چۆنیه‌تی جه‌نگی به‌در ( غَزْوَةُ بَدرِ الكُبْرَى ) . وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

چۆنیه‌تی جه‌نگی به‌در ( غَزْوَةُ بَدرِ الكُبْرَى ) .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

........................................................

له‌دوای ئه‌زیه‌تدانی زۆری پێغه‌مه‌به‌ری خوا و صلی الله علیه وسلم شوێن كه‌وتوانی له‌لایه‌ن موشریكه‌كانی قوڕه‌یشه‌وه‌ ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵانی له‌مه‌ككه‌وه‌ كۆچیان كرد بۆ ( یه‌ثريب ) ؛ كه‌ ئه‌م شوێنه‌ له‌دوای كۆچ كردن ناونرا به‌ ( مه‌دینه‌ی مونه‌ووه‌ره‌ ) .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌دوای گه‌ییشتنی به‌م شاره‌ ده‌ستی كرد به‌دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێ و بنیات نراو له‌سه‌ر بنچینه‌كانی ته‌وحید ؛ وه‌ برایه‌تی خستنه‌ نێوان خه‌ڵكی .

وه‌ ده‌ستی كرد به‌ دروست كردنی مزگه‌وت  بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ بنكه‌یه‌ك بۆ په‌روه‌رده‌كردنی خه‌ڵك له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام .

وه‌ برایه‌تی خسته‌ نێوان كۆچه‌ره‌كانی خه‌ڵكی مه‌ككه‌ و سه‌رخه‌رانی خه‌ڵكی مه‌دینه‌ ؛ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌نێوانیاندا تۆكمه‌ و پته‌وبێت .

موشریكه‌كانی مه‌ككه‌ به‌رده‌وام دژایه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا و صلی الله علیه وسلم شوێن كه‌وتوانیان ده‌كرد ؛ وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵ و سامانیان داگرتن  ! وه‌ له‌گه‌ڵ هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی ده‌وروو به‌ری مه‌ككه‌ هاوپه‌یمانیان به‌ست  بۆ دژایه‌تی كردنی پێغه‌مبه‌ری خوا و صلی الله علیه وسلم  ڕێگری كردن له‌ بانگه‌وازیه‌كه‌ی .

_ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم سیاسه‌تێكی دانایانه‌ی جێ به‌جێ ده‌كرد له‌م جه‌نگه‌دا ؛ بۆیه‌ بریاریدا كه‌ لایه‌نی ئابووری موشریكه‌كانی قوره‌یش لاواز بكات به‌هێرشكردنه‌ سه‌ر كاروانه‌ بازرگانیه‌كانیان كاتێك له‌مه‌ككه‌وه‌ دێن بۆ شام وه‌ كاتێك له‌شامه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و بۆ مه‌ككه‌   .

ده‌ستی كرد به‌ ناردنی چه‌ند جه‌نگاوه‌رێك  بۆ سه‌ر رێگای كاروانه‌ بازرگانیه‌كانیان .

وه‌ چه‌ند نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رانی قوڕه‌یش نارد سه‌باره‌ت به‌وهه‌موو زوڵم و سته‌مه‌ی لێیان كردن له‌مه‌ككه‌ ؛ له‌وانه‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ماڵ و سامانیان .

 له‌ مانگی ڕه‌جه‌بی ساڵی دووه‌می كۆچی ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم چه‌ند كه‌سێكی نارد بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و چاودێری كردنی ده‌ورووبه‌ری مه‌ككه‌ ؛ كه‌ پێك هاتبوون له‌ هه‌شت كه‌س له‌ موهاجیره‌كان به‌سه‌ركردایه‌تی عبدالله ی كوری جه‌حش ؛ بۆ چاودێری كردنی هه‌واڵی بازرگانی قوره‌یشیه‌كان له‌ مه‌ككه‌ و تائیفه‌وه‌ .

له‌ڕێگایاندا گه‌ییشتن به‌ كاروانێك كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ مه‌ككه‌ ؛ بریاریاندا چه‌ند تیرێكیان تێ بگرن بۆ ئه‌وه‌ی بیانترسێنن و ده‌ست به‌سه‌ر كاروانه‌كه‌یان دابگرن ؛ به‌ڵام تیرێك به‌ عه‌مری كوری عه‌ضره‌می كه‌وت ؛ وه‌ دووكه‌س له‌ كاروانیه‌كانیان ده‌ست به‌سه‌ركردوو به‌ره‌و مه‌دینه‌یان هێنان ؛ به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم زۆر له‌م كۆمه‌ڵه‌ موسڵمانه‌یه‌ تووڕه‌بوو و گشت ئه‌و ماڵ و سامه‌نه‌شی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌م كاروانه‌دا ده‌ستی به‌سه‌رگیرابوو ؛ چونكه‌ ئه‌وان له‌یه‌كێك له‌ومانگانه‌دابوون كه‌ جه‌نگ كردن تیایدا حه‌ڕامه‌ .

بۆیه‌ موشریكه‌كان ئه‌م هه‌له‌یان قۆسته‌وه‌ و به‌ناو خه‌ڵكی بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ موحه‌ممه‌د صلی الله علیه وسلم جه‌نگ و خوێن ڕشتنی حه‌ڵاڵ كردووه‌ له‌ومانگانه‌ی كه‌ حه‌ڕامه‌ جه‌نگیان تێدا ئه‌نجام بدرێت  !

به‌ڵام خوای په‌روه‌ردگار وه‌حی بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم دابه‌زاند و ڕوخسه‌تی به‌ باوه‌ڕداراندا كه‌ له‌كاتی پێویست به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنان بجه‌نگن له‌هه‌ر‌كات و ساتێك بێت .

له‌كۆتایی ساڵی دووه‌می كۆچی هه‌واڵ به‌پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم گه‌ییشت كه‌ ئه‌بو سوفیان به‌ كاروانێكی بازرگانی گه‌وره‌وه‌ له‌مه‌ككه‌ ده‌رچووه‌ به‌ره‌و شام ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌گه‌ڵ دوو سه‌د جه‌نگاوه‌ر له‌مه‌دینه‌وه‌ بۆی ده‌رچوو ؛ به‌ڵام كاروانه‌كه‌ توانی ده‌ربچێت و به‌ره‌و شام رۆییشت ؛ پاشان موسلمانان گه‌رانه‌وه‌ مه‌دینه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی كاروانه‌ بازرگانیه‌كه‌ی ئه‌بو سوفیانیان ده‌كرد .

جاكاتێك كاروانه‌كه‌ به‌ مال و بازرگانیه‌كی زۆره‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ موسڵمانان خۆیان ئاماده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وماڵ و سامانه‌یان ده‌ست كه‌وێته‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ككه‌ له‌لایه‌ن موشریكه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ .

موسڵمانان به‌سه‌ركردایه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌مه‌دینه‌وه‌ ده‌رچوون كه‌ ژماره‌یان 317 كه‌س بوو یان 313 كه‌س بوون ؛ وه‌ نزیكه‌ی 70 وشتریان پێ بوو له‌گه‌ڵ دوو سوارچاك كه‌ یه‌كیان زوبه‌یری كوڕی عه‌ووام بوو كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم كردی به‌ سه‌رله‌شكری لای ڕاستی سوپاكه‌ وه‌ ئه‌وه‌ی تریان میقدادی كوری ئه‌سوه‌د بوو كه‌ ئه‌ویشی كرد به‌ سه‌رله‌شكری لای چه‌پی سوپاكه‌ .

له‌وكاتدا هه‌واڵ به‌ ئه‌بو سوفیان گه‌ییشت كه‌ موسڵمانان له‌سه‌ر ڕێگای كاروانه‌ بازرگانیه‌كه‌ی ئه‌ون و چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردابگرن و ئه‌وماڵ و سامانه‌یان وه‌ربگرنه‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ككه‌ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ .

ئه‌بو سوفیان به‌په‌له‌ نێردراوێكی نارد بۆ موشریكه‌كانی قوره‌یش بۆ ئه‌وه‌ی به‌په‌له‌ به‌هانایه‌وه‌ بێن ؛ ئه‌و نێردراوه‌ی ئه‌بوسوفیان ناوی ضه‌مضه‌می كوڕی عه‌وف بوو كه‌ كه‌سێكی زۆر زیره‌ك بوو له‌گه‌یاندنی په‌یام و هاندانی خه‌ڵك بۆ جه‌نگ و به‌رگری كردن ؛ جا هه‌ر كه‌ له‌مه‌ككه‌ نزیك بووه‌وه‌  پۆشاكه‌كه‌ی به‌ری دڕاند  وه‌ وشتره‌كه‌ی برینداركرد ؛ وه‌ روخسار و پۆشاكی به‌خوێن سووركرد و به‌ده‌نگێكی به‌رز ئه‌یوت : فریاكه‌وتن ؛ فریاكه‌وتن .

خه‌ڵكی مه‌ككه‌ ترس دایگرتن و كۆبوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چی ڕوویداوه‌ ! نێردراوه‌كه‌ی ئه‌بو سوفیان هه‌ر هاواری ده‌كرد : فریاكه‌وتن فریاكه‌وتن ! جاكاتێك خه‌ڵكی مه‌ككه‌ كۆبوونه‌وه‌  پێی وتن : ئه‌ی كۆمه‌ڵی قوره‌یش ماڵ و سامانتان له‌كاروانی ئه‌بوسوفیان له‌مه‌ترسی دایه‌ و موحه‌ممه‌د و هاوه‌ڵانی ڕێگایان گرتووه‌ و ئه‌یانه‌وێت ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن .

 فریاكه‌وتن فریاكه‌وتن !!

موشریكه‌كان به‌م هه‌واڵه‌ زۆر ناره‌حه‌ت بوون بۆیه‌ به‌ په‌له‌ له‌شكریان ئاماده‌كرد ؛ هه‌موو سه‌ركرده‌كانی قوره‌یش خۆیان ئاماده‌كرد ته‌نها ئه‌بو له‌هه‌ب نه‌بێت ئه‌و كه‌سێكی تری له‌جیاتی خۆی نارد ؛ ژماره‌ی له‌شكره‌كه‌یان نزیكه‌ی 1600 هه‌زار و سه‌شت سه‌د جه‌نگاوه‌ربوو ؛ به‌په‌له‌ به‌ره‌و به‌در به‌رێكه‌وتن ئه‌وشوێنه‌ی كه‌ كاروانیه‌ بازرگانیه‌كه‌یان گیری خواردووه‌ و له‌مه‌ترسیدایه‌ .

ئه‌بو سوفیان چاودێری له‌شكری موسڵمانانی ده‌كرد ؛ كاتێك زانی لێی نزیك بوونه‌ته‌وه‌  به‌په‌له‌ ڕێگای كاروانیه‌كه‌ی گۆڕی و به‌ره‌ولای كه‌ناری ده‌ریا له‌رۆژئاواوه‌ ده‌رچوو ؛ جاكاتێك زانی به‌سه‌لامه‌تی ده‌رچوو نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رانی قوره‌یش نارد كه‌ به‌سه‌لامه‌تی ده‌رچووه‌ .

جاكاتێك نامه‌كه‌یان پێ گه‌ییشت هه‌ندێك له‌ موشریكه‌كان وتیان بابگه‌ڕێینه‌وه‌ و جه‌نگ له‌گه‌ڵ موسڵمانان ناكه‌ین ؛ به‌ڵام ئه‌بوجه‌هل هاواری كرد وووتی : ئایه‌ واز له‌ ماڵ و سامانمان بێنین ؟!! والله ناگه‌ڕێینه‌وه‌ هه‌تا ده‌چینه‌ به‌در و سێ ڕۆژ له‌وی ده‌مێنینه‌وه‌ ؛ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان هێز و ده‌سه‌لات و یه‌كگرتنمان ببیستن و به‌رده‌وام لێمان بترسن ؛ جا ڕێگاكه‌تان بگرنه‌ به‌رو و به‌رێ بكه‌ون !

بریاره‌كه‌ی ئه‌بوجه‌ل سه‌ری گرت ؛ زۆرێكیان كه‌ به‌رێكه‌وتن له‌ترسی ئه‌وه‌ بوو كه‌ پێیان نه‌وترێت ترسنۆك ته‌نها قه‌بیله‌ی ئه‌بو زوهره‌ نه‌بێ به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌خنه‌س بریاره‌كه‌ی ئه‌بو جه‌هلیان ره‌تكرده‌وه‌ و به‌ره‌و مه‌ككه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی 600 جه‌نگاوه‌رده‌بوو ؛ پاشان له‌شكری موشریكه‌كان بوو به‌ نزیكه‌ی 1000 هه‌زار جه‌نگاوه‌ر .

هه‌واڵ به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم گه‌ییشت كه‌ موشریكه‌كان به‌ سوپایه‌كی زۆر گه‌وره‌ هاتوون .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ڕاوێژی به‌هاوه‌ڵانی كرد سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگ كردن له‌گه‌ڵیان ؛ چونكه‌ هاوه‌ڵان بۆ جه‌نگ نه‌هاتبوون وه‌ژماره‌شیان به‌رامبه‌ر به‌ ژماه‌ری موشریكه‌كان زۆركه‌متره‌ .

كاتێك دانیشتنی ڕاوێژه‌كه‌ به‌سترا یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی كۆچه‌ران  هه‌ستا و ووتی : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم رووبه‌رووی موشریكه‌كانی قوره‌یش ده‌بینه‌وه‌ به‌هه‌رشێواژێك بێت .

میقدادی كوڕی ئه‌سوه‌د – ره‌زای خوای لێبێت – هه‌ستا و وتی : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ئه‌وه‌ی خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمانت پێ ده‌كات جێ به‌جێی بكه‌ و ئێمه‌ له‌گه‌ڵتین ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم زه‌رده‌ خه‌نه‌یه‌كی كرد و به‌باش وه‌سفی میقدادی كرد ؛ وه‌ داوای ره‌ئی ئه‌نساریه‌كانی كرد ؛ سه‌عدی كوڕی موعاذی ئه‌نصاری  – ڕه‌زای خوای لێبێت - هه‌ستا و ره‌زامه‌ندی ئه‌نساریه‌كانی خسته‌روو و په‌یمانیاندا به‌ماڵ و نه‌فسیان دینی خوای په‌روه‌ردگار سه‌ربخه‌ن و كه‌ له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوادان صلی الله علیه وسلم .

له‌دوای ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ و راوێژه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم عه‌لی كوری ئه‌بو تالیب و زوبه‌یری كوڕی عه‌وامی نارد بۆ چاودێری كردنی دۆخه‌كه‌ ؛ دوو كوڕی بچوكیان له‌گه‌ل خۆیان هێنا ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌ڕێگه‌ی ئه‌ودووگه‌نجه‌وه‌ زانیاری وه‌رگرت سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی سوپای موشریكه‌كان و سه‌ركرده‌كانیان .

پاشان پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم به‌ شه‌خصی خۆی سه‌یری دۆخه‌كه‌ی كرد و له‌ریگه‌ی كه‌سێكی ده‌شته‌كی زانی كه‌ سوپای موشریكه‌كان له‌به‌شی خواره‌وه‌ی دۆله‌كه‌ن وه‌ باوه‌ڕداران له‌به‌شی سه‌ره‌وه‌  ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رمانی كرد به‌چوونه پێشه‌وه‌ی له‌شكره‌كه‌ی تا ده‌گه‌ن به‌ بیره‌كانی به‌در .

له‌رۆژی 16 ی مانگی ره‌مه‌زان پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌گه‌ل هاوه‌لانی گه‌ییشتن به‌ ئاوی بیره‌كانی به‌در ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌سه‌ر ره‌ئی حه‌ببابی كوری مونذیر – ڕه‌زای خوای لێبێت - فه‌رمانی كرد به‌ پركردنه‌وه‌ی بیره‌كانی به‌در ته‌نها ئه‌و بیره‌ نه‌بێت كه‌ خۆیان سوودی لێ ده‌بینن بۆ ئه‌وه‌ی موشریكه‌كان ئاویان ده‌ست نه‌كه‌وێت و له‌جه‌نگه‌كه‌دا ناره‌حه‌ت و تێنووبن .

وه‌ له‌شه‌ودا خوای په‌روه‌ردگار بارانێكی زۆری به‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌دا باراند ؛ باوه‌رداران به‌م بارانه‌ دلخۆشبوون و خواي په‌روه‌ردگار لاشه‌یانی پاك كرده‌وه‌ وه‌ دڵ و ده‌رونیانی پاك كرده‌وه‌ له‌ دوو دڵی و گومان و دڵه‌كانی پته‌وكردن وه‌ پێیه‌كانی به‌هۆی ئه‌م بارانه‌وه‌ جێگیر و دامه‌زراوكرد .

ئه‌م بارانه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خۆڵی ژێرپێی باوه‌رداران جێگیر و توند بێت و بتوانن  به‌ئاسانی هاتووچۆبكه‌ن ؛ به‌ڵام بۆ بێ باوه‌ڕان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خۆڵی ژێرپێیان بووه‌ هۆی دروست بوونی قوڕ و لیته‌ و نه‌یانده‌توانی به‌ئاسانی هاتووچوو بكه‌ن و به‌ره‌و پێش بچن .

له‌ رۆژی 17 ی ره‌مه‌زان قوره‌یشیان ریزه‌كانیان به‌ست بۆ جه‌نگ ؛ وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ریزه‌كانی هاوه‌ڵانی رێكخست ؛ تیرهاوێژه‌كانی خسته‌ ریزی دواوه‌ وه‌ جه‌نگاوه‌رانی خسته‌ ریزی پێشه‌وه‌ .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌خوای په‌روه‌ردگار پارایه‌وه‌ كه‌ سه‌ریان بخات به‌سه‌ر موشریكه‌كان .

وه‌ هه‌مویان چاوه‌روانی سه‌ره‌تای ده‌ست پێ كردنی جه‌نگه‌كه‌ بوو .

یه‌كه‌م روداو كه‌ له‌م  جه‌نگه‌دا‌ رویدا ئه‌وه‌بوو كه‌ یه‌كێك له‌ موشریكه‌كان به‌ناوی ئه‌سوه‌دی كوڕی عه‌بودلئه‌سه‌دی مه‌خزومی هه‌وڵیدا بچێت له‌ئاوی بیری موسڵمانان بخواته‌وه‌ یان تێكی بدات .

به‌ڵام حه‌مزه‌ی كوڕی عبدالمطلب ڕێگای لێ گرت و كوشتی .

پاشان موشریكه‌كان سێ كه‌سیان هاتنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاكه‌كه‌سی كه‌ بریتی بوون له‌ عوتبه‌ی كوڕی ره‌بیعه‌ و وه‌ وه‌لیدی كوڕی عوتبه‌ وه‌ شه‌یبه‌ی كوڕی ره‌بیعه‌ ؛ داوای موباره‌زه‌ و رووبه‌روونه‌وه‌یان كرد ؛ سێ كه‌س له‌موسلمانه‌ ئه‌نساریه‌كان بۆیان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ ؛ به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیان كردنه‌وه‌ و داوای رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی موهاجیره‌كانی خه‌لكی مه‌ككه‌یان كرد ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رمانی كرد به‌ حه‌مزه‌ی كوری عبدالمطلب و  عوبه‌یده‌ی كوری حارث و عه‌لی كوڕی ئه‌بو طالب كه‌ بچن ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌ .

موباره‌زه‌كه‌ له‌نێوانیاندا ده‌ستی پێكرد و  عه‌لی كوڕی ئه‌بو طالب – ڕه‌زای خوای لێبێت – وه‌لیدی كوڕی عوتبه‌ی كوشت وه‌ حه‌مزه‌ی كوری عبدالمطلب – ڕه‌زای خوای لێبێت – عوتبه‌ی كوڕی ڕه‌بیعه‌ی كوشت به‌ڵام عوبه‌یده‌ و شه‌یبه‌ هه‌ردووكیان یه‌كتریان زۆر به‌سه‌ختی برینداركردبوو ؛ حه‌مزه‌ و عه‌لی هاتن شه‌یبه‌یان ته‌واوكرد وه‌ عوبه‌یده‌یان به‌برینداری گه‌ڕانده‌وه‌ ناو سوپای موسڵمانان  به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م برینه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا .

موشریكه‌كان زۆر تووڕه‌بوون و ده‌ستیان كرد به‌ تیرهاوێشتن به‌سه‌ر موسڵماناندا وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ هێڕش بردن ؛ به‌ڵام موسڵمانان به‌ فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌شوێنی خۆیان جێگیر و وه‌ستابوون هه‌تا موشریكه‌كان ده‌گه‌ن پێیان ؛ كاتێك موشریكه‌كان نزیك بوونه‌وه‌ ڕیزی تیرهاوێژه‌كانی موسلمانان هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و له‌شكری موشریكه‌كانیان تیرباران كرد و ڕیزه‌كانی موشریكه‌كان په‌رته‌وازه‌بوو پاشان باوه‌رداران هێڕشیان كردنه‌سه‌ر و جه‌نگه‌ زۆر به‌توندی ده‌ستی پێكرد ؛ وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم دوعای ده‌كرد و له‌خوای په‌روه‌ردگار ده‌پارایه‌وه‌ كه‌ سه‌ریان بخات و داوای به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتنی لێ ده‌كرد و ئه‌ی فه‌رموو خوایه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ناوبچین كێ تۆ به‌تاك و ته‌نها بپه‌رستێ .

پاشان كه‌مێك خه‌وبردنه‌وه‌ به‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خواداهات صلی الله علیه وسلم ؛ به‌ ئه‌بوبه‌كری راگه‌یان كه‌ خوای په‌روه‌ردگار هه‌زار فریشته‌یان بۆ ده‌نێرێت بۆ هاوكاریكردنیان .

جه‌نگه‌كه‌ له‌هه‌ردوولادا زۆر به‌توندی به‌رده‌وام بوو ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌گه‌ڵ باوه‌رداران چووه‌ ناو جه‌نگه‌كه‌ و له‌خواده‌پارایه‌وه‌ و مشته‌ خۆڵێكی هه‌ڵگرت و به‌روه‌رووی موشریكه‌كانی فڕێداو فه‌رمووی : ئه‌م روخسارانه‌ ریسوابن ؛ باوه‌ڕداران زۆربه‌توندی هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر ریزی  موشریكه‌كان و په‌رته‌وازه‌یان ده‌كردن ؛ ئه‌وه‌نده‌ په‌رته‌وازبوون وای لێ هات حیمایه‌كانی شه‌خصی ئه‌بوجه‌هل دووركه‌وتنه‌وه‌ و شله‌ژاوی كه‌وتنه‌ ناو سوپایه‌كه‌یان و به‌جه‌نگه‌وه‌ سه‌رقاڵ بوون .

له‌وكاتدا دووگه‌نجی باوه‌ڕدار كه‌ سوێندیان خواردبوو هه‌ركاتێك بگه‌ن به‌ ئه‌بوجه‌هل له‌ناوی به‌رن كه‌ یه‌كیان ناوی موعاذي كوڕی عه‌مر بوو وه‌ ئه‌وه‌ی تریان ناوی موعه‌وه‌ذی كوڕی عه‌فراء  بوو ؛ كاتێك گه‌ییشتن به‌ ئه‌بو جه‌هل ؛ موعاذ شمشێرێكی له‌قاچی ئه‌بوجه‌هل دا و زۆر به‌سه‌ختی برینداركردوو تووشی خوێن به‌ربوون بوو و كه‌وته‌ سه‌رزه‌وی ؛ كاتێك عیكریمه‌ی كوری ئه‌بوجه‌هل ئه‌مه‌ی بینی به‌دوای موعاذ كه‌وتوو شمشێرێكی له‌شانی دا به‌ڵام موعاذ توانی ده‌ربچێت و خۆیان گه‌یانده‌ لای پێغه‌مبه‌ری خواو صلی الله علیه وسلم هه‌واڵیان پێدا كه‌ ئه‌بو جه‌هلیان به‌سه‌ختی برینداركردووه‌ ؛ ئینجا عبدالله ی كوری مه‌سعود – ڕه‌زای خوای لێبێت – به‌فه‌رمانی پێغه‌به‌ری خوا صلی الله علیه وسلم چوو بۆلای ئه‌بوجه‌هل بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵی مردنی ئه‌بوجه‌هل بزانێت و به‌ناو باوه‌ڕداراندا بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ ؛ كاتێك ابن مه‌سعود به‌ ئه‌بوجه‌هل گه‌ییشت ئه‌بوجه‌هل  پرسیاری له‌ ابن مه‌سعود كردوو ووتی : سه‌ركه‌وتن بۆ كێیه‌ ئه‌مرۆ ؟ پێی وت : بۆخواو بۆ پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ صلی الله علیه وسلم ؛ پاشان ابن مه‌سعود شمشێرێكی له‌ئه‌بوجه‌هلدا و كوشتی ؛ موژده‌ی له‌ناوچوونی ئه‌بوجه‌هلی به‌ پێغه‌مبه‌ری خواو هاوه‌ڵان گه‌یاند .

له‌دوای په‌رته‌وازه‌بوونی ریزی سوپای موشریكه‌كان ؛  به‌ره‌دواوه‌ رایانكرد و خوای په‌روه‌ردگار باوه‌ردارانی سه‌رخست .

له‌م جه‌نگه‌دا 14 كه‌س له‌باوه‌ڕداران شه‌هیدبوون .

6 كه‌سیان له‌موهاجیره‌كانی خه‌ڵكی مه‌ككه‌ بوون .

وه‌ 8 كه‌سیان له‌ ئه‌نصاریه‌كانی خه‌ڵكی مه‌دینه‌ بوون .

وه‌ موشریكه‌كان  70 حه‌فتا كه‌سیان لێ كوژرا .

وه‌ 70 حه‌فتا كه‌سیشیان به‌دیل گیرا .

وه‌ ده‌ست كه‌وتێكی زۆریش كه‌وته‌ ده‌ست باوه‌ڕداران .

ئه‌م ڕۆژه‌ ناونرا به‌ ڕۆژی فورقان چونكه‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌م ڕۆژه‌دا حه‌ق و باتڵی له‌یه‌ك جیاكرده‌وه‌ و باوه‌ڕدارانی سه‌رخست به‌سه‌ر بێ باوه‌ڕان .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

12 / صفر / 1443 ك – 20 / 9 / 2021 م