ئایه‌ نه‌خۆشی گرتنه‌وه‌ هه‌یه‌ ؟ وه‌ ئایه‌ مانای وشه‌ی ( لا عدوی ) چیه له‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوادا (ﷺ) ؟

ئایه‌ نه‌خۆشی گرتنه‌وه‌ هه‌یه‌ ؟

وه‌ ئایه‌ مانای وشه‌ی ( لا عدوی ) چیه له‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوادا (ﷺ) ؟

وه‌ڵام : ( العَدوَى ) . واته‌ : گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی له‌نه‌خۆشێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی له‌شساغ .

وه‌ نه‌فی كردن له‌ گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی نه‌فی كردن نیه‌ له‌بوونی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ ؛ به‌ڵكو نه‌فی كردنی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌ به‌نه‌فسی خۆی ؛ كارلێكه‌ر له‌گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی خوای په‌روه‌ردگاره‌ نه‌ك خوودی نه‌خۆشیه‌كه‌ .

به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ (ﷺ) كاتێك پیاوێك ده‌ڵێت : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) كاتێك وشتری ته‌ندروست باش و ‌گورج و گۆڵ كه‌ وه‌ك كارمامزوایه‌ ؛ كاتێك وشترێكی نه‌خۆشی لێ نزیك ده‌كرێته‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌ ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رمووی : ئه‌ی وشتری یه‌كه‌م نه‌خۆشیه‌كه‌ی له‌كێ گرتووه‌ ؟

واته‌ : نه‌خۆشیه‌كه‌ تووشی وشتری یه‌كه‌م نه‌بووه‌ به‌ لێگرتنه‌وه‌ به‌ڵكو به‌ فه‌رمان و قه‌ده‌ری خوا تووشی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ بووه‌ ؛ به‌هه‌مان شێوه‌ كاتێك نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌گواسترێته‌وه‌ ئه‌وا به‌فه‌رمانی خوا ده‌گواسترێته‌وه‌ .

هه‌ندێك شت هه‌یه‌ هۆكاره‌كه‌ی دیار و ئاشكرایه‌ ؛ وه‌ هه‌ندێك شت هه‌یه‌ هۆكاره‌كه‌ی دیار و ئاشكرانیه‌ .

نه‌خۆشی یه‌كه‌م هۆكاره‌كه‌ی دیار نیه‌ و به‌فه‌رمان و قه‌ده‌ری خوای په‌روه‌ردگار روویداوه‌ ؛ وه‌ نه‌خۆشی گیانله‌به‌ری دووه‌م هۆكاره‌كه‌ی دیار و ئاشكرایه‌ ؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستی خوای په‌روه‌ردگاری له‌سه‌ر بێت نه‌خۆشیه‌كه‌  ناگواسترێته‌وه‌ و گیانله‌به‌ری دووه‌م تووشی نابێت .

بۆیه‌ هه‌ندێك جار وشتر تووشی نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌بێت به‌لێگرتنه‌وه‌ .

به‌هه‌مان شێوه‌ نه‌خۆشی تاعون و كۆلێرا ئه‌م‌ نه‌خۆشیانه‌ به‌ ئیزنی خوا ده‌گواسترێنه‌وه‌ ؛ ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشیانه‌ كاتێك ده‌چێته‌ هه‌ندێك ماڵ به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌ندامانی ئه‌وماڵه‌ ده‌مرن  ؛ وه‌ هه‌ندێكیان سه‌لامه‌ت ده‌بن و تووشی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ نابن .

لێگرتنه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ ئیزنی خوا ؛ به‌لگه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبەری خوایه‌ (ﷺ) كه‌ فه‌رموویه‌تی : گیانله‌به‌ری نه‌خۆش مه‌هێننه‌لای گیانله‌به‌ری له‌سشاغ و ته‌ندروست باش .

واته‌ : خاوه‌نی وشتری نه‌خۆش با وشتره‌كه‌ی نه‌باته‌ لای وشتری ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌  وشتره‌كه‌ی ساغ و ته‌ندروست باشه‌ ؛ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ نه‌گواسترێته‌وه‌ - بێگومان به‌ ئیزن و فه‌رمانی خوا - .

وه‌ هه‌روه‌ها پێغه‌مبەری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : له‌وكه‌سه‌ ڕابكه‌ كه‌ نه‌خۆشی گوولی لێیه‌ وه‌ك چۆن له‌شێر ڕاده‌كه‌ی .

فه‌رمان كردن به‌راكردن له‌وكه‌سه‌ی نه‌خۆشی گوولی لێیه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ی ئه‌و بۆتۆ نه‌گواسترێته‌وه‌ ؛ ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ لێگرتنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی هه‌یه‌ ؛ به‌ڵام گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ مسۆگه‌ر نیه‌ و خوودی نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌نه‌فسی خۆی ناگواسترێته‌وه‌ به‌ڵكو به‌فه‌رمان و قه‌ده‌ری خوای په‌ره‌وه‌ردگاره‌ .

فه‌رمان كردنی  پێغه‌مبەری خوا (ﷺ) به‌راكردن له‌وكه‌سه‌ی نه‌خۆشی گوولی لێیه‌ وه‌ فه‌رمان كردنی به‌ تێكه‌ڵنه‌كردنی ئاژه‌ڵی نه‌خۆش له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵی له‌شساغ بۆ خۆپاراستن و دوورخستنه‌ له‌ هۆكاره‌كان ؛ وه‌ هۆكاره‌كان به‌نه‌فسی خۆیان كارلێكه‌رنین بۆ نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌ڵكو به‌ئیزن و فه‌رمانی خوای په‌روه‌ردگاره‌ .

هۆكاره‌كان به‌نه‌فسی خۆیان كاریگه‌رنین ؛ به‌ڵام پێویسته‌ له‌سه‌رمان خۆمان له‌هۆكاره‌كان بپارێزین كه‌ به‌ئیزنی خوا ده‌بن به‌هۆكاری نه‌خۆشیه‌كان .

به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : : (وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ  ) . البقرة : 195 .

. واته‌ : به‌ده‌ستی خۆتان، خۆتان به‌ره‌و تیاچوون مه‌به‌ن

كه‌واته‌ : مانای ( لا عَدوَی ) ئه‌و شه‌یه‌ی  پێغه‌مبەری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی ؛ واته‌ : نه‌خۆشی به‌خوودی خۆی  ناگواسترێنه‌وه‌ له‌كه‌سی نه‌خۆش بۆ كه‌سی له‌سشاغ به‌ڵكو به‌ فه‌رمان و قه‌ده‌ری خوای په‌روه‌ردگار ده‌گواسترێته‌وه‌ .

تێكه‌ڵ بوونی كه‌سی نه‌خۆش له‌گه‌ڵ كه‌سی له‌شساغ هۆكارێكه‌ له‌هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی به‌ڵام مانای ئه‌وه‌نیه‌ به‌دڵنیایی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ ڕووده‌دات نه‌خێر ئه‌گه‌ر فه‌رمانی خوای په‌روه‌ردگاری له‌سه‌ر نه‌بێت هه‌رگیز ڕوونادات و هه‌مووشتێك به‌ویست و مه‌شیئه‌تی خوای په‌روه‌ردگار ڕووده‌دات .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد گه‌لاڵه‌یی .