چۆن به‌نده‌ بزانێت خوا خۆشی ده‌وێت ؟

چۆن به‌نده‌ بزانێت خوا خۆشی ده‌وێت ؟

 

یه‌كه‌میان : خوای په‌روه‌ردگار‌ له‌به‌ڵاو ناخۆشیه‌كانی دونیا ده‌تپارێزێت .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( وَتُحِبُّونَ الْمَالَ حُبًّا جَمًّا ) . الفجر : 20 .

 واته‌ : ماڵ و سامان و دارایشتان زۆر خۆشده‌وێت (ره‌چاوی حه‌ڵاڵ و حه‌رام ناکه‌ن).

وه‌ له‌سوه‌رتی العادیات فه‌رموویه‌تی : وَالْعَادِيَاتِ ضَبْحًا . فَالْمُورِيَاتِ قَدْحًا . فَالْمُغِيرَاتِ صُبْحًا . فَأَثَرْنَ بِهِ نَقْعًا . فَوَسَطْنَ بِهِ جَمْعًا ) .

ئه‌مه‌ پێنج سوێندن ؛ وه‌ڵامی سوێنده‌كان بریتیه‌ له‌ ( إِنَّ الْإِنْسَانَ لِرَبِّهِ لَكَنُودٌ . وَإِنَّهُ عَلَىٰ ذَٰلِكَ لَشَهِيدٌ . وَإِنَّهُ لِحُبِّ الْخَيْرِ لَشَدِيدٌ ) . العادیات : 6-8 .

واته‌ : به‌ڕاستی ئاده‌میزاد له‌ ئاستی په‌روه‌ردگاریدا زۆر ناسوپاس و حه‌ق نه‌ناسه‌.

خۆیشی شایه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ی خۆی، (ڕۆژی قیامه‌ت دان به‌ که‌مته‌ر خه‌می خۆیدا ده‌نێت).

بێگومان ئاده‌میزاد له‌ خۆشه‌ویستی ساماندا زۆر به‌تین و هه‌ڵپه‌یه‌ (که‌ ده‌ستی لێی گیربوو ره‌‌زیل و ڕژد و چرووکه‌).

به‌ڕاستی خۆشه‌ویستیمان بۆ دونیا كوێری كردووین ؛ وه‌ دژایه‌تی یه‌كتر ده‌كه‌ین .

به‌ڵام له‌ نیشانه‌ی خۆشه‌ویستی خوا بۆتۆ ئه‌وه‌یه‌ خوای په‌روه‌ردگار دونیا بخاته‌ ناو ده‌ستت نه‌ك ناو دڵت .

كه‌سانێك هه‌ن بۆ به‌ده‌ست هێنانی ماڵ و سامانی دونیا خۆیان تووشی تاوانی ریبا ده‌كه‌ن !

به‌ڵام ئه‌وكه‌سانه‌ی ته‌قوای خوا ده‌كه‌ن و خۆیان له‌ریبا و مالی حه‌رام ده‌پارێزێن ئه‌وه‌ نیشانه‌ی خۆشه‌ویستی خوایه‌ بۆ ئه‌وكه‌سه‌ .

دووه‌میان : له‌نیشانه‌كانی خۆشه‌ویستی خوا بۆتۆ ئه‌وه‌یه‌ تووشی به‌ڵا و ناخۆشی و تاقی كردنه‌وه‌ت بكه‌ ؛ له‌ نه‌فست وه‌ له‌ ماڵ و منداڵت وه‌ له‌كه‌سانی ده‌ورو به‌رت ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : كاتێك خوای په‌روه‌ردگار كه‌سێكی خۆش ویست تاقییان ده‌كاته‌وه‌ و تووشی به‌ڵا و ناخۆشیان ده‌كات .

بۆیه‌ ئه‌هلی به‌ڵا و ناخۆشیكان پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكانن خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( فَاصْبِرْ كَمَا صَبَرَ أُولُو الْعَزْمِ مِنَ الرُّسُلِ .. ) . الأحقاف : 35 .

 واته‌ : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر ( صلى الله عليه وسلم) دان به‌خۆدا بگره‌و خۆڕاگربه‌، هه‌روه‌کوو پێغه‌مبه‌رانی خاوه‌ن ویستی به‌هێز خۆڕاگر بوون .

هاوه‌ڵی به‌ڕێز خه‌بابی كوڕی ئه‌ره‌ت – ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : 

سكاڵای ئه‌زیه‌ت و ناره‌حه‌تیمان  برد بۆلای پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) كاتێك چووینه‌ خزمه‌تی بینیمان له‌ژێر سێبه‌ری كه‌عه‌به‌ی پیرۆز ڕاكشابوو سه‌ری نابووه‌ سه‌ر پۆشاكێك ؛ پێمان فه‌رموو : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) ئایه‌ داوای سه‌ركه‌وتنمان بۆ ناكه‌ی ؛ ئایه‌ بۆمان له‌خوا ناپاڕێیته‌وه‌ ؛ به‌ڕاستی ئێمه‌ له‌لایه‌ن بێ باوه‌ڕانه‌وه‌ زۆر ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار ئه‌درێین ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رمووی : به‌ڕاستی له‌قه‌ومانی پێش ئێوه‌ باوه‌ڕدارانێك هه‌بوون له‌لایه‌ن بێ باوه‌ڕانه‌وه‌ ده‌گیرا و چاڵێكی بۆ هه‌ڵده‌كه‌ندرا ؛ پاشان ده‌خرایه‌ ناوی ؛ ئینجا مشارێكیان ده‌هێنا له‌سه‌ر سه‌ریان داده‌نا و ده‌یان كرد به‌ لووته‌وه‌ ؛ وه‌ به‌شانه‌ی ئاسن گۆشتی ئه‌م باوه‌ڕدارانه‌یان له‌ئێسقان جیا ده‌كرده‌وه‌ ؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وازیان له‌دینه‌كه‌ی خۆیان نه‌ده‌هێنا و ئارامیان ده‌گرت ؛ سوێند به‌ الله ئه‌م دینه‌ هه‌ر سه‌رده‌كه‌وێت هه‌تا وایلێدێت سوار له‌ صه‌نعائه‌وه‌ ده‌روات بۆ حه‌ضره‌مه‌وت بێ ئه‌وه‌ی له‌هیچ شتێك بترسێت جگه‌ له‌خوا ؛ وه‌ بێ ئه‌وه‌ی بترسێت گورك مه‌ره‌كانی بخوات ؛ به‌ڵام ئێوه‌ په‌له‌ده‌كه‌ن .

به‌ڵا و ناخۆشیه‌كان نیشانه‌ی خۆشه‌ویستی خوای په‌روه‌ردگاره‌ بۆتۆ ..

سێیه‌میان : له‌ نیشانه‌كانی خۆشه‌ویستی خوا بۆتۆ ئه‌وه‌یه‌ خوای په‌روه‌ردگار ره‌وشت جوانی و نه‌رم و نیانیت پێ ببه‌خشێت ؛ وه‌ رێنمووییت بكات بۆ رووخۆشی وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی خه‌ڵك وه‌ بۆ ئارام گرتن له‌سه‌ر ناخۆشیه‌كان وه‌ بۆ په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و هه‌موو ره‌وشتێك له‌ ره‌وشته‌ جوانه‌كان .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .