( چۆنیه‌تی جه‌نگی موئته ) وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

چۆنیه‌تی جه‌نگی موئته

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

-----‌

سێ مانگ له‌دوای موسڵمان بوونی خالیدی كوڕی وه‌لید – ڕه‌زای خوای لێبێت – كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی ده‌ستی به‌ گۆرانكاریه‌كی زۆر كرد .

دوای ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم سولحی حوده‌یبه‌ی كرد له‌  گه‌ڵ موشریكه‌كانی شاری مه‌ككه‌ و جه‌نگ له‌نێوانیاندا وه‌ستا ؛ وه‌ له‌ ده‌ستی جوله‌كه‌ ناپاكه‌كانی خه‌یبه‌ر رزگاریان بوو ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ده‌ستی كرد به‌ نامه‌ ناردن و بۆ پادشا و ئه‌میره‌كانی شار و وڵاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ؛ بانگه‌وازی ده‌كردن بۆ موسڵمان بوون و هاتنه‌ ناو ئایینی پیرۆزی ئیسلام  .

له‌وانه‌ پادشای ڕۆمه‌كان ( هیره‌قل ) ی بیزه‌نطيني ؛ وه‌ ( كیسرا ) پادشای فارسه‌كان ؛ كه‌ ئه‌م دوو پادشایه‌ له‌وكاتدا سه‌ركرده‌وه‌ی گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆری بوون .

به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ولاتی شام درێژبوونه‌وه‌یه‌كی سروشتی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی ؛ بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم هاوشێوه‌ی ئه‌ونامانه‌ی بۆ پادشا و ئه‌میره‌كانی ئه‌و ناچه‌یه‌ ده‌نارد كه‌ بۆ پادشانی رۆم و فارسی ده‌نارد .

له‌م ناوچانه‌ی وڵاتی شام پادشایه‌ك حوكمی غه‌ساسینه‌كانی ده‌كرد كه‌ ناوی حارثي كوڕی ئه‌بی شه‌مر بووكه‌  سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌تی بیزنطيني ڕۆمی بوو ؛ به‌ڵام سه‌ربه‌خۆبوون و له‌شكرێكی گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌عه‌ره‌به‌كانی غه‌ساسینه‌  ؛ ئه‌م پادشایه‌ حوكمی ئه‌وناوچه‌یه‌ی ده‌كرد كه‌ ده‌كاته‌ ناوچه‌ی بولانه‌ و بوصرا هه‌تا نزیك جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی له‌به‌شی باشووره‌وه‌ .

عه‌ره‌به‌ غه‌ساسینه‌كان زۆر به‌هێز و به‌توانابوون ؛ وه‌ شاره‌زایی زۆریان هه‌بوو له‌هونه‌ری جه‌نگ كردن به‌هۆی په‌یوه‌ندیان به‌ده‌وڵه‌تی بیزه‌نطيني رۆمیه‌وه‌ ؛ زۆر سوودیان له‌م ده‌وڵه‌ته‌كردبوو له‌ڕووی سه‌ربازی و پلانی جه‌نگ كردن ؛ وه‌ هاوكاری زۆریان له‌م ده‌وڵه‌ته‌ وه‌رده‌گرت له‌كاتی جه‌نگ كردنیان له‌گه‌ڵ ئیمپراتۆریه‌تی فارس كه‌ دراوسێیان بوون .

دوای ماوه‌یه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم چه‌ند  نێردراوێكی نارد بۆلای پادشای فارس و شام و غه‌ساسینه‌كان ؛ ئه‌و نێردراوه‌ی نامه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوای برد صلی الله علیه وسلم   بۆلای پادشای غه‌ساسینه‌كان ناوی حاریسی كوڕی عومه‌یر بوو – ڕه‌زای خوای لێبێت -  ؛ كاتێك گه‌ییشته‌ سنووری شام و گه‌ییشت به‌ شاری موئته‌ نامه‌كه‌ی ته‌سلیمی یه‌كێك له‌ ئه‌میره‌كانی ئه‌م شوێنه‌كرد كه‌ سه‌ر به‌ پادشای غه‌ساسینه‌كان بوو ؛  ناوی ئه‌و ئه‌میره‌ شوره‌حبیلی كوڕی عه‌مر بوو ؛ كاتێك شوره‌حبیل پرسیاری له‌م نێردراوه‌كرد كه‌ بۆچی هاتووی ؟ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ زانی ئه‌مه‌ نێردراوی پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ صلی الله علیه وسلم ڕاسته‌وخۆ فه‌رمانی كرد ئه‌م نێردراوه‌ ببه‌سته‌وه‌ و شمشێرێك له‌ گه‌رده‌نی بده‌ن و بیكوژن !

بێگومان كوشتنی نێردراوه‌كان له‌لای عه‌ره‌به‌كان تاوان و ناپاكی بوو چونكه‌ نێرداوه‌كان حه‌صانه‌ و پارێزگاریان هه‌بوو له‌هه‌موو شوێنێك كه‌چی ئه‌وان ئه‌م نێردراوه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوایان صلی الله علیه وسلم كوشت !

كاتێك هه‌واڵی كوشتنی ئه‌م نێردراوه‌ گه‌ییشته‌ شاری مه‌دینه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم زۆر خه‌فه‌تی خوارد وه‌زۆر له‌م خیانه‌تكارانه‌  تووڕه‌ بوو ؛ كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ده‌ستدرێژی كردنی عه‌ره‌به‌ غه‌ساسینه‌كان بوو بۆ سه‌رموسڵمانان .

دوای دوومانگ له‌ كوژرانی حارث – ره‌زای خوای لێبیت -  ؛ عه‌ره‌به‌ غه‌ساسینه‌كان له‌ناوچه‌ی ده‌سه‌لاتی خۆیان هێرشیان كرده‌ سه‌ر  15 كه‌سی موسڵمان كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ناردبوونی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلام له‌ خاكی شام ؛ گشتیان تیرباران كردن و كوشتنیان  ته‌نها كه‌عبی كوڕی عومه‌یر نه‌بێت ؛ ئه‌و له‌ده‌ستیان ده‌رچوو و گه‌ڕایه‌وه‌ لای پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ئه‌م هه‌واڵه‌ی پێ گه‌یاندن .

ئه‌مكاره‌ ناپاكانه‌ی پادشای عه‌ره‌به‌ غه‌ساسینه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كی بوون بۆ دروست بوونی جه‌نگی موئته‌ ؛ وه‌ بێ ده‌نگی موسڵمان له‌مكاره‌ ناپاكانه‌یان ده‌بووه‌ هه‌ل و ده‌رفه‌تێك بۆ هێرشكردنی ئیمپراتۆری رۆمی بۆ سه‌ر موسڵمانان ؛ به‌تایبه‌تی له‌دوای سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر فارسه‌كان .

بۆیه‌ له‌ مانگی جه‌مادی یه‌كه‌م ساڵی هه‌شته‌می كۆچی به‌رامبه‌ر به‌ ساڵی 629 ی میلادی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم سوپایه‌كی ئاماده‌كرد كه‌ ژماره‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كانی ئه‌م سوپایه‌ 3000 سێ هه‌زار جه‌نگاوه‌ربوو ؛ له‌شكره‌كه‌ی برده‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌دینه‌ به‌دووری سێ میل ته‌قریبه‌ن ؛ كاتێك له‌م شوێنه‌ كۆبوونه‌وه‌ هه‌مویان هه‌والیان پێدار كه‌ ده‌چن ڕووبه‌ڕووی عه‌ره‌به‌ غه‌ساسینه‌كان ده‌بنه‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ ئیمپراتۆریه‌تی رۆمن ؛ وه‌ له‌وكاتدا ئیمپراتۆری رۆمی بیزه‌نطي له‌ به‌هێزترینی ئیمپراتۆره‌كان بوو ؛ به‌ڵام موسڵمانان گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوابوون و ڕاسته‌وخۆی جێ به‌جێیان ده‌كرد .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌ڵبژارد بۆ سه‌ركردایه‌تی سوپاكه‌ كه‌  یه‌كه‌میان زه‌یدی كوڕی حاریثه‌ بوو ڕه‌زای خوای لێبێت – ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رمووی : ئه‌گه‌ر زه‌ید كوژرا ئه‌وا جه‌عفه‌ری كوری ئه‌بوتالب ده‌بێته‌ جێنشینی وه‌ ئه‌گه‌ر جه‌عفه‌ر كوژرا ئه‌وا عبدالله ی كوڕی ره‌واحه‌ ده‌بێت به‌جێنشینی ئه‌و سه‌ركردایه‌تی سوپاكه‌ ده‌كات ؛ وه‌ فه‌رمانی به‌ سه‌ركرده‌كانی كه‌تیبه‌كان كرد ئه‌گه‌ر عبدالله ی كوری ڕه‌واحه‌ش كوژرا ئه‌وا به‌ راوێژ له‌نێوان خۆیان كه‌سێكی تر بكه‌ن به‌سه‌ركرده‌ی سوپاكه‌ .

پاشان پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم وتارێكی بۆ سوپاكه‌ خوێنده‌وه‌ و چه‌ند ڕێنماییه‌كی كردن و پێی فه‌رموون هێرشكردنی ئێوه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وكه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی پادشای غه‌ساسینه‌كانه‌ ؛ ئه‌وانه‌ی ناپاكیان له‌ موسڵمانان كردوو لێیان كوشتن ؛ وه‌ پێی فه‌رموون ئه‌گه‌ر په‌یمانتان به‌كه‌سێك دا هه‌ڵی مه‌وه‌شێننه‌وه‌ و غه‌در مه‌كه‌ن وه‌ راهیبه‌كانی ناو په‌رستگاكان مه‌كوژن وه‌ منداڵ و ئافره‌ت و پیاوانی به‌ته‌مه‌ن مه‌كوژن وه‌ خانو و دره‌ختی خه‌ڵك مه‌روخێنن و مه‌برن .

خالیدی كوڕی وه‌لید ره‌زای خوای لێبێت له‌ناوه‌راستی سوپاكه‌ وه‌ك جوندیه‌كی ئاسایی وه‌ستابوو كه‌ ماوه‌ی سێ مانگ بوو موسڵمان ببوو؛ گوێی له‌ وتاره‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم گرتبوو .

له‌دوای ته‌واوبوونی وتاره‌كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ئاڵا سپیه‌كه‌ی دایه‌ ده‌ست سه‌ركرده‌ی سوپاكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناو سوپاكه‌ و هانیان بدات بۆ تێكۆشان له‌پێناو خوای په‌روه‌ردگار .

به‌ڕێ كه‌وتن كه‌ ژماره‌یان 3000 سێ هه‌زار كه‌س بوو له‌ باشترینی موسڵمانان ؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سوپاكه‌ی موسڵمانان زۆر به‌نهێنی به‌ڕێكه‌وت به‌ڵام به‌هۆی زۆری جاسوسه‌كان له‌هه‌موو شوێنێك هه‌والی هاتنی سوپای موسلمانان به‌ شه‌رحه‌بیلی كوری عه‌مر گه‌ییشت ؛ بۆیه‌ شه‌ره‌حبیل په‌یامێكی بۆ رۆمه‌كان نارد وه‌ سوپایه‌كی له‌چه‌ند قه‌بیله‌یه‌ك پێك هێنا وه‌ برایه‌كی خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك نارد بۆ چاودێری كردنی سوپای موسڵمانان ؛ به‌ڵام موسڵمانان به‌م چه‌ند كه‌سه‌ گه‌ییشتن و برای شه‌ره‌حبیلیشیان كوشت .

شه‌ره‌حبیل زۆر ترسا !

بۆیه‌ په‌یامی بۆ سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانی ڕۆمی نارد بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانایانه‌وه‌ بێن ؛ كاتێك په‌یامه‌كه‌ی پێیان گه‌ییشت پۆل له‌دوای پۆل چه‌ند له‌شكریان بۆنارد ؛ ژماره‌ی سوپای رۆمه‌كان گه‌لێك زۆر كۆبوه‌وه‌ !

به‌ڵام به‌دیاری كراوی له‌نێوان مێژوونوسان رای جیاوازهه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی رێژه‌یان .

ئیبن ئیسحاق له‌په‌رتووكی ( حياةُ محمد ) صلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی : ژماره‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كانی سوپای رۆم 100 هه‌زار كه‌س بووه‌ وه‌ 100 هه‌زاری تریش چۆته‌ ریزیان له‌ هۆز و قه‌بیله‌كان .

وه‌ پێشه‌وا واقیدی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت فه‌رموویه‌تی : ژماره‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كانی سوپای رۆمه‌كان ته‌نها 100 هه‌زار كه‌س بووه‌ ؛ وه‌ رۆمه‌كان نه‌یان ده‌زانی ژماره‌ی جه‌نگاوه‌ری سوپای موسلمانان چه‌نده‌ .

یه‌كێك له‌ مامۆستایانی مێژووی بیزه‌نطي وتویه‌تی : ژماره‌ی رۆمه‌كان له‌ قه‌رنی حه‌وتی میلادی ته‌نها 100 هه‌زار جه‌نگاوه‌ر بووه‌ .

وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانیان له‌ ولاته‌كه‌یان هێشتووه‌ له‌به‌ر مه‌ترسی هێرش كردنی فارسه‌كان بۆسه‌ریان كه‌ له‌ پێشدا فارسه‌كان شكستیان خواردبوو به‌رامبه‌ر به‌ رۆمه‌كان .

وه‌ زۆرێك له‌ لێكۆله‌ره‌وه‌كان ئه‌لێن ژماره‌ی سوپای رۆمه‌كان 15 هه‌زار یان 10 هه‌زار كه‌س بووه‌ .

كه‌ئه‌مه‌ بۆچوونی زۆرێك له‌ مێژوونوسانی موسڵمان و نا موسڵمانه‌كانه له‌ كۆن و ئێستادا ؛ له‌وانه‌ مێژووناس ( ولتا تایگی ) مامۆستای مێژووی بیزه‌نتی له‌ جامیعه‌ی كامپریج ؛ وه‌ جه‌نه‌رال ئه‌كره‌م خاوه‌نی په‌رتووكی  لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌ مێژووی شمشێری هه‌ڵكێشراوی خوا خالیدی كوری وه‌لید .

له‌گه‌ل جیاوازی بۆچوونه‌كان سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كانی سوپای رۆمه‌كان ئه‌وا پێویسته‌ بزانین كه‌ ژماره‌یان گه‌لێك زۆرو جیاوازبووه‌ ‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژماره‌ی سوپای موسلمانان .

وه‌ خاوه‌نی چه‌ك و لێهاتوویی و شاره‌زایه‌كی زۆربوون له‌ جه‌نگ كردندا .

له‌دوای پشوودانی سوپای موسلمانان له‌ دۆڵی قورا به‌ڕێكه‌وتن بۆناو خاكی شام و گه‌ییشتن به‌وشوێنه‌ی كه‌ ئێستا پێی ده‌وترێت ئوردون .

هه‌واڵ به‌سه‌ركرده‌وه‌ی موسڵمانان زه‌یدی كوری حاریسه‌ - ره‌زای خوای لیبیت - گه‌ییشت كه‌ رۆمه‌كان به‌ سوپایه‌كی زۆر گه‌وره‌ هاتوون !

زه‌ید له‌گه‌ل ئه‌میره‌كانی سوپاكه‌ی كۆبووه‌وه‌ و ڕاوێژی پێكردن سه‌باره‌ت به‌م جه‌نگه‌ ؛ كاتێك كۆبوونه‌وه‌ هه‌ندێكیان وتیان با هه‌واڵ بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم  بنێرین و پێی رابگه‌یه‌نین كه‌ ژماره‌ی رۆمه‌كان گه‌لێك زۆره‌ بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی زیاترمان بۆبێت یان فه‌رمانمان پێ بكه‌ن به‌ جه‌نگ كردن ؛ وه‌ بۆچوونی دووه‌میان ئه‌وه‌بوو كه‌ ڕاسته‌وخۆ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر رۆمه‌كان به‌ پشتیوانی خوا ؛ جا یان سه‌رده‌كه‌ون یان شه‌هیدده‌بن ؛ یه‌كێك له‌وكه‌سانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ی هه‌بوو سه‌ركرده‌ی سێیه‌می موسڵمانان بوو عبدالله ی كوڕی ره‌واحه‌ – ڕه‌زای خوای لێ بێ - ؛ بۆماوه‌ی دوورۆژی ته‌واو ئه‌م ڕاوێژه‌ له‌نێوان موسڵمان به‌رده‌وام بوو سه‌باره‌ت به‌م جه‌نگه‌  ؛ كۆتایی رۆژی دووه‌م هه‌موویان یه‌ك ده‌نگ بون له‌سه‌ر بۆچوونی  عبدالله ی كوڕی ره‌واحه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆمه‌كان بجه‌نگن بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌روانی هیچ هاوكاریه‌ك بكه‌ن له‌شاری مه‌دینه‌ .

سوپای موسلمانان گه‌ییشت به‌شوێنێك به‌ناوی بولقاء وه‌ سوپای رۆمه‌كان له‌ گوندێك بوو به‌ناوی مه‌شاریف .

سه‌ركرده‌ی موسڵمانان زه‌یدی كوری حاریس بیری له‌پلانی چۆنیه‌تی جه‌نگه‌كه‌ ده‌كرده‌وه‌ و كه‌ چۆن بتوانی سوپای موسڵمانان له‌ گه‌مارۆی رۆمه‌كان بپارێزێت ؛ بۆیه‌ بریاریدا به‌رێ بكه‌ون هه‌تا ده‌گه‌ن به‌ گوندی موئته‌ ؛ كاتێك گه‌ییشتن به‌م شوێنه‌ سوپای هه‌ردوولا به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتری ریزیان به‌ست بۆ ئه‌نجامدانی جه‌نگێكی زۆرگه‌وره‌ ! .

هه‌ردوو سوپاكه‌ به‌شێوه‌ی نیمچه‌لاسایی به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتری وه‌ستان ؛ سه‌ركرده‌ی موسڵمانان زه‌یدی كوری حاریسه‌ ره‌زای خوای لێبێت لای راستی سوپاكه‌ی دایه‌ ده‌ست قوتبه‌ی كوری قه‌تاده‌ وه‌لای چه‌پی سوپاكه‌ی دایه‌ ده‌ست عه‌بایه‌ی كوری مالیكی ئه‌نصاری ره‌زای خوای لێبێت ؛ وه‌ سه‌ركردایه‌تی گشتی له‌ناوه‌راستی سوپاكه‌ له‌ژێرفه‌رمانی خۆی بوو ره‌زای خوای لێبێت وه‌ له‌دواوه‌ی جه‌عفه‌ری كوری ئه‌بوتالیب و عبدالله ی كوڕی ره‌واحه‌ بوو ره‌زای خوایان لێبێت ؛ وه‌ خالیدی كوری وه‌لید ره‌زای خوالی لێبێت وه‌ك جه‌نگاوه‌ره‌كێك  له‌ ناوه‌راستی سوپاكه‌ بوو .

وه‌ سوپای بیزه‌نتینیه‌ رۆمه‌كان ته‌قریبه‌ن به‌هه‌مان شێوه‌ی سوپای موسلمانان رێكخرابوو له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی ( تیودور) ؛ سوپاكه‌ی له‌لای هه‌ندێك له‌ موسڵمانان دیمه‌نێكی سامناك و گه‌وره‌ی هه‌بوو چونكه‌ یه‌كه‌م جاریان بوو ڕووبه‌ڕووی ئه‌م جۆره‌ سوپا زه‌به‌لاحه‌یه‌ ببنه‌وه‌ !

به‌ڵام هه‌ندێك له‌هاوه‌ڵان ڕه‌زای خوایان لێبێت له‌وانه‌ سابتی كوری ئه‌رقه‌م ره‌زای خوای لێبێت فه‌رمووی سه‌ركه‌وتن به‌زۆری جه‌نگاوه‌رانه‌وه‌ نیه‌ به‌ڵكو سه‌ركه‌وتن له‌لایه‌ن خواوه‌یه‌ ؛ وه‌ جه‌نگی به‌دری بیرهێنانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان له‌ ژماره‌ی موشریكه‌كان زۆر كه‌متریش بوو به‌لام خوای په‌روه‌ردگار سه‌ری خستن ؛ ئه‌م ئامۆژگاریه‌ی زۆر كاریگه‌ربوو و گشتیان جێگیربوون و ئاماده‌بوون بۆ جه‌نگ كردن .

له‌سه‌ربه‌یانی رۆژی دووه‌م موسڵمانان به‌په‌له‌ بێ ئه‌وه‌ی رۆمه‌كان خۆیان ئاماده‌بكه‌ن هێرشیان كرده‌ سه‌ریان و رۆمه‌كان زۆر تاسان و سه‌رسام بوون به‌ ئازایه‌تی و بوێری سوپای موسڵمانه‌كان ؛ به‌په‌له‌ ده‌ستیان كرده‌ شمشێرو قه‌لغانه‌كانیان و ده‌ستیان كرد به‌ جه‌نگ كردن ؛ ئاژاوه‌یه‌كی زۆر كه‌وته‌ ناو سوپاكه‌یه‌انه‌وه‌ وه‌  زیانێكی زۆر به‌ر ریزی پێشه‌وه‌ی سوپای  رۆمه‌كان كه‌وت  ؛ جه‌نگه‌كه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام بوو هه‌تا نزیكی هاتنی شه‌و ؛ ئینجا هه‌ردوولا گه‌رانه‌وه‌ دواوه‌ بۆ پشوودان و دووباره‌ ده‌ست كردنه‌وه‌ به‌ جه‌نگ له‌رۆژی دواتردا .

رۆمه‌كان تووشی شۆك بوون زۆر لایان سه‌یربوو كه‌ جه‌نگێكی زۆر به‌هێزیان به‌رامبه‌ركرا له‌لایه‌ن سوپایه‌ك كه‌ ژماره‌یان زۆر له‌وان كه‌متره‌ !

تیودور وای گومان ده‌برد كه‌ به‌ئاسانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێت به‌رامبه‌ر به‌ موسڵمانه‌كان و مژده‌ی سه‌ركه‌وتن بۆ هیرقلی پادشاكه‌یان ده‌نێرێت ؛ به‌ڵام بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ سه‌ركه‌وتنیان ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌ !

له‌ به‌یانی رۆژی دوه‌می جه‌نگه‌كه‌ موسلمانان بریاریاندا كه‌ به‌خێرایی هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر رۆمه‌كان پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ جه‌نگ كردن ؛ جه‌نگه‌كه‌ له‌م رۆژه‌دا زۆر توندتر و به‌هێزتربوو ! هه‌ریه‌كه‌یان هه‌وڵی ده‌دا به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تریان سه‌ركه‌وێت ؛ جه‌نگه‌كه‌ هه‌تا نزیكی شه‌و به‌رده‌وام بوو پاشان هه‌ردوولا به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و بۆ ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ی رۆژی دواتر .

له‌به‌یانی رۆژی دواتر رۆمه‌كان ده‌ست پێشخه‌رییان كرد و هێرشێكی زۆرتوندیان برد و هه‌وڵیاندا له‌خاڵی لاوازی موسڵمانان بده‌ن و سه‌ركرده‌كان بكوژن و لاوازیان بكه‌ن ؛ سه‌ركرده‌ی سوپای موسڵمانان زه‌یدی كوری حاریسه‌ ره‌زای خوای لێبێت له‌سه‌ر ئه‌سپه‌كه‌ی به‌ره‌ و پێشه‌وه‌ ده‌رۆییشت و هانی موسڵمانانی ده‌دا كه‌ هێرش به‌رن و به‌ره‌ و پێشه‌وه‌ برۆن به‌ڵام دوای چه‌ند ساتێكی كه‌م چه‌ند جوندیه‌كی رۆمی ڕمح به‌ده‌ست هێرشیان كرده‌ سه‌روو له‌ سه‌ر ئه‌سپه‌كه‌ی كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و شه‌هید بوو ! و ئاڵا سپیه‌كه‌ی سوپای موسڵمانان كه‌وته‌ سه‌رزه‌وی !

وه‌ له‌هه‌مانكاتدا له‌شاری مه‌دینه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌ڕێگه‌ی وه‌حی خوای په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هه‌واڵی كوژرانی زه‌یدی كوری حاریسه‌ی به‌ موسلمانان ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ش موعجیزه‌یه‌ك بوو له‌ موعجیزه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم !

ئینجا جه‌عفه‌ری كوری ئه‌بو تالیب – ره‌زای خوای لیبیت -  سه‌ركردایه‌تی سوپای موسلمانانی گرته‌ ده‌ست و ئاڵاسپیه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت و خۆی و چه‌ند موسڵمانێك زۆر به‌ ئازایی و چاونه‌ترسانه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ردوژمن و به‌ره‌ و دواوه‌ ڕاوی ده‌نان ؛ به‌ڵام كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ رۆمه‌كان هێرشیان بۆبرد ؛ جه‌عفه‌ر ره‌زای خوای لێبێت له‌سه‌ر ئه‌سپه‌كه‌ی هاته‌ خواره‌وه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ جه‌نگ كردن به‌رامبه‌ریان به‌لام دواتر رۆمه‌كان به‌شمشێر هه‌ردوو ده‌ستیان بری و ئه‌ویش شه‌هید بوو ! پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم راسته‌وخۆی هواڵی شه‌هید بوونی جه‌عفه‌ریشی به‌ موسڵمانان ڕاگه‌یاند !

ئاڵا سپیه‌كه‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و وره‌ی هه‌ندێك له‌ موسڵمانان خه‌ریك بوو ده‌روخا ! ئینجا عبدالله ی كوری ڕه‌واحه‌ ره‌زای خوای لێبێت به‌چه‌ند به‌یتێكی شیعری به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ڕۆییشت و ته‌شجیعی نه‌فسی خۆی و موسڵمانانی ده‌كرد و ئاڵا سپیه‌كه‌ی  گرته‌ ده‌ست و زۆر به‌ ئازایانه‌ رۆمه‌كانی ڕاوده‌نا و هێرشی ده‌كردنه‌ سه‌ر له‌ناكاو كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ رۆمه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر ز ئه‌ویشیان  شه‌هید كرد ! وه‌ له‌هه‌مان كاتدا پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌ شاری مه‌دینه‌ هه‌واڵی شه‌هید بوونی سه‌ركرده‌ی سێیه‌می موسڵمانانی به‌هاوه‌لانی ڕاگه‌یاند !

له‌دوای شه‌هید بوونی سه‌ركرده‌ی سێیه‌می موسڵمانان عبدالله ی كوڕی ڕه‌واحه‌ ره‌زای خوای لێبێت په‌رته‌وازه‌یی كه‌وته‌ ناو ریزی سوپای موسڵمانان و هه‌ندێكیان به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ ! ئینجا سابیتی كوری ئه‌رقه‌م چووه‌ پێشه‌وه‌ و ئالاسپیه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی هه‌ڵگرته‌وه‌ و بانگی موسڵمانانی ده‌كرد كۆببنه‌وه‌ له‌ده‌وری بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌ك بۆ سوپاكه‌یان دابنێن ؛ كاتێك سابت به‌ خالید گه‌ییشت ئاڵاكه‌ی داپێی به‌لام خالید ره‌تی كرده‌وه‌ و وتی تۆ له‌من له‌پێشتر و ئه‌ولاتری چونكه‌ له‌مه‌ن به‌ته‌مه‌نتری وه‌  له‌پێشتری له‌ موسڵمان بوونت ؛ به‌ڵام سابت هه‌ر سووربوو كه‌ ئالاكه‌ بداته‌ ده‌ست خالید و ئه‌و ببێت به‌سه‌ركرده‌ی گشتی سوپاكه‌ ؛ ئینجا خالید ئاڵاكه‌ی وه‌رگرت و ڕازی بوو ؛ خالید زۆر به‌ لێهاتوویی و ئازایانه‌ ریزه‌كانی رۆمه‌كانی ده‌شكاند و ده‌یكوشتن وه‌ بانگی موسڵمانانی ده‌كرد كه‌ سه‌ر له‌نوێ ریزه‌كانیان ببه‌ستن و له‌ده‌وری كۆببنه‌وه‌ ؛ موسڵمانان كاتێك خالیدیان بینی ئاڵاسپیه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌سپه‌كه‌ی زۆر به‌ئازایانه‌ رۆمه‌كان ده‌كوژێت هه‌موویان فه‌رمانه‌كه‌یان به‌جێگه‌یان و ریزه‌كانیان به‌ست و له‌ده‌وری خالید كۆبوونه‌وه‌ ؛ ئینجا خالید فه‌رمانی كرد به‌ هێرش بردن بۆ ریزه‌كانی سوپای رۆم ؛ زۆر به‌ بوێری و به‌ هێزه‌وه‌ هێرشیان كردو رۆمه‌كانیان تووشی شۆك كرد كه‌ له‌دوای كوژرانی سێ سه‌ركرده‌ی موسڵمانان هێشتا موسڵمانان هه‌ر به‌رده‌وامن له‌جه‌نگ كردن و هێرش بردن !

سوپای رۆمه‌كان به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌جه‌نگ كردنیش هه‌ر به‌ده‌وام بوون ؛ خالید ره‌زای خوای لێبێت توانی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ سه‌ركرده‌یه‌كی رۆمه‌كان كه‌ ناوی مالیك بوو كاتێك پێی گه‌ییشت موباره‌زه‌یه‌كی زۆر توندی له‌گه‌ڵ كرد هه‌تا كوشتی و له‌ناوی برد ؛ كاتێك هه‌واڵی كوشتی ئه‌و سه‌ركرده‌یان بلاو بویه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌ركرده‌ی بیزه‌نتی فه‌رمانی به‌ سوپاكه‌ی كرد گشتیان بگه‌رێنه‌وه‌ دواوه‌ و دووباره‌ ریزه‌كانیان ببه‌ستنه‌وه‌ .

خالید ره‌زای خوای لێبێت كاتێك بینی سوپای رۆمه‌كان به‌ره‌و دواوه‌ گه‌رایه‌وه‌ ئه‌ویش فه‌رمانی به‌ سوپاكه‌ی كرد  بگه‌رێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان و پشوویه‌ك بده‌ن .

خالید – ره‌زای خوای لیبیت - بیری له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ موسڵمانان له‌م جه‌نگه‌ به‌سه‌لامه‌تی و كه‌مترین زیان بگه‌رێنێته‌وه‌ شاری مه‌دێنه‌ وه‌ ئه‌م گه‌رانه‌وه‌یه‌ش به‌سه‌ر كه‌وتنی موسڵمانان حیساب بكرێت ؛ چونكه‌ هه‌ر سوپایه‌ك له‌جه‌نگ سه‌حب بكات ئه‌وا زۆرجار له‌ سه‌دا حه‌فتا زیان به‌م سوپایه‌ ده‌كه‌وێت بۆیه‌ خوای په‌روه‌ردگار هیدایه‌تی خالیدی دا بۆ جێ به‌جێ كردنی پلانێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ .

خالیدی كوری وه‌لید ره‌زای خوای لێبێت ئه‌یزانی كه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانی هه‌ردوو سوپاكه‌ یه‌كتر ده‌ناسنه‌وه‌ به‌هۆی به‌رده‌وام بوونی جه‌نگه‌كه‌ زیاتر له‌ شه‌ش رۆژ  ! ئامانجی خالید ئه‌وه‌بوو رۆمه‌كان هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ موسلمانان له‌شكر و یارمه‌تیان بۆ هاتووه‌ و ترس بكه‌وێته‌ نێوانیان ؛ بۆیه‌ خالید فه‌رمانی به‌ موسڵمانان كرد شوێنی خۆیان بگۆرن و ئه‌وانه‌ی لای راست بچنه‌ لای چه‌پ وه‌ ئه‌وانه‌ی لای چه‌پ بچنه‌لای راست ؛ وه‌ كه‌سانی ریزی پێشه‌وه‌ی سوپاكه‌ی  برده‌وه‌ دواوه‌ وه‌ ئه‌وانه‌ی دواوه‌ی برده‌ پێشه‌وه‌ ؛ وه‌ فه‌رمانی پێكردن ئاڵاو پۆشاكه‌كانیان بگۆرن و پۆشاكی نوێ له‌به‌ر بكه‌ن ؛ وه‌ فه‌رمانی به‌كۆمه‌ڵێك ئه‌سپ سوار كرد بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌شی دواوه‌ و له‌ سوپاكه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ وه‌ فه‌رمانی پێكردن له‌دووره‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی جه‌نگ ده‌ست پێ بكات به‌سواری ئه‌سپه‌كانیان له‌دووره‌وه‌ ته‌پو تۆزبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دوژمن واگومان به‌رێت كه‌ له‌شكر و یارمه‌تیمان بۆ هاتووه‌ .

سه‌رله‌به‌یانی رۆژی حه‌وته‌م هه‌ردوو سوپاكه‌ ریزه‌كانیان به‌ست و ئاماده‌ی جه‌نگ كردن بوون ؛ سوپای رۆمه‌كان كاتێك بینیان ئاڵای سوپای موسلمانان گۆراوه‌ وه‌ شێوه‌ و پۆشاكیان گۆراوه‌ ترس دایگرتن و وایان گومان برد كه‌ به‌شه‌و هێز و یارمه‌تیان بۆ هاتووه‌ !

وه‌ له‌دووره‌وه‌  ته‌پ وتۆزی كۆمه‌ڵه‌ ئه‌سپساورێكیان بینی له‌دوای سوپای موسڵمانانه‌وه‌  !

وه‌ موسڵمانان به‌وتنی الله أكبر ده‌نگیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ ؛ بۆیه‌ ترسێكی زۆر كه‌وته‌ ناو سوپای رۆمه‌كان !

ئینجا خالیدی كوری وه‌لید ره‌زای خوای لێبێت فه‌رمانی كرد كه‌ هێرش به‌رن و به‌ره‌ و سوپای رۆمه‌كان هێرشیان برد .

پێكدادانێكی زۆر توند له‌نێوان هه‌ردوولا دروست بوو و سوپاس رۆمه‌كان زۆر به‌توندی به‌رگریان ده‌كرد ؛ ئه‌وترێت خالیدی كوڕی وه‌لید ره‌زای خوای لێبێت له‌م جه‌نگه‌دا نۆ شمشێری له‌ده‌ست شكا ! ماوه‌یه‌ك جه‌نگه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو ؛ پاشان خالید ره‌زای خوای لێبێت فه‌رمانی كردن موسڵمانان بكشێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگ له‌گه‌ل رۆمه‌كان رابگرێت و سوپاكه‌ی به‌سه‌لامه‌تی بگه‌رێنیته‌وه‌ شاری مه‌دینه‌ ؛ كاتێك رۆمه‌كان بینیان موسڵمانان به‌ره‌و دواوه‌ كشانه‌وه‌ شۆك بوون و ئه‌م كشانه‌وه‌یان له‌لاسه‌یربوو ؛ نه‌یانده‌زانی كه‌ خالید مه‌به‌ستێكی تری هه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی سوپای موسڵمانانه‌ .

سه‌ركرده‌ی رۆمه‌كان له‌م كشانه‌وه‌ی موسڵمانان واگومانی برد كه‌ موسڵمانان ده‌یانه‌وێت رۆمه‌كان به‌دوایان بكه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌ونه‌ بۆسه‌ و كه‌مینی ئه‌وان ! بۆیه‌ فه‌رمانی به‌ سوپاكه‌ی كرد به‌دوایان نه‌كه‌ون .

خالید ره‌زای خوای لێبێت راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سوپاكه‌ی به‌ره‌و شاری مه‌دینه‌ به‌ڕێكه‌وت و سوپای موسڵمانانی له‌م هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌ی رۆمه‌كان پاراست ؛ وه‌ ڕۆمه‌كانیش گه‌ڕانه‌وه‌ شار و وڵاتی خۆیان .

هه‌ندێك له‌سه‌رچاوه‌كان وتویانه‌ كه‌ 3000 سێ هه‌زار كه‌س له‌م جه‌نگه‌دا له‌ رۆمه‌كان كوژراوه‌ !

وه‌ له‌ موسڵمانان 12 كه‌س كوژراوه‌ ؛ وه‌ له‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ هاتووه‌ كه‌ 14 یان 13 كه‌س كوژراوه‌ ؛ وه‌ هه‌ندێك له‌سه‌رچاوه‌كان ئه‌ڵێن ژماره‌یان به‌ به‌سه‌دان كه‌س بووه‌ به‌ڵام ته‌نها ناوی 12 كه‌سیان زانراوه‌ ؛ به‌ڵام هه‌موو سه‌رچاوه‌كان یه‌كده‌نگن كه‌ زیانی زیاتر به‌ سوپای رۆمه‌كان كه‌وتووه‌ ئه‌گه‌رچی ڕێژه‌ی سوپاكه‌یان زۆر له‌ موسڵمانان زیاتربووه‌  !

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌لاڵه‌یی .

28 / صفر / 1443 ك – 5 / 10 / 2021 م