عیشق – دڵداری زیانه‌كانی – وه‌ جۆره‌كانی – وه‌ چاره‌سه‌ری

عیشق – دڵداری

زیانه‌كانی – وه‌ جۆره‌كانی – وه‌ چاره‌سه‌ری

 

عیشق بریتیه‌ له‌ خۆشه‌ویستیه‌كی له‌سنوور ده‌رچوو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ؛ وه‌ سه‌رقاڵ بوون و هۆگر بوونی دڵ پێیه‌وه‌ .

به‌ڕاستی عیشق و دڵداری ڕیچكه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیداره‌ .

وه‌ جیهانی عاشقه‌كان پره‌ له‌ناخۆشی و ئێش و ئازار .

ده‌ریایه‌كی زۆر لێڵه ...‌  وه‌

هه‌ركه‌سێك بچێته‌ ناو ئه‌م ده‌ریا شێلوه‌ و یاری به‌ شه‌پۆله‌كانی بكات ئه‌وا بێگومان له‌تیاچوون نزیكتره‌ نه‌ك له‌سه‌لامه‌تی .

چه‌ندین كه‌س هه‌یه‌ له‌پێناو مه‌عشوقه‌كه‌ی ماڵ و سامانی له‌ده‌ست داوه‌ ؛ وه‌ كه‌سایه‌تی له‌ده‌ستداوه‌ ؛ وه‌ نه‌فسی خۆی له‌ده‌ست داوه‌ ؛ وه‌ خێزان و منداڵه‌كانی له‌ده‌ستداوه‌ ؛ وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كیانی دین و دونیای له‌ده‌ستداوه‌ !

دڵداری ده‌ردێكه‌ ڕۆحه‌كان له‌گه‌ڵی ده‌توێنه‌وه‌  ؛ هه‌رگه‌یز مرۆڤ به‌هۆیه‌وه‌ ئاسووده‌ نابێت ؛ به‌ڵكو ده‌ریایێكه‌ هه‌ركه‌سێك بچێته‌ ناویه‌وه‌ ده‌خنكێت و له‌ناو ده‌چێت !

دڵداری پادشایان ده‌كات به‌كۆیله‌ ؛ وه‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كات به‌بێ ده‌سه‌ڵات !

پێشه‌وا ابن قه‌ییم – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : عیشق له‌هۆكاره‌كانی له‌خوا نه‌ترسان و نه‌بوونی ئیخلاص و دڵسۆزیه‌ بۆ خوای په‌روه‌ردگار ؛ مرۆڤ چه‌ند له‌شرك به‌دووربێت وه‌ چه‌ند دڵسۆزبێت بۆ خوای په‌روه‌ردگار ئه‌وه‌ند دووره‌ له‌نه‌خۆشی عیشق و دڵداری ؛ هه‌ربۆیه‌ خێزانی عه‌زیزی میصر تووشی عیشق بوو به‌رامبه‌ر به‌ پێغه‌مبه‌ر یوسف علیه السلام چونكه‌ له‌سه‌ر شرك و بێ باوه‌ری بوو ؛ وه‌ خوای په‌روه‌ردگار پێغه‌مبه‌ر یوسفی رزگار كرد به‌هۆی ئیخلاص و دڵسۆزی و ئیمان و ته‌قواداریه‌كه‌ی ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : (  كَذَلِكَ لِنَصْرِفَ عَنْهُ السُّوءَ وَالْفَحْشَاءَ إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُخْلَصِينَ ) . واته‌ : ئا به‌م شێوه‌یه‌ دڵداری‌ و داوێن پیسیمان له‌یوسف لادا و دوورخسته‌وه‌ چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌و له‌به‌نده‌ دڵسۆزه‌كانی ئێمه‌یه‌ .

عیشق نه‌خۆشیه‌كه‌ پزیشكه‌كان له‌چاره‌سه‌ریه‌كه‌ی بێ توانان !

زیانه‌كانی عیشق هه‌ندێك جار سه‌رده‌كێشێت بۆ كوفر و شه‌ریك بۆخوادانان ؛ وه‌ك خۆشه‌ویستی كه‌سێك بۆ مه‌عشوكه‌كه‌ی به‌ئه‌ندازه‌ی خۆشویستنی خوا یان زیاتر له‌ خۆشویستنی خوا !

ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌ هه‌رگیز خوا له‌خاوه‌نه‌كه‌ی له‌ڕۆژی دوایی خۆش نابێت ئه‌گه‌ر له‌دونیا ته‌وبه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی له‌سه‌رنه‌كات و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆلای خوای په‌روه‌ردگار .

نه‌خۆشی عیشق و دڵداری كاریگه‌ری نه‌رێنی و مه‌ترسیداری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤه‌كان ؛ كاریگه‌ری زۆر خراپی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌ماره‌كان ؛ وه‌ له‌سه‌ر مێشك ؛ وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانی زاوزێ ؛ وه‌ تووش بوون به‌چه‌ندین ڤایرۆسی مه‌ترسیدار وه‌ تووش بوون به‌نه‌خۆشی ئایدز و چه‌ندین نه‌خۆشی تر .

دڵداری هۆكاری توش بوونه‌ به‌تاوانه‌ گه‌وره‌كان وه‌ك تاوانی زینا وه‌ تاوانی نێربازی ؛ ئه‌و تاوانانه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ مرۆڤ ڕێز و شكۆی له‌ده‌ست ده‌دات له‌لای خه‌ڵك و له‌لای خوای په‌روه‌ردگار .

دڵداری هۆكاری خه‌فه‌ت و دڵته‌نگی و شێت بوون و له‌ده‌ستدانی ئه‌قڵه‌ ؛ وه‌ هۆكاری تووش بوونی ئاره‌ق خواردنه‌وه‌ و ماده‌‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌ !

 

جۆره‌كانی عیشق :

عیشق ده‌بێت به‌چوار جۆره‌وه‌  :

1_ عاشق بوونی پیاو بۆ ئافره‌ت ؛ ئه‌م جۆره‌‌ زۆرترینیانه‌ .

2_ عاشق بوونی ئافره‌ت بۆ پیاو ؛‌ ئه‌مه‌یان كه‌متره‌ له‌جۆری یه‌كه‌میان .

3_ عاشق بوونی پیاو بۆ پیاو ؛ ئه‌م جۆره‌شیان زۆر جار ڕووده‌دات كه‌ ئه‌م جۆره‌ عیشقه‌‌ شازیه‌تی و لادانه‌ له‌سروشتی مرۆڤایه‌تی .

4_ عاشق بوونی ئافره‌ت بۆ ئافره‌ت ؛ ئه‌م جۆره‌یان له‌رابدوو زۆر به‌كه‌می هه‌بوو به‌ڵام ئێستا له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ربڵاوه‌ و ئافره‌ت بۆته‌ عاشقی ئافره‌ته‌ هاوڕێكه‌ی و شه‌یتان كه‌وتۆته‌ نێوانیان و به‌ره‌ و گوناه و تاوان بردوونی  !

 

هۆكاره‌كانی تووش بوون به عیشق :

1_ پشت كردن له‌خوای په‌روه‌ردگار ؛ هه‌ركه‌سێك خوانه‌ناسێ و خوا نه‌په‌رستێت ئه‌وا بێگومان ده‌بێت به‌كۆیله‌ی نه‌فس و شه‌یتان و هه‌واو ئاره‌زوه‌كان ؛ به‌ڵام ئه‌وكه‌سه‌ی خواناس و له‌خواترس و خواپه‌رسته‌ هه‌رگیز دڵی په‌یوه‌ست ناكات به‌غه‌یری خوا دوور و پارێزراوده‌بێت له‌گیرۆده‌بوونی به‌غه‌یری خوا .

2_ نه‌زانینی ‌زیانه‌كانی عیشق ؛ هه‌ركه‌سێك نه‌زانێت عیشق چه‌ند زیان و مه‌ترسی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ته‌قوای خوا نه‌كات و ئاگای له‌خۆ نه‌بێت به‌ئاسانی تووشی ده‌بێت .

3_ ده‌ست به‌تاڵی و بێكاری و سه‌رقاڵ نه‌بوون به‌كاری چاكه‌وه‌ ؛ ابن عه‌قیل – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رمووی : دڵداری زۆرجار تووشی ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌ست به‌تاڵن ؛ كه‌مجار تووشی ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌بێت كه‌ سه‌رقاڵن به‌ پیشه‌یه‌كه‌وه‌ ؛ یان سه‌رقاڵن به‌ بازرگانیه‌كه‌وه‌ ؛ یان به‌ زانستی شه‌رعیه‌وه‌ .

پێشه‌وا ابن عبدالبر – ره‌حمه‌تی خوای لێبیت – فه‌رموویه‌تی : پرسیار له‌یه‌كێك له‌دانایان كرا ده‌رباره‌ی عیشق فه‌رمووی : كاری دڵی خاڵی و به‌تاڵه‌ له‌خۆشه‌ویستی خوای به‌رز و بڵند .

4_ لاسایی كردنه‌وه‌ی كوێرانه‌ ؛ هه‌ندێك كه‌س هه‌یه‌ چیرۆكی عاشقه‌كان ده‌خوێنیته‌وه‌ یان گوێ له‌و گۆرانیانه‌ ده‌گرێت كه‌باس له‌عاشقایه‌تی ده‌كات یان ئه‌و جۆره‌ شیعرانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌ باسی عاشق و مه‌عشوقه‌ ؛ ڕاسته‌وخۆ ئه‌وكه‌سه‌ به‌لاسایی كردنه‌وه‌یه‌كی كوێرانه‌ خۆی تووشی عاشقایه‌تی ده‌كات و ژیان و گوزه‌رانی خۆی تێك ده‌دات !

5_ له‌به‌ر كردنی پۆشاكی ته‌سك و نیمچه‌ڕووت له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین هۆكاره‌ له‌هۆكاره‌كانی تووش بوون به‌ عیشق به‌هۆی سه‌یركردنی قه‌ده‌غه‌كراو له‌لای پیاوانی نامه‌حره‌مه‌وه‌ .

6_ به‌ره‌ڵا كردنی چاو ؛ سه‌ره‌تای عیشق زۆربه‌ری جار به‌هۆی سه‌یركردنی نامه‌حره‌مه‌ ؛ كاتێك مرۆڤ چاوه‌كانی به‌ره‌ڵا ده‌كات و نه‌زه‌ری پێ ده‌كات ڕاسته‌وخۆ دڵی پر ده‌بێت له‌شه‌هوه‌ت ؛ به‌ره‌ڵا كردنی چاو  بۆ سه‌یركردنی كه‌سی نامه‌حره‌م مه‌ترسیدارتین و خراپترین شته‌ بۆ دڵ .

 

چۆنیه‌تی ته‌وبه‌كردن و وازهێنان له‌ دڵداری – عیشق .

ئه‌وكه‌سه‌ی تووشی عاشق بوون بووه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ری ته‌وبه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ بكات و بگه‌ڕێته‌وه‌ لای خوای په‌روه‌ردگار ؛ ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ واز له‌دڵداری بێنێت و جیهادی نه‌فسی خۆی بكات و به‌سه‌ر نه‌فسی زاڵ بێت و چاوه‌كانی له‌نه‌زه‌ری حه‌رام بپارێزت وه‌ خۆی بپارێزێت له‌هۆكاره‌كانی تووش به‌مكاره‌ ؛ وه‌ خۆی سه‌رقاڵ به‌ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ چاكه‌كان ؛ نوێژه‌كانی له‌كاتی خۆی بكات وه‌ شه‌و نوێژ بكات وه‌ زۆر له‌خوای په‌روه‌ردگار بپارێته‌وه‌ له‌م تاوانه‌ رزگاری بكات ؛ وه‌ زۆر قورئان بخوێنێته‌وه‌ و زیكر و یادی خوای په‌روه‌ردگار بكات ؛ بێگومان هه‌ر دڵێك زیكر و یادی خوای په‌ره‌وه‌ردگاری تێدابێت هه‌رگیز زیكری غه‌یری خوای تیادا جێ نابێته‌وه‌ ؛ وه‌ ڕۆژووی سونه‌ت بگرێت ؛ وه‌ خۆی سه‌رقال بكات به‌فێربوونی زانستی شه‌رعی و كار و پیشه‌ی حه‌ڵاڵ و باش .

 

هه‌ندێك هۆكاری یارمه‌تیده‌ر بۆ وازهێنان له‌ عیشق :

1_ ئیخلاص ؛ نیازپاكی بۆ خوای په‌روه‌ردگار ؛ ئیخلاص سوود به‌خشترین ده‌رمانه‌ بۆ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ؛ شێخی ئیسلام ابن ته‌یمیه‌ - ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : مرۆڤ كاتێك چێژی په‌رستنی خوای چه‌شت ؛ وه‌ به‌ئیخلاصی و دڵسۆزی خوای په‌روه‌ردگاری په‌رست ئه‌وا هیچ شتێك به‌لایه‌وه‌ له‌مكاره‌ خۆشه‌ویستر و به‌چێژترنیه‌ ؛ خوای په‌روه‌ردگار هه‌موو به‌نده‌یه‌كی دڵسۆز و موخلیص ڕزگار ده‌كات له‌تاوانی دڵداری و به‌دره‌وشتی وه‌ك چۆن پێغه‌مبه‌ر یوسفی رزگار له‌فیتنه‌ی خێزانی عه‌زیزی میصر .

2_ نزاو پاڕانه‌وه‌ له‌خوای په‌روه‌ردگار  ؛ بێگومان هه‌ر به‌نده‌یه‌ك به‌دڵێكی به‌ئاگاوه‌ له‌خوای په‌روه‌ردگار بپارێته‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و له‌گشت ناخۆشیه‌ك رزگاری ده‌كات .

3_ چاوداگرتن له‌سه‌یركردنی كه‌سی نامه‌حره‌م ؛ بێگومان سه‌ره‌تای تووش بوون به‌دڵداری و به‌دره‌وشتی هۆكاری سه‌ره‌كی بریتیه‌ له‌ نه‌زه‌ر كردن ؛ بۆیه‌ پاراستنی چاو له‌نه‌زه‌ری حه‌رام هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌دڵداری و به‌دره‌وشتی .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی .

10 /محرم / 1444 ك ---- 8 / 8 / 2022 م