دین ئامۆژگاریه‌

( دین ئامۆژگاریه‌ )

ئەبو روقه‌ییەی تەمیمی كوڕی ئەوسی داری – ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : 
پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی : ((الدِّينُ النَّصِيحَةُ ، قُلْنَا لِمَنْ ؟ قَالَ : لِلَّهِ ، وَلِكِتَابِهِ ، وَلِرَسُولِهِ ، وَلأَئِمَّةِ الْمُسْلِمِينَ ، وَعَامَّتِهِمْ )) . صحيح مسلم.
واته : ئایین ئامۆژگارییە ، وتمان بۆ كێ‌ ئەی پێغەمبەری خوا ( صلى الله عليه وسلم ) فەرمووی : بۆ خوا و كتێبه‌كه‌ی و پێغەمبەرەكـەی و سه‌ركرده‌ و پــێشەوایـانی موسڵمانان و هه‌موو مــوسڵمانانیش .

پێشه‌وا ابن حه‌جه‌ر – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌و فه‌رموودانه‌ی هه‌موو ئایینی پیرۆزی ئیسلامی له‌خۆ گرتووه‌ .

_ ئامۆژگاری كردن بۆ خوا : به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ وه‌سفی خوا بكه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی شاییسته‌یه‌تی و لایه‌قیه‌تی ؛ وه‌ به‌دڵ و به‌لاشه‌ ملكه‌چی ئه‌وبی ؛ وه‌ به‌ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ چاكه‌كان ته‌ماعی به‌هه‌شت و پاداشتی ئه‌وت هه‌بێت ؛ وه‌ به‌دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان خۆت له‌سزای ئه‌و بپارێزی .

_ وه‌ ئامۆژگاری كردن بۆ په‌رتووكه‌كه‌ی خوا : به‌وه‌ ده‌بێت خۆت شاره‌زا بكه‌ی له‌خوێندنه‌وه‌ و كرده‌وه‌ پێ كردنی ؛ وه‌ خه‌ڵكیش فێربكه‌یت و بانگه‌وازی بۆ بكه‌ی ؛ به‌شێوه‌یه‌كی جوان بیخوێنیته‌وه‌ و له‌ماناكانی بگه‌ی ؛ وه‌ ره‌دی ئه‌وكه‌سانه‌ بده‌یته‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ ته‌فسیری ئایه‌ته‌كان ده‌كه‌ن و ماناكه‌ی ده‌گۆرن .


_ وه‌ ئامۆژگاری كردن بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) : به‌وه‌ ده‌بێت باوه‌ری پێ بهێنی و هه‌واڵه‌كانی به‌ڕاست بزانی و گوێڕایه‌ڵی بكه‌یت و شوێنی بكه‌وی ؛ وه‌ سونه‌ته‌كانی زیندوو بكه‌یته‌وه‌ و له‌ناو خه‌ڵك بلاوی بكه‌یته‌وه‌ ؛ وه‌ له‌نه‌فسی خۆت زیاتر خۆشت بوێت و به‌گیان و ماڵ و سامانت به‌رگری لی بكه‌ی .

_ وه‌ ئامۆژگاری كردن بۆ سه‌ركرده‌و پێشه‌وایانی موسڵمانان : به‌وه‌ ده‌بێت له‌كاری چاكدا گوێڕایه‌ڵیان بكه‌ی ؛ وه‌ به‌ته‌نها ئامۆژگاریان بكه‌ی ؛ له‌كاری خراپ به‌دووریان بخه‌ی ؛ وه‌ كاتێك كه‌م و كوڕی و سته‌م و تاوانی هه‌بوو خه‌ڵكی لێ هان نه‌ده‌یت و كێشه‌ و ئاژاوه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا دروست نه‌كه‌ی ؛ بۆ ئه‌وه‌ی خوێن و ماڵی موسڵمانان سه‌لامه‌ت بێت و له‌زیانی گیانی و ماڵی به‌دووربن .

_ وه‌ ئامۆژگاری كردن بۆ هه‌موو موسڵمانان : به‌وه‌ ده‌بێت ئامۆژگاریان بكه‌ی بۆ گشت ئه‌وشتانه‌ی له‌سوود و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه‌ له‌دونیا و دواڕۆژیاندا ؛ وه‌ به‌ وته‌ و به‌كردار هاوكاریان بی و یارمه‌تیان بده‌ی ؛ وه‌ ئاگاریان بكه‌یته‌وه‌ له‌گشت وته‌ و كارێكی خراپ ؛ وه‌ كه‌م و كوڕیه‌كانیان دابپۆشی و به‌ نهێنی ئامۆژگاریان بكه‌یت و ئابڕوویان نه‌به‌ی ؛ وه‌ ڕێز له‌گه‌وره‌كانیان بگری و ره‌حم به‌ بچووكه‌كانیان بكه‌ی ؛ وه‌ غه‌ش و خیانه‌تیان لێ نه‌كه‌ی ؛ وه‌ له‌ده‌ست و زمانت سه‌لامه‌ت بن و بوهتانیان بۆ نه‌كه‌یت و غه‌یبه‌تیان نه‌كه‌یت و حه‌سوودیان پێ نه‌به‌یت و له‌كاتی خۆشی و ناخۆشیدا له‌گه‌لیان بیت و یارمه‌یتان بده‌ی .
وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .
10/5/2023