چاره‌سه‌ری درۆكردن له‌لای منداڵ

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

 

دایكان و باوكان دڵگران ده‌بن به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی له‌لای منداڵ هه‌یه‌ .

جا یه‌كێك له‌وكێشانه‌ی له‌لای منداڵ هه‌یه‌ .

بریتیه‌ له‌ كێشه‌ی درۆكردن .

ئایه‌ منداڵ بۆچی درۆ ده‌كات ؟

له‌سه‌ره‌تادا پێویسته‌ بزانین كه‌ درۆ سیفه‌تێكی وه‌رگیراوه‌ و له‌لای منداڵ دروست ده‌بێت .

له‌ ڕێگه‌ی :

فێربوون یان لاسایی كردنه‌وه‌ یان كه‌ڵه‌كه‌بوونی شاره‌زایی .

چه‌ند هۆكارێك هه‌ن ده‌بنه‌ پاڵنه‌ری منداڵ بۆ درۆكردن .

یه‌كه‌میان ترسان له‌ سزادان .

لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریان خستوه‌ كه‌ له‌سه‌دا حه‌فتای هۆكاری درۆكردن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ترسان له‌سزا .

وه‌ له‌سه‌دا  10 ی بۆ خه‌ونی به‌ئاگا و خه‌یاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه .‌

وه‌ له‌سه‌دا 20 ی بۆ غه‌ش و فێڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه .

دوه‌میان :

زۆری فشارخستنه‌ سه‌ر منداڵ له‌لایه‌ن دایكان و باوكانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی ڕاست بكات منداڵ والێده‌كات په‌نا بۆ درۆكردن ببات .

سێیه‌میان :

هه‌ندێك جار منداڵ درۆده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رسوڕمانی  بیسه‌ران به‌ده‌ست بێنێت .

چواره‌میان :

درۆكردن به‌‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ست هێنانی هه‌ندێك شت .

پێنجه‌میان :

هه‌ندێك جار منداڵ درۆده‌كان به‌هۆی پاڵنه‌ری دوژمنایه‌تی و فێڵ كردن .‌

شه‌شه‌میان :

هه‌ندێك جار منداڵ به‌هۆی لاسایی كردنه‌وه‌ درۆده‌كات .

درۆ سیفه‌تێكی وه‌رگیراوه .‌

وه‌ سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردن و نه‌مانی درۆكردن له‌لای منداڵ چه‌ند شتێك هه‌یه‌ پێویسته‌ چاودێری بكرێت كه‌ بریتین له ..‌

یه‌كه‌میان :

منداڵ مه‌خه‌ره‌ سوچێكی ته‌نگه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دان به‌هه‌ڵه‌كه‌یدابنێت .

دوه‌میان :

پێویسته‌ منداڵ فێربكرێت و هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ ڕاستگۆیی شتێكی به‌نرخ و بایه‌خداره‌ له‌ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا .

سێیه‌میان :

پێویسته‌ بۆ منداڵ روونبكرێته‌وه‌  كه‌ ڕاستگۆیی سزای هه‌ڵه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ ؛ به‌ڵام ئه‌نجامدانی هه‌ڵه‌ دوو سزا له‌خۆده‌گرێت سزای هه‌ڵه‌كه‌ وه‌ سزای درۆكردن .

چواره‌میان :

ئه‌گه‌ر زانرا پاڵنه‌ری درۆكردن له‌لای منداڵ به‌هۆی به‌كه‌مدانی كه‌سانی تره‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت فێربكرێت كه‌ ڕێز له‌كه‌سانی تربگرێت و ڕه‌وشت به‌رز بێت .

پێنجه‌میان :

 ئه‌گه‌ر زانرا پاڵنه‌ری درۆكردن له‌لای منداڵ به‌هۆی كه‌م و كوڕی پێداویستیه‌كانیه‌تی ئه‌وه‌ ده‌بێت فێربكرێت كه‌ متمانه‌ی به‌ نه‌فس به‌رزی خۆی بێت و دان به‌واقیعدابنێت و به‌وژیانه‌ی تیادا ده‌ژیت ڕازیبێت .

شه‌شه‌میان :

نابێت منداڵ به‌ درۆزن بانگ بكرێت و نابێت ئه‌م سیفه‌ته‌ی بدرێته‌ پاڵ  بۆئه‌وه‌ی ئه‌م سیفه‌ته‌ی له‌لانه‌بێت به‌خوو و له‌سه‌ری به‌رده‌وام نه‌بێت  ؛ به‌ڵكو كاتێك درۆیه‌كی تیادا به‌دیكرا وا حاڵی بكرێت كه‌ له‌ده‌ربڕینیدا تووشی هه‌ڵه‌بوه‌ و له‌ڕاستیدا كه‌سێكی ڕاستگۆیه‌ .

له‌كۆتاییدا پێویسته‌ ئارام گرتن و پاڕانه‌وه‌ هه‌بێت بۆیان .

بێگومان به‌ ئارام گرتن و پاڕانه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ی دروست به‌رهه‌م دێت .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد گه‌ڵاڵه‌یی .

17 / 6 / 2020

وه‌رگیراوه‌ له‌په‌رتووكی : مشكلات الاطفال .