ره‌وشت و سیفه‌ته‌ جوانه‌كانی مێرد‌ی موسڵمان

ره‌وشت و سیفه‌ته‌ جوانه‌كانی مێرد‌ی موسڵمان

 

ئایه‌ گرنگترینی ئه‌و سیفاتانه‌ چین كه‌ واجبه‌ له‌ مێردی موسڵماندا هه‌بێت ؟

وه‌ڵام :

له‌ گرنگترینی ئه‌و سیفاتانه‌ی واجبه‌ له‌ مێردی موسڵمان هه‌بێت ( دینه‌ ) ؛ پێویسته‌ موسڵمانێكی دیندار بێت و په‌یوه‌ست بێت به‌هه‌موو دروشمه‌كانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام .

وه‌ پێویسته‌ وه‌لی ئه‌مری ئافره‌ته‌كه‌ به‌دواداچوون بكات بۆ ناسینی ئه‌و پیاوه‌ ؛ ته‌نها به‌ڕووكه‌شی ئه‌م پیاوه‌ هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێك .

له‌‌گرنگترینی ئه‌وشتانه‌ی پرسیاری له‌باره‌یه‌وه‌ بكات نوێژكردنی ئه‌و پیاوه‌یه‌ ؛ ئه‌گه‌ر مافی خوای په‌روه‌ردگار پێشێلبكات ئه‌وا بێگومان مافی جگه‌ له‌خواش پێشێل ده‌كات .

پیاوی باوه‌ڕدار سته‌م له‌خێزانی ناكات ئه‌گه‌ر خۆشی ویست ڕێزی لێ ده‌گرێت ؛ وه‌ ئه‌گه‌ر ڕقی لێی بوو سته‌می لێ ناكات وه‌ سووك و ریسوای ناكات ؛ ئه‌م ره‌وشته‌ له‌جگه‌ موسڵمانی ڕاستگۆ زۆر به‌كه‌می بوونی هه‌یه‌ .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ  ) . الحجرات : 13 .

واته‌ : به‌ڕاستی به‌ڕێز ترینتان لای خوا پارێزگار ترینتانه‌ .

وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : ( ئەگەر کەسێک هاتە داوای کچتان کە لە دین و ڕەوشتی ڕازی بوون ئەوە كچه‌كه‌تانی بدەنێ ، ئەگەر وا نەکەن ئەوە ئەبێتە فیتنە لە سەر زەوی وە فەسادێکی زۆر گەورە و فراوان ) . حديث صحيح .

وه‌ باشتروایه‌ له‌گه‌ڵ دینداریه‌كه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌یكی دیندار و ناسراوبێت ؛ ئه‌گه‌ر دوو پیاو داخوازی ئافره‌تێكیان كرد له‌دینداریدا وه‌كو یه‌ك بوون ئه‌وا ئه‌وه‌یان پێش ده‌خرێت كه‌ له‌ دینداره‌ و له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی پاك و دیندار و ناسراوه‌ ؛ به‌ومه‌رجه‌ی ئه‌وه‌ی تریان له‌ودیندارتر نه‌بێت .

چونكه‌ باشی خزمه‌كانی مێرد كاریگه‌ری دروست ده‌كات له‌سه‌ر منداڵه‌كانی ؛ وه‌ جوانی و پاكی ره‌چه‌ڵه‌ك هۆكاره‌ بۆ دووكه‌وتنه‌وه‌ له‌كرده‌وه‌ی نزم و خراپ .

وه‌ باشی باوك و باپیر كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ به‌سه‌ر به‌ منداڵ و نه‌وه‌ كانه‌وه‌ ؛ خوای په‌روه‌ردگار له‌سوره‌تی كه‌هف ده‌رباره‌ی دوو منداڵه‌كه‌ فه‌رموویه‌تی : (وَكَانَ أَبُوهُمَا صَالِحًا فَأَرَادَ رَبُّكَ أَنْ يَبْلُغَا أَشُدَّهُمَا وَيَسْتَخْرِجَا كَنْزَهُمَا رَحْمَةً مِنْ رَبِّكَ ۚ ) . الكهف : 82 .

واته‌ : وه‌ باوکی ئه‌و دوو منداڵه‌ چاك و خواناس بوو له‌به‌رئه‌وه‌ په‌روه‌ردگارت ویستی هه‌ردووکیان گه‌وره‌ و به‌هێزببن گه‌نجینه‌که‌یان ده‌ربێنن ئه‌مه‌ ره‌‌حمه‌تێك بوو له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه‌ (له‌به‌ر باوکیان) .

خوای په‌روه‌ردگار ماڵی ئه‌و دوومنداڵه‌ی پاراست له‌دوای مردنی باوكیان وه‌ك ڕێزێك بۆ باوكیان له‌به‌ر چاكی و له‌خواترسانی .

به‌هه‌مان شێوه‌ مێرد ئه‌گه‌ر له‌ خێزانێكی چاك و خواناس بێت و له‌دایك و باوكێكی باش بێت ئه‌وا خوای په‌روه‌ردگار كاره‌كانی بۆ ئاسان ده‌كات و ده‌یپارێزێت ؛ له‌به‌ر ڕێزی دایك و باوكی .

وه‌ باشتروایه‌ خاوه‌ن ماڵ بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌فسی خۆی و كه‌س و كاری له‌ده‌ستی خه‌ڵك بپارێزێت ؛ به‌ به‌ڵگه‌ی فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) كاتێك فاطیمه‌ی كچی قه‌یس هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ڕاوێژی پێكرد ده‌رباره‌ی داخوازی هاتنی له‌لایه‌ن سێ پیاوه‌وه‌ كه‌ كامه‌یان هه‌ڵبژێرێت :

پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) پێی فه‌رموو : موعاویه‌ كه‌سێكی هه‌ژاره‌ و ماڵی نیه‌ - واته‌ شوو به‌و مه‌كه‌ - .

وه‌ مه‌رج نیه‌ ئه‌وپیاوه‌ خاوه‌ن بازرگانیه‌كی گه‌وره‌ بێت و ده‌وڵه‌مه‌ند بێت ؛ به‌ڵكو كیفایه‌ته‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ماڵه‌ی هه‌بێت كه‌ به‌شی خۆی و ماڵ و منداڵی بكات و له‌خه‌ڵكی بێ پێویستیان بكات .

وه‌ پێویسته‌ كه‌سێكی نه‌رم و نیان به‌ره‌حه‌م بێت به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) هه‌ر له‌و فه‌رمووده‌یه‌ی پێش ئێستا باسمان كرد به‌ فاطيمه‌ی كچی قه‌یسی فه‌رموو : وه‌ ئه‌بو جه‌هم پیاوێكه‌ زۆر له‌ ئافره‌تان ده‌دات – بۆیه‌ شوو به‌ویش مه‌كه‌ - .

وه‌ باشتروایه‌ ئه‌م پیاوه‌ كه‌سێك ته‌ندروست باش بێت و سه‌لامه‌ت بێت له‌ نه‌خۆشی و بێ توانایی و نه‌زۆكی .

وه‌ باشتروایه‌ شاره‌زایی هه‌بێت له‌ قورئان و سوننه‌ت ؛ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر تیایدابوو زۆرباشه‌ وه‌ ئه‌گه‌ر تیای نه‌بوو ئه‌وه‌ ده‌توانێت تواتر به‌ده‌ستی بێنێت .

وه‌ بۆ وه‌لی ئافره‌ته‌كه‌ دروسته‌ به‌دواداچوون و پرسیاربكات ده‌رباره‌ی ئه‌و پیاوه‌ی هاتۆته‌ داوای كچه‌كه‌ی ؛ پرسیار له‌وكه‌سه‌ بكات كه‌ تێكه‌ڵی ئه‌و پیاوه‌ده‌كات و باش ده‌یناسێت وه‌ متمانه‌ پێكراوه‌ له‌دین و ئه‌مانه‌ت پارێزێدا ؛ بۆ ئه‌وه‌ی حاڵی ئه‌وپیاوه‌ی به‌ڕاستی و به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ پێ بڵێت .

وه‌ پێش گشت ئه‌وشتانه‌ پێویسته‌ ڕووبكرێته‌ خوای په‌روه‌ردگار به‌دوعا كردن و ئه‌نجامدانی نوێژی ئیستیخاره‌ پاشان پشت به‌ستن به‌خوای په‌روه‌ردگار ئینجا هه‌وڵ و تێكۆشان ؛ كه‌ بێگومان خوای په‌روه‌ردگار باشترین یارمه‌تی ده‌ره‌ - سبحانه - .

وه‌رگێڕانی : م هه‌ڵگورد گه‌لاڵه‌یی

12 / 5 / 2022