( چۆنیه‌تی جه‌نگی ئوحود ) وه‌رگێرانی : مامۆستا هه‌لگورد مسته‌فا گه‌لاڵه‌یی .

 ( چۆنیه‌تی جه‌نگی ئوحود )

وه‌رگێرانی : مامۆستا هه‌لگورد مسته‌فا گه‌لاڵه‌یی .

...........

پێش ئه‌وه‌ی باسی جه‌نگه‌كه‌ بكه‌ین باسی پێگه‌ییشتنی خالیدی كوری وه‌لید ده‌كه‌ین  خالید – ره‌زای خوای لێبێت – كه‌ له‌م جه‌نگه‌دا له‌ریزی له‌شكری موشریكه‌كان بووه‌ و هێشتا موسلمان نه‌بوو بوو ؛ له‌م جه‌نگه‌دا ده‌ورێكی زۆری هه‌بوو له‌ زیان گه‌یاندن به‌ له‌شكری موسڵمانان ؛ به‌ڵام سوپاس بۆخوا دوای چه‌ند سالێك موسلمان ده‌بێت و ده‌بێت به‌ شمشێری خواو تۆله‌ی جه‌نگی ئه‌وحود ده‌كاته‌وه‌ و ده‌بێت به‌سه‌ر خه‌ری ئیسلام و موسڵمانان .

خالیدی كوری وه‌لید – ره‌زای خوای لێبێت – له‌ناو هۆزی به‌نی مه‌خزوم پێ گه‌ییشتووه‌ .

له‌ته‌مه‌نی پێنج ساڵی ده‌نیردرێته‌ بیابان ماوه‌یه‌ك له‌وێ ژیان به‌سه‌رده‌بات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لای هۆزه‌كانی ئه‌وێ په‌روه‌رده‌بێت و كه‌سایه‌تی به‌هێز بێت .

پاشان گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی باوكی له‌ مه‌ككه‌ .

له‌باوكیه‌وه‌ فێری ئه‌سپ سواری و ئازایه‌تی و ره‌وشته‌ ناوداره‌كانی عه‌ره‌ب بوو .

خالید – ره‌زای خوای لێبێت – زۆر به‌جوانی فێری ئه‌سپ سواری بوو .

به‌ ئه‌سانی ده‌یتوانی خۆی له‌سه‌ر ئه‌سپ و وشتر بگرێت و ڕێبكات .

وه‌ له‌سه‌ر پشتی وشتر ده‌یتوانی زۆر به‌لێهاتوویی جه‌نگ بكات .

وه‌ شاره‌زاییه‌كی زۆری هه‌بوو له‌به‌كارهێنانی دوو شمشێر له‌سه‌ر ئه‌سپ وه‌ به‌ قاچه‌كانی توند خۆی ده‌گرت .

وه‌لیدی كوری موغیره‌ی باوكی حه‌زی ده‌كرد خالید كه‌سێكی سوود به‌خش بێت بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌ی .

بۆیه‌ زۆرجار خالیدی له‌گه‌ڵ كاروانه‌ بازرگانیه‌كان ده‌نارد بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاری مه‌ككه‌ ؛ خالید ده‌رس و وانه‌ی زۆر فێرده‌بوو له‌ خه‌لكانی وڵاتی شام یان خه‌لكانی ولاتی فارس .

وه‌ لێیانه‌وه‌ فێری چۆنیه‌تی جه‌نگی ڕێك و پێك ده‌بوو وه‌ فێری پلانی سه‌ربازی ده‌بوو له‌و جه‌نگه‌ كۆنانه‌ی كه‌ له‌وێ ڕوویدابوو .

وه‌ زانیاری هه‌بوو به‌ شێوازی جه‌نگی عه‌ره‌به‌كان له‌كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاكه‌كه‌سی و هێرش بردن و په‌لاماردان

وه‌ شێوازی جه‌نگی رۆژئاوایه‌كان له‌كاتی ڕێكخستنی سوپاكه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی ڕیك و پێك .

پاشان دوای ئه‌وه‌ی دینێكی نوێ له‌مه‌ككه‌ بڵاو بویه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) .

وه‌ سه‌ركرده‌ و گه‌وره‌كانی قوره‌یش زۆر به‌توندی به‌ره‌نگاری ئه‌م دینه‌ بوونه‌وه‌ .

وه‌ خالیدی كوری وه‌لید – ره‌زای خوای لێبێت – له‌ماڵی كه‌سێكی زۆر توند به‌رامبه‌ر به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) پێ گه‌ییشت و گه‌وره‌ بوو !

پلانه‌كانی باوكی و سه‌ركرده‌كانی قوره‌یشی ده‌بیست بۆ دژایه‌تی كردنی پێغه‌مبه‌ری خوا و( صلی الله علیه وسلم ) گه‌یاندنی بانگه‌وازیه‌كه‌ی .

دوای كۆچكردنی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌مه‌ككه‌ وه‌ بۆ مه‌دینه‌ شه‌رو ده‌سته‌ویه‌خه‌ دروست ده‌بوو له‌نێوان هه‌ردوو سه‌ربازی باوه‌رداران و موشریكه‌كان .

له‌ساڵی دووی كۆچی جه‌نگی به‌دری گه‌وره‌  ڕوویدا له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌بوجه‌هل بریاریدا كه‌ ئه‌وجه‌نگه‌ ده‌بێت بكرێت و له‌گه‌ل باوه‌رداران یه‌كلاببنه‌وه .‌

له‌م جه‌نگه‌دا له‌شكری موشریكه‌كان شكستێكی گه‌وره‌ی تووش بوو ؛ وه‌ زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌كانیان كوژرا !

خالیدی كوری وه‌لید – ره‌زای خوای لێبێت – له‌م جه‌نگه‌دا له‌گه‌ل موشریكه‌كان به‌شدارنه‌بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌فه‌ری كاروانێكی بازرگانی بوو له‌شام دوای ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ زانی كه‌ براكه‌ی له‌م جه‌نگه‌دا به‌دیل گیراوه‌ ؛ وه‌ نزیكیه‌ 17 كه‌س له‌ هۆزه‌كه‌ی له‌به‌نی مه‌خزوم كوژراون ! كه‌ زۆرینه‌یان له‌كوره‌ مامه‌كانی بوون یان له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانی بون !

خالیدی كوری وه‌لید له‌گه‌ل سه‌ركرده‌ی قوره‌یشیه‌كان بریاریدا كه‌ له‌شكرێكی زۆر گه‌وره‌ ئاماده‌ بكه‌ن كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌م له‌شكره‌ نه‌بوبێت له‌مه‌ككه‌ ؛ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مویان تۆله‌ی كوژراوه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ .

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌بو سوفیان له‌گه‌ل سه‌ركرده‌كانی قوره‌یش بۆ تاوتوێكردن له‌سه‌ر زیانه‌كانی جه‌نگی به‌در ؛ هه‌مویان كۆده‌نگ بوون كه‌ بۆ كوژراوه‌كانیان نه‌گرین ؛ ئه‌وكات رق و كینه‌یان زیاتر ده‌بێت و هه‌ولی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یان زیاتربێت .

وه‌ بریاریاندا كه‌ دانوساندن نه‌كه‌ن بۆ ئازادكردنی دیله‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ نه‌ده‌ن به‌ موسلمانان .

هه‌مویان ئه‌م كۆده‌نگیه‌یان جێ به‌جێ كرد .

به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك هه‌ندێك له‌وخه‌لكانه‌ی كه‌س و كاریان به‌دیل گیرابوو پاره‌یان ده‌نارد بۆ مه‌دینه‌ بۆ ئازادكردنی دیله‌كانیان

بۆیه‌ ئه‌بو سوفیان ناچاربوو له‌ بریاری دووه‌می ؛ ناچاربوو دانوساندن بكه‌ن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دیله‌كانیان .

ئه‌ندازه‌ی فیدیه‌ی‌ دیله‌كانیان نزیكه‌ی 1000 بۆ 4000 درهه‌م بوو به‌گوێره‌ی پێگه‌ی كه‌سه‌كه .‌

به‌ڵام ئه‌و هه‌ژارانه‌ی پاره‌یان نه‌بوو ئه‌وا ئازاد ده‌كران به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی منداڵانی موسڵمان فێری خوێندنه‌وه‌ و نوسین بكه‌ن .

وه‌ هه‌ندێكیان ئازاد كران به‌بێ وه‌رگرتنی پاره‌ و هیچ شتێكی تر به‌ڵام به‌مه‌رجێك به‌ڵێن بده‌ن كه‌جارێكی تر جه‌نگ دژ به‌ موسڵمانان نه‌كه‌ن .

خالیدی كوری وه‌لید و هیشامی برای هاتن بۆ دانوساندن له‌گه‌ڵ موسڵمانان بۆ ئازادكردنی وه‌لیدی برایان ؛ هیشام پێی زۆربوو كه‌ 4000 هه‌زار درهه‌م بده‌ن بۆ ئازادكردنی وه‌لیدی برایان به‌ڵام خالید سوور بوو له‌سه‌ر ته‌سلیم كردنی پاره‌كه‌ و براكه‌یان ئازاد كردوو له‌گه‌ل خۆیان گه‌ڕاندیانه‌وه‌ به‌ره‌و لای مه‌ككه‌ .

به‌ڵام له‌شه‌وه‌دا له‌كاتی مانه‌وه‌یان له‌سه‌ربازگه‌یه‌كی نزیك مه‌دینه‌ وه‌لیدی كوری وه‌لید گه‌رایه‌وه‌ بۆ مه‌دینه‌ و موسڵمان بوونی خۆی راگه‌یاند به‌هۆی بینینی جوان مامه‌ڵه‌كردنی موسڵمانان له‌گه‌ڵ دیله‌كان ؛ وه‌ له‌دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی خالیدی كوری وه‌لید له‌گه‌ل براكه‌ی به‌هێز و باش بوو .

قوره‌یشیه‌كان به‌رده‌وام بوون له‌خۆئاماده‌كردنیان بۆجه‌نگی داهاتوو ؛ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ داوا له‌ ئه‌بو سوفیان ده‌كرا زوو له‌شكر ئاماده‌ بكات بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی موسڵمانان .

_ بێگومان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی قورشیه‌كان و خۆ ئاماده‌كردنیان بۆ جه‌نگ چه‌ند مه‌رامێكی هه‌بوو :

مه‌رامی یه‌كه‌م : مه‌رامی شه‌رانگێزی بوو .

به‌مه‌به‌ستی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه .‌

مه‌رامی دوه‌م مه‌رامی سیاسی بوو .

ده‌یانویست هێز و شكۆی خۆیان سه‌رله‌نوێ بگه‌رێننه‌وه .

وه‌ مه‌رام و مه‌به‌ستی سێیه‌م مه‌رامێكی  ئابووری بوو .

ده‌یانویست موسڵمانان له‌م شوێنه‌ نه‌هێڵن كه‌ زیان له‌ كاروانه‌ بازرگانیه‌كانیان ده‌دات و ئه‌م شوێنه‌ بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان

به‌ڵام قوره‌یشیه‌كان به‌هۆی زیان به‌ركه‌وتنیان له‌جه‌نگی به‌رد هه‌ولیان ده‌دا له‌شكرێكی نوێ پێك بێنن به‌ چه‌ك و ئه‌سلیحه‌ی نوێوه‌ .

بۆیه‌ گفتوگۆ و دانوساندنیان كرد له‌ گه‌ڵ هۆزه‌كانی تری ده‌رو به‌ری مه‌ككه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێز له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكدا .

له‌ساڵی 625ی میلادی یان ساڵی 3 ی كۆچی

قوره‌یشیه‌كان له‌مه‌ككه‌ ده‌رچوون به‌له‌شكرێكی نزیكه‌ی 3000 سێ هه‌زار سه‌رباز كه‌ 700 حه‌وت سه‌د سه‌ربازیان زری پۆش بوو .

وه‌ نزیكه‌ی 300 وشتر و 200 ئه‌سپیان پێ بوو .

وه‌ نزیكه‌ی 15 ئافره‌ت له‌گه‌ڵ له‌شكره‌كه‌ ده‌رچوون له‌سه‌رپشتی وشتری تایبه‌ت به‌وان له‌وانه‌ هیندی كچی عوتبه‌ وه‌ خوشكی خالیدی كوری وه‌لید .

بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مه‌عنه‌ویاتی پیاوه‌كان وه‌ بۆ به‌بیرهێنانه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كانیان كه‌ له‌جه‌نگی به‌در گوژران و له‌ده‌ستیاندان  .

له‌وكاتدا هه‌وأل به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) گه‌ییشت سه‌باره‌ت به‌هاتنی له‌شكری قوره‌یشیه‌كان .

پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم - ڕاوێژی به‌هاوه‌ڵان كرد سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی جه‌نگ كردن له‌گه‌لیان .

پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) بۆچوونی وابوو له‌ناو شاری مه‌دینه‌ بمێننه‌وه‌ و به‌رگری لێ بكه‌ن .

به‌ڵام زۆرینه‌ی دانیشتوانی مه‌جلیسه‌كه‌ بۆچوونیان وابوو كه‌ له‌شاری مه‌دینه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی شار جه‌نگیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن .

پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) به‌قسه‌ی كردن وه‌ فه‌رمانی به‌خه‌لكی مه‌دینه‌ كرد به‌رگری له‌شار بكه‌ن ئه‌گه‌ر موشریكه‌كان ویستیان بێنه‌ ناوشاره‌وه‌ .

پاشان موسڵمانان له‌شاری مه‌دینه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ له‌شكرێكی نزیكه‌ی هه‌زار سه‌رباز كه‌ ته‌نها 100 سه‌ربازیان زری پۆش بووه‌ له‌گه‌ڵ بوونی دوو ئه‌سپ سوار .

به‌شه‌و له‌ باكوری مه‌دینه‌ سه‌ربازگه‌یان دانا .

له‌به‌یانی ڕۆژی دواتر پێش ئه‌وه‌ی له‌شكر له‌شوێنی خۆی به‌رێ بكه‌وێت نزیكه‌ی 300 كه‌سی مونافیق به‌سه‌ركردایه‌تی عبدالله ی كوری ئوبه‌ی بن سه‌لولی مونافیق  له‌ناو له‌شكری موسڵمانان گه‌رانه‌وه‌ بۆ شاری مه‌دینه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی جه‌نگ كردن له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌دینه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌دوادا نییه‌ !

دوای ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ له‌شكری موسڵمانان بوو به‌ نزیكه‌ی  700 سه‌رباز بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی 3000 سێ هه‌زار سه‌ربازی له‌شكری موشریكه‌كان !

پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) هه‌والی پێ گه‌ییشت كه‌ له‌شكری قوره‌یشیه‌كان گه‌ییشتوونه‌ته‌ نزیك مه‌دینه‌ وه‌ ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانیان و چه‌ك و ئه‌سلیحه‌یان زۆر له‌ژماره‌ی موسڵمانان زیاتره‌ !

پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) پێش ئه‌وه‌ی له‌شكری موشریكه‌كان بگه‌ن پێیان شوێنی هاوه‌ڵانی گواسته‌وه‌ بۆژێر چیای ئوحود واته‌ پشتیان كرده‌ چیای ئوحود وه‌ رووویان كرده‌ شاری مه‌دینه‌ ؛ پشتیان و لای راستیان پارێزراوبوو له‌هێرشكردنی موشریكه‌كان به‌ڵام لای چه‌یان له‌ته‌نیشت ته‌پۆلكه‌كه‌ بۆشایه‌ك هه‌بوو مه‌ترسی هه‌بوو كه‌ موشریكه‌كان له‌م بۆشاییه‌وه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ریان و پشتیان لێ بگرن بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) په‌نجا تیرهاوێژی له‌سه‌ر ئه‌م ته‌پۆلكه‌یه‌ دانا به‌سه‌ركردایه‌تی عبدالله كوری جوبه‌ر – ره‌زای خوای لیبیت -  فه‌رمانی پێ كردن كه‌ به‌تیره‌كانیان ئه‌سپ سواره‌كان دوور بخه‌نه‌وه‌ ؛ وه‌ فه‌رمانی پێكردن ئه‌نجامی جه‌نگه‌كه‌ به‌هه‌ر شێوازێك بێت ئه‌وا له‌شوێنی خۆیان بمێننه‌وه‌ و نه‌یه‌نه‌ خواره‌وه‌ .

وه‌ هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) نزیكه‌ی 14 ئافره‌تی له‌دواوه‌ی له‌شكره‌كه‌ دانا بۆئه‌وه‌ی ئاو بده‌ن به‌وكه‌سانه‌ی له‌كاتی جه‌نگه‌كه‌ تێنوو ده‌بن وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هانیان بده‌ن بۆ جه‌نگ كردن .

دوای ماوه‌یه‌ك له‌شكری قوره‌یشیه‌كان گه‌ییشته‌ شوێنی جه‌نگه‌كه‌ به‌شێوه‌ی له‌شكری موسلمانان له‌شكره‌كه‌یان ریزكرد و ئاماده‌كرد ؛ وه‌ ئه‌بو سوفیان به‌ره‌و سه‌ربازگه‌ی موسلمانان چووه‌ پێشه‌وه‌ و بانگی خه‌ڵكی مه‌دینه‌ی ده‌كرد كه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ شاری مه‌دینه‌ چونكه‌ خه‌لكی مه‌ككه‌ بۆئه‌وه‌ نه‌هاتون جه‌نگ له‌گه‌ڵ خه‌لكی مه‌دینه‌ بكه‌ن .

به‌ڵام وه‌ڵامی خه‌ڵكی مه‌دینه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌تاماون گوێرایه‌لی خوا و پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ن ( صلی الله علیه وسلم ) .

ئافره‌ته‌كانی ناو له‌شكری قوره‌یشیه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ ده‌ف لێدان و گۆرانی وتن بۆ هاندانی له‌شكری قوره‌یشیه‌كان و كوژراوه‌كانی جه‌نگی به‌دریان به‌بیر ده‌هێنانه‌وه‌ .

ئه‌بو سوفیان سه‌رپه‌رشتی ناوه‌راستی له‌شكره‌كه‌ی ده‌كرد و نزیكه‌ی 100 تیرهاوێژی له‌به‌شی پێشه‌وه‌ی له‌شكره‌كه‌دانا ؛ وه‌ ئه‌سپ سواره‌كان له‌هه‌ردوو لای له‌شكره‌كه‌بوون ؛ له‌لای راستی له‌شكره‌كه‌ 100 ئه‌سپ سوارهه‌بوو به‌سه‌ر په‌رشتی خالیدی كوڕی وه‌لید ؛ وه‌ 100 ئه‌سپ سوار له‌لای چه‌پی له‌شكره‌كه‌بوو به‌سه‌ر په‌رشتی عیكریمه‌ی كوڕی ئه‌بو جه‌هل .

وه‌ له‌شكری موسڵمانان له‌به‌رده‌م چیای ئوحود به‌شێوه‌یه‌كی پته‌و له‌ئاماده‌ باشی دابوو  وه‌ تیرهاوێژه‌كان له‌به‌شی پێشه‌وه‌ و لای چه‌پی له‌شكره‌ بوون بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هێرشی قوره‌یشیه‌كان .

دوای چه‌ند خوله‌كێك ئه‌بو عامری ئه‌وسی  خۆی و په‌نجا كه‌س له‌هۆزه‌كه‌ی له‌ناو له‌شكری قوره‌یشیه‌كان به‌ره‌و له‌شكری موسڵمانان ڕۆییشت و بانگی ده‌كردن و ئه‌یوت ئه‌ی به‌نی ئه‌وس من ئه‌بو عامرم واز له‌ له‌شكری موسلمانان بێنن و وه‌رنه‌ ناو له‌شكری قوره‌یشیه‌كان ؛ به‌ڵام به‌نی ئه‌وسیه‌كان گاڵته‌یان پێ كردو به‌ربارانیان كردن و ناچاریان كردن به‌په‌له‌ خۆی و شوێن كه‌وتوانی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو له‌شكری قوره‌یشیه‌كان . 

دوای ماوه‌یه‌ك له‌ چاوه‌ڕوانی جه‌نگه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد ؛ به‌روو به‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرهاوێژه‌كانی موسلمانان و قوره‌یشیه‌ موشریكه‌كان ؛ وه‌ خالیدی كوری وه‌لید هه‌ولی دا به‌ره‌و لای چه‌پی له‌شكری موسلمانان بروات به‌لام تیرهاوێژه‌كانی سه‌ر ته‌پۆلكه‌كه‌ تیربارانیان كردن و خالید و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌لی بوون به‌ناچاری به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ .

پاشان هه‌ردوولا له‌ تیرهاوه‌ژان گه‌رانه‌وه‌ شوێنی خۆیان و  زانیان كه‌ ئه‌م جه‌نگه‌ ئاسان نییه‌ .

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مویان بۆ شوێنی خۆیان جه‌نگه‌كه‌ به‌ مه‌رحه‌له‌یه‌كی تر ده‌ستی پێكرد .‌

‌كه‌ بریتی بوو له‌ موباره‌زه‌كردن له‌نێوان پاڵه‌وانه‌كانی هه‌ردوو له‌شكر .

ته‌ڵحه‌ هه‌لگری ئالای قوره‌یش له‌ناو له‌شكری قوره‌یشیه‌كان هاته‌ده‌ره‌وه‌ بانگی موسلمانانی كرد و وتی ئایه‌ كه‌سێك هه‌یه‌ موباره‌زه‌م له‌گه‌ل بكات ؟

عه‌لی كوری ئه‌بو تالیب – ره‌زای خوای لێبێت – له‌نێو رێزی له‌شكری موسلمانان بۆی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و پێش ئه‌وه‌ی ته‌لحه‌ به‌ شمشێره‌كه‌ی له‌ عه‌لی بدات عه‌لی ره‌زای خوای لێبێت شمشێرێكی لێدا و خستیه‌ سه‌ر زه‌وی ؛ پێش ئه‌وه‌ی عه‌لی شمێری دوه‌می لێ بدات و بیكوژێت  ته‌ڵحه‌ داوای ره‌حم و به‌زه‌یی له‌ عه‌لی كرد ؛ عه‌لی وازی لێهێناو گه‌ڕایه‌ نێو ڕیزه‌كانی له‌شكری موسڵمانان .

دوای كه‌وتنی ته‌ڵحه‌ ؛ برای ته‌ڵحه‌ ئاڵاكه‌ی گرته‌ ده‌ست و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ رۆییشت بۆ موباره‌زه‌كردن ؛ حه‌مزه‌ی كوری عبدالمطلب ي مامي پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) بۆي هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌م موشریكه‌ی كوشت .

له‌كاتی ئةم موباره‌زه‌یه‌ وه‌حشی چاودێری حه‌مزه‌ی مامی پێغه‌مبه‌ری خواي ( صلی الله علیه وسلم ) دةكرد و هاته‌ ئه‌ولایه‌ی كه‌ حه‌مزه‌ی لێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وپلانه‌ جێ به‌جێ بكات كه‌ فه‌رمانی پێكراوه‌ .

له‌دوای كه‌وتنی دووه‌م كةس لة بنه‌ماڵه‌ی ته‌ڵحه‌ هه‌وڵیان دا كه‌سانی تریان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ موباره‌زه‌ كردن له‌گه‌ڵ موسڵمانان به‌ڵام گشتیان شكستیان هێناو نه‌یان توانی بچنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ موباره‌زه‌ كردن .

پاشان مه‌رحه‌له‌ی كۆتای ده‌ستی پێكرد له‌م جه‌نگه‌دا .

هه‌ردوو له‌شكر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ڕۆییشتن و هێرشیان بۆ یه‌كتر برد و جه‌نگێكی زۆر توند له‌نێوانیادا ده‌ستی پێكرد ؛ هه‌ردوو له‌شكر بوون به‌چه‌ند به‌شێك و رووبه‌رووی یه‌كتر جه‌نگیان ده‌كرد ؛ وه‌ تیرهاوێژه‌كان ئه‌سپ سواره‌كانی قوره‌یشیان تیرباران ده‌كرد و رێگریان له‌خالید و ئه‌سپ سواره‌كانی ده‌كرد كه‌ نزیكیان نه‌بنه‌وه‌ له‌دوای هه‌ولدانی دووه‌می بۆ هێرش كردنی بۆ موسلمانان له‌به‌شی دواوه‌یان ؛ ئه‌سپ سواره‌كان ناچاربوون به‌ره‌و دواوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و هه‌مویان سه‌رقال بوون به‌ جه‌نگ وه‌ وه‌حشی كوری حه‌رب به‌دوای حه‌مزه‌ی كوری عبدالمطلب بوو مامی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ؛ حه‌مزه‌ سه‌رقال بوو به‌ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ قوره‌یشیه‌كان به‌ناوی سیباعی كوری عبدالعوزا ؛ وه‌حشی دووری نێوان خۆی حه‌مزه‌ی رێك ده‌خست و ره‌محه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه‌ و چاوه‌روانی ده‌كرد كاتێك حه‌مزه‌ شمشێری له‌سه‌ری سیباع داو كوشتی راسته‌وخۆ وه‌حشی ره‌محه‌كه‌ی تێ گرت و ره‌محه‌كه‌ به‌رحه‌مزه‌ كه‌وت و حه‌مزه‌ به‌توره‌یی ئاوری له‌وه‌حشی دایه‌وه‌ و به‌ره‌ولای وه‌حشی چه‌ند هه‌نگاوێك رۆییشت پاشان كه‌وته‌ سه‌رزه‌وی ؛ پاشان وه‌حشی به‌ره‌ولای حه‌مزه‌ رایكرد و ره‌محه‌كه‌ی له‌لاشه‌ ده‌رهێنا و له‌گۆره‌پانی جه‌نگ چووه‌ ده‌ره‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی جێ به‌جێ كرد !

له‌دوای كوژرانی حه‌مزه‌ - ره‌زای خوای لێبێت - موسلمانان زۆر به‌توندی هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر موشریكه‌كان و به‌ره‌و دواوه‌ ده‌یانگه‌ڕاندنه‌وه‌ و موسلمانان به‌دوایانه‌وه‌بوون ؛ له‌وكاتدا ئه‌سپ سواره‌كانی قوره‌یش له‌هه‌ردوولای له‌شكره‌كه‌یان بوون دوای ئه‌وه‌ی شڵه‌ژان كه‌وته‌ ناو ڕیزی له‌شكره‌كه‌یان ؛ یه‌كێك له‌ ئه‌سپ سواره‌كان به‌خالیدی وت با یارمه‌تی له‌شكره‌كه‌مان بده‌ین به‌ڵام خالید ره‌تی كرده‌وه چونكه‌ ئه‌و پلانێكی تری هه‌بوو چاوه‌ڕوانی هاتنه‌ خواره‌وه‌ی تیرهاوێژه‌كانی سه‌ر گرده‌كه‌ ده‌كرد .

دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م كاتێك موسلمانان هێرشیان كرده‌ سه‌ر موشریكه‌كان و سه‌رقال بوون به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ست كه‌وته‌كان تیرهاوێژه‌كانی سه‌رگرده‌كه‌ به‌ به‌ئه‌میره‌كه‌یان عبدالله ی كوری جوبه‌یر وت جه‌نگ ته‌واوبوو با بچینه‌ خواره‌وه‌ و غه‌نیمه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام عبدالله ریگری لێكردن و فه‌رمووی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمانی پێكردوین كه‌ ئه‌م شوێنه‌ چۆل نه‌كه‌ین هه‌تا به‌ته‌واوی جه‌نگه‌كه‌ كۆتایی پێدێت ؛ به‌ڵام زۆرینه‌یان ئه‌م فه‌رمانه‌یان شكاند و هاتنه‌ خواره‌وه‌ و به‌ره‌و ناو گۆره‌پانی جه‌نگ به‌رێكه‌وتن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی غه‌نیمه‌ ؛ وه‌ له‌سه‌ر گرده‌كه‌ ته‌نها 9 نۆ كه‌س له‌گه‌ل عبدالله ی كوری جوبه‌یر مانه‌وه‌ !

خالید كاتێك بینی زۆرینه‌ی تیرهاوێژه‌كان له‌سه‌ر گرده‌كه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ راسته‌وخۆ فه‌رمانی به‌ ئه‌سپ سواره‌كان كرد به‌دوای بكه‌ون و هێرش به‌ره‌ولای تیرهاوێژه‌كانی سه‌رگرده‌كه‌ به‌رن ؛ وه‌ عیكریمه‌ی كوری ئه‌بو جه‌هل كاتێك بینی خالیدی هێرش بۆ تیرهاوێژه‌كان ده‌بات ئه‌ویش خۆی و جه‌ماعه‌ته ئه‌سپ سواره‌كه‌ی هیرشیان بۆلای تیرهاوێژه‌كانی سه‌رگرده‌كه‌ برد ؛ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كه‌ زۆر توندبوو و زۆرینه‌ی تیرهاوێژه‌كان كوژران وه‌ عبدالله ی كوری جوبه‌یر – ره‌زای خوای لێبێت – به‌ده‌ستی عیكریمه‌ی كوری ئه‌بو جه‌هل كوژرا ؛ به‌كوژرانی عبدالله رێگای به‌رده‌م خالید كرایه‌وه‌ بۆ هێرش بردن له‌به‌شی دواوه‌ی له‌شكری موسڵمانان !

راسته‌وخۆ ئه‌سپ سواره‌كان بوون به‌دوو به‌ش ؛ عیكریمه‌ و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی هێرشیان برد بۆ پێغه‌مبه‌ری خواو ( صلی الله علیه وسلم ) ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی له‌ده‌وری بوون ؛ وه‌ خالید و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی هێرشیان بۆ له‌شكری موسڵمانان برد ئه‌وانه‌ی به‌جه‌نگ و كۆكردنه‌وه‌ی غه‌نیمه‌ سه‌رقاڵ بوون بۆ ئه‌وه‌ی رێگریان لێ بكات له‌گه‌رانه‌وه‌یان بۆلای پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم .

كاتێك خالید و ئه‌سپ سواره‌كانی به‌ موسڵمانان گه‌ییشتن شڵه‌ژان و په‌رته‌وازه‌یی كه‌وته‌ ناو له‌شكری موسلمانان ؛ هه‌ندێكیان رایان كرد وه‌ هه‌ندێكیان به‌توندی به‌رگریان ده‌كرد ؛ وه‌ له‌وكاتدا ئافره‌تێكی ناو له‌شكری قوره‌یش ئاڵا كه‌وتوه‌كه‌ی له‌شكره‌كه‌یان هه‌ڵگرته‌وه‌ و بانگی سه‌ربازه‌ راكردوه‌كانی ده‌كرد كه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ ناو جه‌نگ وه‌ ئه‌بو سوفیان له‌شكره‌كه‌ی رێكده‌خسته‌وه‌ و راكردوه‌كانی ده‌گه‌رانده‌وه‌ و كۆده‌كرده‌وه‌ ؛ كاتێك بینی ئاڵاكه‌یان له‌ناو جه‌نگ ده‌شه‌كێته‌وه‌ گشتیان گه‌رانه‌وه‌ به‌ره‌ولای ئالاكه‌ و شوێنی جه‌نگه‌كه‌ .

ئه‌وكات موسڵمانان كه‌وتنه‌ حاڵه‌تێكی زۆر مه‌ترسیدار ! له‌لایه‌ك ئه‌سپ سواره‌كانی خالید هێرشیان ده‌كردنه‌ سه‌ر وه‌له‌لای تره‌وه‌ ئه‌بو سوفیان و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی !

زیان و كوژراوانی موسلمان به‌ره‌و زۆری ده‌رۆییشت .

وه‌له‌لای تره‌وه‌ نزیكه‌ی 30 سی كه‌س له‌هاوه‌لانی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌ده‌وری پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) به‌رگریان ده‌كرد و رووبه‌رووی ئه‌سپ سواره‌كانی عیكریمه‌ ده‌بوونه‌وه‌ .

به‌هۆی زۆری ژماره‌ی موشریكه‌كان هه‌ریه‌ك له‌ موسلمانه‌كان ڕووبه‌رووی 3 بۆ 4 كه‌سی موشریك ببونه‌وه‌ و له‌وكاتدا پاله‌وانی ئه‌م هاوه‌ڵه‌ به‌رێزانه‌ ده‌ركه‌وت ؛ عه‌لی كوری ئه‌بو تالب – ره‌زای خوای لێبێت – له‌دیارترین به‌رگریكاره‌كان بوو دژ به‌ موشریكه‌كان .

وه‌ ئه‌بو دوجانه‌ی ئه‌نصاری – ره‌زای خوای لێبێت – كاتێك بینی تیرهاوێژه‌ موشریكه‌كان تیره‌كانیان له‌پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌گرن ( صلی الله علیه وسلم ) راسته‌وخۆ به‌ره‌ولای پێغه‌مبه‌ری خوا هات و پارێزگاری له‌پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌كرد و تیره‌كان به‌رپشتی ئه‌و ده‌كه‌وتن و پشتی پرببو له‌ تیری موشریكه‌كان !

جه‌نگه‌كه‌ زیاتر توند و مه‌ترسیداربوو ؛ هه‌ندێك له‌ موشریكه‌كان ریزه‌كانیان بری و له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا زۆر نزیك بوونه‌وه‌ و پێغه‌مبه‌ری خوایان ( صلی الله علیه وسلم ) به‌رد باران ده‌كرد ؛ عوتبه‌ی كوری ئه‌بو وه‌قاص به‌ردێكی له‌ده‌می پێغه‌مبه‌ری خوا دا ! وه‌ عبدالله ی كوری شیهاب به‌ردێكی له‌نێوچه‌وانی پێغه‌مبه‌ری خوادا ! وه‌ ئیبن و قومه‌یئه‌ به‌ردێكی له‌روومه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوادا – صلی الله علیه وسلم – به‌رده‌كه‌ به‌ر ئه‌لقه‌ی خوده‌كه‌ی كه‌وت و ئه‌لقه‌كه‌ چووه‌ ناو ڕوومه‌تیه‌وه‌ .

موسڵمانان كاتێك ئه‌مه‌یان بینی به‌په‌له‌ گڕانه‌وه‌ لای پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم موشریكه‌كان كه‌مێك دووركه‌وتنه‌وه‌ .

موسڵمانان هه‌ولی چاره‌سه‌ركردنی پێغه‌مبه‌ری خوایان ده‌دا چونكه‌ خوێن له‌ روومه‌ت و روخساری ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ !

جه‌نگه‌كه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا زۆر به‌توندی به‌رده‌وام بوو و هاوه‌ڵان هێرشیان ده‌برد بۆ موشریكه‌كان ؛ له‌وكاتدا ئیبن و قومه‌یئه‌ دووباره‌ ریزه‌كانی بڕی و به‌ره‌ولای پێغه‌مبه‌ری خوا هات – صلی الله علیه وسلم – كاتێك نزیك بوه‌وه‌ موصعه‌بی كوری عومه‌یر و ئافره‌تێك به‌ناوی ئوم و عوماره‌ وازی له‌ئاو هێنان هێناو به‌رگری له‌ پێغه‌مبه‌ر ده‌كرد – صلی الله علیه وسلم - ؛ ئیبن و قومه‌یئه‌ موباره‌زه‌ی له‌ گه‌ل موصعه‌ب كرد و موصعه‌بی كوشت ! وه‌ ئوم و عوماره‌ ره‌ووبه‌ر‌ووی ئیبن و قومه‌یئه‌ بویه‌وه‌ شمشێرێكی لێدا به‌لام به‌هۆی بێ هێزی ئوم و عوماره‌ و زریپۆشی ئیبن و قومه‌یئه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئیبن و قومه‌یئه‌ نه‌بوو پاشان ئیبن و قومه‌یئه‌ شمشێرێكی له‌ ئوم و عوماره‌دا و خستیه‌ سه‌ر زه‌وی .

پاشان ئیبن و قومه‌یئه‌ زۆر له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – نزیك بویه‌وه‌ و شمشێرێكی له‌ خوده‌ی سه‌ری پێغه‌مبه‌ری خوادا – صلی الله علیه وسلم – به‌هۆی به‌هێزی لێدانه‌كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – كه‌وته‌ خواره‌وه‌  ؛ عه‌لی كوری ئه‌بو تالب و ته‌لحه‌ی كوری عوبه‌یدالله به‌په‌له‌ گه‌ڕانه‌وه‌لای پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم -  .

ئیبن و قومه‌یئه‌ وایزانی به‌م لێدانه‌ پێغه‌مبه‌ری خوای كوشت – صلی الله علیه وسلم – بۆیه‌ به‌په‌له‌ گه‌ڕایه‌وه‌لای له‌شكری قوره‌یشیه‌كان و به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواری ده‌كرد موحه‌ممه‌دم كوشت !

له‌هه‌موولایه‌كی مه‌یدانی جه‌نگه‌كه‌وه‌ ده‌نگ به‌رز بووه‌وه‌ !

ئه‌م هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌ كاریگه‌ری له‌لایه‌نی‌ مه‌عنه‌وی موسڵمانان كرد ؛ بۆیه‌ هه‌ندێكیان به‌په‌له‌ به‌ره‌ولای شاری مه‌دینه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد ؛ وه‌ هه‌ندێكیان به‌ره‌ولای چیای ئوحود ؛ وه‌ هه‌ندێكیان به‌رده‌وام بوون له‌ جیهاد كردن هه‌تاكۆتا نه‌فه‌س .

وه‌ له‌لای تره‌وه‌ قوره‌یشیه‌كان دلخۆشبوون به‌ هه‌والی كوشتنی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – وه‌ هێرشیان ده‌برده‌ سه‌ر لاشه‌ی موسلمانان وه‌ سه‌رقال بوون به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ست كه‌وت .

وه‌ ئه‌و موسلمانانه‌ی له‌ده‌وری پێغه‌مبه‌ری خوابوون – صلی الله علیه وسلم – له‌گه‌ل پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – به‌سه‌ر چیای ئوحود به‌سه‌ركه‌وتن ؛ وه‌ خالیدی كوری وه‌لید له‌گه‌ل ئه‌سپ سواره‌كانی به‌دوای له‌شكری سه‌ره‌كی موسلمانانه‌وه‌ بوو و به‌ره‌و دواوه‌ پاشكه‌شه‌ی پێ ده‌كردن هه‌تا ناچاری كردن به‌سه‌رچیای ئه‌وحود بكه‌ون و خۆیان دووربخه‌نه‌وه‌ .

وه‌ ئه‌و هاوه‌لانه‌ی له‌گه‌ل پێغه‌مبه‌ری خوادابوون له‌سه‌ر چیای ئوحود ته‌نها 14 كه‌س بوون وه‌ 16 كه‌سه‌كانی تر كه‌وتن و كوژران به‌هۆی هێرشی ئه‌سپ سواره‌كانی قوره‌یش !

له‌دوای هێوربوونه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه‌ یه‌كێك له‌موسلمانان له‌دووره‌وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوای بینی – صلی الله علیه وسلم – به‌ده‌نگێكی به‌رز بانگی ئه‌و موسلمانانه‌ی كرد كه‌ له‌گه‌لی بوون ؛ هه‌مویان به‌رێكه‌وتن به‌ره‌و ئه‌ولایه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوای لێیه‌ - صلی الله علیه وسلم – كاتێك گه‌ییشتن زۆر دلخۆش بوون به‌ بینینی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم - .

له‌وكاتدا خالیدی كوری وه‌لید به‌ فه‌رمانی ئه‌بو سوفیان به‌رێكه‌وت به‌ره‌ولای ئه‌و شوێنه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوای لێیه‌ - صلی الله علیه وسلم – به‌لام عومه‌ری كوری خه‌تاب – ره‌زای خوای لێبێت – هه‌ستی به‌جووله‌ی خالید كرد بۆیه‌ خۆی و چه‌ند كه‌سێك هاتنه‌ خواره‌وه‌ بۆ رێگری كردن له‌هێرشی خالید و ئه‌سپ سواره‌كانی ؛ كاتێك خالید زانی شوێنی موسلمانان به‌رز و موسه‌یته‌ره‌ نه‌یتوانی هێرش به‌رێت و بریاڕیدا بگه‌رێته‌وه‌ لای له‌شكری قوره‌یشیه‌كان .

له‌دوای ئه‌وه‌ی قوره‌یشیان ده‌ست كه‌وته‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌یان كۆكرده‌وه‌ ؛ ئه‌بو سوفیان له‌دوره‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ شوێنی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – وه‌ستا و به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و وتی ڕۆژ به‌ڕۆژ ئه‌مرۆ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژی به‌در بوو ؛ وه‌ خۆی به‌ری كرد له‌و ره‌فتاره‌ نه‌شیاوانه‌ی كراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌لاشه‌ی ته‌رمی موسڵمانان .

پاشان قوره‌یشیه‌كان شوێنی جه‌نگیان به‌جێ هێشت و رۆییشتن به‌ره‌ولای سه‌ربازه‌ی تریان له‌ باكوری مه‌دینه‌ ؛ شه‌و له‌وێ مانه‌وه‌ .

له‌به‌یانی رۆژی دواتر پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – درعه‌كه‌ی له‌به‌ركرد له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی كه‌ لاشه‌ی برینداربوو فه‌رمانی به‌ بیلال كرد كه‌ بانگ بكات و بلێت ته‌نها ئه‌وكه‌سانه‌مان له‌گه‌ل بێت كه‌ له‌جه‌نگه‌كه‌ به‌شداربووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوای له‌شكری قوره‌یشیه‌كانه‌وه‌ بچین ؛ موسڵمانان له‌گه‌ل ماندووبوون و برینداربونیان گوێرایه‌لی پێغه‌مبه‌ری خوایان كرد و خۆیان ئاماده‌كرد بۆ رۆییشتن به‌ره‌ولای سه‌ربازگه‌ی قوره‌یشیه‌كان .

وه‌له‌لای تره‌وه‌ قوره‌یشیه‌كان ناكۆكی له‌نێوانیاندا هه‌بوو ؛ عیكریمه‌ی كوری ئه‌بو جه‌هل بۆچوونی وابوو كه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر مه‌دینه‌ چونكه‌ له‌شكری موسلمانان ماندوو و بریندارن كاتێكی گونجاوه‌ بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر شاره‌كه‌یان ؛ به‌ڵام سه‌فوانی كوری ئومه‌ییه‌ ئه‌یوت ئێمه‌ش ماندووین و بریندارین به‌تایبه‌تی برینداربوونی زۆرێك له‌ ئه‌سپی ئه‌سپ سواره‌كان وه‌ هه‌ندێكی تریان له‌وه‌ ده‌ترسان كه‌ ئه‌و مونافیقانه‌ی پێش ده‌ست پێكردنی جه‌نگه‌كه‌ گه‌رانه‌وه‌ شاری مه‌دینه‌ به‌رگری له‌ موسلمانان بكه‌ن و هێرشمان بكه‌نه‌ سه‌ر ؛ قوره‌یشیه‌كان ترسیان له‌لادروست بوو .

وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – چه‌ند كه‌سێكی نارد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌والی جموجۆلی له‌شكری قوره‌یشیه‌ موشریكه‌كان  بزانێت  ؛ موشریكه‌كان كاتێك زانیان موسڵمانان هه‌ولی جه‌نگیان هه‌یه‌ به‌په‌له‌ ئه‌بو سوفیان فه‌رمانی به‌له‌شكره‌كه‌ كرد بگه‌رێنه‌وه‌ به‌ره‌ولای مه‌ككه‌ .

دوای ماوه‌یه‌ك پێغه‌مبه‌ری خواو – صلی الله علیه وسلم – موسلمانان گه‌ییشتنه‌ شوێنی سه‌ربازگه‌ی قوره‌یشیه‌ موشریكه‌كان بۆ ماوه‌ی چوار شه‌و له‌وێ مانه‌وه‌ پاشان گه‌رانه‌وه‌ شاری مه‌دینه‌ دوای ئه‌وه‌ی دلنیابوون كه‌ قوره‌یشیه‌كان مه‌به‌ستی جه‌نگ كردنیان نییه‌ .

به‌م شێوه‌یه‌ جه‌گی ئوحود كۆتایی هات به‌ شكانی موسلمانان به‌هۆی سه‌رپێچیكردنی فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – كه‌ تیرهاوێژه‌كانی سه‌رگرده‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یه‌نه‌ خواره‌وه‌ و شوێنی خۆیان چۆل نه‌كه‌ن .

جه‌نگی ئوحود دوه‌م جه‌نگ بوو له‌ جه‌نگه‌ گه‌وره‌كان له‌ ئیسلامدا .

له‌م جه‌نگه‌دا نزیكه‌ی 70 موسلمان كوژرا له‌سه‌رووی هه‌مویانه‌ حه‌مزه‌ی كوری عبدالمطلب مامی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم - .

وه‌ 22 كه‌س له‌ قوره‌یشیه‌ موشریكه‌كان كوژران .

خالیدی كوری وه‌لید – ره‌زای خوای لێبێت – له‌م جه‌نگه‌دا توانی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ی تیرهاوێژه‌كانی سه‌رگرده‌كه‌ بقۆزیته‌وه‌ و زیان به‌ موسلمانان بگه‌یه‌نێت ئه‌نجامی جه‌نگه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بێت .

وه‌ موسلمانان له‌م جه‌نگه‌دا په‌ند و وانه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یان وه‌رگرت و زانیان كه‌ گوێرایه‌لی كردنی پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم - واجبه‌ و سه‌رپێچیكردنی فه‌رمانه‌كانی مایه‌ی شكست و زیانه‌ ؛ وه‌ نابێت موسڵمان هه‌وڵ و ته‌ماعی دونیا .

وه‌رگێرانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

15 / جمادالاول / 1443 ی كۆچی

20 / 12 / 2021 م