نادروستی بار گرانكردنی خه‌ڵك

نادروستی

بار گرانكردنی خه‌ڵك

بارگران كردن بریتیه‌ له‌وه‌ی مرۆڤ شتێك له‌سه‌ر خۆی قوڕس بكات یان له‌سه‌ر غه‌یری خۆی قورس بكات له‌كار و باری دین به‌ زێده‌ره‌وی كردن تیایدا ؛ یان له‌كار و باری دونیا به‌واز هێنان له‌كاری ئاسانتر به‌مه‌رجێك تاوان نه‌بێت .

زه‌مكردنی بارگرانكردن و نه‌هی لێكردنی له‌ قورئانی پیرۆزدا :

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( أَسْكِنُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ سَكَنْتُمْ مِنْ وُجْدِكُمْ وَلَا تُضَارُّوهُنَّ لِتُضَيِّقُوا عَلَيْهِنَّ ۚ وَإِنْ كُنَّ أُولَاتِ حَمْلٍ فَأَنْفِقُوا عَلَيْهِنَّ حَتَّىٰ يَضَعْنَ حَمْلَهُنَّ ۚ فَإِنْ أَرْضَعْنَ لَكُمْ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ ۖ وَأْتَمِرُوا بَيْنَكُمْ بِمَعْرُوفٍ ۖ وَإِنْ تَعَاسَرْتُمْ فَسَتُرْضِعُ لَهُ أُخْرَىٰ ) . الطلاق : 6 .

واته‌ : ژنانی ته‌ڵاق دراو دایان بنێن له‌و شوێنه‌ی که‌ (خۆتان) داده‌نیشن به‌ پێ ی تواناتان وه‌ زیانیان پێ مه‌گه‌یه‌نن تا ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنن وه‌ ئه‌گه‌ر دووگیان بوون ئه‌وه‌ خه‌رجیان بکێشن تا سکه‌که‌یان دائه‌نێن ئه‌وسا ئه‌گه‌ر شییریان دا به‌ منداڵه‌که‌تان ئه‌وا ئێوه‌ش کرێیان بده‌نێ وه‌ له‌ناو خۆتاندا ڕاوێژ بکه‌ن به‌چاکی (ده‌رباره‌ی منداڵه‌که‌) وه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نگیتان کرد (نه‌سازان له‌ کرێکه‌دا) ئه‌وه‌ با ئافره‌تێکی تر شییری بداتێ.

وه‌ له‌ ئایه‌تێكی تردا خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( وَإِنْ كَانَ ذُو عُسْرَةٍ فَنَظِرَةٌ إِلَىٰ مَيْسَرَةٍ ۚ وَأَنْ تَصَدَّقُوا خَيْرٌ لَكُمْ ۖ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ )  . البقرة : 280 .

واته‌ : ئه‌گه‌ر قه‌رزدار نه‌دار بوو ئه‌وا با مۆڵه‌تی بدرێ تا ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌بێ وه‌ ئه‌گه‌ر(له‌ قه‌رزه‌که‌) ئازادیان بکه‌ن باشتره‌ بۆتان ئه‌گه‌ر تێ بگه‌ن.

پێشه‌وا ابن كه‌ثیر – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : خوای په‌روه‌ردگار له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا فه‌رمانی كردووه‌ به‌ ئارام گرتن و په‌له‌نه‌كردن له‌و قه‌رزداره‌ی توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ی نیه‌  .

 

زه‌مكردنی بارگرانكردن و نه‌هی لێكردنی له‌ فه‌رمووده‌ سه‌حیحه‌كاندا :

عبدالله ی كوڕی ئه‌بو قه‌تاده‌ - ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : ئه‌بو قه‌تاده‌ی باوكم  به‌دوای قه‌رزدارێكیدا ده‌گه‌ڕا ؛ ئه‌ویش خۆی لێ ده‌شارده‌وه‌ ؛ پاشان پێی گه‌ییشت ؛ قه‌رزداره‌كه‌ وتی : من توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌م نیه‌ ؛ ئه‌بو قه‌تاده‌ سوێندی داو وتی سوێندت ده‌ده‌م به‌خوا ئایه‌ ڕاست ده‌كه‌ی كه‌توانای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ت نیه‌ ؟ وتی سوێند به‌ الله توانای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌م نیه‌ ؛ ئه‌بو قه‌تاده‌ وتی : گوێم له‌پێغه‌مبه‌ری خوابووه‌ (ﷺ) ده‌یفه‌رموو : هه‌ركه‌سێك پێی خۆشه‌ له‌ناخۆشیه‌كانی ڕۆژی دوایی ڕزگاری بێت ئه‌وا با مۆڵه‌تی قه‌رزدار بدات ؛ یان با له‌به‌شێكی قه‌زه‌كه‌ی خۆش بێت یان با له‌هه‌مووی خۆش بێت و لێی وه‌رنه‌گرێته‌وه‌ )  . صحيح مسلم .

له‌م فه‌رمووده‌یه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بارسووك كردنی كه‌سی قه‌رزدار هۆكاری لادانی ناخۆشیه‌كانی ڕۆژی دواییه‌ ؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بێت و هه‌ركه‌سێك بێ ره‌حم بێت و باری خه‌ڵك قوڕس بكات ئه‌وا خوای په‌روه‌ردگار باری قوڕس و گران ده‌كات .

 

ئه‌نه‌سی كوڕی مالیك – ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : ‌( پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : باری خۆتان قورس مه‌كه‌ن – به‌ به‌رۆژووبوونی هه‌موو ڕۆژێك یان نه‌خه‌وتن و به‌رده‌وام شه‌و نوێژ كردن -   ؛ بۆ ئه‌وه‌ی خوا له‌سه‌رتان فه‌ڕز نه‌كات و دواتر له‌سه‌رتان و قورس و گران بێت و نه‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن ؛ به‌راستی كه‌سانێك هه‌بوون له‌پێش ئێوه‌ هه‌ندێك شتیان له‌دیندا له‌سه‌رخۆیان قورس و گران ده‌كرد دواتر خوا وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه‌ و زیاتر باریان قورس ده‌بوو ) . حديث حسن .

 

پێشه‌وا ابن ته‌یمیه‌ - ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : له‌م فه‌رمووده‌یه‌ نه‌هی كردن هه‌یه‌ له‌ زیاده‌ره‌وی كردن له‌دیندا و كه‌سی موسڵمان نابێت زێده‌ره‌وی بكات له‌دیندا و نابێت باری خۆی به‌شتێك گران بكات كه‌ له‌دیندا نه‌بێت .‌

 

وه‌ پێشه‌وا ابن قه‌ییم – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : له‌شه‌رعدا نه‌هی كراوه‌ كه‌سی موسڵمان باری خۆی گران بكات به‌شتێك كه‌ له‌سه‌ری واجب نه‌كراوه‌ ؛ بۆ نمونه‌ نابێت شتێكی وا له‌سه‌ر خۆی نه‌زه‌ر بكات كه‌ له‌توانای دا نه‌بێت ؛ وه‌ نابێت به‌هۆی وه‌سوه‌سه‌وه‌ باری خۆی له‌كاتی ئه‌نجامدانی نوێژ گران بكات و چه‌ند جارێك سوره‌تی فاتیحه‌ دووباره‌ بكاته‌وه‌ یان چه‌ند جارێك ده‌ست نوێژ بگرێته‌وه‌  ؛ ئه‌م جۆره‌ دووباره‌ كردنه‌وانه‌ له‌شه‌یتانه‌وه‌یه‌ و كه‌سی باوه‌ڕدار ده‌بێت خۆی بپارێزێت .

 

ئه‌نه‌س‌ - ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : ( سێ پیاو هاتنه‌ ماڵه‌كانی خێزانه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ پرسیاریان ده‌كرد ده‌رباره‌ی عیباده‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ ؛ كاتێك هه‌واڵیان پێدرا وه‌ك ئه‌وه‌وابوو عیباده‌ته‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوایان ﷺ پێ زۆر نه‌بوو بۆیه‌ وتیان ئێمه‌ وه‌كو پێغه‌مبه‌ری خوانین ﷺ خوای گه‌وره‌ له‌تاوانه‌كانی ڕابردوو و داهاتووی خۆش بووه‌ ؛ یه‌كیان وتی : من هه‌موو شه‌وێم به‌ به‌رده‌وامی شه‌و نوێژ ده‌كه‌م و ناخه‌وم ؛ وه‌ ئه‌وه‌ی تریان وتی : وه‌من هه‌موو ڕۆژه‌كانی ساڵ به‌ڕۆژوو ده‌بم و رۆژوو ناشكێنم ؛ وه‌ ئه‌وه‌ی تریان وتی : وه‌ منیش واز له‌ئافره‌تان دێنم و هه‌رگیز هاوسه‌رگیری ناكه‌م ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ هاته‌ لایان فه‌رمووی : ئێوه‌ن ئاوا و ئاواتان وتووه‌ ؟ سوێند به‌ الله من زیاتر له‌ ئێوه‌ له‌خواترستر و ته‌قوادارترم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رۆژوو ده‌بم و به‌رۆژووش نابم ؛ وه‌ شه‌و نوێژ ده‌كه‌م و ده‌شخه‌وم ؛ وه‌ هاوسه‌رگیریش له‌گه‌ڵ ئافره‌تان ده‌كه‌م ؛ هه‌ركه‌سێك له‌سوننه‌ت و ڕێبازی من لابدات و پشتی تێبكات له‌من نیه )  . متفقٌ عَلَيهِ .

 

پێشه‌وا ابن ته‌یمیه‌ - رحمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ سونه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ  بریتیه‌ له‌ مامناوه‌ندیه‌تی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌زێده‌ره‌وی و كورت ره‌وی .

 

بار سوك كردنی خه‌ڵك هۆكاری رزگار بوونه‌ له‌ناخۆشیه‌كانی دواڕۆژ ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ فه‌رموویه‌تی : ( هەرکەسێک لە قەرزدارەکەی بوەستێت یاخود لە قەرزەکەی خۆش بێت خوای گەورە لەڕۆژی دوایی ئەی خاتە ژێر سێبەری عەرشی خۆیەوە ) . رواه مسلم .

 

وه‌ له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی تردا پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : ( هه‌ركه‌سێك ناخۆشیه‌ك له‌ناخۆشیه‌كانی دونیا له‌سه‌ر باوه‌ڕدارێت لابه‌رێت ؛ ئه‌وا خوای په‌روه‌ردگار ناخۆشیه‌ك له‌ناخۆشیه‌كانی رۆژی دوایی له‌سه‌ر لاده‌بات ؛ وه‌ هه‌ركه‌سێك كار و باری كه‌سێك ئاسان بكات و قوڕسی گرانی له‌سه‌ر لابه‌رێت ئه‌وا خوای په‌روه‌ردگار كار و باری دونیا و دوارۆژی بۆ سووك و ئاسان ده‌كات ؛ وه‌ هه‌ركه‌سێك كه‌م و كوڕی موسڵمانێك دابپۆشێت ئه‌وا خوای په‌روه‌ردگار له‌دونیا و له‌دواڕۆژ كه‌م و كوریه‌كانی داده‌پۆشێت ؛ وه‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌هاوكاری به‌نده‌كه‌یدایه‌‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و به‌نده‌یه‌ی  له‌هاوكاری برا موسڵمانه‌ی بێت ) . رواه مسلم .

 

پێشه‌وا ابن ره‌جه‌ب – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ قورسی و گرانی له‌رۆژی دوایی هه‌یه‌ ؛ خوای په‌روه‌ردگار رۆژی دوای به‌رۆژی قورس و گران وه‌سف كردووه‌ ؛ فه‌رموویه‌تی : ئه‌م رۆژه‌ له‌سه‌ر بێ باوه‌ران سوك و ئاسان نیه‌ به‌ڵكو قورس و گرانه‌ ؛ به‌ڵام له‌سه‌ر باوه‌رداران ئاسانه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌دونیادا باری خه‌ڵك سوك و ئاسان ده‌كه‌ن ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( الْمُلْكُ يَوْمَئِذٍ الْحَقُّ لِلرَّحْمَٰنِ ۚ وَكَانَ يَوْمًا عَلَى الْكَافِرِينَ عَسِيرًا ) . الفرقان : 26 .

واته‌ : له‌و ڕۆژه‌دا فه‌رمانره‌‌وایه‌تی ته‌نها بۆ خوای میهره‌بانه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژێکی زۆر سه‌خته‌ له‌سه‌ر بێ باوه‌ڕان .

 

بارسووككردنی كه‌سی قه‌رزدار  به‌ دوو به‌شه‌وه‌ :

یان به‌چاوه‌ڕوانكردنی و مۆله‌ت پێدانی هه‌تا ئه‌وكاته‌ی توانای ده‌بێت ؛ كه‌ ئه‌مه‌ واجبه‌ ؛ یان به‌ لێخۆشبوونی به‌شێك له‌قه‌رزه‌كه‌ی یان له‌هه‌مووی ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( وَإِنْ كَانَ ذُو عُسْرَةٍ فَنَظِرَةٌ إِلَىٰ مَيْسَرَةٍ ۚ وَأَنْ تَصَدَّقُوا خَيْرٌ لَكُمْ ۖ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ ) . البقرة : 280 .

واته‌ : ئه‌گه‌ر قه‌رزدار نه‌دار بوو ئه‌وا با مۆڵه‌تی بدرێ تا ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌بێ وه‌ ئه‌گه‌ر(له‌ قه‌رزه‌که‌) ئازادیان بکه‌ن باشتره‌ بۆتان ئه‌گه‌ر تێ بگه‌ن .

وه‌بارسووككردنی كه‌سی قه‌رزدار به‌وه‌ش ده‌بێت كه‌ پاره‌ی پێ بده‌ی بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ی بداته‌وه‌ یات تۆ ڕاسته‌وخۆ قه‌رزه‌كه‌ی بۆ بده‌یته‌وه‌ .

 

ئه‌بو هوره‌یره‌وه‌ - ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رمووی : ( پیاوێكی بازرگان هه‌بوو پاره‌ی به‌قه‌رز به‌خه‌ڵك ده‌دا ؛ وه‌ كاتێك منداڵه‌كانی ده‌نارد بۆلایان پێی ده‌وتن : ئه‌گه‌ر كه‌سێك توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ی نه‌بوو لێی خۆشبن و به‌ڵكو خوای په‌روه‌ردگار له‌تاوانه‌كانمان ببورێت ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رمووی : كاتێك ئه‌م پیاوه‌ مرد و گه‌ییشت به‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌هه‌موو گوناهه‌كانی خۆش بوو ) . صحيح ابن حبان .

 

ئه‌نه‌سی كوڕی مالیك – ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رمووی  : (يَسِّرُوا وَلاَ تُعَسِّرُوا، وَبَشِّرُوا، وَلاَ تُنَفِّرُوا ) .  رواه البخاري ومسلم .

واته‌ : كارئاسانی بكه‌ن و باری یه‌كتر قوڕس و گران مه‌كه‌ن ؛ وه‌ مژده‌ده‌ربن و ره‌تێنه‌ر مه‌بن .

ئه‌بو هوره‌یره‌وه‌ - ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : جارێكیان پیاوێكی ده‌شته‌كی هات له‌لایه‌كی مزگه‌وت میزی كرد ؛ خه‌ڵكی به‌توندی نه‌هیان لێكرد ؛ به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رمووی : وازی لێبێنن هه‌تا میزه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات ؛ دواتر گۆزه‌یكی ئاو به‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌ دابكه‌ن و پاك ده‌بێته‌وه‌ ؛ ئێوه‌ نێردراون ئاسانكاربن ؛ بۆ ئه‌وه‌ نه‌نێردراون باری خه‌ڵك قورس بكه‌ن .

 

پێشه‌وا ئه‌لعه‌ینی – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت خه‌ڵكی له‌گه‌ڵ یه‌كتری ئاسانكار و به‌ره‌حم و به‌زه‌یی بن .

وه‌ له‌هه‌موو كه‌س زیاتر كه‌ پێویسته‌ ئاسانكاربێت ئه‌وكه‌سه‌یه‌ كه‌ بانگه‌وازی ده‌كات بۆلای خوای په‌روه‌ردگار ؛ وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌وكه‌سه‌ی فه‌تواده‌دات پێویسته‌ فه‌تواكانی ئاسانكاری تیادابێت به‌رمه‌جێك له‌سنووری شه‌رع ده‌رنه‌چێت و پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌كانی قورئان و سوننه‌ت نه‌بێت .

ابن و لعه‌ره‌بی – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : كاتێك پرسیاركه‌رێك هات بۆلاتان ؛ ئه‌گه‌ر توانیتان وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی به‌ ئاسانی بده‌نه‌وه‌ و پرسیاری شتی تری لێ مه‌كه‌ن .

 

وته‌ی پێشینان و زانایان ده‌رباره‌ی ئاسانكاری :

ئه‌بو جوحه‌یفه‌ وه‌هبی كوڕی عبدالله – ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ برایه‌تی خسته‌ نێوان سه‌لمان و ئه‌بو ده‌رداء ؛ سه‌لمان ئومم و ده‌ردائی بینی پۆشاكی كاركردنی له‌به‌ركردبوو وازی له‌خۆرازانده‌وه‌ هێنابوو بۆ مێرده‌كه‌ی ؛ سه‌لمان پێی وت : ئه‌وه‌ بۆ ئاوای ؟ وتی : براكه‌ت ئه‌بو ده‌رداء پێویستی به‌دونیا نیه‌  و وازی له‌دونیا هێناوه‌ ! ئه‌بو ده‌رداء به‌خواردنێكه‌وه‌ هاته‌ لای سه‌لمان پێی وت : ئه‌و خواردنه‌ بخۆ من به‌ڕۆژووم ؛ سه‌لمان وتی : من ناخۆم هه‌تا تۆ نه‌خۆی ؛ ئه‌بو ده‌رداء به‌قسه‌ی كرد و خواردنه‌كه‌ی خوارد ؛ وه‌ كاتێك شه‌وداهات ئه‌بو ده‌رداء له‌سه‌ر جێگاكه‌ی ڕۆییشت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبكات به‌شه‌و نوێژكردن ؛ سه‌لمان پێی وت : بخه‌وه‌ ؛ به‌قسه‌ی كرد و خه‌وت ؛ پاشان ویستی هه‌لبستێت و شه‌و نوێژ بكات ؛ دووباره‌ پێی وت بخه‌وه‌ ؛ كاتێك بوو به‌ كۆتایی شه‌و سه‌لمان وتی : ئێستا هه‌ستا شه‌ونوێژبكه‌ ؛ به‌یه‌كه‌وه‌ نوێژمان كرد ؛ سه‌لمان پێی وت : به‌راستی په‌روه‌ردگارت مافی هه‌یه‌ له‌سه‌رت ؛ وه‌ نه‌فسی خۆت مافی هه‌یه‌ له‌سه‌رت ؛ وه‌ خێزان و كه‌س و كارت مافی هه‌یه‌ له‌سه‌رت ؛ مافی هه‌موو خاوه‌ن مافێك بده‌ ؛ ئه‌بو ده‌رداء هاته‌ خزمه‌ت پێغمه‌مبه‌ری خوا ﷺ ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی  نێوان خۆی و سه‌لمانی بۆ باسكرد ؛ پێغمه‌مبه‌ری خوا ﷺ سه‌لمانی ڕاستی وتووه .

 

حه‌سه‌ن – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : به‌ڕاستی ئه‌م دینه‌ دینێكی به‌رده‌وام و درێژخایه‌نه‌ ؛ جا بۆیه‌ هه‌ركه‌سێك ئارام نه‌گرێت له‌سه‌ری وازی لێ دێنێت ؛ وه‌ به‌ڕاستی حه‌ق قوڕس و گرانه‌ ؛ وه‌ مرۆڤ لاوازه‌ ؛ وتراوه‌ : هه‌ریه‌كێك له‌ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌نجام بدات كه‌ له‌توانایه‌تی ؛ چونكه‌ به‌ڕاستی مرۆڤ ئه‌گه‌ر زیاد له‌توانای خۆی هه‌وڵ و كار بدات ئه‌وا له‌داهاتوو به‌دوورنیه‌ گشتی له‌ده‌ست بدات .

 

‌پێشه‌وا ابن قه‌یم – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمانی به‌هه‌رشتێك كردبێت ئیللا شه‌یتان هه‌وڵ ده‌دات خه‌ڵكی له‌مكاره‌ یان به‌ره‌و زیاده‌ره‌وی به‌رێت یان كورت ره‌وی ؛ كه‌م كه‌س هه‌یه‌ له‌سه‌ر میانره‌ویه‌تی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بڕوات .

 

وه‌ پێشه‌وا ابن حه‌جه‌ر – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : هیچ كه‌سێك له‌دینداریدا زۆر ڕۆبچێت ئیللا له‌سه‌ری قوڕس و گران ده‌بێت و توانای به‌رده‌وامی نامێنێت .

 

زیان و شوێنه‌واره‌ خراپه‌كانی بارگران كردن :

1_ بارگرانكردنی خه‌ڵك سه‌رپێچی كردنی فه‌رمانی خوای په‌روه‌ردگاره‌ و خوای په‌روه‌ردگار له‌دونیا و له‌دوارۆژدا كار و باری ئه‌وجۆره‌ كه‌سانه‌ سووك و ئاسان ناكات  .

2_ بارگرانكردنی خه‌ڵك هۆكاری دروست بوونی تود و تیژی و كێشه‌ و دزی كردن و چه‌ندین تاوانی تره‌ .

3_ هۆكاری له‌یه‌كترازانی كۆمه‌ڵگا و رق و كینه‌ له‌نێوان دروست بوونه‌ .

4_ بارگرانكردنی خه‌ڵك هۆكاری نه‌مانی خۆشه‌ویستی و نه‌رم و نیانیه‌.

5_ بارگرانكردنی خه‌ڵك هۆكاری پچراندنی چاكه‌كاری و هاوكاریه‌ .

6_ بارگرانی هۆكاری وازهێنان و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ ‌ له‌عیباده‌ت و كرده‌وه‌ چاكه‌كان .

 

هه‌ندێك نموونه‌ی بارگران كردن :

1_ بارگران كردنی كه‌سی قه‌رزدار به‌ زۆر داوالێكردنی له‌كاتێكدا توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ی نیه‌ .

2_ بارگرانكردنی كه‌س و كار له‌كاتی مه‌سره‌ف كردنیان ؛ به‌شێوه‌یه‌كی مام ناوه‌ند مه‌سره‌فیان ناكات له‌كاتێكدا توانای هه‌یه‌ پێداویستیانه‌یان جێ به‌جێ بكات .

3_ بارگرانكردنی كرێكار به‌ پێنه‌دانی كرێكه‌ی یان به‌دواخستنی .

4_ بارگرانكردنی خه‌ڵك له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانه‌وه‌ به‌ پێ نه‌دانی مافه‌كانیان و قوڕس كردنی ژیانیان .

5_ بارگرانكردنی كه‌سی هه‌ژار و موحتاج .

6_ بارگرانكردنی خه‌ڵكی له‌كاتی فه‌رمان كردن به‌چاكه‌ و نه‌هی كردن له‌خراپه‌ به‌شێوه‌یه‌كی توند و زێده‌ره‌و .

7_ بارگرانكردنی نه‌فس له‌كاتی عیباده‌ت كردن به‌شێوه‌یه‌كی زێده‌ره‌و دوور له‌ میانره‌وی ئیسلام  .

 

هۆكاره‌كانی بار قورس كردن و سه‌ختكردن :

1_ پێچه‌وانه‌كردنی ڕێبازی پێغه‌مبه‌ری خوا و(ﷺ) سه‌رپێچی كردنی فه‌رمانه‌كانی .

2_ بێ ره‌حمی و ره‌وشت خراپی .

3_ خۆشویسیتنی دونیا و په‌یوه‌یست بوونی دڵ پێیه‌وه‌ .

4_ نه‌زانینی  ده‌رئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی .

5_ ئیمان لاوازی و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌دینداری و خواپه‌رستی ڕاسته‌قینه‌ .

6_ هاوڕێیه‌تی كردنی كه‌سانی به‌خلیل و بارگران كه‌ر .

7_ خراپی په‌روه‌رده‌یی ؛ هه‌ركه‌سێك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی توند و تیژ په‌روه‌رده‌بێت بێگومان هه‌ر توند و تیژی و بارگرانی لێیه‌وه‌ به‌دی ده‌كرێت  .

8_ ڕازاندنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه‌ .

9_ لاوازی خۆشه‌ویستی و ته‌بایی له‌نێوان موسڵمانان .

10_ كه‌می كه‌سانی ئامۆژگاری كار و دڵسۆز .

 

هۆكاره‌كانی وازهێنان و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ بارگران كردن :

1_ بیركردنه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی بارسووك كردنی خه‌ڵك .

2_ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان له‌سه‌ر كار و باری سووك و ئاسان و یارمه‌تیدانی خه‌ڵك .

3_ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ره‌وشتی توند و تیژی ؛ وه‌ هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ست هێنانی ره‌وشتی نه‌رم و نیانی و ئارام گرتن .

4_ به‌هێز كردنی ئیمان هۆكاره‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌گشت ره‌وشته‌ خراپه‌كان .

5_ مامناوه‌ندیه‌تی له‌عیباده‌ت كردن و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌زێدره‌وی و كورت ره‌وی .

6_ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل كه‌سی به‌رامبه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ پێت خۆشه‌ ئه‌و وا مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ بكات .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

17/صفر/1444ك --- 13/9/2022 م