وەڵامی پرسیار و گومانێکی شەیتانی و شوێن کەوتوانی

(( وەڵامی پرسیار و گومانێکی شەیتانی و شوێن کەوتوانی ))

هەندێک جار شەیتان یان شوێنکەوتوانی لە مولحیدەکان گومان بۆ باوەرداران دروست دەکەن و دەڵێن ئایە ئەگەر خوا هەموو شتێکی دروست کردووە ئەی کێ خوای دروست کردووە ؟

وەڵام :

بە پشتیوانی خوای گەورە بە بەڵگەی نەقڵی و عەقڵی وەڵامی ئەوگومانە دەدەینەوە ؛ سەرەتا بەبەڵگەی عەقڵی وەڵام دەدەینەوە چونکە مولحیدەکان باوەریان بە بەڵگەی نەقڵی نیە کە بریتیە لەقورئان و سونەت ؛ وە پاشان بەڵگە نەقڵیەکانیش باس دەکەین بۆ ئەوەی ببێتە مایەی سود مەندی باوەڕداران و خۆیان لەگومانی شەیتان و شوێنکەوتوانی بپارێزن .

- بەڵگە عەقڵیەکان :

١- لە رووی عەقڵیەوە ئەگەر بڵێن دەبێت خوا خالقی هەبێت ئەوە دەبێت خالقی خواش خالقێکی هەبێت وە خالقی خالقی خواش خالقی هەبێت و بەردەوام ئەمە بەدوایەکدا دێت بەبێ ئەوەی کۆتایی پێ بێت و بیدایەتی هەبێت کە ئەمەش لەلای هەموو ئاقلمەندان مەحاڵە و جێگای قەبول نیە و کە ئەمە بەعەرەبی پێی دەوترێت ( الدور والتسلسل إلى ما لا نهاية ) واتە : خولانەوەی شتێک بەدەوری خۆیدا و وەکو ئەوە وابێت خۆی خۆی دروست کردبێت و بیدایەتێکی نەبێت ؛ ئایە چۆنە بێت شتێک خۆی خۆی دروستبکات و لەیەک کاتدا خالق بێت و مەخلوقیش بێت ؟! بۆیە خوا لەسەرەتای هەموو شتێک هەبوە و هیچ شتێک لەپێش ئەوەوە نەبوە و خوا تەنها خالقە و مەخلوق نیە و دروستکاری هەموو شتێکە .

٢- نابێت ئێمە قیاسی خالق بەسەر مەخلوقەوە بکەین و بەیەک ئاست وەسفیان بکەین ؛ لەلای ئێمە مەعلومە کەوا دروستکراوەکان لەنێوان خۆیاندا لەهەموو سیفەتێکدا هاوبەش نین ؛ ئەی چۆنەبێت خالق و مەخلوق لەسیفەتەکاندا وەکو یەک بن !

بۆ نمونە پیاو و ئافرەت هەردوکیان مرۆڤن بەڵام لەهەموو سیفەتێکدا هاوبەش نین و هەندێک سیفەت هەیە تایبەتە بەئافرەت و مەحاڵە پیاو تیادا بەشدار بێت بۆ نمونە سیفەتی مندال بوون ئەمە تایبەتە بە ئافرەت و مەحاڵە بڵێین پیاو مندالی دەبێت ؛ کەواتە ئەگەر بۆ دروستکراوێکی لاوازی وەکو پیاو مەحال بێت مندالی ببێت ئەوە بۆ خوای گەورە زیاتر مەحاڵە کە لەشتێکەوە بوبێت یان دروستکارێکی هەبێت .

٣- یان بۆ نمونە وەستایەکی دارتاش کاتێک دەرگایەک دروست دەکات ئایە درگا دروستکراوەکە هەمان سیفەتی وەستا دارتاشەکەی تیاەیە لە بیستن و بینین و ژیری و زۆر سیفاتی تر ؟ وەڵام نەخێر ؛ کەواتە سیفاتەکانی خوای گەورەش وەکو دروستکراوەکانی نین کە بۆ نمونە خوا بەردەوام زیندووە و نامرێت بەڵام دروستکراوەکانی دەمرن بەهەمان شێوەش خوا سیفەتی خەلقی هەیە و دروستکاری هەمووشتێکە و لەهیچ شێک دروست نەبووە بەڵام دروستکراوەکانی وانین هەمویان مەخلوقی خوای گەورەن و دروستکراون .

- بەڵگەکانی قورئان و سونەت :

١- خوای گەورە فەرمویەتی : ( هُوَ الْأَوَّلُ وَالْآخِرُ وَالظَّاهِرُ وَالْبَاطِنُ  وَهُوَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ ) . (الحديد :٣) . واتە : خوا لەسەرەتای هەموو شتێکەوە هه‌بووه‌ و که‌س لە پێش ئه‌وەوە نه‌بووه‌ ، وە دواهه‌مینی هەموو شتێکە و که‌س دوای ئه‌و نامێنێت ، ( به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ده‌مێنێت ) ، هه‌روه‌ها ئه‌و زاته‌ دیاره‌ و هه‌موو شت به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر بوونی ، له‌هه‌مان کاتدا زاتی خۆی نادیاره‌ و ( لەدونیادا به‌چاوی سه‌ر نابینرێت ) ، وە زانیاری بەهەموو شتێکەوە هەیە .

٢- خوای گەورە فەرمویەتی : ( قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ ) . (الإخلاص :١) . واتە : بڵێ : ئه‌و خوای که‌ ناوی ( الله‌ ) یە خوایه‌کی تاک و ته‌نهایه‌ و بێ هاوه‌ڵ و هاوتایه‌ .

- ( اللَّهُ الصَّمَدُ ) . (الإخلاص :٢) . واتە : خوا زاتێکی پایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتداره‌ ، پێویستی به‌ هیچ شتێک نییه‌ و هه‌مووشتێک موحتاجی ئەوە .

- ( لَمْ يَلِدْ وَلَمْ يُولَدْ ) . (الإخلاص :٣) . واتە : هیچ که‌سی لێ نه‌بووه‌ و خۆشی له‌ که‌س نه‌بووه‌ .

- ( وَلَمْ يَكُنْ لَهُ كُفُوًا أَحَدٌ ) . (الإخلاص :٤) . واتە : وە هیچ شتێک هاوشێوه‌ و هاوتای خوا نی یه‌ .

- چارەسەری رەتکردنەوەی ئەم گومانە لەرووی شەرعەوە : ---

أ- پەناگرتن بەخوا و وتنی : ( أعوذ بالله من الشيطان الرجيم )

ب- وە وازهێنان و دوورکەوتنەوە لەم وەسوەسە شەیتانیە .

پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرمویەتی : ( يَأْتِى الشَّيْطَانُ أَحَدَكُمْ فَيَقُولُ : مَنْ خلق كَذَا ؟ مَنْ خَلَقَ كَذَا ؟ حَتَّى يَقُولَ : مَنْ خَلَقَ رَبَّكَ ؟ فَإِذَا بَلَغَهُ فَلْيَسْتَعِذْ بِاللَّهِ وَلْيَنْتَهِ ) . (مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ) . واتە : شەیتان بە وەسوەسە و گومان بۆلای یەکێک لەئێوە دێت و دەڵێت : کێ ئەوشتەی دروست کردووە ؟ کێ ئەوشتەی دروست کردووە ؟ هەتا دەڵێت : کێ پەروەردگاری تۆی دروست کردووە ؟ جا هەرکاتێک گومانەکەی گەییشتە ئەو حاڵەتە ئەوە با پەنا بەخوا بگرێت و واز لەم بیرکردنەوەیە و گومانە بێنێت و - بیر لەشتێکی تر بکاتەو ە و زیکر و یادی خوای گەورە بکات و داوای پاراستنی لێ بکات - .

ج- وە وتنی : ( آمنت بالله ورسوله ) . واتە : باوەرم بەخوا و نێردراوەکەی هێناوە .

د- خوێندنەوەی ئەم ئایەتە : ( هُوَ الْأَوَّلُ وَالْآخِرُ وَالظَّاهِرُ وَالْبَاطِنُ ۖ وَهُوَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ ) .

- لەکۆتایی دەڵێم ئەم جۆرە گومانە زیاتر بۆ باوەردار دروست دەبێت و پێغەمبەری خوا ( صلى الله علیه وسلم ) لەفەرمودەیەکدا ئەم حاڵەتەی بەنیشانەی باوەرداریەتی وەسف کردووە ؛ عَنْ أَبِى هُرَيْرَةَ رَضِىَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ : ( جَاءَ نَاسٌ مِنْ أَصْحَابِ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ إِلَى النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَسَأَلُوهُ : إِنَّا نَجِدُ فِى أَنْفُسِنَا مَا يَتَعَاظَمُ أَحَدُنَا أَنْ يَتَكَلَّمَ بِهِ . قَالَ : «أَو قد وجدتموه» قَالُوا: نعم. قَالَ : «ذَاك صَرِيح الْإِيمَان» ) . رَوَاهُ مُسلم . واتە : لە ابو هورەیرەوە ( رەزای خوای لێبێت ) فەرمووی : هەندێک خەڵکی لەهاوەڵانی پێغەمبەری خواوە ( صلى الله علیه وسلم ) هاتنەلای پێغەمبەری خوا ( صلى الله علیه وسلم )  پرسیاریان لێ کردوو وتیان : ئێمە لەدەرونماندا هەست بەشتی گەورە دەکەین کە ناتوانین قسەی پێ بکەین و دەری ببرین ؛ پێغەمبەری خوا ( صلى الله علیه وسلم ) لەوەلامدا فەرمووی : ئایە ئێوە تووشی ئەوحاڵەتە دەبن ؟ فەرمویان : بەڵێ :؛ فەرمووی : ئەوە بەڵگەیە لەسەر باوەڕێکی روون و ئاشکرا .

- وە عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ : أَنَّ رَجُلًا أَتَى النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ : يَا رَسُولَ اللَّهِ إِنِّى لَأَجِدُ فِى صَدْرِىَ الشَّيْءَ لأَنْ أَكُونَ حُمُمُةً أَحَبُّ إِلَيَّ مِنْ أَنْ أَتَكَلَّمَ بِهِ ؛ فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : ( اللَّهُ أَكْبَرُ ؛ اللَّهُ أَكْبَرُ ؛ الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِى ردَّ أمْرَهُ إِلَى الوسوسة) . [ تعليق الشيخ الألبانى ] ؛ حسن صحيح ـ ((الظلال)) : (658) .

واتە : لە ابن عەباسەوە رەزای خوای لێبێت فەرمووی : پیاوێک هاتە لای پێغەمبەری خوا ( صلى الله  علیه وسلم ) فەرمووی : ئەی پێغەمبەری خوا ( صلى الله علیه وسلم ) من هەندێک جار لە سینگمدا هەست بەشتی وادەکەم پێم خۆشە ببم بەخۆڵەمێش بەس ئەو وەسوەسەیە دەرنەبرم و قسەی پێ نەکەم ؛ پێغەمبەری خوا ( صلى الله علیه وسلم ) فەرمووی : اللَّهُ أَكْبَرُ ؛ اللَّهُ أَكْبَرُ ؛ سوپاس بۆ ئەوخوایەی کە گومانی ئەو کەسەی لە کوفرەوە بۆ وەسوەسە گەڕاندۆتەوە .

- وە هەرباوەڕدارێک ئەگەر لەڕێگەی وەسوەسەی شەیتانەوە یان لەڕێگەی شوێن كەوتوانی شەیتانەوە تووشی ئەو گومانە بوو ئەوە با ئەو خالانەی باسمان کرد جێ بەجێ بکات إن شاء الله پارێزراو دەبێت و هیچ گوناحیشی لەسەرنیە ئەگەر ئەوگومانەی تەنها لەدەرووندا بێت و دەری نەبرێت و تەسلیمی شەیتان و شوێنگەوتوانی نەبێت ؛ پێغەمبەری خوا ( صلى الله علیه وسلم ) فەرمویەتی : ( إِنَّ اللَّهَ تَجَاوَزَ لِى عَنْ أُمَّتِى مَا وَسْوَسَتْ بِهِ صُدُورُهَا ، مَا لَمْ تَعْمَلْ أَوْ تَكَلَّمْ ) . رواه البخارى 2528 . واتە : خوای گەورە لە ئوممەتەكەم خۆشبووە لەوەی كەبە سینگیان - دڵیان - دادێت لە وەسوەسە مادەم كردەوەی پێ ناكات یان بە زمان دەری نابڕێ .

نوسین و ئامادەکردنی : مامؤستا هەڵگورد مصطفى گەلاڵەیی .