چۆنیەتی عومرەکردنی ئافرەت لەکاتی تووشبوونی بەسوری مانگانە .

 

چۆنیەتی عومرەکردنی ئافرەت لەکاتی تووشبوونی بەسوری مانگانە .

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان .

ئەگەر ئافرەت لەکاتی سەفەری عومرەدا پێش ئەوەی بگات بە شوێنی ئیحرام بەستن تووشی سوری مانگانە بوو ؛ کە گەییشتن بەشێونی ئیحرام بەستن لەگەل خەڵک پێویستە لەوشوێنەدا نیەتی عومرە کردن بهێنێـت و بڵێت : ( لبيك اللهم عمرة ) .

پاشان کە بەرێ کەوتن بۆ شاری مەککە گەییشتن بەشاری مەککە نابێت تەواف و سەعی لەنێوان سەفا و مەروەدا بکات هەتا ئەوکاتەی پاک دەبێتەوە و خۆی دەشوات .

پاشان لەدوای پاک بونەوەی راستەوخۆ دەست دەکات بەتەواف کردن و باقی کردارەکانی عومرە ؛ وە بۆ ئیحرام بەستن ناگەرێتەوە بۆ شوێنی ئیحرام بەستن چونکە لەسەرەتای هاتنی بۆ شاری مەککە لەشوێنی ئیحرام بەستن نیەتی عومرە کردنی هێناوە .

وە لەوکاتەی لە ئیحرامدایە ئەگەرچی لەکاتی سوری مانگانەش بێت نابێت ئەو شتانە بکات کە لەسەر کەسی موحریم حەرامە هەتا پاک دەبێتەوە و خۆی دەشوات و عومرەکەی بەتەواوی دەکات .

وە ئەگەر بەشوێنی ئیحرام بەستندا تێ پەری و نیەتی ئیحرامی نەهێنا ؛ پاشان دوای گەییشتنی بە شاری مەککە پاک بوەوە ؛ لەوکاتدا لەدوای خۆ شوشتنی دەبێت بگەرێتوە ئەو شوێنەی هاورێکانی ئیحرامیان لێ بەستووە ؛ ئینجا لەدوای ئیحرام و نیەت هێنانی بۆ عومرە و وتنی ( لبيك اللهم عمرة ) دەگەرێتەوە بۆ شاری مەککە و عومرەکەی بەتەواوی دەکات .

وە ئەگەر لەکاتی تەواف کردندا تووشی سوری مانگانە بوو ؛ واتە هێشتا تەوافەکەی تەواو نەکردبوو ؛ لەوکاتدا دەبێت واز لەتەواف بێنێت و زانایان فەرمویانە لەدوای پاک بوونەوە و خۆشوشتنی دەبێت لەسەرەتەواوە دەست بەتەوافەکەی بکات و باقی کردارەکانی عومرەی جێ بەجێ دەکات .

وە ئەگەر لەدوای تەوابوونی تەواف تووشی سوری مانگانە بوو ؛ واتە پێش سەعی کردن لەنێوان سەفا و مەروەدا ؛ لەوکاتدا زۆرینەی زانایان فەرمویانە لەسەر تەواو کردنی عومرەکەی بەردەوام دەبێت و سەفا و مەروە و کەمێک لەموەکانی سەری دەبرێت و عومرەکەی کۆتایی پێ دێت ؛ چونکە تەنها تەواف کرد وەکو نوێژ پێویستی بەپاکیە و بەبی پاک و خاوێنی لاشە و دەست نوێژ نابێت بەڵام سەفا و مەروە و کورت کردنەوەی موەکانی سەر پێویستی بە پاکی لاشە و دەست نوێژ نیە .

وە زانایان فەرمویانە بۆ ئافرەتان دروستە حەبی مەنعی سوری مانگانە بخۆن – بەمەرجێک زیانی تەدروستیان بۆ نەبێت – بۆ ئەوەی عومرەکەیان بەبێ دوا کەوتن ئەنجام بدەن .

وە ئەگەر کاتی سوری مانگانەی هەر بەردەوام بوو هەتا کاتی گەرانەوەی بۆ وڵاتەکەی لەوکاتدا زانایان فەرمویانە تەواف کردنی بۆ زەرور دەبێت و لەوکاتدا عوزری هەیە و راستەوخۆ تەواف دەکات ؛ وە سەعی لەنێوان سەفا و مەروە دەکات ؛ وە پرچی کەمێک کورت دەکاتەوە و عومرەکەی ان شاء الله قەبول دەبێت .

وە عومرە کردن بە کورتی بۆ پیاوان و ئافرەتان بریتیە لە

١- ئیحرام بەستن و نیەت هێنان لەوشوینەی ئیحرامی لێ دەبەسترێت ؛ لەدوای خۆشوشتن پیاوان دووپارچە قوماشی سپی لەبەر دەکەن و نابێت هیچ پۆشاکێکی دوراوەیان لەبەر بێت بەڵام ئافرەتان هەرپۆشاکی خۆیان لەبەردەکەن بەمەرجێک شەرعی و بەرین و درێژ بێت و سەرنج راکێش نەبێت .

٢- حەوت جار تەواف کردن ؛ پاشان دوو رکەعەت نوێژ لەپشت مەقامی ئیبراهیم .

٣- حەوت جار سەعی کردن لەنێوان سەفا و مەروەدا .

٤- سەرتاشین یان کورت کردنەوەی بۆ پیاوان بەڵام بۆ ئافرەتان تەنها کەمێکی بە ئەندازەی سەرە پەنجە کورتی دەکەنەوە .

وصلى الله على نبینا محمد وآله وصبه وسلم
نوسینی : م هەڵگورد مصطفى گەڵاڵەیی .