گلەیی لەسەلەفیەکان دەکرێت ... چونکە خۆپیشاندان بەکارێکی نادروست دەزانن .

گلەیی لەسەلەفیەکان دەکرێت ... 
چونکە خۆپیشاندان بەکارێکی نادروست دەزانن .
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان .
١_ بیگومان سەلەفیەکان کە دەڵین ئەم کارە دروست نیە هەر بۆ بەرژەوەندی خەڵکە و بۆ پاراستنی خوێن و ماڵ و ئەمن و ئاساییشی خەڵکە نەک پەنا بەخوا بۆ بەرگری کردن لەستەم و ناعەدالەتی بێت ، بێگومان لەلای هەمومان بەرهەمی خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی روون و ئاشکرایە کەچۆن وڵاتەکەیان وێران بوو بە نمونە وڵاتی سوریا خانوەکانیان گشتی روخا ، وە لەبرسان پشیلەی کۆڵانەکانیان دەخوارد! وە چەندین گروپی چەکداری دژ بەیەکتری پەیدابوون و یەکتریان دەکوشت و سەردەبڕی ! بۆیە موسلمانی خۆشەویست بزانە کە رشتنی خوینی مرۆڤ بەناحەق زۆر مەترسیدارە ، نەبەزمان وە نە بەکردار  نەبیت بەهۆکاری رشتنی خوینی خەڵک و ماڵ وێرانکردنیان  .
٢_ لەوانەیە بوتریت ئەی بەدیل چیە ؟ وەڵام بەدیل ئەوەیە کە خوای پەروەردگار لە قورئان باسی کردوە ، کە بریتیە لە خۆگۆڕین لەخراپەوە بۆ چاکە ، وە تەقواداری و لەخوا ترسان و ئارام گرتن و باشکردنی نێوان خۆمان و خوا و سەرخستن و کردەوەکردن بەدینەکەی و ئامۆژگاری کردنی یەکتری بەئەنجامدانی کردەوەی چاک و دوورکەوتنەوە لە کردەوەی خراپ ...
٣_ ئایە خۆپیشاندانەکان زیاتر بۆ دونیان یان بۆ قیامەت و گەراندنەوەی حوکمی خوا و نەمانی هۆکارەکانی تاوان و بەدرەوشتین لە وڵات ؟! 
ئایە تا ئێستا چەندجار داوای نەمانی مەساج و ئەو شوێنانە کراوە کە بە ئاشکرا تاوانی تیادا دەکرێت ؟!
کەواتە روون و ئاشکرایە کە زۆرێک لە خەڵکی ئەوەندەی خەمی دونیایەتی خەمی قیامەتی نیە ، بۆیەشە ژیان تەنگ و ناخۆش بووە. 
٤_ ئایە کاربەدەست و دەسەڵاتدارەکان کێ هەڵی بژاردوون ؟!
لەکاتی هەڵبژاردنەکان تەنها سەلەفیەکان بوون ئەیان وت پرۆسەی هەڵبژاردن بەم شێوەیە دروست نیە چونکە خەڵکانێکی نەشیاو هەڵدەبژێردرێن  ، هەڵبژاردنی راست و دروست دەبێت لەلایەن کەسانی زانا و دانا و شارەزابێت نەک عاممەی خەڵک ،  ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە سەلەفیەکان لەگەڵ ستەم و گەندەڵی و ناعەدالەتی نین ، وە ڕەددێکە بۆ ئەوکەسانەی بوهتان دەکەن و ئەڵێن سەلەفیەکان لەگەڵ گەندەڵکار و ستەمکارانن ! بێگومان باجی تاوانی بوهتانیش لەدوارۆژ قوڕسە !
کورد دەڵیت : چی بچینی ئەوە دەدوریتەوە .
وە جارەسەری هەموو شتێک تەنها لەلای خوای پەروەردگارە ، وە بێگومان خوا لەگەڵ تەقوا داران و چاکەکاران و تەوبەکاران و ئارام گران دایە .
٥_ وە بێگومان ستەمکاری و ناعەدالەتی لەلایەن کاربەدەستانەوە بۆیان دەبێت بەشکست و زەلیلی دونیا و دواڕۆژ ، خوا بێ ئاگانیە لەستەمی ستەمکاران زوو یان درەنگ بەحەقی خۆیان دەگەیەنێت ، بۆیە پێویستە لەخوا بترسن و چیان بۆخۆیان و کەسوکاریان پێ خۆشە بۆ خەڵکیش ئاوابن و بەکردار بیسەلمێنن ئەگەرنا لەدونیا و لەدوڕۆژدا زەرەر مەند دەبن و چارەنووسی ستەمکاران روون و ئاشکرایە لەهەموو سەردەمێکدا .
لەکۆتایی داواکارم لەخوای پەروەردگار هیدایەتی گشت ستەمکارێک بدات ئەگەر شایەنی هیدایەتن ئەگەرنا بیانگۆڕیت بەکەسانی تەقوادار و دادپەروەر . 
نوسینی : مامۆستا هەڵگورد گەڵاڵەیی .
٩ / ١٢ / ٢٠٢٠