20 سوود ده‌رباره‌ی مانگی ره‌جه‌ب

20 سوود

ده‌رباره‌ی مانگی ره‌جه‌ب

 

1_ مانگی ره‌جه‌ب حه‌وته‌مین مانگه‌ له‌مانگه‌كانی ساڵی كۆچی ؛ ئه‌م ناوه‌ وه‌رگیراوه‌ له‌ وشه‌ی ( ته‌رجیب ) واته‌ ته‌عظيم به‌گه‌وره‌دانان ؛ خه‌ڵكی سه‌رده‌می نه‌فامی ئه‌م مانگه‌یان زۆر به‌گه‌وره‌ و مه‌زن داده‌نا ؛ وه‌ پێی ده‌وترا ( ره‌حه‌ب و لئه‌صه‌م ) چونكه‌ هیچ جوله‌ی جه‌نگی تیادا نه‌ده‌بیسترا ؛ چونكه‌ ره‌جه‌ب مانگێكه‌ له‌ومانگانه‌ی جه‌نگ كردن تیایدا حه‌رامه‌ و قه‌ده‌غه‌یه‌ ؛ وه‌ك ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ره‌ و هیچ نابیستێت .

 

2_ مانگی ره‌جه‌ب یه‌كێكه‌ له‌و چوارمانگه‌ی جه‌نگ كردن تێیدا حه‌رامه‌ ؛ به‌ریزبه‌ندی بریتین له‌ : ذوالقعدة پاشان‌ ذوالحجة پاشان‌ موحه‌ره‌م پاشان‌ ره‌جه‌ب ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : إِنَّ عِدَّةَ الشُّهُورِ عِنْدَ اللَّهِ اثْنَا عَشَرَ شَهْرًا فِي كِتَابِ اللَّهِ يَوْمَ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ مِنْهَا أَرْبَعَةٌ حُرُمٌ ۚ  ) . التوبة : 36 .

واته‌ : به‌ڕاستی ژماره‌ی مانگه‌کان(ی ساڵ) لای خوا دوانزه‌ مانگه‌ له‌ (لوح المحفوظ) دا دانراوه‌ له‌ ڕۆژێکه‌وه‌ (خوا) ئاسمانه‌کان و زه‌وی دروست کردووه‌ چوار له‌و مانگانه‌ گه‌وره‌و به‌ڕێزن (شه‌ڕیان تێدا قه‌ده‌غه‌ کراوه‌) .

وه‌ له‌ فه‌رمووده‌دا هاتووه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : به‌ڕاستی زه‌مان ده‌سوورێته‌وه‌ به‌شێوه‌ی خۆی له‌و رۆژه‌وه‌ی خوای په‌روه‌ردگار ئاسمانه‌كان و زه‌وی دروست كردووه‌ ؛ ساڵ دوازده‌ مانگه‌ ؛ چوار مانگی حورومه‌ و جه‌نگ كردن تێیدا قه‌ده‌غه‌یه‌ ؛ كه‌ برتین له‌ ذوالقعدة پاشان‌ ذوالحجة پاشان‌ موحه‌ره‌م پاشان‌ ره‌جه‌ب كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان جومادی و شه‌عبان .

 

3_ ئه‌م چوارمانگه‌ كه‌ مانگی ره‌جه‌بیشي تێدایه‌ مانگی زۆر گه‌وره‌ و مه‌زنن له‌لای خوای په‌روه‌ردگار  ؛ له‌م چوار مانگه‌دا سته‌م كردن له‌نه‌فس حه‌رامه‌ به‌ئه‌نجامدانی گوناه و تاوان هه‌روه‌ك خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( فَلَا تَظْلِمُوا فِيهِنَّ أَنْفُسَكُمْ ۚ ) . التوبة : 36 .

واته‌ : له‌و چوار مانگه‌دا سته‌م مه‌که‌ن له‌ خۆتان .

زانایان – ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت – فه‌رموویانه‌ : گوناه و تاوان له‌م چوارمانگه‌دا زۆر گه‌وره‌تر و مه‌ترسیدارتره‌ له‌ مانگه‌كانی تر .

 

4_ له‌سه‌ر موسڵمان واجبه‌ ئه‌م چوارمانگه‌ به‌گه‌وره‌ دابنێت ؛ به‌ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی چاك و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌كرده‌وه‌ی خراپ .

 

5_ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی تایبه‌ت نه‌هاتووه‌ ده‌رباره‌ی فه‌زڵی مانگی ره‌جه‌ب ؛ پێشه‌وا ابن ره‌جه‌ب – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌هاتووه‌ ده‌رباره‌ی فه‌زڵی مانگی ره‌جه‌ب ؛ وه‌ ده‌رباره‌ی فه‌زڵی به‌رۆژووبوون و شه‌ونوێژ كردن  تێیدا .

 

6_ دروست نیه‌ مانگی ره‌جه‌ب تایبه‌ت بكرێت به‌عیباده‌تێكی دیارێكراو بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی له‌باره‌وه‌ هاتبێت  ؛ وه‌ك به‌رۆژووبوونی هه‌ندێك له‌رۆژه‌كانی یان شه‌و نوێژكردن له‌هه‌ندێك له‌شه‌وه‌كانی ؛ به‌ونیه‌تی له‌م مانگه‌دا شه‌و نوێژ و به‌رڕۆژووبوون خێری زیاتره‌ له‌مانگه‌كانی تر ؛ ئه‌مه‌ هیچ به‌ڵگه‌یكی له‌باره‌وه‌ نه‌هاتووه‌ و ده‌بێت به‌ بیدعه‌ .

شێخی ئیسلام ابن ته‌یمیه‌ - ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : تایبه‌ت كردنی  چه‌ند عیباده‌تێك له‌وعیباده‌تانه‌ی له‌شه‌رعدا به‌ڵگه‌ی له‌باره‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ده‌بێت به‌ بیدعه‌ و دروست نیه‌ وه‌ك تایبه‌ت كردنی عیباده‌ت له‌شه‌وه‌كانی مانگی ره‌بیع الاول كه‌ پێی ده‌ڵێن شه‌وی مه‌ولود ؛ یان هه‌ندێك له‌شه‌وه‌كانی مانگی ره‌جه‌ب .

 

7_ دروست نیه‌ مانگی ره‌جه‌ب تایبه‌ت بكرێت به‌ به‌رۆژووبوون به‌نیه‌تی ئه‌وه‌ی له‌و مانگه‌دا فه‌زڵی زیاتره‌ ؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌گشتی به‌بێ دیاریكراوی له‌م مانگه‌دا به‌رۆژووبوو دروسته‌ و ئاساییه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی :  له‌مانگه‌كانی حوروم به‌رۆژووببه‌ .

عبدالله ی كوری عه‌باس – ره‌زای خوای لێبێت – نه‌هی كردووه‌ له‌به‌رۆژووبوون له‌ هه‌موو رۆژه‌كانی مانگی ره‌جه‌ب بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كرێت به‌نه‌ریتێكی به‌رده‌وام بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی له‌باره‌وه‌ هاتبێت .

وه‌ پێشه‌وا ابن ته‌یمیه‌ - ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : به‌رۆژووبوون له‌مانگی ره‌جه‌ب به‌تایبه‌تی هیچ فه‌رمووده‌یه‌كی سه‌حیحی له‌باره‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ئه‌وه‌ی هاتووه‌ گشتی لاوازه‌ و سه‌حیح نیه‌ به‌ڵكو هه‌ڵبه‌ستراون .

وه‌ پێشه‌وا ابن قه‌یم – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : گشت ئه‌و فه‌رموودانه‌ی باسی رۆژووی مانگی ره‌جه‌ب ده‌كات وه‌ باشی شه‌و نوێژ له‌هه‌ندێك له‌شه‌وه‌كانی ده‌كات سه‌حیح نیه‌ و ناراسته‌ .

 

8_ هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر خۆی نه‌زر و واجب كرد مانگی ره‌جه‌ب گشتی به‌رۆژووببێ ؛ ئه‌وا نابێت نه‌زره‌كه‌ی جێ به‌جێ بكات به‌ڵكو ده‌بێت له‌جیاتی كه‌فاره‌تی سوێند بكات ؛ چونكه‌ تایبه‌ت كردنی رۆژوو له‌مانگی ره‌جه‌ب له‌كار و پیشه‌ی سه‌رده‌می نه‌فامیه‌ ؛ ئه‌م نه‌زره‌ ده‌بێته‌ نه‌زرێكی مه‌كروه  و خراپ ؛ واجب نیه‌ جێ به‌جێ بكرێت .

 

9_ له‌ هیچ فه‌رمووده‌یه‌ك نه‌هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) له‌مانگی ره‌جه‌ب عومره‌ی كردبێت ؛ دایكه‌ عائیشه‌ - ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : هه‌رگیز پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) له‌مانگی ره‌جه‌ب عومره‌ی نه‌كردووه‌ .

 

10_ له‌ هه‌ندێك له‌ پێشینه‌ چاكه‌كان و هاوه‌ڵان و تابیعین – ره‌زای خوایان لێبێت – واریدبووه‌ كه‌ عمره‌ كردن له‌مانگی ره‌جه‌ب كارێك سونه‌ت و باشه‌ به‌ به‌لگه‌ی ئه‌وه‌ی مانگی ره‌جه‌ب له‌مانگه‌كانی حورومه‌ و كرده‌وه‌ی چاك تیایدا زۆر گه‌وره‌ و مه‌زنه‌ ؛ له‌وانه‌ عومه‌ری كوڕی خه‌تاب وه‌ كوره‌كه‌ی عبدالله ؛ وه‌ دایكه‌ عائیشه‌ و ئه‌سوه‌دی نه‌خه‌عی و قاسمی كوڕی موحه‌مه‌د و جگه‌ له‌وانیش .

پێشه‌وا ابن عوثه‌یمین – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : پێشینان رای جیاوازیان هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی فه‌زڵی عومره‌ له‌مانگی ره‌جه‌بدا ؛ هه‌ندێكیان وتویانه عومره‌ كردن له‌مانگی ره‌جه‌ب‌ سونه‌ته‌ ؛ وه‌ هه‌ندێكیان وتویانه‌ : سونه‌ت نیه‌ ؛ چونكه‌ ئه‌گه‌ر سونه‌ت بوایه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) روونی ده‌كرده‌وه‌ به‌ فه‌رمووده‌یه‌كی یان به‌كرده‌وه‌ ... هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ئاشكرام نه‌بینیه‌وه‌ كه‌ له‌مانگی ره‌جه‌بدا عومه‌ره‌ كردن سونه‌ت بێت .

 

11_ بیدعه‌یه‌ك له‌بیدعه‌كانی مانگی ره‌جه‌ب بریتیه له‌ نوێژی ره‌غائیب ؛ كه‌ له‌شه‌وی یه‌كه‌م جومعه‌ی مانگی ره‌جه‌ب ده‌كرێت ؛ كه‌ بریتیه‌ له‌ 12 ركه‌عه‌ت ؛ له‌نێوان مه‌غریب و عیشا ئه‌نجام ئه‌درێت ؛ وه‌ له‌پێشدا له‌رۆژی پێنج شه‌مدا رۆژووی له‌گه‌ڵ ده‌گیرێت ؛ ئه‌م نوێژه‌ بیدعه‌یه‌ و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌حیحی له‌باره‌وه‌ نه‌هاتووه‌ .

 

12_ وه‌ بیدعه‌یه‌كی تر له‌وبیدعانه‌ی له‌مانگی ره‌جه‌ب ئه‌نجام ئه‌درێت بریتیه‌ له‌ نوێژی ( أم داود ) كه‌ له‌نیوه‌ی مانگی ره‌جه‌ب ئه‌نجام ئه‌درێت .

 

13_ گێردراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌مانگی ره‌جه‌بدا چه‌ند روداوێكی گه‌وره‌ و مه‌زن رویانداوه‌ ؛ به‌ڵام هیچ له‌م روداوانه‌ روی نه‌داوه‌ و راست نیه‌ ؛ بۆ نموونه‌ ئه‌وترێت : پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) له‌یه‌كه‌م شه‌وی مانگی ره‌جه‌ب له‌دایك بووه‌ ؛ وه‌ له‌بیست و حه‌وته‌مین یان له‌بیست و پێنجه‌مین رۆژی ئه‌م مانگه‌ نێرداوه‌ بووه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر ؛ ئه‌م قسانه‌ هیچی به‌ڵگه‌ی سه‌حیحی له‌باروه‌ نه‌هاتووه‌ و راست نیه‌ .

 

14_ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌حیح نه‌هاتووه‌ كه‌ ئیسرا و میعراج له‌مانگی ره‌جه‌ب رویدابێت ؛ یان له‌بیست و حه‌وته‌مین رۆژی ئه‌و مانگه‌ ڕویدابێت ؛ ئه‌گه‌ر راستیش بێت ئه‌وا هیچ به‌لگه‌یه‌ك نه‌هاتووه‌ له‌و رۆژه‌دا به‌نیه‌تی ئیسرا و میعراج به‌رۆژوو ببن یان شه‌وه‌كه‌ی به‌عیباده‌ت كردن زیندوو بكه‌نه‌وه‌ ؛ ئه‌مكاره‌ ده‌بێت به‌بیدعه‌ و دروست نیه‌ .

 

15_ له‌ بیدعه‌كانی مانگی ره‌جه‌ب بریتیه‌ له‌ :

_ تایبه‌ت كردنی ئه‌م مانگه‌ به‌ سه‌ده‌قه‌ كردن بۆ مردووان .

_ تایبه‌ت كردنی ئه‌م مانگه‌ بۆ سه‌ردانكردنی گۆرستان .

_ تایبه‌ت كردنی ئه‌م مانگه‌ به‌چه‌ند دوعایه‌كی تایبه‌ت و هه‌ڵبه‌ستراو .

_ باوه‌ربوون به‌وه‌ی كه‌ سه‌ردانكردنی مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) له‌م مانگه‌دا زۆر خێر و به‌ فه‌زڵه‌ ؛ وه‌ ناو ناوی ئه‌م سه‌ردانه‌ به‌سه‌ردانی ره‌جه‌بی .

_ وه‌ تایبه‌تكردنی ئه‌م مانگه‌ به‌زه‌كات دان .

 

16_ عه‌تیره‌ی ره‌جه‌بی ؛ موشریكه‌كان له‌ سه‌رده‌می نه‌فامیدا له‌مانگی ره‌جه‌بدا ئاژه‌ڵیان سه‌رده‌بری به‌ناوی عه‌تیره‌ی ره‌جه‌بی ؛ بۆ كه‌سی موسڵمان دروست نیه‌ لاساییان بكاته‌وه‌ و ئه‌م مانگه‌ تایبه‌ت بكات به‌سه‌ربرینی ئاژه‌ڵ .

 

17_ هه‌ركه‌سێك ویستی ئاژه‌ڵ برێت ئه‌وا با له‌پێناو خوا سه‌ری ببڕێت له‌هه‌ر مانگێك له‌مانگه‌كان ؛ به‌بێ تایبه‌ت كردن به‌مانگی ره‌جه‌ب ؛ پیاوێك له‌كاتی حه‌ج كردن له‌مینا بانگی پێغه‌مبه‌ری خوای كرد و وتی : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ئێمه‌ له‌سه‌رده‌می نه‌فامی ئاژه‌ڵمان له‌مانگی ره‌جه‌ب سه‌رده‌بڕی ؛ تۆ فه‌رمانی چیمان پێ ده‌كه‌ی ؟ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رمووی : له‌هه‌ر مانگێك له‌مانگه‌كان ویستان ئاژه‌ڵ سه‌ر ببڕن ؛ له‌پێناو خوا بیبه‌خشن وه‌ لێی بخۆن .

 

18_ هه‌ركه‌سێك له‌مانگی ره‌جه‌ب پێویست بوو ئاژه‌ڵ سه‌ر ببرێت بۆخواردن یان بۆ سه‌ده‌قه‌ دروسته‌ و ئاساییه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ومانگه‌ ئاژه‌ڵ سه‌ربڕین خێر تر و باشتره‌ .

 

19_ مانگی ره‌جه‌ب وه‌ك پێشه‌كیه‌كه‌ بۆ مانگی ره‌مه‌زان ؛ پێویسته‌ موسڵمانان له‌م مانگه‌وه‌ خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ مانگی ره‌مه‌زان ؛ هه‌روه‌ك پێشه‌وا ئه‌بو به‌كری ئه‌لبه‌له‌خی – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : مانگی ره‌جه‌ب مانگی چاندنه‌ ؛ وه‌ مانگی شه‌عبان مانگی ئاودانه‌ ؛ وه‌ مانگی ره‌مه‌زان مانگی دروێنه‌وه‌یه‌ .

وه‌ فه‌رموویه‌تی : نموونه‌ی مانگی ره‌جه‌ب وه‌ك با وایه‌ ؛ وه‌ نمونه‌ی مانگی شه‌عبان وه‌ك هه‌ور وایه‌ ؛ وه‌ نموونه‌ی مانگی ره‌مه‌زان وه‌ك باران وایه‌ .

هه‌ركه‌سێك له‌مانگی ره‌جه‌ب تۆكه‌ی نه‌چێنێت ؛ وه‌ له‌مانگی شه‌عبان ئاوی نه‌دات ؛ چۆن له‌مانگی ره‌مه‌زان ده‌یدروێته‌وه‌ ؟!

 

20_ فه‌رمووده‌ی : ( اللَّهمَّ بارِك لنا في رَجبٍ وشعبانَ وبلِّغنا رمضانَ ) . سه‌حیح نیه‌ و كۆمه‌ڵێك له‌زانایان به‌لاوازیان داناوه‌ ؛ له‌وانه‌ ئیمامی نه‌وه‌وی و ابن ره‌جه‌ب و ئه‌لبانی و جگه‌ له‌وانیش .

كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی : مجموعة زاد - گروپی زاد .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

14 / ربیع الاخر / 1444 ك --- 8 / 11 / 2022 م