ناسینی سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر - ڕه‌زای خوای لێبێت -

ناسینی عیباده‌تی سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر – ڕه‌زای خوای لێبێت -

 

سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر – ڕه‌زای خوای لێبێت -  یه‌كێكه‌ له‌گه‌وڕه‌ زانایانی تابیعین ؛ له‌سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عه‌لی كوڕی ئه‌بی تالیب – ڕه‌زای خوای لێبێت – له‌دایك بووه‌ ؛ یه‌كێك بووه‌ له‌وكه‌سانه‌ی دوعاكانی قه‌بول بووه‌ له‌لای خوای په‌روه‌ردگار ؛ وه‌ زانستی له‌لای گه‌وره‌ زانایانی سه‌حابه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌وانه‌ عبدااله ی كوڕی عومه‌ر و عبدالله ی كوڕی عه‌بباس و ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌ و دایكه‌ عائیشه‌ و زۆرێكی تر – ڕه‌زای خوایان لێبێت - ؛ وه‌ له‌ساڵی 95 كۆچی به‌ده‌ستی سته‌مكار حه‌ججاجی كوڕی یوسفی سه‌قه‌فی كوژرا . سير أعلام النبلاء : 4 – 341 / 342 .

................

عیباده‌تی سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر :

هیلالی كوڕی خه‌بباب ئه‌ڵێ : له‌گه‌ڵ سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر – ڕه‌زای خوای لێبێت – به‌دوای جه‌نازه‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌ و گۆڕستان ده‌ڕۆییشین له‌ڕیگادا قسه‌ی بۆ ده‌كردین و ئامۆژگاری ده‌كردین هه‌تا گه‌ییشتینه‌ گۆڕستان ؛ جا كاتێك دانیشت به‌رده‌وام هه‌ر قسه‌ی بۆ ده‌كردین هه‌تا هه‌ستاین و گه‌ڕاینه‌وه‌ ؛ وه‌ كه‌سێك بوو زۆر زیكری خوای ده‌كرد . . سير أعلام النبلاء : 4 / 327 .

نه‌صیف ئه‌ڵێ : سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یرم له‌دوای مه‌قام بینی پێش نوێژی به‌یانی ؛ چووم له‌ته‌نیشتی نوێژم كرد ؛ پاشان پرسیاری ئایه‌تێكم لێی كرد وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌ ؛ جا كاتێك نوێژی به‌یانی كرد ؛ فه‌رمووی : ئه‌گه‌ر فه‌جر ده‌ركه‌وت و بانگی به‌یانی درا هیچ قسه‌یه‌ك مه‌كه‌ ته‌نها زیكری خوا نه‌بێت ؛ هه‌تا نوێژی به‌یانی ده‌كه‌ی . حلية الاولياء : 4 / 281 .

قاسمی كوری ئه‌یوب ئه‌ڵێ : گوێم له‌ سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر بوو زیاتر له‌ بیست جار ئه‌م ئایه‌ته‌ی دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ : وَاتَّقُوا يَوْمًا تُرْجَعُونَ فِيهِ إِلَى اللَّهِ ۖ. البقرة : 281 .

واته‌ :  له‌ سزاو تۆڵه‌ی ڕۆژێک بترسن که‌ تیایدا بۆ لای خوا ده‌گه‌ڕێنه‌وه ‌. سير أعلام النبلاء : 4 / 324 .

 

وه‌ ئه‌سبه‌غی كوڕی زه‌ید ئه‌ڵێ : سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر كه‌ڵه‌شێرێكی هه‌بوو شه‌وان به‌ده‌نگی ئه‌م كه‌ڵه‌ شێره‌ هه‌ڵده‌ستایه‌وه‌ بۆ شه‌و نوێژ كردن ؛ به‌ڵام شه‌وێكیان ئه‌م كه‌ڵه‌شێره‌ هه‌تا به‌یانی ده‌نگی نه‌هات ؛ بۆیه‌ سه‌عید ئه‌م شه‌وه‌ شه‌و نوێژی له‌ده‌ست چوو و زۆر له‌سه‌ری قورس و ناخۆش بوو ؛ فه‌رمووی : ئه‌وه‌ بۆ ئه‌م شه‌و ده‌نگی نه‌بوو خوا ده‌نگی ببڕێت ؛ له‌دوای ئه‌م دوعایه‌ كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ به‌یه‌كجاری ده‌نگی نه‌ما ! ؛ بۆیه‌ دایكی پێی فه‌رموو :له‌مه‌ودوا دوعا له‌هیچ كه‌سێك مه‌كه‌ . سير أعلام النبلاء : 4 / 323 .

......................

وته‌ و ئامۆژگاریه‌كانی سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت –

كێ به‌نده‌ترین كه‌سه‌ بۆخوا ؟

له‌ جه‌عفه‌ره‌وه‌ - ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمووی به‌ سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر وترا : كێ به‌نده‌ترین كه‌سه‌ بۆخوا ؟ فه‌رمووی : كه‌سێكه‌ تووشی تاوان بووه‌ ؛ چه‌ند جار تاوانه‌كانی بیردێته‌وه‌ كرده‌وه‌ چاكه‌كانی له‌به‌رچاو كه‌م ده‌بێت . صفة الصفوة : 3 / 79 .

 

ئه‌ندازه‌ی كاتی دونیا

سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمویه‌تی : دونیا هه‌ینیه‌كه‌ له‌ هه‌ینیه‌كانی ڕۆژی دوایی . حلية الاولياء : 4 / 280 .

 

‌به‌فیڕۆدانی ماڵ و سامان

سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمویه‌تی : له‌ به‌فیرۆدانی ماڵ و سامان ئه‌وه‌یه‌ : خوا رزقی حه‌ڵاڵت پێ ببه‌خشێت تۆش بچی له‌تاوان سه‌رفی بكه‌ی . حلية الاولياء : 4 / 281 .

 

هیچ كرده‌ه‌یه‌ك قه‌بول نابێت ته‌نها به‌ موافقی سوننه‌ت نه‌بێت

سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمویه‌تی : هیچ وته‌یه‌ك قه‌بول نابێت ته‌نها به‌كرده‌وه‌ پێ كردن نه‌بێت ؛ وه‌ هیچ وته‌‌ و كرده‌وه‌یه‌ك قه‌بول نابێت ته‌نها به‌نیه‌ت نه‌بێت ؛ وه‌ هیچ وته‌‌ و كرده‌وه‌ و نیه‌تێك قه‌بول نابێت ته‌نها به‌ موافقی سوننه‌ت نه‌بێت . الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر لابن تيمية : 69 .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد گه‌لاڵه‌یی .

11 / 7 / 2020 .