(ناساندنی په‌رتووكی (سِيَرُ أَعْلامِ النُّبَلاء) للإِمَامِ الذَّهَبِي )

(ناساندنی په‌رتووكی (سِيَرُ أَعْلامِ النُّبَلاء) للإِمَامِ الذَّهَبِي )

 

باشترین په‌رتووكی ژیاننامه‌كان بریتیه‌ له‌ له‌په‌رتووكی (سِيَرُ أَعْلامِ النُّبَلاء)

هی زانای پایه‌به‌رز موحه‌مه‌دی كوڕی ئه‌حمه‌دی كوڕی عوثمانی دیمه‌شی

ئه‌بو عبدالله ی شه‌مسه‌دینی ذه‌هه‌بی – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت –

ئه‌م زانا به‌ڕێزه‌ كه‌سایه‌تیه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی جۆراو جۆر له‌په‌رتووكه‌كه‌یدا باسكردووه‌ .

كه‌ بریتین له‌ جێنشینه‌كان و پادشاكان و وه‌زیره‌كان و دادوه‌ره‌كان و قورئان خوێنه‌كان و فه‌رمووده‌ناسه‌كان و زاناكان و ئه‌دیبان و زمانزانه‌كان و شاعیره‌كان .

به‌ڵام گرنگیه‌كی تایبه‌تی داوه‌ به‌ فه‌رمووده‌ناسه‌كان و راویه‌كان .

وه‌ په‌رتووكه‌كه‌ی هه‌موو جۆره‌ كه‌سێكی گرتۆته‌وه‌ له‌هه‌موو ڕوویه‌كی سه‌رزه‌وی .

له‌ هیند و سیند له‌ خۆرهه‌ڵا‌ته‌وه‌ هه‌تا ئه‌نده‌لوس له‌ خۆرئاوا‌وه‌ .

وه‌ په‌رتووكه‌كه‌ی به‌شێوه‌ی چین چینی خه‌ڵك ڕێكخستووه‌ .

چینی ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌سه‌ر ده‌مێكدا به‌یه‌كه‌وه‌ ژیاون .

وه‌ په‌رتووكه‌ی دابه‌شكردووه‌ به‌سه‌ر 40  چینی خه‌ڵك .

وه‌ سه‌ره‌تای په‌رتووكه‌كه‌ی تایبه‌ت كردووه‌ به‌ ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) ؛ وه‌ ژیاننامه‌ی جێنشینه‌ هیدایه‌تدراوه‌كان .

وه‌ شێواز‌ی پێشه‌وا ذه‌هه‌بی – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – له‌باسكردنی كه‌سایه‌تیه‌كان به‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ سه‌ره‌تا ناوی كه‌سه‌ دێنێت له‌گه‌ڵ ره‌چه‌ڵه‌كی و له‌قه‌ب‌ و نازناوی و شوێنی و پێگه‌ییشتنی .

وه‌ باسی مامۆستاكانی و قوتابیه‌كانی كردووه‌ وه‌ شوێنه‌واره‌ زانستی و ئه‌ده‌بیه‌كانی .

پاشان باسی ئاستی زانستی ئه‌وكه‌سه‌ ده‌كات ؛ وه‌ عه‌قیده‌كه‌ی  و باشی و خراپی ئه‌وكه‌سه‌ ‌ له‌ڕێگه‌ی وته‌ی زانایانی خاوه‌ن متمانه‌ .

هه‌ندێكجار ته‌نها وته‌ی‌ ئه‌وان باس ده‌كات .

وه‌ هه‌ندێكجار له‌دوای وته‌ی ئه‌وان خۆیشی قسه‌یان له‌سه‌رده‌كات .

وه‌ راویه‌كان ده‌ناسێنێت به‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی زۆر وورد و گرنگ وه‌ك : ( كه‌سێكی متمانه‌یه‌ ؛ كه‌سێكی چاكه‌ ؛ كه‌سێكی ناباوه‌ ) .

پاشان ژیانامه‌ی كه‌سه‌كه‌ كۆتایی پێدێنێت به‌ باسكردنی مێژووی مردنی كه‌سه‌كه‌ ؛ وه‌ زۆرجار له‌كۆتایی ژیاننامه‌كه‌ چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌ك به‌سه‌نه‌دی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ هه‌تا ده‌گات به‌وكه‌سه‌ی ژیاننامه‌كه‌ی باس كردووه‌ .

پێشه‌وا ذه‌هه‌بی – ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – له‌باسكردنی كه‌سایه‌تیه‌كان په‌یوه‌ست‌ بووه‌ به‌مه‌نهه‌جی دادپه‌روه‌ری و ئینسافه‌وه‌ .

هه‌تا سه‌رنجی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر  كوره‌كه‌ی خۆی ئه‌بوهوره‌یره‌ ؛ فه‌رموویه‌تی : به‌ڕاستی ئه‌و قورئانی پیرۆزی له‌به‌ركرد ؛ پاشان خۆی خه‌ریككرد به‌كارێكه‌وه‌ هه‌تا له‌بیری كرد !

وه‌ له‌ په‌رتووكه‌كه‌یدا فه‌رمووده‌ی زۆری تیادا باسكردووه‌ .

وه‌ گرنگیداوه‌ به‌ كۆمێنت نووسینی له‌سه‌ر فه‌رمووده‌كان له‌ڕووی سه‌نه‌د و مه‌تنه‌وه‌ .

قوتابیه‌كه‌ی پێشه‌وا ذه‌هه‌بی كه‌ ناوی صه‌فه‌دیه‌ ؛ فه‌رموویه‌تی : گرنگیدانی به‌ نووسینه‌كانی سه‌رسامی كردووم ؛ به‌شێوه‌یه‌ك به‌سه‌ر هیچ فه‌رمووده‌یه‌ك تێناپه‌ڕێت هه‌تا فه‌رمووده‌كه‌ روون نه‌كاته‌وه‌ له‌رووی لاوازی مه‌تنه‌كه‌ی یان  سه‌نه‌ده‌كه‌ی یان تانه‌دان له‌گێره‌وه‌كانی فه‌رمووده‌كه‌ .

وه‌ به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی په‌رتووكه‌كه‌ی و كۆكردنه‌وه‌ی له‌نێوان ژیاننامه‌ و فه‌رمووده‌ و مێژوو ؛ زۆرێك له‌زانایان وه‌سیه‌تیان كردووه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی په‌رتووكه‌كه‌ی ؛ بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ خۆراكێك بۆ خوێنه‌ر له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ و كرده‌وه‌ پێ كردنه‌وه‌ .

ڕاستی كردووه‌ ئه‌و‌كه‌سه‌ی ده‌رباره‌ی گرنگی په‌رتووكی چاك فه‌رموویه‌تی :

ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌ندازه‌ی قوڕسایی په‌رتووك‌ زێر بده‌ی به‌ فرۆشیاره‌كه‌ی ئه‌وا هێشتا فرۆشیاره‌كه‌ زه‌ره‌ری كردووه‌ .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

11/صفر/1445 --- 27/8/2023