زیانه‌كانی سه‌یركردنی گرته‌ سێكسیه‌ بێ ئابڕوویه‌كان

زیانه‌كانی سه‌یركردنی گرته‌ سێكسیه‌ بێ ئابڕوویه‌كان

  بێگومان له‌شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلامدا خوای په‌روه‌ردگار هه‌رشتێكی قه‌ده‌غه‌ و حه‌ڕام كردبێت ئیلا بۆ به‌ڕژه‌وه‌ندی به‌نده‌كانیه‌تی و خوای په‌روه‌ردگار ده‌زانێت چی بۆ به‌نده‌كانی باشه‌ وه‌ چی بۆیان خراپه‌ .

جا یه‌كێك له‌وشتانه‌ی خوای په‌روه‌ردگار قه‌ده‌غه‌ و حه‌ڕامی كردووه‌ بریتیه‌ له‌ سه‌یركردنی ئافره‌تی نامه‌حڕه‌م له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ یان سه‌یركردنی پیاوی نامه‌حڕه‌م له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌ ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : ( قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ۚ ذَٰلِكَ أَزْكَىٰ لَهُمْ ۗ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ . وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ ) . سورة النور : 30 – 31 .

واته‌ : ئه‌ی (موحه‌ممه‌د (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) به‌ پیاوانی ئیماندار بڵێ چاوی خۆیان (له‌ سه‌یر کردنی نامه‌حره‌م) داخه‌ن و بپارێزن وه‌ عه‌وره‌تیان (له‌ داوێن پیسی) بپارێزن ئه‌وه‌ چاکترو پاکتره‌ بۆ ئه‌وان ؛ بێگومان خوا ئاگایه‌ به‌ هه‌موو کرده‌وه‌یه‌ك که‌ ده‌یکه‌ن ؛ وه‌ به‌ ئافره‌تانی ئیمانداریش بڵێ چاویان داخه‌ن و بپارێزن (له‌ سه‌یر کردنی نامه‌حره‌م) وه‌ عه‌وره‌تیان بپارێزن (له‌ داوێن پیسی) .

 

لێكۆڵێنه‌وه‌ زانستیه‌كان ده‌ریان خستووه‌ كه‌ سه‌یركردنی گرته‌ سێكسیه‌كا‌ن چه‌ندین زیانی هه‌یه‌ :-

_ هۆكاره‌ بۆ تێكچوونی عه‌قڵ و له‌ده‌ستدانی ژیری و زیره‌كی .

_ هۆكاره‌ بۆلاوازبوونی حفظ و له‌به‌ركردن  .

_ هۆكاره‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ و كه‌م ته‌رخه‌می له‌كار و باری ماڵه‌وه‌ و خوێندن و كار و باری ژیان .

_ هه‌ست كردن به‌دڵه‌ ڕاوكی و ترس و دڵته‌نگی  .

_ هه‌ست كردنێكی زۆر به‌ شه‌رم و ته‌ریق بوونه‌وه‌ .

_ هه‌وڵدان بۆ كاری به‌دڕه‌وشتی و ده‌ست درێژیكردن .

_ زوو تووڕه‌بوون و سه‌رئێشه‌ ؛ وه‌  كێشه‌ دروست كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌وروبه‌ردا .

_ زوو هاتنه‌وه‌ی ئاوی مه‌نی له‌كاتی سه‌رجێی كردن له‌گه‌ڵ خێزاندا .

_ له‌ده‌ستدانی متمانه‌ به‌خۆبوون و هه‌ست كردن به‌لاوازی ده‌روون و ترس و بێ توانایی .

_ نه‌مانی خۆشه‌ویستی له‌نێوان ژن و مێرد و دروست بوونی كێشه‌ له‌نێوانیاندا .

_ مرۆڤ مودمین و ئاڵووده‌ ده‌كات وه‌ك مودمین و ئاڵووده‌ بوون به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان !

 

_ برای به‌رێزم .... خوشكی به‌رێزم ...

بۆ ئه‌وه‌ی له‌م تاوان و كاره‌ قێزه‌ونه‌ به‌دووربی له‌خوا بترسه‌ و بزانه‌ كه‌وا تۆ له‌هه‌رشوێنێك بی خوای په‌روه‌ردگار ده‌تبینێت و چاودێره‌ به‌سه‌رته‌وه‌ ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : ( إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا ) . النساء : 1 .

واته‌ : به‌ڕاستی خوا هه‌میشه‌ چاودێره‌ به‌سه‌رتانه‌وه ‌.

كه‌ زانیت خوا چاودێره‌ به‌سه‌رته‌وه‌ و له‌هه‌موو شوێنێك ده‌تبینێت ئه‌ی چۆن لێی ناترسی و شه‌رمی لێ ناكه‌ی ؟!!

بۆ شه‌رم له‌خه‌ڵك ده‌كه‌ی به‌ڵام له‌خواناكه‌ی ؟!

‌ هه‌ركاتێك به‌ته‌نها مایه‌ته‌وه‌ و نه‌فست داوای ئه‌نجامدانی تاوانی لێ كردی ..

ئه‌وا شه‌رم له‌خوا بكه‌ و به‌نه‌فست بڵێ ئه‌وكه‌سه‌ی تاریكایی دروست كردووه‌ له‌هه‌رشوێنێك بم ده‌مبینێت و هیچ شتێكی لێ ون نابێت  ...

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : ( يَعْلَمُ خَائِنَةَ الْأَعْيُنِ وَمَا تُخْفِي الصُّدُورُ ) .  

 واته‌ : خوا هه‌میشه‌ ئاگای له‌ چاوه‌ خیانه‌تکار و ناپاکه‌کان هه‌یه‌ ؛ وه‌ ده‌زانێت چی له‌ دڵ و ده‌روون و سینه‌کاندا حه‌شاردراوه‌ .

نوسین و ئاماده‌كردنی : مامۆستا هه‌ڵگورد گه‌لاڵه‌یی .

27 / 5 / 2021