بیستنی سزای ناو گۆڕ !

بیستنی سزای ناو گۆڕ !

پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ فه‌رموویه‌تی : ( ئه‌هلی گۆره‌كان – ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ و تاوانبارن – به‌شێوه‌یه‌كی زۆر توند سزا ده‌درێن ؛ هه‌موو گیانله‌به‌ران ده‌نگی سزاكه‌یان ده‌بیستێت – ته‌نها مرۆڤ نه‌بێت - ! ) . رواه البخاري .

 

_ زه‌یدی كوڕی ثابت – ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : ( جارێكیان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوابووین ﷺ به‌لای بێستانێكی هۆزی به‌نی نه‌جار تێپه‌ڕین ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ له‌سه‌ر پشتی هێسترێك بوو ؛ له‌ناكاو هێستره‌كه‌ له‌ڕێگاكه‌ لایدا و خه‌ریك بوو پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ بخاته‌ خواره‌وه‌ ؛ سه‌یرمان كرد بینیمان چه‌ند گۆڕێك له‌م شوێنه‌ هه‌بوو كه‌ ژماره‌یان شه‌ش یان پێنج یان چوار گۆڕ ده‌بوو ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ فه‌رمووی : كێ خاوه‌نی ئه‌م گۆڕانه‌ ده‌ناسێت ؟ پیاوێك وتی : من ده‌یانناسم  ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ فه‌رمووی : ئه‌وانه‌ له‌كه‌یه‌وه‌ مردوون ؟ ئایه‌ له‌سه‌ر شرك و بێ باوه‌ڕی مردوون یان له‌سه‌ر ئیمان و ته‌ها خواپه‌رستی ؟ وتی : له‌سه‌ر شرك و بێ باوه‌ری مردوون ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ فه‌رمووی : به‌ڕاستی ئه‌م خه‌ڵكه‌ له‌ناو گۆره‌كانیان تاقی ده‌كرێنه‌وه‌ ؛ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ناشتنی مردوان نه‌بوایه‌ كه‌ ئێوه‌ پێی هه‌ڵده‌ستن ؛ ئه‌وا داوام له‌خوا ده‌كرد گوێبیستی سزای ناو گۆڕتان بكات وه‌ك چۆن من ده‌یبیستم .

پاشان پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ ڕووی كرده‌ ئێمه‌ و فه‌رمووی : په‌نا به‌خوا بگرن له‌سزای ئاگر ؛ وتیان : په‌نا به‌خوا ده‌گرین له‌سزای ئاگر ؛ وه‌ فه‌رمووی : په‌نا به‌خوا بگرن له‌سزای ناو گۆڕ ؛ وتیان : په‌نا به‌خوا ده‌گرین له‌سزای ناو گۆڕ  ؛ وه‌ فه‌رمووی : په‌نا بخوا بگرن له‌فیتنه‌كان ؛ ئه‌وانه‌ی دیارن وه‌ ئه‌وانه‌ی نادیارن ؛ وتیان : په‌نا به‌خوا ده‌گرین له‌وفیتنه‌ی دیارن وه‌ له‌وفیتنانه‌ی نادریان ؛ وه‌ فه‌رمووی : په‌نا به‌خوا بگرن له‌فیتنه‌ی ده‌جال ؛ وتیان : په‌نا به‌خوا ده‌گرین له‌فیتنه‌ی ده‌جال  ) .  صحیح مسلم .

 

_ ئه‌بو ئه‌یووبی ئه‌نصاری – ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : ( پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ له‌دوای خۆر ئاوابوون چووه‌ ده‌ره‌وه‌ ؛ گوێی له‌ ده‌نگێكی سامناك بوو ؛ فه‌رمووی : ئه‌وه‌ ده‌نگی جووله‌كه‌كانه‌ له‌ناو گۆڕدا سزا ده‌درێن ) . صحیح بخاری ومسلم .

 

_ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ فه‌رموویه‌تی : ( كاتێك جه‌نازه‌ له‌سه‌ر شان هه‌ڵده‌گرن ؛ ئه‌گه‌ره‌ جه‌نازه‌كه‌ كه‌سێكی چاك و باوه‌ڕدار بووبێت ئه‌وا ده‌ڵێت : زوو بمبه‌ن زوو بمبه‌ن ؛ وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی بێ باوه‌ڕ و خراپ بووبێت هاوار ده‌كات و ده‌ڵێت : ئه‌ی هاوار بۆ كوێ ده‌مبه‌ن ! هه‌موو شتێك ده‌نگی ده‌بیستێت ته‌نها مرۆڤ نه‌بێ ؛ ئه‌گه‌ر مرۆڤ ده‌نگی ببیستێت له‌ترسا بێ هۆش ده‌بێت و ده‌بوورێته‌وه‌ ! ) . صحیح البخاري .

 

_ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ فه‌رموویه‌تی : ( كه‌سی كافر و دووڕوو كاتێك له‌ناو گۆڕدا سێ پرسیاره‌كه‌ی لێ ده‌كرێت له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت نازانم ئه‌وه‌م ده‌وت كه‌ خه‌ڵكی ده‌یانوت ؛ پێی ده‌وترێت ده‌قه‌ت مه‌زانه‌ ؛ پاشان به‌چه‌كوشێكی ئاسن له‌نێوان هه‌ردوو گوێی ده‌درێت ؛ له‌به‌ر ئازاری ئه‌م لێدانه‌ به‌ده‌نگێكی زۆر به‌رز ده‌قیژێنێت و هاوار ده‌كات ؛ گشت ئه‌و دروستكراوانه‌ی لێی نزیكن ده‌نگه‌كه‌ی ده‌بیستن ته‌نها مرۆڤ و جنۆكه‌ نه‌بێت ! ) . صحيح البخاري .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

2 / محرم / 1444 ه ----- 31 / 7 / 2022 م