خۆویستی پێشخستنی نه‌فس و كه‌سه‌ نزیكه‌كان به‌سه‌ر كه‌سانی تر

خۆویستی  

پێشخستنی نه‌فس و كه‌سه‌ نزیكه‌كان به‌سه‌ر كه‌سانی تر

خۆویستی و خۆ پێش خستن به‌سه‌ر كه‌سانی تر : ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ له‌ماڵ و سامانی دونیا زیاتر بۆ نه‌فسی خۆی به‌ده‌ست بێنێت و ده‌ستی به‌سه‌ردابگرێت یان بۆ شوێن كه‌وتوانی ؛ ئه‌وكه‌سانه‌  بێ به‌ش ده‌كات كه‌ مافیان هه‌یه‌ له‌م ماڵ و سامان و پله‌ و تایبه‌تمه‌ندیه‌دا . كه‌سی خۆ‌ویست خۆی واده‌بینێت كه‌ ئه‌و شاییسته‌ تره‌ له‌كه‌سانی تر له‌ به‌ده‌ست هێنانی سووده‌كان و ده‌ستكه‌وته‌كان و مه‌ركه‌زه‌كان و تایبه‌تمه‌ندیه‌كان ؛ ئه‌م شتانه‌ تایبه‌ت ده‌كات بۆ نه‌فسی خۆی و كه‌سانی ده‌وروبه‌ری لێ بێ به‌ش ده‌كات ؛ یان له‌ڕاستیدا ئه‌و مافانه‌ هی كه‌سانی تره‌ كه‌چی ئه‌وان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌ ؛ ئا ئه‌مه‌یه‌ خۆ ویستی و پێش خستنی نه‌فس به‌سه‌ر كه‌سانی تر به‌ناحه‌ق .

 

(نموونه‌یه‌كی واقیعی سه‌باره‌ت به‌  پێشخستنی كه‌سی نه‌شیاو به‌سه‌ر كه‌سی شیاو له‌ناو خه‌ڵكدا)

بۆ نموونه‌ مامۆستای قوتابخانه‌ ده‌بێت قوتابیه‌ك له‌ناو پۆلدا بكات به‌چاودێر به‌سه‌ر قوتابیه‌كاندا ؛ یه‌كێك له‌و قوتابیانه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ له‌خزمه‌ نزیكه‌كانیه‌تی ؛ له‌كاتێك ئه‌و قوتابیه‌ شاییسته‌ی ئه‌و پله‌یه‌ نیه‌ و یه‌كێكه‌ له‌قوتابیه‌ خراپه‌كان ؛ كاتێك ئه‌و قوتابیه‌ی تایبه‌ت كرد به‌مكاره‌ ئه‌وا خزمه‌ نزیكه‌كه‌ی پێش كه‌سێكی تر خستووه‌ كه‌ زۆر له‌وشیاوتره‌ به‌مكاره‌ .

 

به‌راستی ئه‌م نادادپه‌روه‌ریه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ بۆ تێكدانی كۆمه‌ڵگا ؛ وه‌ خیانه‌ت كردنه‌ له‌خوا ؛ وه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) ؛ وه‌ له‌خه‌ڵك .

 

زیانه‌كانی پێش خستنی  كه‌سانی نه‌شیاو به‌سه‌ر كه‌سانی شیاو له‌ پله‌و پۆست و ماڵ و ساماندا

كاتێك ئه‌م نادادپه‌روه‌ریه‌ له‌ناو كۆمه‌لگا بلاوبویه‌وه‌ ؛ ئه‌وا ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ له‌یه‌ك ده‌ترازێ و یه‌كگرتوویی له‌ده‌ست ده‌دات ؛  له‌فه‌رمووده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ری خوادا (ﷺ) كه‌ هاوه‌ڵێكی به‌رێز به‌ناوی سه‌عد – ره‌زای خوای لێبێت – خۆی به‌ باشتر و له‌پێشتر ده‌زانێت له‌كانی تر ئه‌وانه‌ی له‌و بێ هێزتر و بێ تواناترن ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) وه‌ڵامی ئه‌و و هاوشێوه‌كانی ده‌داته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی به‌م شێوه‌ بیر ده‌كانه‌وه‌ و خۆیان پێ له‌كه‌سانی تر باشتر و له‌پێشتره‌ فه‌رمووی : به‌ڕاستی سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌  و رزق و رۆزیتان به‌هۆی كه‌سانی لاواز و بێ ده‌سه‌ڵاته‌كانتانه‌ .

كاتێك ماف به‌كه‌سی هه‌ژار ده‌ده‌ی ؛ وه‌ به‌كه‌سی نه‌خۆش ده‌ده‌ی ؛ وه‌ به‌كه‌سی سته‌ملێكراو ده‌ده‌ی ؛ ئه‌وا تۆ ده‌ستت هه‌یه‌‌ له‌دروست كردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی پته‌و و یه‌كگرتوو ؛ چونكه‌ به‌ڕاستی له‌یه‌كترازاندنی كۆمه‌ڵگا زۆر ئاسان ده‌بێت‌ كاتێك مافه‌كان تیایدا جێ به‌جێ ناكرێت ؛ كاتێك سته‌م و نادادپه‌روه‌ری تیادا به‌دی ده‌كرێت ؛ كه‌ به‌ڕاستی نادادپه‌روه‌ری یه‌كێكه‌ له‌دیاره‌ روون و ئاشكراكانی ئێستای ناو كۆمه‌ڵگا ؛ بۆیه‌ كاتێك موحه‌مه‌دی كوری مه‌هدی دێت – ره‌زای خوای لێبـێت - پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : سه‌ر زه‌وی پر ده‌كات له‌ دادپه‌روه‌ری وه‌ك چۆن پێش ئه‌و پر بوو له‌سته‌م و خراپه‌كاری و په‌رته‌وازه‌یی .

له‌سه‌دا نه‌وه‌دی سامانی سه‌رزه‌وی  به‌ده‌ست ده‌ له‌سه‌دی خه‌ڵكه‌ ؛ ده‌ له‌سه‌دی خه‌ڵك له‌ژیانێكی خۆش ده‌ژین به‌هۆی ئه‌م نادادپه‌روه‌ریه‌؛ وه‌ له‌سه‌دا نه‌وه‌تی به‌ده‌ست هه‌ژاری و نه‌خۆشی ده‌ناڵێنن !

به‌ڕاستی ئه‌وكه‌سانه‌ی خۆ ویستن و نادادپه‌روه‌رن و ژیانی دونیا پێش قیامه‌ت ده‌خه‌ن له‌دوارۆژدا سزای ئاگری دۆزه‌خیان بۆ هه‌یه‌ ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( فَأَمَّا مَنْ طَغَىٰ . وَآثَرَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا . فَإِنَّ الْجَحِيمَ هِيَ الْمَأْوَىٰ ) . النازعات : 37-39 .

واته‌ : ئه‌و که‌سه‌ی سه‌ر که‌ش و خراپه‌كار  بووبێ ؛ وه‌ ژیانی دونیای هه‌ڵبژاردبێ و پێش قیامه‌تی خستبێ ؛ ئه‌وه‌ بێگومان دۆزه‌خ جێگایه‌تی .

وه‌ له‌ئایه‌تێكی تردا فه‌رموویه‌تی : ( قُلْ إِنْ كَانَ آبَاؤُكُمْ وَأَبْنَاؤُكُمْ وَإِخْوَانُكُمْ وَأَزْوَاجُكُمْ وَعَشِيرَتُكُمْ وَأَمْوَالٌ اقْتَرَفْتُمُوهَا وَتِجَارَةٌ تَخْشَوْنَ كَسَادَهَا وَمَسَاكِنُ تَرْضَوْنَهَا أَحَبَّ إِلَيْكُمْ مِنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ وَجِهَادٍ فِي سَبِيلِهِ فَتَرَبَّصُوا حَتَّىٰ يَأْتِيَ اللَّهُ بِأَمْرِهِ ۗ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الْفَاسِقِينَ ) . التوبة : 24 .

واته‌ : ئه‌ی موحه‌ممه‌د (ﷺ) بڵێ : ئه‌گه‌ر باوکانتان و کوڕانتان و برایانتان و هاوسه‌رانتان و خزم و عه‌شیره‌تتان و ماڵ و دارایی یه‌ك (به‌ زه‌حمه‌ت) په‌یداتان کردووه‌ و بازرگانیه‌ك که‌ ده‌ترسن بره‌وی نه‌بێ (بێ بازاڕبێ) و خانوو به‌ره‌یه‌ك که‌ پێ ی ڕازین خۆشه‌ویست تره‌ لاتان له‌ خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی و تێکۆشان له‌ ڕێگه‌که‌یدا ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوان بکه‌ن هه‌تا خوا فه‌رمان(و تۆڵه‌) ی خۆی دێنێ (بۆتان) وه‌ خوا ڕێنموونی که‌سانی تێپه‌ڕ له‌ سنوور ناکات.

 

ئاگاداربه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ تۆ ده‌گرێته‌وه‌ !

كاتێك خانویه‌ك به‌ سته‌م و به‌هێزی قانون داگیر ده‌كه‌ی ؛ خاوه‌نه‌كه‌ی لێی بێ به‌ش ده‌كه‌ی ؛ ئه‌وه‌ به‌ڕاستی به‌م سته‌مه‌ت تۆ دونیا و قیامه‌تی خۆت وێران كردووه‌ ؛ جا ئه‌ی مرۆڤ هه‌تا نه‌مردووی ئه‌وا ته‌وبه‌ بكه‌و مافی خه‌ڵك بگه‌ڕێنه‌وه‌ و واز له‌ ره‌وشتی خۆویستی و نادادپه‌روه‌ری بێنه‌ .

 

خوشك و برا به‌رێزه‌كانم ئاگاداربن له‌خواردنی مافی یه‌كتر به‌ناحه‌ق ..

كاتێك كه‌سێك له‌پێناو خوا جیهادی كردووه‌ و كوژراوه‌ ؛ له‌كاتی نوێژ له‌سه‌ر كردن پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) پرسیار له‌هاوه‌ڵانی ده‌كات ئایه‌ قه‌رزی هیچ كه‌سێكی له‌سه‌ره‌ ؟ وتیان : به‌ڵێ ؛ فه‌رمووی : كه‌واته‌ ئێوه‌ نوێژ له‌سه‌ر هاوڕێكه‌تان بكه‌ن !

خوا له‌هه‌موو تاوانێكی كه‌سی شه‌هید خۆش ده‌بێت ته‌نها قه‌رز نه‌بێت ؛ چونكه‌ مافه‌كانی خه‌ڵك ده‌بێت بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ و مافی خۆیانه‌ و داوای ده‌كه‌ن .

به‌راستی تۆ له‌ خێر و خۆشیدای ئه‌گه‌ر ماڵی هیچ كه‌سێكت داگیر نه‌كردبێ ؛ به‌ڕاستی تۆ له‌خێر و خۆشیدای ئه‌گه‌ر  خۆت ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌كردبێ به‌ هه‌ژاركدنی خه‌ڵك ؛ به‌ڕاستی تۆ له‌خێر و خۆشیدای ئه‌گه‌ر خۆت به‌ده‌سه‌ڵات نه‌كردبێ به‌ زه‌لیل كردنی خه‌ڵك ؛ به‌ڕاستی تۆ له‌خێر و خۆشیدای ئه‌گه‌ر ئه‌من و ئاساییشت بۆخۆت دابین نه‌كردبێ به‌ ترساندن و تۆقامه‌ندی خه‌ڵك ؛ به‌ڕاستی تۆ له‌خێر و خۆشیدای ئه‌گه‌ر ژیانت به‌ڕێ نه‌كردبێ به‌ كوشتنی خه‌ڵك .

پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : به‌ڕاستی كه‌سی باوه‌ڕدار فراوانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی لێ ته‌نگ ناكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی خوێنی باوه‌ڕدارێكی به‌ناحه‌ق نه‌ڕشتبێ .

وه‌ فه‌رموویه‌تی : به‌سه‌ بۆ ئینسان له‌گوناه و تاوان كاتێك مافی ئه‌وكه‌سانه‌ به‌زایه‌‌ ده‌دات و پێیان نابه‌خشێت كه‌ به‌خێوكردنیان له‌ئه‌ستۆی ئه‌وه‌ .

 

ئایه‌ته‌ قورئانیه‌كان ده‌رباره‌ی پێشخستنی ناحه‌ق و نه‌شیاو  به‌سه‌ر حه‌ق و ڕاستی :

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی :  ( فَأَمَّا مَنْ طَغَىٰ . وَآثَرَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا . فَإِنَّ الْجَحِيمَ هِيَ الْمَأْوَىٰ ) . النازعات : 37-39 .

واته‌ : ئه‌و که‌سه‌ی سه‌ر که‌ش و خراپه‌كار  بووبێ ؛ وه‌ ژیانی دونیای هه‌ڵبژاردبێ و پێش قیامه‌تی خستبێ ؛ ئه‌وه‌ بێگومان دۆزه‌خ جێگایه‌تی .

هه‌ندێكجار تۆ له‌ماڵه‌وه‌ی ؛ وه‌ قانون له‌ته‌نیشت تۆیه‌ ؛ به‌ڵام حه‌ق له‌لای تۆنیه‌ ؛ پست ده‌به‌ستی به‌هێزی قانون ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی مافی خه‌ڵك !

ئایه‌تی دووه‌م : خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : ( قَدْ أَفْلَحَ مَنْ تَزَكَّىٰ . وَذَكَرَ اسْمَ رَبِّهِ فَصَلَّىٰ . بَلْ تُؤْثِرُونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا . وَالْآخِرَةُ خَيْرٌ وَأَبْقَىٰ ) . الأعلی : 14 – 17 .

واته‌ : به‌ڕاستی سه‌رفراز بوو ئه‌وی که‌ خۆی پاک ڕاگرت ؛ وه‌ناوی په‌روه‌ردگاری خۆی ده‌بات و که‌وته‌ نوێژ کردن واته‌ پاڕایه‌وه‌ ؛ به‌ڵکو ئێوه‌ ژیانی دونیا هه‌ڵ ده‌بژێرن ؛ که‌چی(ژیانی) دوا ڕۆژ باشترو پایه‌ دارتره‌ .

فه‌رمووده‌ سه‌حیحه‌كان ده‌رباره‌ی خۆ ویستی و نادادپه‌روه‌ری :

فه‌رمووده‌ی یه‌كه‌م : پیاوێكی ئه‌نصاری هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) وتی : ئه‌ی  پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) ئایه‌ منیش ناكه‌ی به‌كاربه‌ده‌ست وه‌ك چۆن فلانت كردووه‌ به‌كاربه‌ده‌ست ؟ پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : ( سَتَلْقَوْنَ بَعْدِي أُثْرَةً ، فَاصْبِرُوا حتَّى تَلْقَوْنِي علَى الحَوْضِ ) . صحيح البخاري .

واته‌ : له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌دوای من به‌كاربه‌ده‌ستانێك ده‌گه‌ن خۆیان و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان پێش ئێوه‌ ده‌خه‌ن و له‌ماڵ و ساماندا ؛ ئه‌وكات ئارام بگرن هه‌تا به‌من ده‌گه‌ن له‌سه‌ر حه‌وزی كه‌وسه‌ر .

له‌م فه‌رمووده‌یه‌دا پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) زۆر به‌داناییانه‌  ئامۆژگاری ئه‌م هاوه‌ڵه‌ی ده‌كات كه‌ خۆی له‌كاربه‌ده‌ستایه‌تی بپارێزێت چونكه‌ زۆرجار ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی پێش خه‌ڵكی تربخات و نادادپه‌روه‌ری بكات ؛ وه‌ پێی ده‌فه‌رموێت كه‌ له‌داهاتوودا كاربه‌ده‌ستانێك په‌یدا ده‌بن نادادپه‌روه‌رده‌بن واته‌ بزانه‌ ئێستا هیچ كاربه‌ده‌ستێك نیه‌ كه‌ من كارم دابێته‌ ده‌ست نادادپه‌روره‌بێ .

فه‌رمووده‌ی دووه‌م : پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : ( سَتَكُونُ أثَرَةٌ وأُمُورٌ تُنْكِرُونَها، قالوا: يا رَسولَ اللَّهِ، فَما تَأْمُرُنا؟ قالَ: تُؤَدُّونَ الحَقَّ الذي علَيْكُم، وتَسْأَلُونَ اللَّهَ الذي لَكُمْ ) . صحيح البخاري .

واته‌ : له‌ داهاتوودا كاربه‌ده‌ستانێكی ناداپه‌روه‌ر په‌یدا ده‌بن خۆیان و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان پێش ئێوه‌ ده‌خه‌ن له‌ ماڵ و سامان و پله‌ و پۆستدا ؛ وه‌ هه‌ندێك شت ده‌بینن كه‌ پێتان ناخۆشه‌ و به‌مونكه‌ر و خراپه‌ی ده‌یبینن‌ ؛ وتیان : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) ئایه‌ كاتێك گه‌ییشتن به‌وجۆره‌ كاربه‌ده‌ستانه‌ فه‌رمانی چیمان پێ ده‌كه‌ی ؟ فه‌رمووی : ئێوه‌ ئه‌و مافه‌ جێ به‌جێ بكه‌ن كه‌ له‌سه‌رتانه‌ ؛ وه‌ داوای مافی خۆتان له‌خوا بكه‌ن كاتێك پێتان ناده‌ن .

فه‌رمووده‌ی سێیه‌م : پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : ( لَا يُؤْمِنُ أحَدُكُمْ، حتَّى يُحِبَّ لأخِيهِ ما يُحِبُّ لِنَفْسِهِ ) . صحيح البخاري .

واته‌ : ئێمانی هیچ یه‌كێك له‌ئێوه‌ ته‌واو نابیت هه‌تا پێی خۆش نه‌بێت بۆ براكه‌ی ئه‌وه‌ی بۆخۆی پێخۆشه‌ .

فه‌رمووده‌ی چواره‌م : پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : ( لَوْ كانَ لاِبْنِ آدَمَ وادِيانِ مِن مالٍ لابْتَغَى وادِيًا ثالِثًا، ولا يَمْلأُ جَوْفَ ابْنِ آدَمَ إلَّا التُّرابُ ) . متفق علیه .

واته‌ : ئه‌گه‌ر به‌نی ئاده‌م دوو دۆڵ له‌ ماڵ و سامانی هه‌بێ ئه‌وا داوای دۆڵی سێیه‌میش ده‌كات ؛ وه‌ هیچ شتێك سكی به‌نی ئاده‌م پڕناكات ته‌نها خۆڵ نه‌بێ – ته‌نها مردن ئه‌و چڵێسیه‌ی له‌لا ناهێڵێت  - .

هه‌موو ماڵ و سامانه‌كان كۆتاییان پێ دێت كاتێك دڵ ده‌وه‌ستێ و خوێن له‌ناو ده‌ماره‌كان وشك ده‌بێ  .

فه‌رمووده‌ی پێنجه‌م : پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : ( ما ذِئبانِ جائعانِ أُرْسِلا في غنَمٍ ، بأفسدَ لَها من حِرصِ المَرءِ علَى المالِ والشَّرَفِ لدينِهِ ) . صحيح الترمذي .

واته‌ : زیانی دوو گورگی برسی كاتێك به‌ره‌ڵا ده‌كرێن بۆناو ڕانه‌ مه‌ڕێك زیانیان زیاتر نیه‌ له‌زیانی سووربوونی مرۆڤ له‌سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی ماڵ و پله‌وپۆست و كاربه‌ده‌ستایه‌تی – ئه‌م دووشته‌ زیانی زۆریان هه‌یه‌ بۆ دینی خاوه‌نه‌كه‌ی - .

 

زیانه‌كانی خۆویستی و نادادپه‌روه‌ری :

نادادپه‌روه‌ری هۆكاری به‌ڵاو ناخۆشیه‌كانه‌

وه‌ هۆكاری له‌ده‌ستدانی نیعمه‌ته‌كانه‌

سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی تێكده‌ری كۆمه‌ڵگایه‌

خۆویستی نیشانه‌ی پیسی نه‌فس و خراپ بوونیه‌تی

خۆویستی و نادادپه‌روه‌ری هۆكاری ناكۆكی و په‌رته‌وازه‌ییه‌

وه‌ هۆكاری بڵاو بوونه‌وه‌ی رق و كینه‌ و دوژمنایه‌تیه‌

وه‌ هۆكاری شكست و لاوازبوون و  زالبوونی دوژمنه .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

7 / صفر / 1444 ك ---- 3 / 9 / 2022 م