چۆن نوێژه‌كانمان به‌ خشوعه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین ؟

چۆن نوێژه‌كانمان به‌ خشوعه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین ؟

 

خۆشه‌ویستانم نوێژێك هه‌یه‌ده‌بێته‌ كۆتا نوێژ له‌ژیانی دونیاماندا ..

مردن له‌ناكاو پێمان ده‌گات و ئه‌م نوێژه‌ ده‌بێت به‌كۆتا نوێژ له‌ژیانی دونیادا ..

نازانین كۆتا نوێژمان له‌ چ كاتێك و له‌ چ شوێنێك ده‌بێت !

جا بۆ ئه‌وه‌ی كۆتا ‌نوێژمان به‌ خشوعه‌وه‌ بێت پێویسته‌ له‌سه‌رمان هه‌موو نوێژه‌كانمان به‌م شێوه‌یه‌ئه‌نجام بده‌ین كه‌ كۆتا نوێژمانه‌ له‌دونیادا .

پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : ( إذا قُمْتَ في صلاتِكَ، فصَلِّ صلاةَ مُودِّعٍ ) . صحيح ابن ماجه .

واته‌ : كاتێك هه‌ستای بۆ نوێژكردنت ؛ ئه‌وا نوێژ بكه‌ وه‌كو نوێژی ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ كۆتا نوێژیه‌تی له‌دونیا و ماڵئاوایی ده‌كات .

با هه‌موو نوێژه‌كانت له‌دونیادا به‌م شێوه‌یه‌ بێت

چونكه‌ بێگومان رۆژێك دێت له‌دوای ئه‌م نوێژه‌ ده‌مریت و ناتوانی نوێژی تر ئه‌نجام بده‌ی !

مردوه‌كان ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت كاتێك مردن نه‌یانزانی ئه‌ورۆژه‌ كۆتا نوێژیانه‌ له‌دونیادا

مردن له‌ناكاو بۆیان هات و گه‌ڕانه‌وه‌ لای خوای په‌روه‌ردگار

جا بۆ ئه‌وه‌ی نوێژه‌كانت به‌ خشوعی و به‌ڕێك و پێكی ئه‌نجام بده‌ی

یه‌كه‌میان : بیر له‌مردن بكه‌وه‌ و وابزانه‌ ئه‌م نوێژه‌ كۆتا نوێژته‌ له‌دونیادا .

دووه‌میان : ‌ كاتێك نوێژێكت ئه‌نجامدا به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌روانی نوێژی دواتر بكه‌

نه‌ك وه‌كو هه‌ندێك كه‌س كاتێك گوێیان له‌بانگ ده‌بێت دڵیان توند ده‌بێت و به‌ته‌مبه‌ڵیه‌وه‌ وه‌كو مونافیقه‌كان هه‌ڵده‌ستن بۆ نوێژكردن !

سێیه‌مییان : بۆ هه‌موو نوێژێك ده‌ست نوێژت تازه‌ بكه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی توانا .

ده‌ست نوێژی هۆكاری پاككردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌ له‌گوناه و تاوان بۆیه‌ بۆ هه‌موو نوێژێك ده‌ست نوێژه‌كه‌ت نوێ بكه‌وه‌ .

چواره‌میان : له‌به‌ر كردنی جوانترین پۆشاك : چونكه‌ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( ۞ يَا بَنِي آدَمَ خُذُوا زِينَتَكُمْ عِنْدَ كُلِّ مَسْجِدٍ ..) . الأعراف : 31 .

واته‌ : ئه‌ی نه‌وه‌ی ئاده‌م ، پۆشاکی جوان و ڕازاوه‌تان بپۆشن له‌ کاتی هه‌موو نوێژێکدا .

هه‌ندێك له‌ نوێژخوێنان هه‌ن به‌پۆشاكی ناشرین یان به‌پۆشاكی خه‌وتن و ته‌نگ نوێژه‌كانیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن !

له‌كاتێكدا هه‌رگیز به‌م جۆره‌ پۆشاكه‌ ناچێت بۆ سه‌ردانی ماڵێك یان بۆ بۆنه‌یه‌ك به‌ڵام بۆ نوێژه‌كه‌ی ده‌یپۆشێت و له‌به‌ری ده‌كات !

وه‌ ‌پێش ئه‌نجامدانی نوێژ سیواك بكه‌ ؛ چونكه‌ سیواك سونه‌ته‌ و پاككه‌ره‌وه‌ی ده‌مه‌ له‌بۆنی ناخۆش .

وه‌ خۆت له‌بۆنی ناخۆش بپارێزه‌ وه‌ك خواردنی سیر و پیاز و كه‌وه‌ر و جگه‌ره‌ و نێرگله‌ .

چونكه‌ به‌م بۆنه‌ ناخۆشانه‌ نوێژ خوێنان و فریشته‌كان ئه‌زیه‌ت ده‌ده‌ی .

پێنجه‌میان : له‌ هۆكاره‌كانی خشوع له‌نوێژدا ئه‌وه‌یه‌ كاتێك دێیت به‌ره‌و مزگه‌وت چاوه‌كانت داگره‌ و به‌هیچ شتێكی دونیا سه‌رقاڵ مه‌به‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو نوێژه‌كه‌تدا بیرت بۆیان نه‌چێت و خشوع له‌ده‌ست نه‌ده‌ی .

هه‌نگاوناو به‌ره‌و مزگه‌وت هۆكاری سڕینه‌وه‌ی تاوانه‌كانن بۆیه‌ با هه‌نگاوه‌كانمان هیچ گوناه و تاوانێكی له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ نه‌بێت كاتێك ده‌ڕۆین به‌ره‌و مزگه‌وت .

وه‌ كاتێك له‌ماڵه‌وه‌ هاتیته‌ ده‌ره‌وه‌ ناوی خوا بێنه‌ و پشت به‌خوا ببه‌سته‌ و زیكری هانه‌ ده‌ر له‌ماڵ و زیكری رۆییشتن به‌ره‌ و مزگه‌وت بخوێنه‌ ؛ وه‌ به‌ پێی راست برۆ ناو مزگه‌وت و زیكری چوونه‌ ناو مزگه‌وت بخوێنه‌ .

به‌خوێندنی ئه‌م زیكرانه‌ شه‌یتان لێت دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ناتوانێت وه‌سوه‌سه‌ت بۆ دروست بكات له‌ناو نوێژه‌كه‌تدا .

وه‌ كاتێك نوێژ ده‌كه‌ی سه‌یری شوێنی سوجده‌ت بكه‌ وه‌ بیر له‌مانای ئایه‌ت و زیكره‌كانی ناو نوێژه‌كه‌ت بكه‌ره‌وه‌ ؛ بیر له‌كار و باری دونیا مه‌كه‌ره‌وه‌ ؛ به‌سه‌ر نه‌فسی خۆت و به‌سه‌ر شه‌یتان زاڵببه‌ .

دووكه‌س له‌ته‌نیشت یه‌كتری نوێژ ده‌كه‌ن ؛ یه‌كیان نوێژه‌كه‌ی ده‌گات به‌ ئاسمان پاداشتی ته‌واوی بۆ ده‌بێت وه‌ ئه‌وه‌ی تریان به‌هۆی بیر و خه‌یالی دونیا ئاگای له‌نوێژه‌كه‌ی نیه‌ و شه‌یتان خێر و پاداشتی نوێژه‌كه‌ی لێ ده‌دزێت .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .