بیستن و قسه‌كردنی مردووان

بیستن و قسه‌كردنی مردووان

بێگومان به‌ به‌ڵگه‌ی فه‌رمووده‌ی سه‌حیح - له‌هه‌ندێك حاله‌تدا - مردوو قسه‌ ده‌بیستێت وه‌ قسه‌ش ده‌كات به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ قسه‌كانی ببیستین .

پێغه‌مبه‌ری خوا ( ﷺ ) فه‌رموویه‌تی : ( کاتێک مردوو لەسەر دارتەرم دادەنرێت وخەڵکی لەسەر شانەکانیان هەڵیدەگرن ، ئەگەر مردوه‌كه‌ چاکەکار بێت ، دەڵێت : پێشم بخەن ، پێشم بخەن ، وه‌ ئەگەر چاکەکار نەبێت (خراپەکار بێت)، دەڵێت : چی تیاچوونێکە ! بۆ کوێی دەبەن؟ هەموو شتێک دەنگی دەبیستێت جگە لە مرۆڤ ، ئەگەر مرۆڤ گوێی لێبێت لەهۆش خۆی دەچێت ) . رواه البخاري .

وه‌ هه‌روه‌ها مردوو گوێبیستی ده‌نگی نه‌عله‌ و پێڵاوی ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌ینێژن و دواتر به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ !

پێغه‌مبه‌ری خوا ( ﷺ ) فه‌رموویه‌تی : ( کاتێک مردوو دەخرێتە ناو گۆر وە خەڵکى دەرۆن گوێی لە دەنگى نەعلەکانیان دەبێت ؛  لەوکاتە دوو فریشته‌ دینه‌لای و دایده‌نیشێنن و  پرسیاری لێدەکەن ؛ پێی ده‌ڵێن : چى دەڵێی ده‌ربارەى ئەو پیاوە مەبەستیان (پێغه‌مبه‌ره‌ ( ) ؟ ئەگەر مردووه‌كه‌ ئیمان دار بێت دەلێت شاهیدى دەدەم کەوا ئه‌و بەندەو نێردراوى خودایە ؛  لەو کاتە پێی ده‌وترێت سه‌یری شوێنی خۆت بكه‌ له‌ئاگر خوا بۆتی گۆڕی بە بەهەشت  ؛ هه‌ردوو شوێنه‌كه‌ی خۆی ده‌بینێت ) . متفق علیه .

پێغه‌مبه‌ری خوا ( ﷺ ) له‌جه‌نگی به‌در قسه‌ی له‌گه‌ڵ مردووی كافره‌كان ده‌كرد ئه‌وانه‌ی ته‌رمه‌كه‌یان خرایه‌ ناو بیره‌كانی به‌در ؛ پێی فه‌رموون : ( ئایه‌ گه‌ییشتن به‌وحه‌قه‌ی خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی به‌ڵێنی پێدابوون ؟ به‌ڕاستی من گه‌ییشتم به‌وحه‌قه‌ی خوای په‌روه‌ردگار پێی دابووم ؛ عومه‌ر وتی : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ( ﷺ ) چۆن قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ولاشانه‌ ده‌كه‌ی كه‌ رۆحیان تیادا نه‌ماوه‌ ؟ فه‌رمووی : ئێوه‌ له‌وان باشتر نابیستن له‌وه‌ی من پێیان ده‌ڵێم – واته‌ قسه‌كانی من ده‌بیستن – به‌ڵام ناتوانن وه‌ڵامی قسه‌كانم بده‌نه‌وه‌ ) . متفق علیه .

خوای په‌روه‌ردگار له‌م حاله‌ته‌دا وای لێكردن قسه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ( ﷺ ) ببیستن بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رزه‌نشتكردن و خه‌فه‌ت و په‌شیمانی بۆیان .

چونكه‌ له‌ ئه‌سڵدا مردوو قسه‌ی زیندوان نابیستێت ته‌نها ئه‌وحاله‌تانه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ڵگه‌ی له‌باره‌وه‌‌ هاتووه‌ ؛ به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( وَمَا أَنْتَ بِمُسْمِعٍ مَنْ فِي الْقُبُورِ ) . فاطر : 22 .

 واته‌ : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله‌ علیه‌ وسلم تۆ ناتوانیت په‌یامه‌که‌ت بگه‌یه‌نیت به‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ناو گۆڕدان (مه‌به‌ست کافرانه‌ که‌ وه‌ك مردوو نابیستن و ئه‌گه‌ر بشبیستن سوودی لێ وه‌رناگرن) .

كه‌واته‌ موسڵمانی خۆشه‌ویست ئاگاداربه‌ له‌ نزاو پاڕانه‌وه‌ له‌مردووان ؛ له‌هیچ مردوویه‌ك نه‌پاڕێیته‌وه‌ چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌مكاره‌ شه‌ریك بۆخوادانه‌ و له‌گه‌وره‌ترینی تاوانه‌كانه‌ .

پێشه‌وا ئیبن قه‌ییم – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – ده‌رباره‌ی شركی گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : له‌جۆره‌كانی شرك : بریتیه‌ له‌ داواكاردن له‌ مردووان ؛ وه‌هانا بردن بۆیان ؛ كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌سڵ و بنچینه‌ی شركه‌ له‌ناو خه‌ڵك ؛ به‌ڕاستی مردوو هیچ سودێك و هیچ زیانێكی بۆ نه‌فسی خۆی به‌ده‌ست نیه‌ چ جای ئه‌وه‌ی هانای بۆ ببرێت و داوای جێ به‌جێ بوونی كار و باری لێبكرێت ! .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( إِنْ تَدْعُوهُمْ لَا يَسْمَعُوا دُعَاءَكُمْ وَلَوْ سَمِعُوا مَا اسْتَجَابُوا لَكُمْ ۖ وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ يَكْفُرُونَ بِشِرْكِكُمْ ۚ وَلَا يُنَبِّئُكَ مِثْلُ خَبِيرٍ ) . فاطر : 14 .

 واته‌ : خۆ ئه‌گه‌ر هاناو هاواریان بۆ به‌رن گۆێیان لێتان نییه‌ و نابیستن ، ئه‌گه‌ر بشبیستن وه‌ڵامتان ناده‌نه‌وه‌ ‌، ڕۆژی قیامه‌تیش حاشا ده‌که‌ن لێتان و به‌رین له‌وشه‌ریك بۆخوادانانه‌تان ، بێگومان که‌س نییه‌ وه‌ک (خوا) ئاگاو زانا بێت و هه‌واڵی ڕاست و دروست بگه‌یه‌نیت .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

9 / ذوالقعدة / 1443 ك --- 8 / 6 / 2022 م