خوا پەرستی دەبێت بەگوێرەی بەڵگەی ( قورئان و سوننەت ) بێت . نەك بەگوێرەی لاسایی کردنەوەی ( باوك و باپیران ) بەبێ بەڵگە .

خوا پەرستی دەبێت بەگوێرەی بەڵگەی ( قورئان و سوننەت ) بێت .

نەك بەگوێرەی لاسایی کردنەوەی ( باوك و باپیران ) بەبێ بەڵگە .

کەسانێك هەن کاتێك پێیان دەوترێت ئەوکارە بە بەڵگەی قورئان و سونەت شیرکە یان بیدعەیە یان حەرامە یەکسەر رەتی دەکەنەوە و دەڵێن ئێمە ئەو شتەمان لەباوك و باپیرانەوە نەبیستوە و باوەری پێ ناکەین !

ئەو جۆرە کەسانە لەهەموو سەردەمێکدا هەبوونە و رەتی بانگەوازی حەقیان کردووە و بە پێغەمبەران و شوێن کەوتوانیان وتووە ئەوەی ئێوە باسی دەکەن لەباوک و باپیرانمان نەبیستووە بۆیە ئێمە تەنها لەسەر ئەو رێبازە دەرۆین کە باوک و باپیرانمان لەسەری بووە و باوەرتان پێ ناکەین !

بۆیە ئامۆژگاریم بۆ ئەو جۆرە کەسانە ئەوەیە کەوا پێویستە بزانن ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە و لەڕێگەی شەیتانەوەیە و شەیتان دەیەوێت بەوگومان و لێکدانەوە هەڵەیە خەڵگی گومڕا بکات و لەگەڵ خۆیان ببات بۆ دۆزەخ .

خوای گەورە فەرمویەتی : ( وَكَذَٰلِكَ مَا أَرْسَلْنَا مِنْ قَبْلِكَ فِى قَرْيَةٍ مِنْ نَذِيرٍ إِلَّا قَالَ مُتْرَفُوهَا إِنَّا وَجَدْنَا آبَاءَنَا عَلَيٰ أُمَّةٍ وَإِنَّا عَلَيٰ آثَارِهِمْ مُقْتَدُونَ ) . (الزخرف :٢٣) . واتە : هیچ پێغه‌مبه‌رێکمان لەپێش تۆدا بۆ هیچ شارێك نه‌ناردووه‌ ، که‌ خۆشگوزه‌رانه‌کان نه‌یانوتبێت : ئێمه‌ باوو باپیرانی خۆمان بینیووه‌ پابه‌ندی بیروباوه‌ڕێك بوون ، بێگومان ئێمه‌ش چاو له‌وان ده‌که‌ین و لەسەر رێبازی ئەوان دەرۆین .

وە فەرمویەتی : ( وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ تَعَالَوْا إِلَيٰ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ وَإِلَى الرَّسُولِ قَالُوا حَسْبُنَا مَا وَجَدْنَا عَلَيْهِ آبَاءَنَا ۚ أَوَلَوْ كَانَ آبَاؤُهُمْ لَا يَعْلَمُونَ شَيْئًا وَلَا يَهْتَدُونَ ) . (المائدة :١٠٤) . واتە : کاتێ پێ یان بووترێ وه‌رن بۆ لای ئه‌و قورئانه‌ که‌ خوا ناردویه‌تیه‌ خواره‌وه‌ و بۆ لای پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ؛ ده‌ڵێن به‌سمانه‌ ئه‌و ( ئاینه‌ی ) که‌ باوك و باپیرانمان له‌سه‌ری بوون ؛ ئایا ئه‌گه‌ر باوک و باپیرانیان هیچ شتێکیشیان نه‌زانیبێ و گومڕابووبن ئەوە هەردەبێت شوێنیان بکەون ؟!

وە فەرمویەتی : ( قَالُوا أَجِئْتَنَا لِتَلْفِتَنَا عَمَّا وَجَدْنَا عَلَيْهِ آبَاءَنَا وَتَكُونَ لَكُمَا الْكِبْرِيَاءُ فِى الْأَرْضِ وَمَا نَحْنُ لَكُمَا بِمُؤْمِنِينَ ) . (يونس :٧٨) . واتە : (فیرعه‌ون و دارو ده‌سته‌‌ی) بە پێغەمبەر موسایان وت : باشه‌ تۆ بۆ ئه‌وه‌ هاتوویت که‌ وێڵمان بکه‌یت له‌و بیروباوه‌ڕو به‌رنامه‌یه‌ی که‌ باوو باپیرانمان له‌سه‌ری بوون و له‌وانه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌؟ (ئایا به‌م ڕێبازه‌) ده‌تانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتداری و گه‌وره‌یی بۆ خۆتان له‌سه‌ر زه‌ویدا به‌ده‌ست بهێنن؟! ئێمه‌ بڕواتان پێ ناکه‌ین !!

وە فەرمویەتی : ( إذْ قَالَ لِأَبِيهِ وَقَوْمِهِ مَا هَٰذِهِ التَّمَاثِيلُ الَّتِى أَنْتُمْ لَهَا عَاكِفُونَ ( ٥٢) قَالُوا وَجَدْنَا آبَاءَنَا لَهَا عَابِدِينَ ) . (الأنبياء : ٥٢ - ٥٣) . واتە : کاتێک پێغەمبەر ابراهیم ( عليه الصلاة والسلام )  به‌ باوک و قه‌ومه‌که‌ی ده‌وت : ئه‌م بتانه‌ چیه‌ ئێوه‌ هه‌میشه‌ به‌ده‌وریدا دێن و ده‌یانپه‌رستن ؟! له‌وه‌ڵامدا ( ته‌نها به‌ڵگه‌یان ئه‌وه‌ بوو ) دەیان وت : ئێمه‌ باوو باپیرانمان بینیووه‌ ئه‌مانه‌یان په‌رستووه‌ بۆیە ئێمەش وادەکەین !

لەکۆتاییدا دەڵێم موسڵمانی ڕاستەقینە ئەوەیە هەرکاتێک بەڵگەیەکی پێ گەییشت لە قورئان و فەرمودەی صحیح ئەوە دەبێت ملکەچ بێت و بڵێت : (سمعنا و أطعنا ) . واتە : بیستمان و گوێڕایه‌ڵین ؛ خوای گەورە فەرمویەتی : ( إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَنْ يَقُولُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا ۚ وَأُولَٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ ) . (النور :٥١) . واتە : قسەی باوەڕداران کاتێك بانگ ده‌کرێن بۆ لای خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی تا فه‌رمانڕه‌وایی بکات له‌ نێوانیاندا ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێن : بیستمان و گوێڕایه‌ڵین بۆ هه‌موو فه‌رمانێکی شه‌رع ، هه‌ر ئا ئه‌وانه‌شن سه‌ر فرازو سه‌رکه‌وتوو .

وصلى الله على نبينا محمد و على آله و صحبه وسلم .

نوسین و ئامادەکردنی : مامؤستا هەڵگورد مصطفى گەلاڵەیی .