وەڵامدانەوەى چەند پرسیارێك لە سەر قەدەر

 وەڵامدانەوەى چەند پرسیارێك لە سەر قەدەر

بسم الله الرحمن الرحيم

بابەتى قەدەر یەكێكە لەو بابەتانەى كە لاوان پرسیارى زۆرى لە سەر دەكەن و گومانیان هەیە تیایدا، پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم نەهى كردووە لە ناكۆكى و مشت ومڕلەم بابەتە هەستیارەدا ، زۆر ڕۆچوون لە بابەتى قەدەردا، مرۆڤ بەرەو تیاچوون دەبات.

كاتێك پێغەمبەرى خوا ( صلى الله عليه وسلم ) ئەوەى بە هاوەڵان فەرموو: كە هەركەسێك جێگاكەى لە بەهەشت و جێگاكەى لە دۆزەخدا نووسراوە، هاوەڵان فەرموویان: ئایا پشت نەبەستین بەوەى كە لە سەرمان نووسراوە و واز لە كاركردن بهێنین، ئەویش پێغەمبەرى خوا  ( صلى الله عليه وسلم ) فەرمووی : " اعملوا فكل میسر لما خلق له " پاشان پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم ئەم ئایەتانەى خوێندەوە: [ فَأَمَّا مَنْ أَعْطَى وَاتَّقَى * وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَى * فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَى * وَأَمَّا مَنْ بَخِلَ وَاسْتَغْنَى * وَكَذَّبَ بِالْحُسْنَى * فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْعُسْرَى ] (اللیل: 5 - 10) [ رواه البخاری ] . واتە: جا ئەوەى دەبەخشێت و پارێزگار و لە خواترسە، و بڕواى پتەوى بە پاداشتى چاك و پتەوى خوایى هەیە، ئەوە ڕێگاى چاكە و چاكەكارى بۆ ئاسان دەكەین و سەرئەنجام دەیخەینە خێر و خۆشیەوە، بەڵام ئەوەى ڕەزیل و دەست نوقاو بێت و خۆى بێ نیاز بزانێت و (ڕەزامەندى خوایى مەبەست نەبێت)، و بڕواى نەبێت بە پاداشت و بەهرەى چاكى خوایى و بە درۆى بزانێت، ئەوە ڕێبازى تەنگانە و ناخۆشى بۆ ئاسان دەكەین و سەرئەنجام بە دۆزەخى دەگەیەنین.

پێغەمبەرى خوا ( صلى الله عليه وسلم ) ڕێگەى پێ نەدان پشت بەوە ببەستن كە لەسەریان نووسراوە و واز لە كاركردن بهێنن، چونكە ئەوەى ناوى لە كۆمەڵى بەهەشتیەكان نووسرابێت، ناچێتە بەهەشتەوە تاوەكو كردەوەى ئەوان ئەنجام نەدات، وە ئەوەى ناوى لە كۆمەڵى دۆزەخیەكان نووسرابێت، ناچێتە دۆزەخەوە تاوەكو كردەوەى ئەوان ئەنجام نەدات.

كاركردن بە دەست مرۆڤ خۆیەتی ، و خواى گەورە ویست (الإرادة‌) و توانا (القدرة‌) ى پێ بەخشیوە بۆ ئەنجامدانى كارەكانی ، بۆ نموونە بیەوێ گەشت بكات دەیكات، و ئەگەر حەزى لێ نەبێت نایكات، ئەنجامدانى كردەوەى چاك و خراپیش بەهەمان شێوە بەندە بە ویست و ئارەزووى خۆى دەیكات.

[وەڵامدانەوەى چەند پرسیارێك لە سەر قەدەر]

یەكەم : ئەوەیە كە : مرۆڤ بە ویست و تواناى خۆى كارەكانى ڕادەپەڕێنێت بە بێ ئەوەى هەست بەوە بكات كەسێك زۆرى لێ دەكات، باشە ئەمە چۆن لەگەڵ ئەوەدا دەگونجێت كە دەڵێن هەموو شتێك بە قەزا و قەدەرى خوایە ؟

وەڵام : ئەگەر بیربكەینەوە لە كاركردن و جووڵەى بەندەكان، بۆمان دەردەكەوێت كە لە دوو شتەوە سەرچاوە دەگرێت:

یەكەمیان : ویست (الإرادة‌)

دووەمیان : توانا (القدرة)

ئەگەر ئەم دووانە نەبن كردەوەش بوونى نابێت، ویست و تواناش لەو شتانەن كە خواى گەورە درووستى كردوون، چونكە ویست لە هێزى ژیریەوەیە، و تواناش لە هێزى جەستەوەیە، و ئەگەر خواى گەورە بیەوێ عەقڵ لە مرۆڤ دەسێنێتەوە بەمەش ویستى نامێنێت، یان تواناى لێ دەسێنێت، ئەو كاتە مەحاڵە بتوانێت كردەوە ئەنجام بدات.

بۆیە ئەگەر مرۆڤ سووربوو لەسەر ئەنجامدانى كارێك، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەزانین كە خواى گەورە ئەو كارەى ویستووە و دیارى كردووە، چونكە ئەگەر نەیویستایە ئەوا نەیدەهێشت كەسەكە كارەكە ئەنجام بدات یان ڕێگرێك (مانع) ى بۆ درووست دەكرد كە بە هۆیەوە نەیتوانیایە كارەكە جێبەجێ بكات. بە كابرایەكى دەشتەكیان ووت بە چى پەروەردگارت ناسى ؟ ئەویش ووتی : (بنقض العزائم و صرف الهمم).

دووەم : خواى گەورە چۆن سزاى كەسێك دەدات لەسەر ئەنجامدانى تاوان و سەرپێچیەك لە كاتێكدا كە هەر خۆى لەسەرى نووسیوە و هەردەبێت ببێت ؟

وەڵام : وەڵامى ئەم پرسیارە بەچەند خاڵێك دەدەینەوە .

1. ئەو كەسەى ئەم پرسیارە دەكات، ئەى بۆ ناڵێت بۆچى خواى گەورە پاداشتى كەسێك دەداتەوە لەسەر كردەوەیەك كە خۆى لەسەرى نووسیوە و هەردەبێت بیكات، چونكە دادپەروەرى (عدل) نیە تۆ قەدەر بكەیت بە بیانوو و بەڵگە بۆ ئەنجامدانى سەرپێچیەكان و نەیكەیت بە بەڵگە و بیانوو لە كاتى ئەنجامدانى گوێڕایەڵى و كردەوە چاكەكاندا.

2. خواى گەورە ئەم بڕوبیانووەى پووچەڵ كردووەتەوە لە قورئاندا، و بە قسەى بێ زانستى لە قەڵەم داوە، و فەرموویەتي: [ سَيَقُولُ الَّذِينَ أَشْرَكُوا لَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا أَشْرَكْنَا وَلا آبَاؤُنَا وَلا حَرَّمْنَا مِنْ شَيْءٍ كَذَلِكَ كَذَّبَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ حَتَّى ذَاقُوا بَأْسَنَا قُلْ هَلْ عِنْدَكُمْ مِنْ عِلْمٍ فَتُخْرِجُوهُ لَنَا إِنْ تَتَّبِعُونَ إِلاَّ الظَّنَّ وَإِنْ أَنْتُمْ إِلاَّ تَخْرُصُونَ ] [ الأنعام: 148 ] . واتە: لەمەودوا هاوەڵ بڕیاردەرەكان دەڵێن: ئەگەر خوا بیویستایە هاوەڵمان بۆ بڕیار نەدەدا !! باو و باپیرانیشمان هاوەڵ بڕیاردەر (مشرك) نەدەبوون !! هیچ شتێكیشمان لە خۆمان حەرام نەدەكرد !! (ئەمانە هەمووى قسەى بەتاڵە و هەرگیز خواى گەورە زۆر لە كەس ناكات بۆ باوەڕهێنان یان بێباوەڕی) هەر بەو شێوەیە ئەوانەى پێش ئەمانیش درۆ و بوختانیان هەڵدەبەست، هەتا تووشى بەڵاى ئێمە بوون و سزاى ئێمەیان چەشت، پێیان بڵێ: ئایا هیچ زانیارى و زانستێكى خواییتان لەلایە، تا نیشانمان بدەن و بۆمان دەربخەن ؟ ئێوە شوێنى هیچ شتێكى تر ناكەون جگە لە گومان، و هیچ شتێكى تر ناكەن مەگەر ئەوە نەبێت كە درۆ دەكەن .  خواى گەورە ڕوونى كردووەتەوە كە ئەوانەى قەدەر دەكەن بە بیانوو لەسەر هاوەڵ بڕیاردانەكانیان، پێشتر خەڵكى تر هەبوون وەكو ئەوان بەرنامەى خوایان بە درۆ خستووەتەوە، و بەردەوام بوون تاوەك سزاى خواى گەورەیان چەشت، ئەگەر بڕوبیانووەكانیان ڕاست بوایە خواى گەورە سزاى نەدەدان، پاشان داوا لە پێغەمبەرەكەى صلى الله عليه وسلم دەكات، داوایان لێ بكات بەڵگە بخەنە ڕوو لە سەر ڕاستى و درووستى بڕوبیانووەكانیان، و ڕوونى دەكاتەوە كە هیچ بەڵگەیەكان نیە.

3. قەدەر نهێنیەكى شاردراوەیە، جگە لە خواى گەورە كەس نایزانێت تاوەكو ڕوونەدات،، باشە كابراى سەرپێچیكار و تاوانبار چۆن زانى خواى گەورە سەرپێچى و تاوانى لەسەر نووسیوە تاوەكو ئەنجامى بدات ؟ ئایا ناكرێ گوێڕایەڵى و چاكەى لەسەر نووسی بێت ؟ ئەى باشە بۆ لە جیاتى سەرپێچى و تاوان، چاكە و گوێڕایەڵى ناكات و بڵێت: خواى گەورە چاكە و گوێڕایەڵى لەسەر نووسیوم ؟.

4. خوا فەزڵ و ڕێزى مرۆڤى داوە بە سەر زیندەوەرەكانى تردا، ئەمەش لە ڕێگاى ئەو ژیرى و تێگەیشتنە (عقل و فهم) ى كە پێى بەخشیوە، وە هەروەها لە ڕێگاى ناردنى پێغەمبەران و كتێبە ئاسمانیەكانەوە، ڕێگاى چاكە و خراپەى بۆ ڕوون كردووەتەوە، و ویست و تواناشى پێبەخشیوە، كە دەتوانێت یەكێك لەو دوو ڕێگایە بۆ خۆی هەڵبژێرێت، باشە بۆچى كابراى سەرپێچیكار ڕێگاى خراپە هەڵدەبژێرێت و ڕێگاى چاكە هەڵنابژێرێت ؟

ئایا ئەگەر ئەو كەسە بیەوێت گەشتێك بكات، و دوو ڕێگا هەبێت بۆ ئەو شوێنەى كە ئەو گەشتى بۆ دەكات، ڕێگایەكیان ئارام و بێ ترس، و ڕێگایەكیان ترسناك، ئایا كامیان دەگرێتە بەر ؟

بێگومان ڕێگا ئارام و بێ ترسەكە دەگرێتەبەر، و ڕێگاكەى تر ناگرێتەبەر بە بیانووى ئەوەى كە خواى گەورە لەسەرى نووسیوە، بێگومان ئەگەر ڕێگا ترسناكەكە بگرێتە بەر و بڵێت: خواى گەورە لە سەرى نووسیوم، ئەوا خەڵكى بە گێل و گەمژە و شێت لە قەڵەمى دەدەن.

بۆیە پێویستە لە سەر مرۆڤ ڕێگاى چاكە بگرێتە بەر، و خۆى هەڵنەخەڵەتێنێ بە گرتنەبەرى ڕێگاى خراپە بە بیانووى ئەوەى كە خواى گەورە لەسەرى نووسیوە.

دەبینین مرۆڤ هەموو ڕێگایەك دەگرێتەبەر بۆ بەدەستهێنانى ڕزق و ڕۆزي، و لە ماڵدا دەستەوئەژنۆ دانانیشێت و پشت بە قەدەر ببەستێت، ئەى باشە جیاوازى چیە لە نێوان هەوڵ و كۆشش بۆ دونیا و هەوڵ و كۆشش بۆ قیامەت ؟

بۆچى لە سەرپێچى كردنى خواى گەورەدا دەڵێن: خواى گەورە لە سەرى نووسیوین و قەدەر دەكەن بە بڕوبیانوو، بەڵام لە كارى دونیایى دا ئەوە ناكەن ؟

شتەكە زۆر ڕوونە، بەڵام هەوا و ئارەزوو، مرۆڤ كەڕ و كوێر و لاڵ دەكات ـ خواى گەورە پەنامان بدات ـ آمین.

نووسەر: وەرگێڕانى بە دەستكاریەوە : مامۆستا إدریس محمود