڵات بكات بۆى بكوژنه‌وه‌ يان خوێنى لێوه‌رگرێت بۆى يان ده‌توانێ  بيبه‌خشێت و عه‌فوى بكات ، وه‌خاوه‌نى كوژراوه‌كه‌ نابێت له‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ى زێده‌ڕه‌وى بكات و له‌جياتى بكوژه‌كه‌ بچێ باوكى يان براكه‌ى  يان ئامۆزاكه‌ى  يان كه‌سێكى ترى بكوژه‌كه‌ بكوژێت له‌جياتى بكوژه‌كه‌ ، وه‌نابێت له‌كاتى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌بكوژه‌كه‌ جه‌سته‌ى بشێوێندرێ و لووت و گوێى ببڕێت ، وه‌به‌ڕاستى خاوه‌نى به‌ناحه‌ق كوژراوه‌كه‌  له‌لايه‌ن خواى گه‌وره‌ يارمه‌تى دراوه‌ و سه‌ركه‌وتووه‌ .

( له‌دونيادا ده‌رگاى ته‌وبه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك كراوه‌يه‌ )

بێگومان به‌ به‌ڵگه‌ى قورئان و سووننه‌ت ده‌رگاى ته‌وبه‌  بۆ هه‌موو تاوانبارێك كراوه‌يه‌  هه‌تا ئه‌و كاته‌ى خۆر له‌خۆرئاواوه‌ هه‌ڵدێت ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى : ( قُلْ يَا عِبَادِىَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَيٰ أَنْفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللَّهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا ۚ إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ) . (الزمر :٥٣) .  واته‌ : ئه‌ى محمد ( صلى الله عليه‌ وسلم  ) به‌ به‌نده‌كانم بڵێ  ئه‌وانه‌ى زۆر گوناهيان كردووه‌ با بێ ئومێد نه‌بن له‌ره‌حم و به‌زه‌يى خوا چونكه‌ بێگومان خوا له‌هه‌موو گوناهه‌كان خۆش ده‌بێت .

وه‌ له‌فه‌رمووده‌يه‌كى صه‌حيحدا هاتووه‌ كه‌ پياوێك له‌قه‌ومانى پێش ئيسلام (100) كه‌سى كوشتبوو پاشان په‌شيمان ده‌بێته‌وه‌ و ده‌يه‌وێت ته‌وبه‌يه‌كى ڕاسته‌قينه‌ بكات , به‌ڵام ده‌ترسێت له‌وه‌ى خواى گه‌وره‌ ته‌وبه‌كه‌ى قه‌بول نه‌كات بۆيه‌ ده‌چێت پرسيار له‌زاناياكى شاره‌زا ده‌كات و له‌وه‌ڵامدا زاناكه‌ پێى ده‌ڵێت إن شاء الله خواى گه‌وره‌ لێت خۆش ده‌بێت به‌ڵام ئه‌م شوێنه‌ جێ بهێڵه‌ كه‌ كوشتن و گوناهت تيادا ئه‌نجام داوه‌ بڕۆ بۆ فڵانه‌ شاره‌ كه‌سانى چاكى لێيه‌ و عيباده‌تى خوا ده‌كه‌ن تۆش بڕۆ له‌گه‌ڵ  ئه‌وان عيباده‌تى خوا بكه‌ , ئه‌وه‌بوو پياوه‌ بكوژه‌ ته‌وبه‌كاره‌كه‌ شاره‌كه‌ى به‌جێهێشت و به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ رۆييشت كه‌ زاناكه‌ رێنموويى بۆ كرد , قه‌ده‌رى خوا ئه‌م بكوژه‌ ته‌وبه‌كاره‌ له‌نيوه‌ى رێگا ئه‌جه‌لى هات و مرد , راسته‌وخۆ فريشته‌كانى ره‌حمه‌ت و فريشته‌كانى سزا دابه‌زين و بوو به‌ مشتوومه‌ر له‌نێوانيان فريشته‌كانى ره‌حمه‌ت ده‌يان وت ئێمه‌ رۆحه‌كه‌ى ده‌به‌ين چونكه‌ ئه‌وكه‌ ته‌وبه‌يه‌كى راسته‌قينه‌ى كردووه‌ و به‌ره‌و ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى چاك به‌ڕێكه‌وتوه‌ , وه‌ فريشته‌كانى سزاش ده‌يان وت ئێمه‌ ده‌يبه‌ين چونكه‌ ئه‌م پياوه‌ هيچ كرده‌وه‌يه‌كى چاكى نه‌كردووه‌ , ئه‌وه‌بوو خواى گه‌وره‌ فريشته‌يه‌كى ناوبژيوانى بۆناردن و پێى فه‌رموون مه‌سافه‌ى نێوان ئه‌م دووشاره‌ بپێون ئه‌گه‌ر له‌وشوێنه‌ نزيك تربوو كه‌ گوناهى تياكردووه‌ ئه‌وه‌با فريشته‌كانى سزا رۆحه‌كه‌ى ببه‌ن وه‌ ئه‌گه‌ر له‌وشاره‌ نزيك تربوو كه‌ ده‌يه‌وێت بچێت به‌ندايه‌تى خواى تيادا بكات ئه‌وه‌ با فريشته‌كانى ره‌حمه‌ت رۆحه‌كه‌ى ببه‌ن , كاتێك پێوايان بينيان بستێت له‌وشاره‌ نزيكتره‌ كه‌ ده‌يه‌وێت بچێت كرده‌وه‌ى چاكى تيادا ئه‌نجام بدات ڕاسته‌وخۆ فريشته‌كانى ره‌حمه‌ت رۆحه‌كه‌يان بردوو خواى گه‌وره‌ لێى خۆش بوو چونكه‌ به‌ڕاستى ته‌وبه‌ى كردبوو و هه‌وڵى ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى چاكى دابوو -  وه‌ بێگومان له‌رۆژى دواييدا خواى گه‌وره‌ كوژراوه‌كانيش به‌پاداشتى زۆر رازى ده‌كات -  .

اللهم تقبل منا إنك أنت السميع العليم وتب علينا إنك أنت التواب الرحيم

وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم

27 / ربيع الثانى / 1438 ه --- 25 / 1 / 2017 م

نوسین و ئامادەکردنی : مامۆستا هەڵگورد مصطفى  گەڵاڵەیی





لەلایەن : gardin
         
بەروار :
٢٠١٧/٠١/٢٥
         

مافی گشت موسڵمانێکه‌ بۆ سود وه‌رگرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گشت بابه‌ته‌کانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمووده‌