دڵی پاك

دڵی پاك

جارێكیان گه‌نجێك هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) وتی : ( ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – رێگه‌م بده‌ بۆ ئه‌وه‌ی زینا بكه‌م ؟!

هاوه‌ڵان خۆیان له‌وگه‌نجه‌ تووڕه‌كرد و وتیان بێ ده‌نگ به‌ ؛ چۆن ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌ی ؟!

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم به‌وگه‌نجه‌ی فه‌رموو وه‌ره‌ لێم نزیك به‌ره‌وه‌ ؟

گه‌نجه‌كه‌ له‌پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم نزیك بووه‌ و دانیشت .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم پێی فه‌رموو : ئایه‌ پێت خۆشه‌ خه‌ڵك  زینا له‌گه‌ڵ دایكت بكات ؟

وتی : نا والله نه‌خێر ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم -  خوای گه‌وره‌ بمكات به‌فیدای تۆ .

فه‌رمووی : خه‌ڵكیش پێیان خۆش نیه‌ زینا له‌گه‌ڵ دایكیان بكرێت .

ئینجا فه‌رمووی : ئایه‌ پێت خۆشه‌ خه‌ڵك زینا له‌گه‌ڵ كچت بكات ؟

وتی : نا والله نه‌خێر ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم - خوای گه‌وره‌ بمكات به‌فیدای تۆ .

فه‌رمووی : خه‌ڵكیش پێیان خۆش نیه‌ زینا له‌گه‌ڵ كچی بكرێت .

ئینجا فه‌رمووی : ئایه‌ پێت خۆشه‌ خه‌ڵك زینا له‌گه‌ڵ خوشكت بكات ؟

وتی : نا والله  نه‌خێر ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم - خوای گه‌وره‌ بمكات به‌فیدای تۆ .

فه‌رمووی : خه‌ڵكیش پێیان خۆش نیه‌ زینا له‌گه‌ڵ خوشكیان بكرێت .

ئينجا فه‌رمووی : ئایه‌ پێت خۆشه‌ خه‌ڵك زینا خوشكی دايكت بكات ؟

وتی : نا والله نه‌خێر ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم - خوای گه‌وره‌ بمكات به‌فیدای تۆ .

فه‌رمووی : خه‌ڵكیش پێیان خۆش نیه‌ زینا له‌گه‌ڵ خوشكی دایكیان بكرێت .

ئينجا فه‌رمووی : ئایه‌ پێت خۆشه‌ خه‌ڵك زینا له‌گه‌ڵ خوشكی باوكت بكات ؟

وتی : نا والله  نه‌خێر ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم - خوای گه‌وره‌ بمكات به‌فیدای تۆ .

فه‌رمووی : خه‌ڵكیش پێیان خۆش نیه‌ زینا له‌گه‌ڵ خوشكی باوكیان بكرێت .

ئینجا پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌ستی له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نجه‌ دانا و دوعای بۆ كردوو فه‌رمووی : خوایه‌ له‌گوناهه‌كانی خۆشبه‌ ؛ وه‌ دڵی پاك بكه‌ره‌وه‌ ؛ وه‌ داوێنی بپارێزه .‌

له‌دوای ئه‌م دوعایه‌  ئه‌م گه‌نجه‌ هه‌رگیز ئاوڕی له‌هیچ شتێكی نادروست نه‌ده‌دایه‌وه‌ ) . رواه أحمد و صححه الالبانی .

پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌گه‌ڵ ئه‌قڵ و دڵی ئه‌م گه‌نجه‌ ده‌دوا بۆ ئه‌وه‌ی خراپی و پیسی تاوانی زینای بۆ ڕوون بكاته‌وه‌ ؛ پاشان بۆی له‌خوا پاڕایه‌وه‌ دڵی پاك و سه‌لامه‌ت بكات ؛ چونكه‌ دڵی پاك دوورترین دڵه‌ له‌ زینا و خراپه‌كاری .

دڵه‌كان دوو جۆرن :

دڵی پاك و دڵی‌ پیس .

خوای په‌روه‌ردگار دڵی پاكی بۆ ئێمه‌ ده‌وێت ؛ وه‌ پاكی كرده‌وه‌ و پاكی لاشه‌ی بۆ ئێمه‌ ده‌وێت ؛ خوای په‌روه‌ردگار ئه‌وكه‌سانه‌ی خۆش ده‌وێت كه‌ خۆیان پاك ڕاده‌گرن .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : (مَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيَجْعَلَ عَلَيْكُمْ مِنْ حَرَجٍ وَلَٰكِنْ يُرِيدُ لِيُطَهِّرَكُمْ  .. ) . المائدة : 6 .

واته‌ : خوا نایه‌وێ هیچ جۆره‌ ته‌نگی و ناره‌‌حه‌تیه‌ك له‌ سه‌رتان دابنێ به‌ڵکو ئه‌یه‌وێ پاکتان بکاته‌وه‌ .

_ خوای په‌روه‌ردگار دڵی مرۆڤی به‌پاكی دروست كردووه‌ پاشان مرۆڤه‌كان به‌گوناه و تاوان پیسی ده‌كه‌ن ! .

بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌خواده‌پاڕایه‌وه‌ پاكی بكاته‌وه‌ له‌ گوناه و تاوان ؛ ده‌یفه‌رموو : ( خودایه‌ له‌گوناه و تاوان پاكم بكه‌وه‌ ؛ وه‌ك چۆن پۆشاكی سپی پاك ده‌كرێته‌وه‌ له‌چڵك و پیسی  ) . رواه مسلم .

وه‌ پیسترین تاوان تاوانی شركه‌ ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( فَاجْتَنِبُوا الرِّجْسَ مِنَ الْأَوْثَانِ) . الحج : 30 .

واته‌ : خۆتان دوور بخه‌نه‌وه‌ له‌و پیسی یه‌ که‌ بته‌کانه‌‌ .

بێگومان گشت ئه‌وكه‌سانه‌ی شه‌ریك بۆخوا داده‌نێن دڵی خۆیان پیس كردووه‌ به‌ پیسترینی پیسیه‌كان  .

_  گشت گوناه و تاوانه‌كان پیسن و دڵ پیس ده‌كه‌ن ؛ بۆیه‌ خوای په‌وره‌ردگار قه‌ده‌غه‌ و حه‌رامی كردوون .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : (وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ .. ) . الأعراف : 157 .

واته‌ :  شته‌خاوێن و پاکه‌کانیان بۆ حه‌ڵاڵ ده‌کات وه‌ شته‌ پیسه‌کانیان لێ حه‌رام و (قه‌ده‌غه‌) ده‌کات .

وه‌ هه‌ندێك له‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان پیسترن له‌هه‌ندێكیان ؛ بۆیه‌ خوای په‌روه‌ردگار ته‌وبه‌ و حه‌دده‌ شه‌رعیه‌كانی كردووه‌ به‌كه‌فاره‌ت و پاككه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ‌ له‌ گوناهه‌ گه‌وره‌كان .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنْصَابُ وَالْأَزْلَامُ رِجْسٌ مِنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ ) . المائدة : 90 .

واته‌ : ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ بێگومان ئاره‌ق و قومار و ئه‌و به‌ردانه‌ی که‌ کراون به‌ بت و ئه‌و پارچه‌ دارانه‌ی( که‌ به‌کارئه‌هێنرێن بۆ دیاری کردنی به‌ش و چاره‌نووس) ئه‌وانه‌ پیسن و له‌ کرده‌وه‌ی شه‌یتانن که‌واته‌ دوور که‌ونه‌وه‌ لێ ی تا ڕزگار و سه‌رفرازبن .

وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) – دوای ره‌جم كردنی پیاوێك به‌هۆی تاوانی زینا - فه‌رمووی : ( خۆتان به‌دووربگرن له‌م تاوانه‌ پیسه‌ كه‌ خوای په‌روه‌ردگار قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌ ؛ هه‌ركه‌سێك تووشی ئه‌م تاوانه‌بوو ئه‌وا با خۆی ئاشكرا نه‌كات و له‌نێوان خۆی خوا ته‌وبه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ بكات ؛ چونكه‌ به‌ڕاستی هه‌ركه‌سێك ئه‌م تاوانه‌ له‌خۆی ئاشكرا بكات و دانی پیادابنێت ئه‌وا حوكمی په‌رتووكی خوای په‌روه‌ردگاری به‌سه‌ردا جێ به‌جێ ده‌كه‌ین ) . حديث صحيح .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

15 / شوال / 1443 ك --- 16 / 5 / 2022 م