( چۆنیەتی مردوو شوشتن و کەفن کردنی )

( چۆنیەتی مردوو شوشتن و کەفن کردنی )
بسم الله الرحمن الرحیم
الحمدلله رب العالمین والصلاة والسلام على نبینا محمد وعلى آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى یوم الدین .
١- مردووەکە جلەکانی لەبەر دەکرێت ؛ وە واجبە پارچە قوماشێک بخرێتە سەر عەورەتی و دروست نیە عەورەتی بەدەرەوە بێت و نابێت سەیری عەورەتی بکرێت .
٢- سەرەتا سەرو پشتی مردووەکە بەدەستێکت کەمێک بەرزدەکرێتەوە و بەدەستی تریان زگی مردووەکە بەلەسەرخۆیی دادەماڵدرێت بۆ ئەوەی هەرپیسیەک هەبێت لەناو زگی بێتە دەرەوە و جوان پاک بکرێتەوە ؛ وە دەبێت بەپەرۆیەک یان دەست کێشێک پاکی بکاتەوە و تارەتی بۆ بگرێت بەدەستی رووتەوە نابێت .
٣- واجبە سەری مردووەکە هەتا قاچەکانی گشتی بشورێت و پاک بکرێتەوە .
٤- وە باشتروایە سەرەتا دەست نوێژی بۆ بگیرێت ؛ ناو دەم و لوتی پاک بکرێتەوە ؛ وە روخساری ٣ جار بشورێت وە دەستەکانی هەتا ئەنیشکی ٣ جار بشورێت وە مەسحی سەرو گوێچکەکانی بکرێت پاشان قاچەکانی بشورێت .
٥- پاشان ئاو بەسەر مردووەکە دادەکرێت ٣ جار ؛ ئەگەر گەڵای سدر هەبێت بخرێتە ناو ئاوەکە زۆر باشترە بۆ ئەوەی بوونی خۆش بێت ؛ وە ئەگەر نەبوو تەنها بەئاویش دروستە ؛ پاشان ئاو دەکرێت بەلاشەیدا و سەرەتا لای راستی لاشەی دەشورێت ئینجا لای چەپ ؛ ئەگەر پێویستی کرد دروستە ٣ جار یان ٥ جار یان ٧ جار ئاوی پیابکرێت بۆ ئەوەی پاک بێتەوە ئەگەر زانرا زۆر جوان پاک نەبوبوەوە .
٦- ئەگەر مردوەکە هەموو لاشەی سووتابوو ئەگەر کرا ئەوە دەبێت بشورێت بەڵام ئەگەر نەدەکرا بشورێت و ئاو زیانی بۆلاشەی هەبوو و بەهۆی ئاوەکەوە لاشەی لەیەک جیادەبوەوە لەوکاتدا تەنها ئاو بەسەر لاشەکەیدا دەکرێت ؛ وە ئەگەر ئەمەش نەکرا تەیەمومی بۆ دەکرێت ..
٧- وە ئەگەر مردوەکە لاشەی پارچە پارچە ببوو دەبێت گشت پارچەکانی لاشەی کۆبکرێتەوە و بشورێت و ئاوی پیابکرێت ؛ وە ئەگەر لاشەی برینەی زۆری تێدابوو و خوێنی لێ دەهات دوای شۆشتنی دەبێت برینەکانی بەلۆکە و پەرۆ جوان ببەسترێت .
٨- ئەگەر ئاو دەست نەکەوت واجبە تەیەمومی بۆ بکرێت دەستت یەک جار لەخاکی سەرزەوی دەدەی پاشان بەروخساری مردوەکە دادێنی پاشان بەپشتی هەردوو دەستەکانی .
٩- واجبە پیاو مردووی پیاو بشوات ؛ وە ئافرەتیش مردووی ئافرەت بشوات ؛ دروست نیە پیاو ئافرەتی مردوو بشوات یان ئافرەت پیاوی مردوو بشوات .
١٠ - نابێت مردوو شۆرەکە باسی هیچ عەیبێکی مردووەکە بکات ئەگەرنا زۆر گوناهبار دەبێت .
١١- ئەوکەسەی مردووەکە دەشوات سونەت وایە لەدوای شوشتنی مردووەکە خۆی بشوات ؛ ئەم خۆشوشتنە بۆی سونەتە و واجب نیە ؛ ئەگەر خۆشی نەشوات دروستە و ئاساییە .
١٢- چۆنیەتی شوشتنی ئافرەت یان پیاو وەکو یەکە و لەچۆنیەتی شوشتندا هیچ جیاوازیان نیە .
١٣- دروستە پیاو خێزانی خۆی بشوات وە ئافرەت مێردی خۆی بشوات .
١٤- وە سەبارەت بەتراشینی مووی بن بال و عەورەتی هیچ بەلگەی لەبارەوە نەهاتووە و نابێت دەستکاری بکرێت والله أعلم .
چۆنیەتی کەفن کردنی مردوو
سونەت وایە پیاو لەناو ٣ پارچە قوماشی سپی کەفن بکرێت و بۆنی خۆشی پیادابکرێت و هەریەک لەم ٣ پارچە قوماشە لای راستی دەخریتە لای چەپی مردوەکە وە لای چەپی دەخرێتە سەرلای راستی ؛ پاشان هەردوو سەری لاشەی مردوەکە لەگەل ناوقەدی دەبەسترێت ؛ بەڵام ئافرەت بە ٥ پارچە قوماش کەفن دەکرێت پارچەیەکی بەشی خوارەوەی پێ دادەپۆشرێت وە پارچەیەکی بەشی سەرەوە وە پارچەیەکی سەری پێ دادەپۆشرێت وە دووپارچەی تریان هەموو لاشەی پێ دادپۆشرێت و پاشان دەبەسترێت .
تێبینی : لەکاتی کەفن کردنی مردوو هەردوو دەستەکانی مردوو ڕادەخرێت لەهەردوو لاتەنیشتەکانی ؛ دانانی دەستی راستی مردوو لەسەر دەستی چەپی هیچ بەڵگەی لەبارەوە نەهاتوە و شەرعی نیە . . "لقاءات الباب المفتوح" (1/111) لفضيلة الشيخ محمد بن عثيمين رحمه الله .
وە ئەگەر قوماشی کەفن کردن دەست نەکەوت بەهەر جۆرە قوماشێک کەفن بکرێت دروستە و ئاساییە ؛ گرنگ ئەوەیە هەموو لاشەی دابپۆشرێت .
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم
نوسینی : هەڵگورد مصطفى گەڵاڵەیی .
15 / ذوالقعدة / 1438 ك - 7 / 8 / 2017 م