چیرۆكی ( أَصْحابُ الأُخْدُود ) خاوه‌نانی چاڵه‌ ئاگرینه‌كان كه‌ بۆ باوه‌ڕداران هه‌ڵیان گیرساندبوو !

چیرۆكی ( أَصْحابُ الأُخْدُود )

خاوه‌نانی چاڵه‌ ئاگرینه‌كان كه‌ بۆ باوه‌ڕداران هه‌ڵیان گیرساندبوو !

له‌سه‌رده‌می كۆندا پادشایه‌ك هه‌بووه‌ حوكمڕانی شارێكی ده‌كرد ؛ خه‌ڵكی كردبوو به‌ به‌نده‌ی خۆی ؛ وه‌ سحربازێكی هه‌بوو ته‌مه‌نی به‌ساڵاچووبوو ؛ سحربازه‌كه‌ به‌ پادشاكه‌ی وت ئه‌ی پادشا من وا به‌ته‌مه‌ن بوومه‌ بۆیه‌ مندالێكم بۆ بنێره‌ بۆ ئه‌وه‌ی فێری سحر و جادووی بكه‌م ؛ پادشا منداڵێكی بۆناردوو سحربازه‌كه‌ منداڵه‌كه‌ی فێری زانستی سحر ده‌كرد ؛ به‌ڵام خوای په‌روه‌ردگار خێری بۆ ئه‌م منداڵه‌ ویست ؛ ڕۆژێكیان له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ئه‌م منداڵه‌دا كاتێك ده‌چوو بۆلای سحربازه‌كه‌ راهیبێكی خواناس هه‌بوو كه‌ خوای په‌روه‌ردگاری به‌تاك و ته‌نها ده‌په‌رست ؛ منداڵه‌كه‌ له‌لای ئه‌م راهیبه‌ دانیشت و گوێی له‌قسه‌كانی ده‌گرت و زۆر سه‌رسام بوو پێی ؛ ڕۆژێكیان منداڵه‌كه‌ له‌ڕێگه‌كه‌دا ده‌ڕۆییشت بینی ئاژه‌ڵێكی زۆر گه‌وره‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌ی خه‌ڵكی وه‌ستاوه‌ و ڕێگه‌ی له‌خه‌ڵكی گرتووه‌ !

منداڵه‌كه‌ وتی : ئه‌مڕۆ بۆم ده‌ركه‌وێت كه‌ ئایه‌ راهیبه‌كه‌ باشتره‌ یان سحربازه‌كه‌ .

به‌ردێكی هه‌ڵگرت و وتی : خوایه‌ ئه‌گه‌ر كاری راهیبه‌كه‌ له‌لای تۆ خۆشه‌ویستره‌ له‌كاری سحربازه‌كه‌ ئه‌وا ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ له‌سه‌رده‌ستی من بكوژه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌ئاسانی به‌رێگه‌ی خۆیاندا بڕۆن ؛ به‌رده‌كه‌ی له‌ئاژه‌ڵه‌كه‌ گرت و راسته‌وخۆ كوشتی و خه‌ڵكی به‌رێگه‌ی خۆیاندا رۆییشتن !

منداڵه‌كه‌ هاته‌لای راهیبه‌كه‌ و هه‌واڵی ئه‌م رووداوه‌ی پێدا ؛ راهیبه‌كه‌ پێی وت كوره‌كه‌م تۆ ئه‌مرۆ له‌من باشتری وه‌ تۆ تاقی ده‌كرێیته‌وه‌ جا ئه‌گه‌ر تاقی كرایته‌وه‌ و تووشی ناخۆشی بووی ئه‌وا من نیشانی كه‌س مه‌ده‌ .

له‌رێز و كه‌ڕامه‌تی خوای په‌وره‌ردگار بۆ ئه‌م منداڵه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م منداڵه‌ شیفای كه‌سانی نابینا و نه‌خۆشی به‌ڵه‌كی و باقی نه‌خۆشیه‌كانی ده‌دا .

یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی پادشا نابینا بوو كاتێك هه‌واڵی ئه‌م منداڵه‌ی بیست به‌دیاریه‌كی زۆر چووه‌ لای منداڵه‌كه‌ و پێی وت ئه‌م زێر و پاره‌یه‌ گشتی بۆتۆ ئه‌گه‌ر چاوه‌كانم چاك بكه‌یته‌وه‌ ؛ منداڵه‌كه‌ پێی وت من شیفای هیچ كه‌سێك ناده‌م ئه‌وه‌ی شیفاده‌دات ته‌نها خوای په‌روه‌ردگاره‌ ؛ ئه‌گه‌ر تۆ باوه‌ڕ به‌خوا بێنی ئه‌وا له‌خوا ده‌پاڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شیفات بدات ؛ پیاوه‌ نابیناكه‌ باوه‌ری به‌خوا هێنا و خوای په‌وره‌دگار شیفای داو چاوه‌كانی بۆ گه‌ڕانده‌وه‌ .

پیاوه‌كه‌ كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ لای پادشا ؛ پادشا پێی وت كێ چاوه‌كانتی بۆ گه‌ڕانده‌وه‌ ؟

پیاوه‌كه‌ وتی : په‌روه‌ردگارم ؛ پادشا پێی وت ئایه‌ هیچ په‌وه‌ردگارێكت هه‌یه‌ جگه‌ له‌من ؟!

پیاوه‌كه‌ به‌پادشای وت : په‌روه‌ردگاری من و په‌روه‌ردگاری تۆ الله یه‌ .

پادشا ئه‌م پیاوه‌ی به‌ند كرد و ئه‌شكه‌نجه‌یدا هه‌تا منداڵه‌كه‌ی پێ ئاشكرا كرد ؛ منداڵه‌كه‌یان بۆ پادشا هێنا ؛ پادشا پێی وت كوره‌كه‌م وادیاره‌ جادووی تۆ گه‌ییشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌سانی نابینا و به‌ڵه‌ك چاك ده‌كه‌یته‌وه‌ ؛ منداڵه‌كه‌ به‌پادشای وت من شیفای هیچ كه‌سێك ناده‌م ته‌نها خوای په‌روه‌ردگار شیفای خه‌ڵك ده‌دات .

پادشا منداڵه‌كه‌ی به‌ند كرد و ئه‌شكه‌نجه‌یدا هه‌تا راهیبه‌كه‌ی پێ ئاشكرا كرد ؛ ئینجا راهیبه‌كه‌یان بۆلای پادشا هێنا ؛ پادشا پێی وت پاشگه‌ز به‌ره‌وه‌ له‌دینه‌كه‌ت ؛ به‌ڵام راهیبه‌كه‌ به‌قسه‌ی نه‌كرد ؛ پادشا فه‌رمانی كرد مشارێك بێنن له‌سه‌ر سه‌ری راهیبه‌كه‌ دابنێن و بیكه‌ن به‌دوو له‌ته‌وه‌ ؛ پاشان دوای كوشتنی راهیب پیاوه‌ نزیكه‌كه‌ی پادشایان هێنا ئه‌وه‌ی چاوه‌كانی چاك بووبوه‌وه‌ ؛ پادشا پێی وت پازگه‌زبه‌ره‌وه‌ له‌دینه‌كه‌ت ؛ پیاوه‌كه‌ به‌قسه‌ی نه‌كرد و ئارامی گرت ؛ ئینجا مشاریان هێنا له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ریان داناو ئه‌ویشیان كرد به‌دوو له‌ته‌وه‌ !

پاشان منداڵه‌كه‌یان هێنا و پادشا پێی وت پازگه‌زبه‌ره‌وه‌ له‌دینه‌كه‌ت ؛ منداڵه‌كه‌ رازی نه‌بوو و به‌قسه‌ی نه‌كرد ؛ پادشا به‌ سه‌ربازه‌كانی وت ئه‌م منداڵه‌ ببه‌نه‌ سه‌ر لوتكه‌ی چیا ئه‌گه‌ر پاشگه‌زبووه‌وه‌ له‌دینه‌كه‌ی ئه‌وا وازی لێبێنن ئه‌گه‌رنا فره‌ی بده‌نه‌ خواره‌وه‌ .

كاتێك منداڵه‌كه‌یان برده‌ سه‌ر لوتكه‌ی چیاكه‌ منداله‌كه‌ له‌خوا پارایه‌وه‌ و وتی : خوایه‌ بمپارێزه‌ له‌خراپه‌یان به‌وشته‌ی كه‌ خۆت ویستت له‌سه‌ریه‌تی .

راسته‌وخۆ چیاكه‌ هاته‌ له‌رزین و گشت سه‌ربازه‌كان له‌چیاكه‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ ! وه‌ منداڵه‌كه‌ به‌سه‌لامه‌تی گه‌ڕایه‌وه‌ لای پادشا .

ئینجا پادشا فه‌رمانی به‌سه‌ربازه‌كانی كرد و وتی ئه‌م منداڵه‌ ببه‌ن بۆ ناوه‌ڕاستی ده‌ریا ؛ ئه‌گه‌ر له‌دینه‌كه‌ی پاشگه‌ز بوه‌وه‌ ئه‌وا وازی لێ بێنن وه‌ ئه‌گه‌ر پاشگه‌زنه‌بوه‌وه‌ ئه‌وا فره‌ی بده‌نه‌ ناوده‌ریاكه‌ .

منداڵه‌كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ده‌ریاكه‌ له‌ناو كه‌شتیدا له‌خوای گه‌وره‌ پارایه‌وه‌ و وتی : خوایه‌ بمپارێزه‌ له‌خراپه‌یان به‌وشته‌ی كه‌ خۆت ویستت له‌سه‌ریه‌تی .

كه‌شتیه‌كه‌ هاوسه‌نگی تێك چوو و گشتیان كه‌وتنه‌ ناوده‌ریاكه‌ و خنكان ؛  منداڵه‌كه‌ به‌سه‌لامه‌تی گه‌ڕایه‌وه‌ لای پادشا و وتی : ئه‌ی پادشا تۆ ناتوانی من بكوژی هه‌تا ئه‌وشته‌ نه‌كه‌ی كه‌ من فه‌رمانت پێ ده‌كه‌م .

 پادشا وتی ئه‌وشته‌ چیه‌ ؟

منداڵه‌كه‌ پێی وت : خه‌ڵكی له‌شوێنێك كۆبكه‌وه‌ وه‌ من له‌دارێك ببه‌سته‌وه‌ پاشان تیرێك له‌ ناو تووره‌كه‌ی تیره‌كانم ده‌ربێنه‌ و تیره‌كه‌م تێ بگره‌ و بڵێ : به‌ناوی په‌روه‌ردگاری ئه‌م منداڵه‌ .

تۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مكاره‌ بكه‌ی ئه‌وا ده‌توانی من بكوژێ ؛ پاداشا خه‌ڵكی كۆكرده‌وه‌ و تیری خسته‌ ناوكه‌وان و وتی : به‌ناوی په‌روه‌ردگاری ئه‌م منداڵه‌ ؛ تیره‌كه‌ به‌رمنداڵه‌كه‌ كه‌وت و مرد ؛ پاشان خه‌ڵكی كاتێك ئه‌مه‌یان بینی به‌ده‌نگێكی به‌رز وتیان باوه‌ڕمان هێنا به‌ په‌روه‌ردگاری ئه‌م منداڵه‌ !

به‌پادشا وترا ئه‌ی پادشا ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسای رویدا ! خه‌ڵكی باوه‌ریان به‌خوای ئه‌م منداله‌ هێنا !

ئینجا پادشا فه‌رمانی كرد به‌ چال هه‌ڵكه‌ندن له‌لێواری ڕێگاكان و ئاگر كردنه‌وه‌ تیایدا ؛ پاشان وتی هه‌ركه‌سێك پاشگه‌زنه‌بێته‌وه‌ له‌دینه‌كه‌ی ئه‌وا فره‌ی بده‌نه‌ ناو ئه‌م چاڵه‌ ئاگرینانه‌وه‌ .

سه‌ربازه‌كان فه‌رمانی پادشایان جێ به‌جێ كرد هه‌تا گه‌ییشتن به‌ ئافره‌تێكی باوه‌ردار كه‌ مندالێكی ساوای له‌باوه‌ش بوو ؛ به‌ره‌ودواوه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ له‌به‌ر منداڵه‌كه‌ی ؛ منداڵه‌كه‌ به‌ فه‌رمانی خوا هاته‌ قسه‌كردن و وتی ئه‌ی دایكه‌ ئارامبگره‌ تۆ له‌سه‌ر حه‌قی ؛ ئینجا ئافره‌ته‌ش له‌گه‌ل منداڵه‌كه‌ی خرایه‌ ناو چاڵه‌كه‌وه‌ !

ئائه‌مانه‌ پێیان ده‌وترێت چیرۆكی ( أَصْحابُ الأُخْدُود ) هاوه‌ڵانی چاڵه‌ ئاگرینه‌كان .

ئه‌وانه‌ن كه‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌سوره‌تی ( البروج ) بۆمانی باس كردووه‌ .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( قُتِلَ أَصْحَابُ الْأُخْدُودِ (4) النَّارِ ذَاتِ الْوَقُودِ (5) إِذْ هُمْ عَلَيْهَا قُعُودٌ (6) وَهُمْ عَلَى مَا يَفْعَلُونَ بِالْمُؤْمِنِينَ شُهُودٌ (7) وَمَا نَقَمُوا مِنْهُمْ إِلَّا أَنْ يُؤْمِنُوا بِاللَّهِ الْعَزِيزِ الْحَمِيدِ (8) الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ ( 9 ) .. ) . البروج : 4 – 9 .

واته‌ : به‌کوشت چن ، نه‌فرینیان لێ بێت ، ئه‌وانه‌ی که‌ چاڵیان هه‌ڵکه‌ند (بۆ ئیمانداران) ؛ ئاگری داگیرساو و به‌تینیان تێدا کرده‌وه‌ ؛ ئه‌و کاته‌ی که‌ به‌ ده‌وریدا دانیشتبوون ؛له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێری ئه‌و کاره‌ساته‌یان ده‌کرد که‌ به‌سه‌ر باوه‌ڕداراندا ده‌هێنرێت و خۆیان له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیان ده‌کرد ؛ ئه‌و ڕق و داخه‌یان له‌ ئیمانداران ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو که‌ ئه‌وان باوه‌ڕی به‌تینیان ده‌هێنا به‌ خوای باڵاده‌ستی شایسته‌ی سوپاسگوزاری ؛  ئه‌و زاته‌ی که‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێکه‌ له‌ ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا، ئه‌و خوایه‌ی شایه‌ته‌ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك و ئاگای له‌ هه‌موو شتێكه‌ .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

16 / شوال / 1443 ك ---- 17 / 5 / 2022 م‌