په‌یامێك بۆ گه‌نجان ده‌رباره‌ی گرنگی هاوڕێی چاك و مه‌ترسی هاوڕێی خراپ

په‌یامێك بۆ گه‌نجان

ده‌رباره‌ی گرنگی هاوڕێی چاك و مه‌ترسی هاوڕێی خراپ

 

حه‌سه‌نی كوڕی صالح – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : گوێم له‌ شوعه‌یبی كوڕی حه‌رب بوو ده‌یفه‌رموو : دامه‌نیشه‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ دوو جۆره‌ كه‌س نه‌بێت ؛ یه‌كێكیان ئه‌وكه‌سه‌یه‌ كاتێك له‌لای داده‌نیشی فێری زانستی به‌سوودت ده‌كات و لێی وه‌رده‌گری ؛ وه‌ ئه‌وه‌ی تریان ئه‌وكه‌سه‌یه‌ تۆ فێری زانستی ده‌كه‌یت و لێ وه‌رده‌گرێت ؛ وه‌ ئه‌وه‌ی سێیه‌م لێی ڕابكه‌ و له‌گه‌ڵی دامه‌نیشه‌ .

بێگومان ئه‌م ئامۆژگاریه‌ی شوعه‌یبی كوڕی حه‌رب ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ گرنگی هاوڕێی چاك .

چه‌ندین گه‌نج هه‌یه‌ ژیانی وێران بووه‌ به‌هۆی هاوڕێی خراپ !

وه‌ چه‌ندین گه‌نج هه‌یه‌ ژیانی خۆش و دره‌وشاوه‌ بووه‌ به‌هۆی هاوڕێی چاك .

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تۆ هاوڕێی خراپت هه‌یه‌ و هانت ده‌ده‌ن بۆ تاوان و خراپه‌كاری وه‌ك ئاره‌ق خواردنه‌وه‌ و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و داوێن پیسی و باقی تاوانه‌كان ؛ ئه‌وا لێی ڕابكه‌ و هاوڕێیه‌تی مه‌كه‌ ؛ به‌بێ دوو دڵی لێی ڕابكه‌ وه‌ك ڕاكردن له‌وكه‌سه‌ی كه‌‌ نه‌خۆشی گولی  لێیه‌ .

به‌هۆی هاوڕێی خراپه‌وه‌ نه‌فست له‌ده‌ست ده‌ده‌ی ؛ وه‌ خێزانه‌كه‌ت له‌ده‌ست ده‌ده‌ی ؛ وه‌ منداڵه‌كانت له‌ده‌ست ده‌ده‌ی ؛ وه‌ ماڵ و سامانت له‌ده‌ست ده‌ده‌ی .

ئایه‌ هاوڕێی خراپ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ نه‌فسی خۆت و خێزان و ماڵ و منداڵت له‌ده‌ست بده‌ی ؟!

وه‌ له‌هه‌مووی گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه‌ خۆشه‌ویستی خوا له‌ده‌ست بده‌ی به‌هۆی هاوڕێی خراپه‌وه‌ !

سوێندت ده‌ده‌م به‌خوا تۆ خۆت دادوه‌ربه‌ بزانه‌ په‌وره‌ردگار له‌قورئانی پیرۆزدا فه‌رمانی چێ پێكردین و كامه‌ هاوڕێی بۆ ئێمه‌ ده‌وێت .

فه‌رموویه‌تی : ( ( وَاصْبِرْ نَفْسَكَ مَعَ الَّذِينَ يَدْعُونَ رَبَّهُمْ بِالْغَدَاةِ وَالْعَشِيِّ يُرِيدُونَ وَجْهَهُ  وَلَا تَعْدُ عَيْنَاكَ عَنْهُمْ تُرِيدُ زِينَةَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا  وَلَا تُطِعْ مَنْ أَغْفَلْنَا قَلْبَهُ عَنْ ذِكْرِنَا وَاتَّبَعَ هَوَاهُ وَكَانَ أَمْرُهُ فُرُطًا ) . الكهف : 28

واته‌ : ئارام بگره‌و خۆت ڕابگره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا که‌ خواپه‌رستی ده‌که‌ن و یادی په‌روه‌ردگاریان ویردی سه‌رزاریانه‌ له‌ به‌ره‌به‌یان و ده‌مه‌و ئێواراندا، مه‌به‌ستیانه‌و ده‌یانه‌وێت که‌ ئه‌و زاته‌ له‌ خۆیان ڕازی بکه‌ن، ڕوو له‌وان وه‌رمه‌گێڕه‌و (ڕوو مه‌که‌ دنیاپه‌رستان و ده‌وڵه‌مه‌ندان) له‌کاتێکدا تۆ زینه‌ت و ڕازاوه‌یی ژیانی دنیات بوێت و به‌گوێی ئه‌وجۆره‌ که‌سه‌ مه‌که‌ که‌ دڵیمان غافڵ کردووه‌ له‌ یادی خۆمان (به‌هۆی دنیاپه‌رستیه‌وه‌) شوێنی ئاره‌زووی خۆی که‌وتووه‌و هه‌رچی کاروباری هه‌یه‌ بێ سه‌رو بنه‌و له‌ سنوور ده‌رچووه .

الله (جل جلاله) زانا و دانایه‌ وه‌ زۆر شاره‌زایه‌ جا كاتێك ئه‌م په‌روه‌ردگاره‌ زانا و دانا و شاره‌زایه‌ تۆی ڕێنموویی كرد بۆ هاوڕێیه‌تی كردنی كه‌سانی چاك ئه‌وا گوێڕایه‌ڵی بكه‌ و سه‌رفرازی دونیا و دواڕۆژ ده‌بی .

هیچ قسه‌یه‌ك به‌رزترنیه‌ له‌ قسه‌ی خوای په‌روه‌ردگار .

له‌دوای قسه‌ی په‌روه‌ردگار به‌دوای هیچ قسه‌یه‌كی تردا مه‌ڕۆ .

 له‌دوای ڕێنموویی خوای په‌روه‌ردگار به‌دوای هیچ ڕێنموویه‌كی تردا مه‌ڕۆ .

گرنگترین هۆكار بۆ باشبوونی نه‌فست ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو كه‌سانێكی چاك ژیان به‌سه‌ر به‌ری .

پێویسته‌ هه‌وڵ بده‌ی تێ بكۆشی بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێی چاك .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمانی به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌كات (صلی الله علیه وسلم) ئارام بگرێت له‌گه‌ڵ هاوڕێ چاكه‌كانی و وازیان لێ نه‌هێنێت .

ئه‌گه‌ر بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) پێویست بێت هاوڕێیه‌تی كه‌سانی چاك بكات و ئارام بگرێت له‌گه‌ڵیان و وازیان لێ نه‌هێنێت ئه‌ی ئێمه‌ ده‌بێت چه‌ند پێویستیمان به‌ هاوڕێی چاك بێت ؟!

هه‌رگیز ناكرێت بڵێی من خۆم باش ده‌بم ئه‌گه‌رچی هاوڕێكانیشم خراپ بن ؛ هه‌رگیز شتی وانابێت ؛ زۆر قورسه‌ .

هاوڕێیه‌تی گه‌نجێك بكه‌ نوێژه‌كانی ده‌كات ؛ وه‌ ناچێت بۆ شوێنه‌ حه‌رامه‌كان ؛ وه‌ هانت نادات بۆ خواردنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان .

ئایه‌ هاوڕێی چاك له‌كوێ بدۆزمه‌وه‌ ؟

له‌ شوێنه‌ چاكه‌كان ده‌یدۆزیته‌وه‌ ؛ له‌ مزگه‌وته‌كان ؛ بڕۆ بۆ بازنه‌ی وانه‌ شه‌رعیه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز له‌وێ هاوڕێی چاك ده‌ناسی و سوودیان لێ ده‌بینی .

هاوه‌ڵی به‌ڕێز ئه‌بو هوره‌یره‌ - ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : فه‌رموویه‌تی : پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رمووی : ( أَنَّ رَجُلًا زَارَ أَخًا لَهُ فِي قَرْيَةٍ أُخْرَى ، فَأَرْصَدَ اللَّهُ لَهُ عَلَى مَدْرَجَتِهِ مَلَكًا قَالَ أَيْنَ تُرِيدُ؟ قَالَ: أُرِيدُ أَخًا لِي فِي هَذِهِ الْقَرْيَةِ. قَالَ : هَلْ لَكَ عَلَيْهِ مِنْ نِعْمَةٍ تَرُّبُّهَا؟ قَالَ : لَا غَيْرَ أَنِّي أَحْبَبْتُهُ فِي اللَّهِ ، قَالَ : فَإِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكَ بِأَنَّ اللَّهَ قَدْ أَحَبَّكَ كَمَا أَحْبَبْتَهُ فِيهِ  ) . رَوَاهُ مُسْلِمٌ .

واتە : پیاوێک سەردانی برایەکی دەکرد لەگوندێکی تردا ؛ خوای گەورە فریشتەیەکی ناردە سەر رێگاکەی ( بۆ ئەوەی پرسیاری لێ بکات لەبەرچی سەردانی ئەو برایەی دەکات ) ؛ فریشتەکە بەو پیاوەی وت : بۆ کوێ دەرۆی ؟ پیاوەکە ووتی : دەچمەلای ئەو برایەم کە لەم گوندەیە ؛ فریشتەکە ووتی : ئایە ئەو پیاوە هیچ چاکەیەکی لەگەلأ تۆ کردوە هەتا لەبەرامبەردا سوپاسی بکەی و سەردانی بکەی ؟ پیاوەکە وتی : نەخێر تەنها لەپێناو خوای گەورە خۆشم دەوێت . فریشتەکە وتی : من نێردراوی خوای گەورەم بۆلای تۆ بۆ ئەوەی پێت ڕابگەیەنم کەوا خوای گەورە تۆی خۆش دەوێت هەروەکو چۆن ئەو برایەت لەپێناو ئەودا خۆش دەوێت .

الله أكبر ...

سه‌یربكه‌ن قه‌دری خۆش ویستن له‌پێناو خوا چه‌ند گه‌وره‌ و مه‌زنه‌ !

هه‌روه‌ها هاوه‌ڵی به‌ڕێز ئه‌بو هوره‌یره‌ - ره‌زای خوای لێبیت – فه‌رموویه‌تی : پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رمووی : (إِنَّ اللَّهَ يَقُولُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ : أَيْنَ الْمُتَحَابُّونَ بِجَلَالِي؟ الْيَوْمَ أُظِلُّهُمْ فِي ظِلِّي يَوْمَ لَا ظِلَّ إِلَّا ظِلِّي ) . رواه مسلم .

واته‌ :  به‌ڕاستی خوای باڵاده‌ست له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا ده‌فه‌رمووێت : كوان ئه‌وانه‌ی كه‌ یه‌كتریان له‌به‌ر خاتری من خۆش ده‌ویست ؟ ئه‌مڕۆ من ده‌یانخه‌مه‌ ژێر سێبه‌ری خۆمه‌وه ‌، له‌ ڕۆژێكدا كه‌ هیچ سێبه‌رێك نییه‌ ، بێجگه‌ سێبه‌ری من .

ئه‌ی گه‌نج بڕۆ بۆ مزگه‌وته‌كان و به‌شداری وانه‌ی فێربوونی قورئانی پیرۆز و وانه‌ شه‌رعیه‌كان بكه‌ .

به‌ڕاستی هاوڕێی چاك پله‌وپایه‌ی زۆر مه‌زنی هه‌یه‌ له‌لای خوای په‌روه‌ردگار .

به‌دوای ئه‌م جۆره‌ هاوڕێیه‌دا بگه‌ڕێ و له‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ده‌ستی پێوه‌بگره‌ .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌لاڵه‌یی .

8/8/2023