حه‌قیقه‌تی (سحر ) جادوو .. وه‌ ئایه‌ جادوو كاریگه‌ری هه‌یه‌ ؟

حه‌قیقه‌تی (سحر ) جادوو ..

وه‌ ئایه‌ جادوو كاریگه‌ری هه‌یه‌ ؟

وه‌ڵام :

بێگومان جادوو حه‌قیقه‌ت و كاریگه‌ری خراپی هه‌یه‌ له‌سه‌ر دڵ و ئه‌قڵ و لاشه‌ی مرۆڤه‌كان ؛ مرۆڤ به‌هۆیه‌وه‌ نه‌خۆش ده‌بێت ؛ وه‌ ده‌مرێت ؛ وه‌ كێشه‌ی خێزانی دروست ده‌كات له‌نێوان ژن  مێرد ؛ ڕق لێبوونه‌وه‌ له‌نێوانیان دروست ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆكاری جیابوونه‌وه‌ و تێكچوونی شیرازه‌ی خێزان  .

وه‌ جادوو هۆكاری دروست كردنی په‌یوه‌ندیه‌ له‌نێوان دووكه‌س به‌تایبه‌ت له‌نێوان پیاوان و ئافره‌تانی نامه‌حره‌م .

سحر و جادوو كارێكی شه‌یتانیه‌ و زۆربه‌ی جادووگه‌ران ناتوانن جادوو بكه‌ن هه‌تا شه‌ریك بۆخوا بڕیارنه‌ده‌ن !

وه‌ خۆیان له‌ جنۆكه‌ و شه‌یاتینه‌كان نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ئه‌نجامدانی عیباده‌ت كردن بۆیان .

وه‌ زۆرێك له‌جادووگه‌ران بانگه‌شه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كان ده‌كه‌ن به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی جادوو كردن و له‌ڕێگه‌ی داوای یارمه‌تی كردن له‌ جنۆكه‌كان .

له‌وانه‌یه‌ جادووگه‌ر فه‌رمان به‌نه‌خۆشه‌كه‌ بكات به‌سه‌ر بڕێنی به‌ڕازێك له‌گه‌ڵ وتنی بسم الله !

یان فه‌رمان به‌نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌كات ئاژه‌ڵێكی حه‌لال سه‌ربڕێت به‌ڵام به‌بێ بسم الله كردن یان ناوی یه‌كێك له‌ جنۆكه‌ شه‌یاتینه‌كان بێنێت ؛ كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان كوفر كردنه‌ به‌خوای به‌رز و بڵند .

 

پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : «مَنْ أَتَى عَرَّافًا أَوْ كَاهِنًا، فَصَدَّقَهُ بِمَا يَقُولُ، فَقَدْ كَفَرَ بِمَا أُنْزِلَ عَلَى مُحَمَّدٍ». ( صحيح ).

واته‌ : له‌ ئه‌بو هوڕيره‌وه‌(ره‌‌زاى خواى گه‌وره‌ى لێبێت) فه‌رموویه‌تی : پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رمووى : هه‌ركه‌سێك بچێته‌ لاى شوێن هه‌ڵگرێك ( بۆ پرسياركردنى شتێكى بزر بوو ) يان بچێته‌ لاى كاهينێك (قه‌شه‌يه‌ك ) بۆ نوشته‌يه‌كى سحر ، ئينجا باوه‌ڕى پێبكات به‌وه‌ى ده‌يڵێت ، ئه‌وه‌ به‌ ته‌ئكيد بێ باوه‌ڕ بووه‌ به‌و قورئانه‌ى به‌ سه‌ر محمد ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) دابه‌زيوه .

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چوون بۆلای جادووگه‌ر دروست نیه‌ ؛ وه‌ پێویسته‌ سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماربكرێت له‌لای حاكم و كاربه‌ده‌ستان بۆ ئه‌وه‌ی حوكمی خوایان له‌سه‌ر جێ به‌جێ بكه‌ن و ڕێگریان لێبكه‌ن .

بۆچاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كانتان ده‌توانن بچن بۆلای پزیشك یان له‌ڕێگه‌ی روقیه‌ی شه‌رعی له‌لایه‌ن كه‌سی متمانه‌ چاره‌سه‌ری خۆتان بكه‌ن .

به‌ڕاستی جادووگه‌ر كێشه‌ و ناخۆشیه‌كان زیاد ده‌كات نه‌ك چاره‌سه‌ربكات .

 

بێگومان جادوو حه‌قیقه‌تێكه‌ و شتێكی خه‌یاڵی و بێ بنه‌ما نیه‌ و كاریگه‌ری خراپی هه‌یه‌ .

پێشه‌وا قه‌ره‌افی – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : جادوو حه‌قیقه‌تی هه‌یه‌ ؛ هه‌ندێكجار جادوولێكراو به‌هۆی جادوه‌وه‌ ده‌مرێت یان هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌گۆڕێت ؛ پێشه‌وا شافیعی و ابن حه‌نبه‌لیش هه‌مان قسه‌یان كردووه‌ - ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت - .

به‌ڵام موعته‌زیله‌ و قه‌ده‌ره‌یه‌كان كه‌ دوو گروپی و گومڕا و لاڕێن پێچه‌وانه‌ی زانایانی ئه‌هلی سوننه‌یان كردووه‌ و گرنگی به‌ بۆچوونیان نادرێت ؛ پێشه‌وا قه‌ره‌افی و جگه‌ له‌ویش فه‌رموویانه‌ : به‌ڕاستی هاوه‌ڵان كۆده‌نگن له‌سه‌ر كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانی جادوو ؛ ئه‌كه‌ حه‌قیقه‌تێكه‌ هه‌بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ په‌یداببن كه‌ نكۆڵی لێ ده‌كه‌ن .

له‌به‌ڵگه‌كانی ئه‌هلی سوننه‌ سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری جادوو له‌سه‌ر مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( وَلَٰكِنَّ الشَّيَاطِينَ كَفَرُوا يُعَلِّمُونَ النَّاسَ السِّحْرَ ) . البقرة : 102 .

واته‌ : به‌ڵكو شه‌یتانه‌كان كافربوون و خه‌ڵكیان فێری سیحرو جادوو ده‌كرد .

ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی ئاشكرایه‌ له‌سه‌ر بوونی جادوو و كاریگه‌ری جادوو .

جادووگه‌ر به‌هۆی سحره‌وه‌ جیاوازی  و كێشه‌ و ناكۆكی ده‌خاته‌ نێوان ژن و مێرد ؛ وه‌ به‌جادووه‌كه‌ی زیان به‌خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێت به‌ڵام جادووه‌كه‌ی زیان ناگه‌یه‌نێت به‌بێ ئیزنی خوا .

به‌ڵگه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی جادوو خوای په‌روه‌ردگار له‌سوره‌تی الفلق فه‌رموویه‌تی : ( وَمِنْ شَرِّ النَّفَّاثَاتِ فِي الْعُقَدِ ) . الفلق : 4 .

 له‌ شه‌ڕ و خراپه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ جادو ده‌که‌ن و په‌ت و ده‌‌زو گرێ ده‌ده‌ن و فوی پیاده‌که‌ن (به‌فێڵ و جادو نێوانی خه‌ڵکی تێک ده‌ده‌ن).

ئه‌گه‌ر جادوو كاریگه‌ری خراپی نه‌بوایه‌ ئه‌وا په‌روه‌ردگار فه‌رمانی نه‌ده‌كرد په‌نای پێ بگرن له‌جادووی جادوو كه‌ران .

به‌ڵگه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی جادوو و كاریگه‌ریه‌كانی خراپ و زیانبه‌خشه‌كانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ كه‌سێكی جووله‌كه‌ به‌ناوی له‌بیدی كوڕی ئه‌عصه‌م جادووی له‌ پێغه‌مبه‌ری خواكرد (صلی الله علیه وسلم) ئه‌ك رووداوه‌ له‌فه‌رمووده‌یه‌كی سه‌حیحدا باسكراوه‌ و پێشه‌وا بوخاری و موسلیم گێراویانه‌ته‌وه‌ .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌لاڵه‌یی .

20/7/2023