( چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به‌ ده‌رمانی ئاسمانی و ده‌رمانی زه‌وی ) وه‌رگێڕانی : م هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

( چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به‌ ده‌رمانی ئاسمانی و ده‌رمانی زه‌وی )

وه‌رگێڕانی : م هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

....

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان .

مرۆڤ كاتێك نه‌خۆش ده‌بێت به‌دوای ده‌رمان ده‌گه‌ڕێت له‌هه‌موو شوێنێك .

به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه .‌

ئایه‌ ده‌رمان ته‌نها یه‌ك جۆره‌ ؟

وه‌ڵام نه‌خێر .

ده‌رمان دوو جۆره‌ .

جۆری یه‌كه‌میان : ده‌رمانی زه‌وی ؛ كه‌ ئه‌وه‌یه‌  له‌لای پیزیشكه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان پێوسته‌ ؛ جارێكیان پیاوێكی ده‌شته‌كی وتی ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ئایه‌ ده‌رمان به‌كاربهێنین ؟ فه‌رمووی : به‌ڵێ ؛ ئه‌ی به‌نده‌كانی خوا ده‌رمان و تیماری یه‌كتر بكه‌ن ؛ به‌ڕاستی خوای په‌روه‌ردگار هیچ ده‌ردێكی دانه‌ناوه‌ ئیلا ده‌رمانیشی بۆ داناوه‌ ؛ ته‌نها یه‌ك ده‌رد نه‌بێت ؛ وتیان ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ئه‌م ده‌رده‌ چیه‌ ؟  فه‌رمووی ؛ ( الهَرْم ) هه‌رم - واته‌ لاوازی به‌هۆی به‌ساڵاچوون ؛ ئه‌وه‌ ده‌رمانی نیه‌ .

جۆری دوه‌میان : ده‌رمانی ئاسمانی .

ئایه‌ ده‌رمانی ئاسمانی چیه‌ ؟

بریتیه‌ له‌ دوعا كردن ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( أَمَّنْ يُجِيبُ الْمُضْطَرَّ إِذَا دَعَاهُ وَيَكْشِفُ السُّوءَ .. ) . النمل : 62 .

واته‌ : ئایا کێیه‌ جگه‌ له‌ زاتی په‌روه‌ردگار که‌ بێت به‌ هانا و هاواری لێقه‌وماو و نه‌خۆشه‌كان ‌، کاتێک نزا ده‌کات و لێی ده‌پارێته‌وه‌، ئه‌وسا به‌ڵاو ناخۆشیه‌کان لاده‌بات .

به‌ڵام ئایه‌ ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ واز له‌ ده‌رمانه‌كانی زه‌وی بێنێن ته‌نها ده‌ست  بگرین به‌ دوعا  و ده‌رمانی ئاسمانی ؟

نه‌خێر .

ده‌ست به‌هه‌ردووكیان بگره‌ ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – فه‌رموویه‌تی : وشتره‌كه‌ت ببسته‌وه‌ ؛ وه‌ پشت به‌خوا ببه‌سته‌ .

زۆرچاكه‌ .

ئایه‌ چی بڵێم له‌دوعاكه‌مدا كاتێك داوای شیفا ده‌كه‌م ؟

پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌ ئاگاداربه‌ .

ئاگاداربه‌ له‌ كاتی به‌كارهێنانی ده‌رمانی ئاسمانی هه‌ڵه‌نه‌كه‌ی ؛ وه‌ك چۆن هه‌ڵه‌ له‌به‌كارهێنانی ده‌رمانی زه‌وی زیان به‌نه‌خۆش ده‌گه‌یه‌نێت به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵه‌ له‌به‌كارهێنانی دوعاء كه‌ ده‌رمانی ئاسمانیه‌ زیان به‌ نه‌خۆش ده‌گه‌یه‌نێت !

بۆچی ؟

چونكه‌ تۆ هه‌ندێك وشه‌ ده‌ڵێی كاتێك به‌رزده‌بێته‌وه‌ بۆ ئاسمان زیانی زیاترت لێ ده‌دات له‌سوود !

بۆیه‌ هه‌وڵبده‌ دوعاكانت یه‌كبگرێت له‌گه‌ڵ دوعاكانی قورئان و دوعاكانی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم .

گوێ له‌م چیرۆكه‌ بگره‌ .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم سه‌ردانی نه‌خۆشێكی كرد له‌ موسلمانان ؛ ئه‌م نه‌خۆشه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێ هێز و لاواز ببوو وه‌ك باڵنده‌یه‌كی بچووكی لێ هاتبوو ده‌نگی كزببوو لاشه‌ی لاوازببوو ‌ .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم پێی فه‌رموو ئایه‌ تۆ له‌خوا ده‌پاڕێیته‌وه‌ به‌شتێك ؟ ئایه‌ داوای شتێكی لێ ده‌كه‌ی ؟ وتی : به‌ڵێ ؛ من ده‌ڵێم : خوایه‌ ئه‌وشتانه‌ی پێم سزاده‌ده‌ی له‌دوارۆژ له‌دونیادا پێم سزا بده‌ ! واته‌ سزاكه‌م پێش بخه‌ له‌دونیا پێش دوارۆژ سزام بده‌ .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رمووی سبحان الله تۆ به‌رگه‌ی ناگری تۆ توانای ئه‌م سزایه‌ت نییه‌ !

بۆچی نه‌تده‌وت : ( اللَّهُمَّ آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الْآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ ) .

ئه‌فه‌رموێ ئه‌م پیاوه‌ پاڕایه‌وه‌ به‌م دوعایه‌ گشتگیره‌ ( اللَّهُمَّ آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الْآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ ) . خوای په‌روه‌ردگار شیفایدا .

كه‌واته‌ ئاگاداربه‌ له‌ده‌ربڕینی وشه‌كانت به‌هه‌موو جۆره‌ دوعایه‌ك مه‌پارێره‌وه‌ ؛ هه‌وڵبده‌ دوعاكه‌ت راست و دروست بێت ؛ وه‌ جوانترین دوعابێت له‌دوعاكانی پێغه‌مبه‌ران و نێردراوان – علیهم السلام- له‌سه‌رووی هه‌مویانه‌وه‌ دوعای پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم - .

زۆرچاكه‌ .

یه‌كه‌م دوعا : كامه‌یه‌ ؟

ئه‌وه‌ی پێش ئیستا باسمان كرد ( اللَّهُمَّ آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الْآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ ) .

وه‌ دوعای پێغه‌مبه‌ر  ئه‌یوب – علیه السلام – خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : ( ۞ وَأَيُّوبَ إِذْ نَادَىٰ رَبَّهُ أَنِّي مَسَّنِيَ الضُّرُّ وَأَنْتَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ ) . الانبیاء : 82 .

خوای په‌روه‌ردگار له‌دوای ئه‌مه‌ چی فه‌رموو : ( فَاسْتَجَبْنَا لَهُ فَكَشَفْنَا مَا بِهِ مِنْ ضُرٍّ ۖ ..) . الأنبیاء : 84 .

ئه‌م دوعایه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ ..

بۆیه‌ پیاوچاكان سووربوون له‌سه‌ر وتنی ئه‌م دوعایه‌ ؛ ره‌بیعی كوڕی كه‌لثوم ده‌ڵێت كاتێك چووینه‌لای حه‌سه‌ن بینیمان ئازاری ددانی هه‌بوو ؛ ده‌یوت : (رَبّی أَنِّي مَسَّنِيَ الضُّرُّ وَأَنْتَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ ) (رَبّی أَنِّي مَسَّنِيَ الضُّرُّ وَأَنْتَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ ) .

وه‌ هه‌روه‌ها ده‌ستت له‌سه‌ر شوێنی ئازاره‌كه‌ دابنێی كاتێك دوعاكه‌ ده‌كه‌ی ؛ پیاوێك هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم سكاڵای ئازاری لاشه‌ی خۆی برده‌لای ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – پێی فه‌رموو : ده‌ستت بخه‌ره‌ سه‌ر ئه‌وشوێنه‌ی ئازاری تێدایه‌ وه‌ 3 جار بڵێ ( بسم الله ) وه‌ 7 جار بڵێ ( أَعُوُّ بِاللهِ وَ قُدْرَتِهِ ( – وه‌ له‌ ریوایه‌تێكی تردا هاتووه‌ - بِعِزَّةِ اللهِ وَ قُدْرَتِهِ ) مِنْ شَرِّ مَا أَجِدُ وَ اُحَاذِر  ) .

مَا أَجِدُ . واته‌ : ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كه‌م له‌ ئازار .

وَ اُحَاذِر : واته‌ : ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسم له‌نه‌خۆشی یان له‌زیادبوونی نه‌خۆشی .

وه‌ هه‌روه‌ها ده‌توانی له‌سه‌رخۆت بخوێنی سوره‌تی ( قل هو الله أحد و سوره‌تی ناس و فه‌له‌ق ) .

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم كاتێك یه‌كێك له‌خێزانه‌كانی نه‌خۆش ده‌بوو سوره‌تی ئیخلاص و ناس و فه‌له‌قی له‌ناو هه‌ردوو له‌پی ده‌ستی ده‌خوێند و به‌لاشه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌یدا ده‌هێنا .

دایكی باوه‌ڕداران عائیشه‌ - ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : پێغه‌مبه‌ری خوا – صلی الله علیه وسلم – كاتێك ده‌چووه‌ سه‌رجێگای خه‌وتنی فووی له‌ناو هه‌ردوو له‌پی ده‌ستی ده‌كرد به‌خوێندنی قول هو الله أحد و سوره‌تی ناس و فه‌له‌ق پاشان ده‌ستی به‌روخساری داده‌هێنا وه‌ گشت ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌ستی پێ ده‌گه‌ییشت  .

عائیشه‌ فه‌رمووی : كاتێك پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم نه‌خۆش كه‌وت فه‌رمانی به‌من ده‌كرد كه‌ ئاوای لێ بكه‌م .

وصلی الله علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه وسلم .

داواكارم له‌خوای مه‌زن په‌روه‌ردگاری عه‌رشی مه‌زن بۆخاتری ناو و سیفاته‌ به‌رزه‌كانی شیفای هه‌موو نه‌خۆشێك بدات .

والحمدلله رب العالمین .

وه‌رگێڕانی : م هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

12 / 3 / 2022