ببه‌خشه‌ و مه‌ترسه

ببه‌خشه‌ و مه‌ترسه

 

_ هه‌رگیز ماڵ به‌ به‌خشین كه‌م ناكات ..

ئه‌مه‌ به‌ڵێنی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمانه‌ (صلی الله علیه وسلم) ..

‌ فه‌رموویه‌تی : ( مَا نَقَصَتْ صَدقَةٌ مِنْ مالٍ، وَمَا زَادَ اللَّه عَبداً بِعَفوٍ إِلاَّ عِزّاً، ومَا تَوَاضَعَ أَحَدٌ للَّهِ إِلاَّ رَفَعَهُ اللَّهُ ) .  رواه مسلم .

واته‌ : ماڵ به‌سه‌ده‌قه‌ كه‌م ناكات ؛ وه‌ خوای په‌روه‌ردگار به‌نده‌كه‌ی به‌ لێبوورده‌یی شكۆدار ده‌كات ؛ وه‌ هه‌ركه‌سێك بۆخوا ملكه‌چ بێت و خۆی به‌كه‌م بزانێت ئیللا خوای په‌روه‌ردگار به‌رزی ده‌كاته‌وه‌ .

_ ماڵ به‌ به‌خشین زۆر ده‌بێت و خوا به‌ره‌كه‌تی تێ ده‌خات ..

‌خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : ( وَمَا أَنْفَقْتُمْ مِنْ شَيْءٍ فَهُوَ يُخْلِفُهُ  وَهُوَ خَيْرُ الرَّازِقِينَ ) . سبإ : 39 .

واته‌ : ئێوه‌ هه‌ر شتێك ببه‌خشن ئه‌وه‌ خوا جێگه‌ی پڕ ده‌کاته‌وه‌ ؛ وه‌ خوا چاکترینی ڕۆزی ده‌رانه .‌

وه‌ پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی : هیچ ڕۆژێك نییە کە بەندە بەیانی بەسەردا بێت ئیلا دوو فریشتە دائەبەزن و یەکێکیان ئەفەرمووێت : ئەی خوایە ببەخشە بەو کەسەی کە ئەبەخشێت ، وە ئەوەی تریش ئەفەرمووێت: ماڵی ئەوکەسە بفەوتێنە کە نابەخشێت .

_ به‌خشین به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕاستیه‌تی ئیمانی خاوه‌نه‌كه‌ی وه‌ هۆكاری به‌ده‌ست هێنانی خێر و پاداشته‌ :

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : (مَثَلُ الَّذِينَ يُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ كَمَثَلِ حَبَّةٍ أَنْبَتَتْ سَبْعَ سَنَابِلَ فِي كُلِّ سُنْبُلَةٍ مِائَةُ حَبَّةٍ  وَاللَّهُ يُضَاعِفُ لِمَنْ يَشَاءُ  وَاللَّهُ وَاسِعٌ عَلِيمٌ ) . البقرة : 261 .

 واته‌ : نمونه‌ی ئه‌وانه‌ی که‌ ماڵ و سامانیان ده‌به‌خشن له‌ پێناوی خوادا، وه‌کو تۆوێک وایه‌ که‌ بڕوێت و حه‌وت گوڵی گرتبێت، له‌ هه‌ر گوڵێکدا سه‌د دانه‌ی تیادا بێت، خوایش بۆ هه‌ر که‌س که‌ بیه‌وێت (به‌ گوێره‌ی نیه‌تی) پاداشت چه‌ند به‌رامبه‌ر ده‌کات و خوا فراوانگیر و زانایه .

وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : هەركەسێك بە ئەندازەى لەتە خورمایەكى حەڵاڵ خێر بكات ؛ وه‌ به‌رز نابێته‌وه‌ بۆلای خوا جگه‌ له‌ حه‌ڵاڵ و پاك ؛ خواى گەورە بە دەستى راستى وەرى دەگرێت وگەورەى دەكات بۆ خاوەنەكەى تا بەئەندازەى شاخێكى لێ دێت ، هەروەكو چۆن یەكێك لە ئێوە بێچوە ئەسپەكەى گەورە دەكات .

وه‌ فه‌رموویه‌تی : به‌راستی تۆ هه‌ر شتێك له‌پێناو خوا ببه‌خشی ئیلا پاداشتی له‌سه‌ر وه‌رده‌گری ؛هه‌تا پاروه‌ نانێك به‌رز بكه‌یته‌وه‌ بۆ ناو ده‌می خێزانت ئه‌وا خێر و پاداشتی له‌سه‌ر وه‌رده‌گری .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

5 / 3 / 2023