چۆنیەتی نوێژی قەصر و جەمع

چۆنیەتی نوێژی قەصر و جەمع

بسم الله الرحمن الرحیم الحمدلله رب العالمین والصلاة والسلام على نبینا محمد وعلى آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى یوم الدین .

١ - دروستە نوێژ قەصر و جەمع بکرێت ئەگەر کەسێک سەفەری کرد بۆشوێنێک کە چوون بۆ ئەو شوێنە لەناو عورفی خەڵکدا پێی بوترێت سەفەر ؛ جا ئەگەر مەودای دووری ئەو شوێنە لە 83 کیلۆ مەتر کەمتریش بێت دروستە ؛ گرینگ ئەوەیە لەناو خەڵکدا چوون بۆ ئەو شوێنە بەسەفەر حیساب بێت ئەوە دروستە قەصر و جەمع بکرێت والله أعلم

٢ -  ماوەی کورت کردنەوە و کۆ کردنەوەی نوێژ لەسەفەردا چەند رایەکی جیاوازی زانایانی لەبەراوە هاتووە ؛ هەندێک لەزانایان فەرمویانە موسافیر چەند لەسەفەر بێت بۆی دروستە نوێژەکانی قەصر و جەمع بکات هەتا ئەوکاتەکەی دەگەرێتەوە شارەکەی ؛ ئەنەس فەرمویەتی : خرجنا مع رسول الله صلى الله عليه وسلم من المدينة إلى مكة فكان يصلى ركعتين ركعتين حتى رجع إلى المدينة . متفق عليه . واتە : لەگەڵ پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لەشاری مەدینەوە چووین بۆ مەککە پێغەمبەری خوا ( صلى الله علیه وسلم ) نوێژەکانی دوو رکەعەت دوو رکەعەت دەکرد هەتا گەرایەوە مەدینە .

٣-  ئەو نوێژانەی کورت دەکرێنەوە بریتین لەنوێژە چوار رکەعەتیەکان - نوێژی نیوەرۆ و عەسر و عیشا - ؛ بەڵام نوێژی بەیانی و مەغریب هەر وەکو خۆیان دەبن و کورت ناکرێنەوە .

٤ - لەکاتی جەمع کردندا --- نویژی نیوەرۆ لەگەڵ نوێژعەسر جەمع دەکرێت وە نوێژی مەغریب لەگەل نوێژ عیشا جەمع دەکرێت ؛ وە هەرگیز نوێژی عەسر لەگەل مەغریب جەمع ناکرێت ؛ وە نوێژی بەیانی لەکاتی خۆیدا دەکرێت و هیچ لە نوێژەکان لە گەڵیدا جەمع ناکرێت .

٥ - دوو جۆر جەمع هەیە ؛ جەمع تەقدیم و جەمع تەئخیر ؛ جەمعی تەقدیم واتە پێش خستن و کۆکردنەوەی ئەو نوێژەی کە هێشتا کاتی نەهاتووە لەگەڵ نوێژی پێشتری ؛ بۆ نمونە نوێژی عەسر بهێنرێتە لای نوێژی نیوەرۆ و لەدوای بانگی نیوەرۆ کە نوێژی نیوەرۆ دەکەی پاشان نوێژی عەسر بکەی ؛ وە جەمعی تەئخیر واتە دواخستنی ئەو نوێژەی کە کاتی هاتوە بۆ ئەنجام دانی و ببرێتە لای نوێژی دواتری ؛ بۆ نمونە لەدوای بانگی نیوەرۆ نوێژی نیوەرۆ نەکرێت و ببرێتە لای نوێژی عەسر .

٦ - ئەو کەسەی نیەتی سەفەر کردنی هەیە و هێشتا لەشارەکەی دەرنەچووە نابێت نوێژەکانی قەصر و جەمع بکات چونکە هێشتا هەر لەشاری خۆیەتی بەڵام ئەگەر ترسا لەوەی لەرێگا و سەفەر نوێژی دواتری لەدەست بچێت ئەوکات دروستە تەنها جەمع بکات بەبێ کورت کردنەوە ؛ بۆ نموونە کە نوێژی نیوەرۆی کرد بەڵام دەبێت ٤ رکەعەت بێت و نابێت کورتی بکاتەوە چونکە هەر لەناو شاری خۆیەتی پاشان نوێژی عەسر دەکات لەدوایدا ئەویشیان وەک خۆی بە ٤ رکەعەت .

٧-  تەرتیب لەکاتی جەمع کردنی نوێژەکاندا واجبە و دەبێت سەرەتا ئەو نوێژە بکرێت کە کاتی لەپێش ئەوەی تریانە ؛ بۆ نمونە لەکاتی جەمع کردنی نوێژی نیوەرۆ لەگەل عەسر یان مەغریب لەگەڵ عیشا ئەوە سەرەتا نوێژی نیوەرۆ دەکەی ئینجا عەسر ؛ یان سەرەتا مەغریب دەکەی ئینجا عیشا جا ئەو جەمعە چ جەمعی تەقدیم بێت یان تەئخیر بێت هیچ فەرقی نیە و زۆر بەی زانایان فەرویانە تەرتیب بەم شێوەیە واجبە و نابێت سەرەتا نوێژی عەسر بکەی ئینجا نیوەرۆ یان عیشا بکەی ئینجا مەغریب بەم شێوەیە نابێت و دروست نیە بەڵکو دەبێت بە پێچەوانەوە بێت .

٨-  نیەت هێنان بۆ گشت عیبادەتێک ئەوەیە لە دڵتدا مەبەستت لەوعیبادەتە تەنها خوای گەورەبێت و بەزمان هیچ ناڵێیت چونکە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم نیەتی بەزمان نەهێناوە بۆیە تەنها بەدڵ نیەتت هەبێت کە ئەم عیبادەتە تەنها لەپێناو خوای گەورە ئەنجام دەدەی ئەوە نیەتە و پێویست بەهیچ ناکات بەزمان دەرببری .

وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم

 ٢٨ / شوال / ١٤٣٨ ک - ٢٢ / ٧ / ٢٠١٧

نوسینی : مامۆستا هه ڵگورد مصطفى گەڵاڵەیی .