چەند ئامۆژگاریەك بۆ ئەوهاوسەرانەی منداڵیان نیە

چەند ئامۆژگاریەك بۆ ئەوهاوسەرانەی منداڵیان نیە

بسم الله الرحمن الرحیم الحمدلله رب العالمین والصلاة والسلام على نبینا محمد وعلى آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى یوم الدین .

1 - بوون و نەبوونی منداڵ وەکو فەقیری و دەوڵەمەندی وایە و هەموو کەسێک وەکو یەک نیە لەم بەخشینەدا ؛ خوای گەورە دانا و زانایە ؛ خوای گەورە فەرمویەتی : ( لِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ  يَخْلُقُ مَا يَشَاءُ  يَهَبُ لِمَنْ يَشَاءُ إِنَاثًا وَيَهَبُ لِمَنْ يَشَاءُ الذُّكُورَ (٤٩) أَوْ يُزَوِّجُهُمْ ذُكْرَانًا وَإِنَاثًا  وَيَجْعَلُ مَنْ يَشَاءُ عَقِيمًا  إِنَّهُ عَلِيمٌ قَدِيرٌ ) . الشورى : (٤٩ - ٥٠) . واتە : هه‌ر بۆ خوایه‌ موڵکی ئاسمانه‌کان و زه‌وی و هه‌رچی بیه‌وێ به‌دی ده‌هێنێ بۆ هه‌ر که‌سێ بیه‌وێ کچی پێ ده‌به‌خشێت وه‌ بۆ هه‌ر که‌س بیه‌وێ کوڕی پێ ده‌به‌خشێت ؛ یان کوڕو کچی به‌یه‌که‌وه‌ پێ ده‌به‌خشێت ؛ وه‌ هه‌ر که‌سی بوێ نه‌زۆکی ده‌کات به‌ڕاستی خوا زانای ده‌سه‌ڵاتداره‌ .

2 - نەبوونی منداڵ بۆ هەندێک کەس لەوانەیە خێری تێدابێت و باشتربێت بۆیان کە منداڵیان نەبێت ؛ چونکە مندال بۆ هەندێک کەس زۆر جار دەبێتە فیتنە و کێشە و نارەحەتی دونیا و دوارۆژ ؛ خوای گەورە فەرموویەتی : (وَعَسَيٰ أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ  وَعَسَيٰ أَنْ تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَكُمْ  وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ ) . (البقرة :٢١٦) . واتە : له‌وانه‌یه‌ شتێکتان لا ناخۆش بێت که‌چی خێر له‌وه‌دا بێت ، هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه‌ شتێکتان پێ خۆش بێت که‌چی شه‌ڕ له‌وه‌دا بێت ، بێگومان هه‌ر خوا خۆی ده‌زانێت (خێر له‌ چیدایه‌)، ئێوه‌ نایزانن . وە لەئایەتێکی تردا فەرمویەتی : ( وَاعْلَمُوا أَنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلَادُكُمْ فِتْنَةٌ وَأَنَّ اللَّهَ عِنْدَهُ أَجْرٌ عَظِيمٌ ) . (الأنفال :٢٨) . واتە : هه‌روه‌ها بزانن به‌ڕاستی ماڵ و سامان و منداڵتان بۆ تاقیکردنه‌وه‌یه‌ ، به‌ڕاستی خوای گەورە پاداشتی زۆرو بێ سنووری له‌ لایه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی لەم تاقیکردنەوەی ماڵ و مندالیان سەرکەوتوو دەبن و گوێرایەڵێ خوای گەورە دەکەن و خۆیان لەتاوان دەپارێزن . وە لە سورەتی کەهفدا لەباسی پێغەمبەر موسا و خضردا فەرمویەتی : ( وَأَمَّا الْغُلَامُ فَكَانَ أَبَوَاهُ مُؤْمِنَيْنِ فَخَشِينَا أَنْ يُرْهِقَهُمَا طُغْيَانًا وَكُفْرًا ) . (الكهف :٨٠) . واتە : منداڵه‌که‌ش (که‌ کوشتم) دایک و باوکێکی ئیمانداری هه‌بوو، ترساین له‌وه‌ی که‌ به‌سه‌رکه‌شی و بێ دینی و خوانه‌ناسی هیلاک و ماندویان بکات . وە فەرمویەتی : ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تُلْهِكُمْ أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُمْ عَنْ ذِكْرِ اللَّهِ  وَمَنْ يَفْعَلْ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ ) . (المنافقون :٩) . واتە : ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ ، ماڵ و منداڵەکانتان نه‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ له‌یادی خوا بێ ئاگاتان بکه‌ن ، جا هه‌رکه‌سێک بەهۆی ماڵ و مندالیەوە له‌ یادی خوا بێ ئاگابێت ئا ئه‌وانه‌ خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندن .

-  لەم ئایەتە پیرۆزانەدا بۆمان دەردەکەوێت کە منداڵ زۆرجار دەبێتە هۆی فیتنە و کێشە و نارەحەتی بۆ دایکان و باوکان ؛ بۆیە ئەو کەسانەی خوای گەورە مندالی پێ نەبەخشیون پێویستە بیر بکەنەوە و وانەزانن نەبوونی منداڵ بۆیان سزایە و خراپە ؛ نەخێر مەرج نیە وابێت ؛ لەوانەیە خێری تێدابێت و ئەوەی خوای گەورە دەزانێت ئێمە نایزانین .

3 - منداڵ نیعمەتێکە و تەنها بەدەست خوای گەورەیە بۆیە دەبێت تەنها داوا لەو بکرێت و هۆکاری شەرعیش بگردرێتە بەر بۆ بەدەست هێنانی ؛ یەکێک لەهۆکارەکان بریتیە لەتەنها پارانەوە لەخوای گەورە و دوور کەوتنەوە لەشەریک بۆخوا دانان لەوەی لەگۆری پێغەمبەران و پیاوچاکان نەپارێنەوە و خۆتان لەنوشتە و دوعای سەرکاغەز بپارێزن چونکە ئەمە شەریک بۆخوا دانانە و دروست نیە ؛ باوەردار دەبێت تەنها لەخوای گەورە بپارێتەوە و هیچ شتێک لەگەل خوا نەکاتە شەریک ئەگەرنا تووشی گەورەترین تاوان دەبێت ؛ پێغەمبەر زەکەریا سەلامی خوای لێبێت منداڵی نەبوو لەتەمەنێکی زۆرەوە لەخوای گەورە پاڕایەوە و خوای گەورە کورێکی پێ بەخشی بەناوی یەحیا و کردیشی بە پێغەمبەر ؛ خوای گەورە فەرمویەتی : ( وَزَكَرِيَّا إِذْ نَادَيٰ رَبَّهُ رَبِّ لَا تَذَرْنِى فَرْدًا وَأَنْتَ خَيْرُ الْوَارِثِينَ (٨٩) فَاسْتَجَبْنَا لَهُ وَوَهَبْنَا لَهُ يَحْيَيٰ وَأَصْلَحْنَا لَهُ زَوْجَهُ  إِنَّهُمْ كَانُوا يُسَارِعُونَ فِى الْخَيْرَاتِ وَيَدْعُونَنَا رَغَبًا وَرَهَبًا ۖ وَكَانُوا لَنَا خَاشِعِينَ ) . الأنبياء : ( ٨٩ -٩٠) واتە : یادی (زکریا) ش بکه‌ره‌وه‌ کاتێک هاناو هاواری بۆ په‌روه‌ردگاری بردو وتی : په‌روه‌ردگارا من به‌ ته‌نهایی مه‌هێڵه‌ره‌وه‌ (نه‌وه‌یه‌کی چاک و پاکم پێ ببه‌خشه‌) تۆیش چاکترین زاتێکی له‌ پاش من و هه‌موو مردوویه‌ک ده‌مێنیته‌وه‌ ؛ ئینجا ئێمه‌ نزاکه‌یمان گیرا کردو (یحیی)مان پێبه‌خشی ، هاوسه‌ره‌که‌شیمان بۆ چاککرد که‌ منداڵی ببێ ، چونکه‌ به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ چالاک و گورجو گۆڵ بوون له‌ ئه‌نجامدانی هه‌موو خێرو چاکه‌یه‌کدا و نزای به‌کوڵیان ده‌کرد ، به‌ ئومێدی ڕه‌حمه‌ت و به‌هه‌شتی ئێمه‌ و له‌ دۆزه‌خ و خه‌شمی ئێمه‌ ده‌ترسان و ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ ملکه‌چ بوون بۆ ئێمه‌ .

- کەواتە ئێوەی بەرێزیش وەکو پێغەمبەر زەکەریا سەلامی خوای لەسەر بێت تەنها لەخوای گەورە بپارێنەوە و لەغەیری خوا لەپێغەمبەران و پیاوچاکان نەپارێنەوە بەهیچ شێوەیەک چونکە کوفرەو شەریک بۆخوادانانە و هەموو شتێک تەنها بەدەست خوای گەورەیە . هۆکاری دووەم بۆ بەدەست هێنانی منداڵ بریتیە لە تەوبە کردن و وازهێنان لەگوناهەکان و گەرانەوە بۆلای خوای گەورە و زۆر وتنی أستغفر الله ؛ خوای گەورە لەسورەتی نوحدا لەباسی پێغەمبەر نوحدا سەلامی خوای لێبێت فەرمویەتی : ( فَقُلْتُ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ إِنَّهُ كَانَ غَفَّارًا (١٠) يُرْسِلِ السَّمَاءَ عَلَيْكُمْ مِدْرَارًا (١١) وَيُمْدِدْكُمْ بِأَمْوَالٍ وَبَنِينَ وَيَجْعَلْ لَكُمْ جَنَّاتٍ وَيَجْعَلْ لَكُمْ أَنْهَارًا ) . نوح : (١٠ -١٢) . واتە : به‌رده‌وام پێم ده‌گوتن ، ئێوه‌ داوای لێخۆشبوون له‌ په‌روه‌ردگارتان بکه‌ن چونکه‌ به‌ڕاستی ئه‌و زاتێکی لێخۆشبووه‌ ؛ بارانتان به‌ لێزمه بۆ ده‌بارێنێت ؛ وە ماڵ و سامان و نه‌وه‌تان پێ ده‌به‌خشێت ، وە باخ و باخات و ڕوبار و جۆگه‌تان بۆ به‌دی ده‌هێنێت . لەکۆتاییدا داواکارم لەخوای گەورە مندالی صاڵح و لەش ساغ بەرەحمەت و دوور لەبەڵاو ناخۆشی بە گشت ئەوکەسانە ببەخشێت کە مندالیان نیە و بۆیان ببن بە چاو رۆشەنی دونیا و دوارۆژ .

وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم

نوسین و ئامادەکردنی : مامۆستا : هەڵگورد مصطفى گەڵاڵەیی .

 8 / ذوالقعدة / 1438 ك - 31 / 7 / 2017 م