( شه‌رم و حه‌یا ) سیفه‌تێكه‌ له‌ سیفاته‌ جوان و به‌رزه‌كانی خوای په‌روه‌ردگار

( شه‌رم و حه‌یا )

 سیفه‌تێكه‌ له‌ سیفاته‌ جوان و به‌رزه‌كانی خوای په‌روه‌ردگار

 

باوه‌ڕدار نابێ كارێك بكات كه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وشت و شكۆ و ڕێزی نه‌گونجێت .

چونكه‌  باوه‌ڕدار جوان و ڕازاوه‌یه‌ به‌ ڕه‌وشتی شه‌رم و حه‌یا .

وه‌ سیفه‌تێك له‌ سیفاته‌ جوان و به‌رزه‌كانی خوای په‌روه‌ردگار بریتیه‌ له‌ ( سیفه‌تی شه‌رم و حه‌یا ) .

به‌ڵام پێویسته‌ بزانین كه‌ شه‌رمی خوای په‌روه‌ردگار وه‌كو شه‌رمی دروستكراوه‌كانی نیه‌ .

به‌ڵكو بریتیه‌ له‌ لادان و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌وشتانه‌ی كه‌ ناگونجێ له‌گه‌ڵ فراوانی ڕه‌حمه‌تی خوا .

وه‌ ناگونجێ له‌گه‌ڵ ته‌واویه‌تی به‌خشنده‌یی خوا .

وه‌ ناگونجێ له‌ گه‌ڵ گه‌وره‌یی لێ بوردن و نه‌رم و نیانی خوا .

پێشه‌وا ابن القیم – ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێ – فه‌رمویه‌تی :

به‌ڵام شه‌رمی خوای په‌روه‌ردگار له‌ به‌نده‌كه‌ی ؛ ئه‌مه‌ جۆرێكی تره‌ و ده‌ركی پێ ناكرێت وه‌ ئه‌قڵ ناتوانێت شێوه‌ی بۆ دابنێت ؛ شه‌رمی خوا بریتیه‌ له‌ حه‌یای به‌خشنده‌یی و چاكی و شكۆمه‌ندی .

خوای باڵاده‌ست ....

شه‌رم له‌به‌نده‌ گوناهباره‌كه‌ی ده‌كات كه‌ ئابڕووی به‌ڕێت ؛ بۆیه‌ گوناهه‌كه‌ی داده‌پۆشێت به‌ داپۆشینه‌ جوانه‌كه‌ی .

خوای په‌روه‌ردگار خۆشویستراوه له‌لای به‌نده‌كانی ‌ به‌هۆی زۆری نیعمه‌ت و به‌خششه‌كانی .

وه‌ به‌نده‌كانی ڕقلێگیراون له‌لای ئه‌و به‌هۆی گوناه و تاوانه‌كانیانه‌وه‌ .

یه‌حیای كوڕی موعاذ – ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێ – فه‌رمویه‌تی :

پاكی و بێ گه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌ی كه‌ به‌نده‌كه‌ی تاوان و سه‌رپێچی ده‌كات ؛ وه‌ ئه‌و شه‌رمی لێ ده‌كات و – ئابڕووی نابات و دایده‌پۆشێت -  !

وه‌ له‌شه‌رم و حه‌یای خوای په‌روه‌ردگار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ڵامی داوای به‌نده‌كانی ده‌ه‌داته‌وه‌ و  به‌ ده‌ست به‌تاڵی و نا ئومێدی ڕه‌تیان ناكاته‌وه‌ .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رمویه‌تی :

به‌ڕاستی خوای په‌روه‌ردگار بەشەرم وبەڕێز وبەخشندەیە ؛ شەرم دەكات لە بەندەكەى كە دەستى بۆلا بەرزبكاتەوە و ئەویش بەنائومێدیەوە ده‌سته‌كانی بگەڕێنێتەوە .

خوای په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ سیفه‌تی شه‌رمی هه‌یه‌ ؛ ئه‌وا شه‌رم له‌ ده‌رخستنی حه‌ق و ڕاستی ناكات .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : ( وَاللَّهُ لَا يَسْتَحْيِي مِنَ الْحَقِّ ۚ ) . الاحزاب : 53 .

واته‌ : به‌ڕاستی خوا شه‌رم له‌ ده‌رخستنی حه‌ق و ڕاستی ناكات .

جا هه‌ركه‌سێك بزانێت كه‌ خوای په‌روه‌ردگار به‌شه‌رم و حه‌یایه‌ ئه‌وا شه‌رمی لێ ده‌كات .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رمووی : شه‌رم له‌خوا بكه‌ن به‌شه‌رم كردنێكی ڕاست و ته‌واو ؛ وتیان : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ئێمه‌ شه‌رم له‌خوا ده‌كه‌ین سوپاس بۆخوا ؛ فه‌رمووی : به‌م شێوه‌ نیه‌ ؛ به‌ڵكو شه‌رمی ڕاسته‌قینه‌ له‌خوای په‌روه‌ردگار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رت بپارێزی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئەندامانه‌ی له‌خۆی گرتووه‌ ؛ وە زگ بپارێزێ لە حەڕام له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌خۆی گرتووه‌ ، وە یادی مردن بکەی ، وه‌ ئەوەی قیامەتی دەوێ با واز لە شتی زیاد لە پێویست بێنێ لە دونیا ، جا ئەوەی ئەوانە بکا ئەوە بەڕاستی شەرمی لە خوا کردووە .

_ وه‌ هه‌ركه‌سێك بزانێ كه‌ خوای په‌روه‌ردگار به‌شه‌رم و حه‌یایه‌ ...

ئه‌وا له‌كاتی به‌ته‌نیاییدا شه‌رم ده‌كات گوناه و  سه‌رپێچی خوا بكات ؛ وه‌ك چۆن شه‌رم ده‌كات به‌به‌رچاوی خه‌ڵكی گوناه و سه‌رپێچی خوا بكات .

 پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رمویه‌تی :

ئیحسان – چاكه‌ - ئه‌وه‌یه‌ خوا بپه‌رستی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ بیبینی ؛ وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یبینی ئه‌وا بێگومان ئه‌و تۆ ده‌بینێت .

_ وه‌ هه‌ركه‌سێك بزانێ كه‌ خوای په‌روه‌ردگار به‌شه‌رم و حه‌یایه‌ ؛ ئه‌وا ئه‌وكه‌سه‌ شه‌رم له‌ خه‌ڵكی ده‌كات .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رمویه‌تی :

باوه‌ڕ حه‌فتا و ئه‌وه‌نده‌ به‌شه‌یه‌ ؛ وه‌ شه‌رم به‌شێكه‌ له‌ ئیمان‌ .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌لاڵه‌یی .

12 / 8 / 2021