ناسینی حه‌سه‌نی به‌صری - ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت -

ناسینی حه‌سه‌نی به‌صری – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت -

حه‌سه‌نی كوڕی یه‌ساری به‌صری – ڕه‌زای خوای لێبێت – یه‌كێكه‌ له‌ پێشه‌وایانی تابیعین ؛ له‌سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی ئیمامی عومه‌ر – ڕه‌زای خوای لێبێت – له‌دایك بووه‌ - ؛ زانستی له‌زۆرێك له‌هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌كان وه‌رگرتووه‌ له‌وانه‌ عه‌لی و ته‌لحه‌ و عائیشه‌ ؛ وه‌زۆرێكی تر – ڕه‌زای خوایان لێبێت - ؛ وه‌ له‌ته‌مه‌نی 88 ساڵی ؛ له‌ سالی 110 ی كۆچی له‌ به‌صره‌ وه‌فاتی كرد .

........

عیباده‌تی حه‌سه‌نی به‌صری – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت -

ئیبراهیمی كوری عیسی – ڕه‌زای خوای لێبێت – ئه‌ڵێ : هیچ كه‌سێكم نه‌بینیه‌وه‌ به‌رده‌وام خه‌فه‌تبار و غه‌مگین بێت وه‌ك حه‌سه‌نی به‌صری ؛ كاتێك ده‌مبینی وه‌ك بڵێی تازه‌ تووشی به‌ڵا و ناخۆشیه‌ك بووه‌ . سیر أعلام النبلاء : 4 / 575 .

وه‌ شوعه‌یب ئه‌ڵێ : حه‌سنم بینی قورئانی ده‌خوێنده‌وه‌ و ده‌گریا ؛ هه‌تا فرمێسكه‌كانی به‌ ریشی ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ .  طبقات ابن سعد : 6 / 175 .

وه‌ مطر الوراق ئه‌ڵێ : حه‌سه‌نی به‌صری وه‌ك ئه‌وه ‌وابوو له‌ ئاخیره‌ت بوو بێت و هه‌واڵی ئه‌وه‌مان پێ بدات كه‌ به‌چاوی خۆی بینیویه‌تی . تهذيب الكمال : 2 / 231 .

........

چه‌ند ئامۆژگاری و وته‌یه‌كی ئیمامی حه‌سه‌نی به‌صری – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت –

ڕه‌وشت جوانی ڕاسته‌قینه‌

 ئیمامی حه‌سه‌نی به‌صری – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمویه‌تی : ڕه‌وشت جوانی ڕاسته‌قینه‌ بریتیه‌ له‌ ؛ چاكه‌كاری ؛ وه‌ ده‌ست گرتنه‌وه‌ له‌ خراپه‌ ؛ وه‌ ده‌م به‌خه‌نده‌یی و ڕووخۆشی . الآداب الشرعية لابن مفلح : 2/ 216 .

 

مه‌ترسی گوناه و تاوانی زۆر

 ئیمامی حه‌سه‌نی به‌صری – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمویه‌تی : له‌نێوان خواو به‌نده‌ سنورێك هه‌یه‌ له‌تاوان ؛ ئه‌گه‌ر به‌نده‌ پێی گه‌ییشت ئه‌وكات مۆر له‌سه‌ر دڵی ده‌درێت و هه‌رگیز مۆفه‌ق نابێت بۆكاری خێر . قوت القلوب لأبي طالب المكي : 1 / 88 .

 

دانیشتن له‌لای زانایان

ئیمامی حه‌سه‌نی به‌صری – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمویه‌تی : دونیا گشتی تاریكیه‌ ته‌نها دانیشتن له‌لای زانایان نه‌بێت . جامع بیان العلم و فضله لابن عبدالبر : 1 / 61 .

شێوه‌ و وێنه‌ی زانست

ئیمامی حه‌سه‌نی به‌صری – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمویه‌تی : ئه‌گه‌ر زانست شێوه‌ و وێنه‌ی هه‌بوایه‌ ؛ ئه‌وه‌ وێنه‌ی زانست جوانتر ده‌بوو له‌وێنه‌ی خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان و ئاسمان . شرح حديث العلم لابن رجب : 33 .

كاریگه‌ری گوناه و تاوان

گه‌نجێك به‌ حه‌سه‌نی به‌صری فه‌رموو : توانای هه‌ستانه‌وه‌م نیه‌ بۆ شه‌ونوێژكردن ؟ حه‌سه‌نی به‌صری له‌وه‌ڵامدا پێی فه‌رموو : تاوانه‌كانت تۆیان به‌ستۆته‌وه‌ . صفة الصفوة : 3 / 164 .

ژیانی تۆ چه‌ند رۆژێكه‌

ئیمامی حه‌سه‌نی به‌صری – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمویه‌تی : ئه‌ی كوڕی ئاده‌م ؛ ژیانی تۆ چه‌ند ڕۆژێكه‌ ؛ هه‌ر ڕۆژێكی لێ بڕوات ئه‌وه‌ به‌شێك له‌تۆ ڕۆییشتووه‌ . الزهد لأحمد : 225 .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد گه‌ڵاڵه‌یی .

18 / 7 / 2020