ئەو بارودۆخانەی غەیبەتکردن تياياندا دروستە :

ئەو بارودۆخانەی غەیبەتکردن تياياندا دروستە :

 

1_ دادخوازی و سکاڵاکردن : دروستە مرۆڤ باسی ئەو کەسە بکات کە ستەمی لێ کردووە و باس لەو ستەمە بکات کە بەرامبەری کراوە، بۆ نموونە بڵێت: فڵان کەس ستەمی لێ کردووم و ئەو كاره‌ خراپه‌ی به‌رامبه‌ر كردووم .

2_ بۆ ناساندنی کەسێک : ئەگەر کەسێک بە عەیبێک یان سیفەتێکی جەستەیی تێیدا ناسرابێت، تەنها بە مەبەستی ناساندن نەک بۆ سوکایەتی، بۆ نموونە بڵێت: فڵانە کەسی شەل، یان کوێر، یان ئەو کەسەی چاوی کزە، ئەگەر مەبەستی تانە لێدان نەبێت تەنها بۆ ئەوە بێت کەسەکە بناسرێتەوە .

3_  بۆ ئاگادارکردنەوە لە مەترسی : ئەگەر کەسێک باسی عەیبی کەسێکی تر بکات بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی خەڵک لێی، وەک ئاگادارکردنەوە لە کەسێکی بیدعەچی و سەرلێشێواو، بۆ ئەوەی خەڵک لە بیدعەکانی وریا بن ؛ یان ئامۆژگاری هاوڕێکەی بکات کە هاوڕێیەتی فڵانە کەس نەکات چونکە هاوڕێیەکی خراپە ؛ وه‌ هاوشێوەکانی .

4_ ئەو کەسەی کە بە ئاشکرا گوناح و خراپە دەکات : کەسێک کە بە ئاشکرا فیسق و فجور دەکات حورمەت بۆ ناو و ناوبانگی نامێنێت لەو شتەی کە بە ئاشکرا دەیکات؛ بۆیە مرۆڤ دەتوانێت باسی خراپەکارییەکەی بکات و سەرزەنشتی بکات بۆ ئەوەی خەڵک لێی دوور بکەونەوە و لە شەڕی پارێزراو بن .

5_ داواکردنی فەتوا : بۆ نموونە کەسێک بە موفتی بڵێت: باوکم یان برام یان فڵان کەس بەم شێوەیە ستەمی لێ کردووم، ئایا بۆی هەیە ئەو کارە بکات؟ وه‌ ڕێگەی من چییە بۆ ڕزگاربوون لێی و وەرگرتنەوەی مافەکانم و لادانی ستەم لەسەرم؟ وه‌ هاوشێوەی ئه‌و پرس و ڕووداوانه‌  .

6_ داواکردنی یارمەتی بۆ نەهێشتنی خراپە : کاتێک کەسێک باسی کەسێکی تر دەکات بۆ ئەوەی خراپەیەکی پێ چاک بکرێت، یان بڵێت لە فڵان شوێن کۆمەڵێک خەڵک شتی سەرخۆشکەر دەخۆنەوە و کاری خراپ دەکەن، ئەمە باس دەکات بۆ کەسێکی تر تا هاوکاری بکات لە گۆڕین و نەهێشتنی ئەو کارە خراپە .

ئەم شەش حاڵەتە لەم هۆنراوەیەدا کۆکراونەتەوە :

وَالذَّمُّ لَيْسَ بِغِيبَةٍ فِي سِتَّةٍ :

مُتَظَلِّمٍ، وَمُعَرِّفٍ، وَمُحَذِّرِ ؛ وَلِمُظْهِرٍ فِسْقاً، وَمُسْتَفْتٍ، وَمَنْ طَلَبَ الإِعَانَةَ فِي إِزَالَةِ مُنْكَرِ .

واته‌ : سەرزەنشتکردن و به‌خراپ باسكردن لە شەش شوێندا بە غەیبەت هەژمار ناکرێت: ستەملێکراو، ناسێنەر، ئاگادارکەرەوە، کەسی بە ئاشکرا خراپەکار، فەتواخواز، وه‌ ئەو کەسەی داوای یارمەتی دەکات بۆ نەهێشتنی خراپە .

مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .