گه‌وره‌يى و پاداكشتى سه‌لاوات دان له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )

گه‌وره‌يى و پاداكشتى سه‌لاوات دان له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )

قال رسول الله ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) : ( مَنْ صَلَّى عَلَيَّ صَلاةً وَاحِدَةً صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ عَشْرَ ) ( رواه مسلم).

واته‌ : پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى : هه‌ر كه‌سێك يه‌ك سه‌ڵه‌وات له‌سه‌ر من لێ بدات خوداى په‌روه‌ردگار (10) ده‌ سه‌ڵه‌واتى له‌سه‌ر ده‌ده‌ت .

زانايان فه‌رموويانه‌ : سه‌ڵه‌واتى مرۆڤ بۆ پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) به‌ ماناى ئه‌وه‌ دێت كه‌ مرۆڤ داوا له‌ خوداى په‌روه‌ردگار ده‌كات ، كه‌ هه‌رده‌م ناوى پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) به‌ گه‌وره‌ دابنێت و به‌رێزى بگرێت له‌ دونيا و قيامه‌ت ، وه‌ ده‌ڵێن : سه‌ڵه‌واتى خوداى په‌روه‌ردگار بۆ به‌نده‌كانى به‌ ماناى پاداشت و ڕه‌حم پێكردن دێت .

وه‌ سه‌ڵه‌وات دان له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) هه‌موو كاتێك خێره‌ ، به‌ تايبه‌تى ئه‌م كاتانه‌ى كه‌ به‌ڵگه‌ى فه‌رمووده‌ى له‌سه‌ره‌ ، بۆ نمونه‌ له‌ ڕۆژى هه‌ينيدا زۆر خێره‌ پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ده‌فه‌رموێت: مه‌لائيكه‌ته‌كان سه‌ڵه‌واته‌كانى ئێوه‌ بۆ من ده‌هێنن و پێم ده‌گه‌ن ، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ئه‌م فه‌رمووده‌يه‌يه‌ كه‌ شيخ البانى ره‌حمه‌تى خوداى په‌روه‌ردگارى لێبێت به‌ صحيحى داناوه‌: ( أَكْثِرُوا الصَّلاةَ عَلَيَّ يَوْمَ الْجُمُعَةِ فَإِنَّ صَلاتَكُمْ تُعْرَضُ عَلَيَّ ) ، واته‌: زۆر سه‌ڵه‌واتم له‌سه‌ر لێ بده‌ن له‌ ڕۆژى هه‌ينيدا ، چونكه‌ سه‌ڵه‌واته‌كانتان بۆ من ده‌هێنرێن و پێم ده‌گه‌ن .

به‌ڵام سه‌ڵه‌وات دان له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) له‌كاتى ته‌وقه‌كردندا به‌ به‌رده‌وامى هه‌روه‌كو له‌ زۆربه‌ى خه‌ڵكى ده‌بيستين ، ئه‌م جۆره‌ سه‌ڵه‌وات دانه‌ ده‌بێته‌ بيدعه‌ ، واته‌ كردنى شتێك به‌ بێ به‌ڵگه‌ له‌ كاتێكى دياريكرا و وه‌ به‌ به‌رده‌وامى ، چونكه‌ هاوه‌ڵه‌كانى پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) كاتێك ده‌گه‌يشتن به‌ يه‌كترى چاك و چۆنيان له‌ يه‌كترى ده‌كردو وه‌يان داواى لێ خۆشبونيان بۆ يه‌كتر ده‌كردو ، به‌ڵام سه‌ڵه‌واتيان لێ نه‌ده‌دا ، وه‌كو ده‌بينين و ده‌بيستين له‌ زۆربه‌ى خه‌ڵكى ، وه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ش واجبه‌ له‌سه‌ر ڕێبازى صحابه‌كان بڕۆين ، چونكه‌ ئه‌وان زياتر پێغه‌مبه‌ريان خۆش ده‌ويست و شوێنى ده‌كه‌وتن ، ده‌بێت ئێمه‌ش وه‌كو ئه‌وان بين چيان كردووه‌ له‌ ديندا ده‌بێت شوێنيان بكه‌وين وه‌ هه‌ر شتێكيشيان نه‌كردبێت ده‌بێت وازى لێ بێنين ، چونكه‌ ئه‌وان دينيان وه‌رده‌گرت و فێر ده‌بوون له‌ پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ، هه‌ر له‌به‌ر هۆى خراپى شت زياد كردن له‌ ديندا ، عبدالله ى كورى مسعود ڕه‌زاى خوداى په‌روه‌ردگارى لێ بێت فه‌رمويه‌تى ( اتَّبِعُوا وَلاَ تَبْتَدِعُوا ، فَقَد كُفِيتُم ) واته‌: شوێن كه‌وته‌ بن و شت دامه‌هێنن له‌ ناو ديندا ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر نه‌بێت ، چونكه‌ شوێنكه‌وتنى ئێوه‌ بۆ پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵه‌كانى كيفايه‌ته‌ و به‌سه‌ پێويست به‌ زيادكردن ناكات ، وه‌ پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى : ( عَلَيْكُمْ بِسُنَّتِى وَسُنَّةِ الْخُلَفَاءِ الرَّاشِدِينَ ... ) واته‌ : ده‌ست بگرن به‌ سوننه‌تى من و سوننه‌تى خه‌ليفه‌كانى راشدين كه‌ ڕێنمويى كرابوون و هيدايه‌ت درابوون بۆ ڕێگاى ڕاست ، وه‌ ده‌ى فه‌رموو : ( وَإِيَّاكُمْ وَمُحْدَثَاتِ الْأُمُورِ فَإِنَّ كُلَّ مُحْدَثَةٍ بِدْعَةٌ ، وَكُلَّ بِدْعَةٍ ضَلَالَةٌ ) واته‌: ووشيار بن و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ شته‌ داهێنراوه‌كان له‌ ديندا چونكه‌ گشت شتێكى داهێنراو له‌ ديندا بيدعه‌يه‌ و زياده‌ ، وه‌ گشت بيدعه‌يه‌ك گومڕاييه‌ و سه‌ر لێ شێواويه‌ و لادانه‌ له‌ ڕێگاى ڕاست .

 وه‌ فه‌رموويه‌تى: ( مَنْ عَمِلَ عَمَلًا لَيْسَ عَلَيْهِ أَمْرنَا فَهُوَ رَدٌّ ) واته‌: هه‌ر كه‌سێك كرده‌وه‌يه‌ك بكات به‌ ناوى دين به‌ڵام ئه‌مرى ئێمه‌ى له‌سه‌ر نه‌بێت ، واته‌ ئێمه‌ نه‌مان ووتبێت بيكه‌ن ئه‌م شته‌ى كه‌ به‌ ناوى دين ده‌كرێت مه‌ردوده‌ و قه‌بوڵ نيه‌ .

وه‌ زۆر به‌ڵگه‌ى تر هه‌يه‌ كه‌وا به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌وا هه‌ر كه‌سێك شتێك بكات به‌ ناوى دين لێى قه‌بوڵ ناكرێت و به‌ڵكو تاوان باريش ده‌بێت له‌سه‌رى ، چونكه‌ بيدعه‌ له‌ ديندا تاوانه‌ و شه‌يتان حه‌زى لێيه‌تى .

هه‌ر بۆيه‌ زانايان ده‌ڵێن : شه‌يتان زياتر حه‌زى له‌ بيدعه‌يه‌ نه‌ك له‌ تاوان و گوناح ، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ بيدعه‌ ده‌كات به‌ شتێكى چاكى ده‌زانێ و وازى لێ ناهێنێت ، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ تاوانێك ده‌كات به‌ شتێكى خراپى ده‌زانێ و له‌وانه‌يه‌ وازى لێ بهێنێت .

ئامادەكردنی مامۆستا : هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی